کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روسیە و دیپلۆماسی گاز

05:35 - 6 جۆزەردان 2716

وڵاتانی عەرەبی خاوەن نەوت لە ساڵی ١٩٧٣ هەناردەکردنی نەوتیان بۆ ئەمریکا ڕاگرت تا گۆشار بخەنە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی پشتگیری ئیسرائیل نەکات. خەڵکی ئەمریکا لەو گەمارۆیەی نەوت خەساری بەرکەوت بەڵام ئەمریکا کۆمەلێک رێکاری گرتبەبەر تا بارودۆخێکی لەمچەشنە دووبارە نەبێتەوە. ئەمریکا هەوڵی دا برێکی بەرچاو نەوت پاشەکەوت بکات و هەروەها نەوت لە چەند وڵات هەناردە بکات ۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەر یەک لەو وڵاتانە تووشی گرفت، خەسارەکەی بۆ ئەمریکا کەم بێتەوە. ئێستا وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئوروپا گرفتێکی هاوشێوەیان لەگەڵ روسیە هەیە. لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٠٠٦، روسیا هەناردەکردنی گازی بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئوروپا ڕاگرت بەهۆی ئەو گرفتەی لەگەڵ ئۆکراین لەسەر نرخی هەناردەکردنی گاز هەیبووی. هەربۆیە گۆڤاری ئیکۆنۆمیست وێنەی ڤلادیمیر پوتین-ی لە بەرگەکەی چاپ کرد لەحالێکدا پوتین لە جیاتی چەک، پۆمپی گازی لەدەست گرتبوو. گاز چەکێکی گەورەیە لەبەردەست روسیە بۆ گۆشارخستنەسەر وڵاتانی کڕیاری گازی روسیا و بەتایبەتی وڵاتانی یەکیەتی ئوروپا کە پێویستیان بە گازی روسیا هەیە. روسیە لە سەردەمی یەکیەتی سوڤیەتیش گازی بە نرخێکی کەم بە ولاتانی دراوسێی کۆمۆنیستی دەفرۆشت بەڵام بە نرخێکی گرانتر بە ولاتانی بەرەی کاپیتالیستی دەفرۆشت. لەو وتارە جەخت لەسەر گرنگی گاز وەک چەکێکی سیاسی لە دیپلۆماسی روسیە دەکەم. داینامیکی ناوخۆیی پێشەسازی گاز لە روسیە نزیک ٢٤ لەسەدی گازی جیهان لە خاکی روسیە دایە و روسیە گەورەترین وڵاتانی خاوەن گاز لە جیهان دایە. ئێران بە زیاتر لە ١٥ لەسەد و قەتەر بە ١٤ لەسەدی گازی جیهان پلەی دووەم و سێهەمیان لە ریزبەندی وڵاتانی خاوەن گاز لە جیهان دا هەیە. کۆمپانیای گازپرۆم گەورەترین کۆمپانیای وزەی روسیایە و ٧٢ لەسەدی سەرچاوەکانی گازی روسیە کۆنترۆل دەکات. خالی گرینگ ئەوەیە کە کۆمپانیای وزەی گازپرۆم ١٧٠.٧ هەزار کیلۆمیتر رێگای گواستنەوەی گاز کۆنترۆل دەکات و تەنیا ئەو کۆمپانیایە دەتوانێ گازی روسیا هەناردە بکات. ئەگەرچی چەند کۆمپانیایەکی دیکە http://localhost/files/13295351_10208713507369469_812225509_n.jpgلە دۆزینەوە، دەرهێنان و پاکردنەوەی گاز بەشدارن بەڵام تەنیا کۆمپانیای گازپرۆم مافی هەناردەکردنی گازی روسیای هەیە. گازپرۆم ٥٠ لەسەدی گازی بەرهەمهاتووی روسیە بۆ ناوخۆی روسیە تەرخان دەکات و ئەوی دیکەی بۆ زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیهان لەوانە دراوسێکانی روسیە و وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئوروپا هەناردە دەکات. ڤلادیمیر پوتین لە ساڵی ١٩٩٩ بەسەر سیاسەتی روسیە زاڵ بووە و کۆنترۆلی زۆری بەسەر ئابووری روسیە و بەتایبەتی کۆمپانیای گازپرۆم هەیە. ئەو تایبەتمەندییە وادەکات برینی گاز خێراتر ئەنجام بدرێت و ئاسایشتی وزەی وڵاتانی بەکارهێنەری گازی روسیە کەمتر بێت. لە ولاتێکی دێموکراتیک راگرتنی هەناردەکردنی گاز دژوارە و کاتێکی زۆر دەبات چونکە دەبێ پارلمان و کەسانێکی زۆر بریار بدەن بەلام لە روسیە پوتین و چەند ڕاوێژکاری دەتوانن خێرا بریاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز بۆ هەر یەک لە ولاتانی بەکارهێنەری گازی روسیە بدەن بۆ ئەوەی گۆشاری سیاسی بخەنەسەر. گاز وەک سەرچاوەیەکی گاز چەند جیاوازییەکی لەگەڵ نەوت هەیە. نەوت کالایەکی جیهانییە واتە دەکرێ نەوت لە هەر شوێنێکی جیهان بۆ شوێنێکی دیکە هەناردە بکرێت، بەڵام گاز کالایەکی ناوچەیی یە واتە زۆربەی گاز لە رێگای وشکایی هەناردە دەکرێت. گاز دوو شێوازی بەرچاوی هەیە کە بریتین لە گازی وشک و گازی