کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە ‌مانگرتن‌و ناڕەزایەتیدەربڕینی شارە سنوورییەکان دەکەین

17:17 - 1 بانەمەڕ 2716

لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووە شارە سنوورییەکانی مەریوان، سەوڵاوا، بانە، سەردەشت‌و پیرانشار، شایەدی زنجیرەیەک ناڕەزایەتیدەربڕین و مانگرتنن. درێژە‌و بەردەوامیی داخرانی سنوورەکان، کوژرانی کۆڵبەران‌و بەرەوژوورچوونی کرێی دووکانەکان لە بازاڕچەکان‌و هەوڵی کاربەدەستان بۆ ڕاگوێزتنی سوود‌و خێری بازرگانیی سەر سنوور بۆ شار‌و ناوچەکانی دیکە لە سەر حیسێبی بێبەشکردنی خەڵکی شارو ناوچەکانی سەرسنوور بووە بە هۆی وەڕێ کەوتنی ئەم مانگرتن‌و ناڕەزایەتیدەربڕینانە. سیاسەتی سەرکوتکەرانە‌و تێکەڵ بە هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، بووە بە هۆی ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ زۆرگیروگرفتی ئابووریی‌ وەک بێکاری، کەم داهاتی، نەبوونی بنکە‌و دامەزراوەی بەرهەمهێن، پەنابردن بۆ کاری سەخت‌و پڕمەترسی تەنیا بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیان‌و هتد، بەرەوڕوو بن. ئەم دۆخە ئابوورییە وای کردوە کۆمەڵێک کێشە‌و قەیرانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان پەرە بگرێ. دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان زۆرترین پشکیان لە شوێنەوار‌و کاریگەرییەکانی سیاسەتی پشتگوێخستن‌و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بەرکەوتووە. هەر بۆیە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە کۆڵبەری‌و هێنانی کەلوپەل لە سنوورەکانەوە خەریکن. هاتنی کاڵا لەو سنوورانە‌و دەرەتانی ئاڵۆگۆڕی شتومەک لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەم بووە بە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک بازاڕچە لە ناوچە سنوورییەکان‌و هەم یارمەتییەکی ڕێژەیی بە بووژانەوەی بازاڕەکانی ئەو شارە سنووریانە کردوە. لە گەڵ ئەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم یاسا‌و ڕێوشوێنی دلخوازی خۆیان بۆ کارکردنی خەڵک لەو بازاڕچانە‌و هێنان‌و بردنی کەلوپەل بۆ سنوور، دیاری کردوە‌و خەڵکەکەش ناچارن بەڕێوەی بەرن، بەو حاڵەش هەر کات پێیان خۆش بوو سنوورەکان دادەخەن، کرێیەکان زیاد دەکەن‌و کێشەی جۆراوجۆری دیکە بۆ کاسبکاران‌و بازاڕییانی ئەو ناوچانە پێک دێنن. لە گەڵ داوای دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی کە داوای خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانەیە، دژایەتی دەکەن‌و، لە بەرامبەر‌دا هەوڵ دەدەن ناوچەی ئازادی بازرگانی لە قووڵایی پارێزگەکانی سەرسنوور دا دروست بکەن تا خێرو بێری ئەوان بۆ خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانە نەبێ. شانبەشانی دروستکردنی ئەم جۆرە کێشە‌و گرفتانە، ڕۆژ نیە گیانی چەندین کەس لە زەحمەتکێشترین توێژی خەڵک کە کۆڵبەرانن نەستێنن، بەو پەڕی دڕندەییەوە دەیان سەر حەیوانی بارهەڵگر دەدەنە بەر دەسڕێژو بە هاسانی ژیانی دەیان هەزار بنەماڵە کە بەڕێچوونیان بە کارو کاسپی لەو سنوورانەوە بەستراوەتەوە، دەخەنە مەترسی. حیزبی دیموکراتی کوردستان، ناڕەزایەتیدەربڕین‌و مانگرتنی کۆڵبەران، بازاڕییان‌و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان بە ڕەوا دەزانێ‌و وێڕای مەحکوومکردنی گوشار‌وکۆسپ‌و بەربەستدروستکردنی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕیژیم، پشتیوانی لە داخوازەکانی مانگرتووان دەکا. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە توانای دیپڵۆماسی، راگەیاندن‌و تەشکیلاتیی خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە تایبەتی ئەم زنجیرە ناڕەزایەتییانەی هەر ئێستا درێژەیان هەیە، کەلک وەردەگرێ‌و وەک هەمیشە لە سەنگەری پشتیوانی لە ماف‌و داخوازیە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان‌دا ڕادەوەستێ. داوا‌و چاوەرڕوانیمان ئەوەیە توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاودەنگ‌و پشتیوانی ئەم نارەزایەتیدەربڕینانە بن. حیزبی دیموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی ٢٠/٤/٢٠١٦ ١ی بانەمەڕی١٣٩٥