کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی سمایل‌ئاغای ئێلخانیزادە

19:40 - 3 جۆزەردان 2716

دوێنێ، یەکشەمە٢ی جۆزەردانی ١٣٩٥( ٢٢ی مانگی مای٢٠١٦)، حاجی سمایلاغای ئێلخانیزادە، وەزیری ڕێگاوبانی کۆماری کوردستان، لە شاری بۆکان ماڵاوایی یەکجاریی لە ژیان کرد. حاجی سمایل‌ئاغای ئێلخانیزادە لە دەوڵەتی کۆماری کوردستان‌دا وەزیری ڕێگاوبان بوو. بە داخەوە تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کورت بوو‌ و ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و بەڕێوەبەران‌و بەرپرسانی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، دوای ڕووخانی کۆمار تووشی سزا‌و لێپرسینەوەو گرفتی جۆراوجۆر بوون. حاجی سمایل‌ئاغاش بە بۆنەی ڕۆڵی دیاری لە بەڕێوەبردن‌و پشتیوانیی کۆماری کوردستان‌دا هەتا ساڵانێکی زۆر، لە گەڵ گوشار‌و ئازار‌و ئەزییەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی شایەتی بەرەوڕوو بوو، بەڵام ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە، بە ئاگاداربوون لە پێگەی کۆماری شەهید‌و ئەو ئێعتیبار‌و خۆشەویستییەی خزمەت لەو کۆمارە‌دا بۆی پێک هێنابوو، لە هیچ هەلومەرجێکدا، پشتی لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان نەکرد‌و هەموو کات شانازیی بەو ڕۆژانەوە دەکرد کە لە خزمەت پێشەوا قازی محەممەدی سەرکۆمار‌دا ئەرکی نەتەوەیی‌و نیشتیمانیی بەڕێوە برد‌وەو تواناکانی خۆی‌و پشتیوانیی بنەماڵەکەی بۆ خزمەتی کۆماری کوردستان تەرخان کردوە. ئەو کەسایەتییە، دۆست‌و خۆشەویست‌و پشتیوانی ڕێبەران‌و سیما دیارەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و بەشەکانی دیکەی کوردستان بوو. ئەو، بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و هەموو تیکۆشەران‌و دڵسۆزانی نەتەوەکەمان وەک یادگاری سەردەمێکی پڕشانازی لە مێژووی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەیری دەکرا. حاجی سمایل‌ئاغا، شایەدێکی زیندووی ڕووداوەکانی قۆناغێکی گرنگ لە ژیانی سیاسیی گەلەکەمان بوو، هەر بۆیە کۆچی دوایی ئەو، خەسارێکە بۆ هەموو لایەکمان. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی سمایلاغای ئێلخانیزادە، سەرەخۆشی‌و هاوخەمیی گەرمی خۆی بە بنەماڵە‌و هەموو خزمان‌و کەسوکاری ڕەوانشاد سمایلاغا، هەر وەها بە خەڵکی بۆکان‌و هەموو ئەوینداران‌و هۆگرانی ڕێگا‌و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، ڕادەگەیەنێ. یادی سمایلاغای ئێلخانیزادە وەک یاد‌و ناوی هەموو کەسایەتییە دڵسۆز‌و نیشتمانپەروەرەکانی نەتەوەکەمان بە بەرزی‌و زیندوویی دەمێنێتەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی ٣/٣/١٣٩٥ ٢٣/٥/٢٠١٦