شل (مایع) ناسراو بە LNG. گۆرینی فۆرمی گاز لە گازی وشک بۆ گازی شل (مایع) پێویستی بە تەکنۆلۆژی پێشکەتوو هەیە و تێچوویەکی زۆرتر هەڵدەگرێت. لە هەناردەکردنی گاز نزیکی وشکایی زۆر گرینگە چونکە دروستکردنی بۆری گواستنەوەی گاز پێویستی بە سەرمایەی زۆر هەیە و زۆرجار پێنج تا دە ساڵ دەگرێت تا بۆرییەکی گواستنەوەی گاز دروست بکرێت. رۆلی گاز لە پێوەندی دیپلۆماسی روسیە و یەکیەتی ئوروپا روسیە گەورەترین رووبەری وشکایی لە ناو ولاتانی جیهان دا هەیە. روسیە چواردە ولاتی درواسێی هەیە کە بریتین لە ئازەربایجان، بلاروس، ئیستۆنیا، فینلاند، گورجستان، قەزاقستان، لیتوانی، لێتۆنی، مغولیستان، کوریای باکوور، نوروێژ، لەهەستان و ئۆکراین. بەشێکی بەرچاوی گازی روسیا لە رێگای وشکایی ئۆکراین بۆ وڵاتانی ئوروپا هەناردە دەکرێت. ولاتانی ئوروپا بۆ دابینکردنی ٥٣ لەسەدی وزەکەیان پشت بە سەرچاوەکانی وزەی روسیە دەبەستن. روسیە ٢٦ لەسەدی خەلووز، ٣٢ لەسەدی نەوت و ٣١ لەسەدی گازی ئوروپا دابین دەکات. بەشێک لە ولاتانی ئوروپا وەک فنلاند، لێتۆنی و مولداوی بە تەواوەتی واتە پشت بە گازی روسیە دەبەستن واتە ١٠٠ لەسەدی گازی پێویستیان لە ریگای روسیە دابین دەکەن. ولاتانی دیکەی ئوروپا بە رێژەیەکی کەمتر پشت بە گازی روسیە دەبەستن. بۆ نموونە لەهەستان بۆ نزیک ٨٠ لەسەدی گازی، ئالمان بۆ دابینکردنی نزیک ٣٥ لەسەدی و فەرانسە بۆ دابینکردنی نزیک ١٥ لەسەدی گازی پێویستی پشت بە هەناردەکردنی گاز لە روسیە دەبەستن. روسیە لە ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٢ بۆ چەند رۆژێک هەناردەکردنی گازی بۆ ولاتانی ئوروپایی ڕاگرت. لە ساڵی ٢٠١٤ روسیە، کرایمیای کە بەشێک لە خاکی ئورکراین بوو جیاکردەوە بەڵام وڵاتانی ئوروپایی بەهۆی بەستراوەیی بە گازی روسیە جگە لە قسەکردنی نەیانتوانی کاردانەوەیەکی دیکە لەخۆیان نیشان بدەن. ولاتانی یەکیەتی ئوروپا لە ساڵی ٢٠١٢ بریاریاندا کە کار بکەن بۆ ئەوەی بەستراوەیان بە گازی روسیە کەم بکەن و سەرچاوەی وزەی دیکە پەیدا بکەن. ولاتانی دیکە خاوەن گاز وەک قەتەر و ئێران لە ناوچەیەکی قەیراناوی هەڵکەوتوون و پشتبەستن بە وزەی ئەو ولاتانە لە درێژخایەندا دژوارە. لە لایەکی دیکە ئەگەر تەنانەت ولاتانی یەکیەتی ئوروپاش بیانهەوێت گاز لە ئێران یا قەتەر هەناردە بکەن، ئەو کارە پێویستی بو دروستکردنی بۆری گواستنەوەی گاز هەیە کە بەلانیکەم چەند سالێک کات دەبا و پیویستی بە تەرخانکردنی سەرمایەی ماددی زۆر هەیە. روسیە ئەگەرچی دەتوانێت بە برینی گاز گۆشار بخاتە سەر ولاتانی ئوروپا بەڵام بەکردەوە روسیەش ناتوانێت ئەو کارە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئەنجام بدات بەهۆی ئەوەی بەشێک لە داهاتی روسیە پشت بە هەناردەکردنی وزە بۆ ئوروپا دەبەستێ و روسیە نایهەوێت وڵاتانی ئوروپایی ناچار بە دیتنەوەی جێگرەوەیەک بۆ گاز و وزەی روسیە بکات. سەرچاوەکان:

Soltanov, Elnur. A Political Economy of Russian Foreign Policy: The Effects of the Natural Resource Sector and the Military Industrial Complex on Russia's Foreign Relations. Saarbrücken: VDM, 2009. Print. Bahgat, Gawdat. "Russia's Oil and Gas Policy." OPEC Energy Review 34.3-4 (2010): 162-83. Web. Monaghan, Andrew, and Vol. 7, No. 2, June 2007, Pp. 275–2. "Russia’s Energy Diplomacy: A Political Idea Lacking a Strategy?" Vol. 7, No. 2, June 2007, Pp. 275–288 Russia’s Energy Diplomacy: A Political Idea Lacking a Strategy? (n.d.): n. pag. Www.tandfonline.com. Southeast European and Black Sea Studies, June-July 2007. Web. Boguszewski, Lucasz. "Russia's Energy Relationship with the Baltic States." Polish Navy, 2014. Web. Lough John. “ Russia’s Energy Diplomacy”.Chatham House Organization. May 2011. PDF Version. April 2016.