کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆرترین ئەرکی لە سەر شانە

07:58 - 20 جۆزەردان 2716

هەوڵدانی بەرپرسانەی حدک بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دنیای دەرەوەدا دەبێ پێداچونەوی تێدا بکرێ و کەڵکی زیاتر لە کێشەکانی ناوچەکە وەربگرێت و دەبێ مێتودی خۆی لە چۆارچێوەی دیپڵۆماسییەکی بەهێزتردا دابرێژێتەوە کە ببێتە بنچینەی پلاتفۆرمی سیاسی حدک لە پێناوی بە دیفاکتۆ کردنی پرسی کورد لە سەر ئاستی ناوچە و نیونەتەوەییدا. مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا دێ زیاتر دەخرێنە پەراوێزەوە ئەو پەڕاوێزەش بە پلانی تۆکمەوەیە. پرۆسەی سیاسی پێوەندیدار بەم مەسەلەیە بەتایبەتی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە ئاستی نێونەتەوەیەوە خۆی لێ دەدزرێتەوە و پەردەپۆش دەکرێ. کە وابوو چۆن و بە چ شێوازێک دەتوانین کۆدی ئەو پلانانە تێک بشکێنین. بە دڵنیایەوە بە دیپڵۆماسییەکی بەهێزی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا و خەباتی مەدەنی و میدیایی لە نێوخۆدا دەتوانین بەشێکی زۆر لە ئامانجەکانمان وەدی بێنین و خەونی دژمنەکەشمان تێک بشکێنین. کورد لە باشوری کوردستان کە خاوەنی حکوومەتێکی نیمچە سەر بەخۆیە لە بواری ئابووری، دیپڵۆماسی و سەربازییە، لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی‌دا پشتیوانی لێ دەکرێت، هەتا ئاستی ناسینی بە دەوڵەت. کورد لە رۆژئاوا دا بونەتە خاوەنی چەند کانتۆنێک و ژنانی تێکۆشەر لە شەری کوبانی دا بونە دیفاکتۆیەکی نێونەتەوەیی ودنیایان سەرسام کرد و مێژوو کوردیشیان درەوشاوەترکرد. خەبات لە باکووری کوردستانیش لە پێناو مافی نەتەوەیی کورد بە شیوەازێکی مەدەنیانە تەنگی بە تورکیە هەڵچنیەوە و ئەوانیش بونەتە دێفاکتۆیەک لە هەمان کاتدا لە ئاستی نیونەتەوەیەوە پشتیوانیان دەکرێت. لێرەدا پرسێکی گرینگ بۆ ئێمەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا دێتە پێش، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە چۆن دەڕوانینە ئەو بارودۆخە کە بەسەرمان داسەپاوە و ئەرکی سەرەکی ئێمە بۆ چارەی کێشەی کورد لە رۆژهەڵات و پرسی نەتەوەییمان چییە؟ ئایا کێشەی ئێمە لە رۆژهەڵات لە گەڵ حکوومەتێکی توتالیتاری وەک ئێران کە هیچ باوەرێکی بە دیاڵۆگ و دیمۆکراسی نییە و هیچ نەتەوەیەکی دیکە لەو وڵاتەدا قەبوڵ نەکردوە و ناکا، چۆن چارەسەر دەکرێ؟ بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ حکوومەتێک کە بەردەوام کوردی بە دوژمن و لایەنگری ئوروپا و ئامریکا داناوە، دیپڵۆماسییەکی بە هێز و بەرنامە بۆداڕێژراو و خەباتی مەدەنی لە نێو کۆمەڵگای رۆژهەڵات دا بە شێوازێکی تۆکمەتر،هەروەها ئابورییەکی بەهێز دەتوانی زۆر کارساز بێ. هەر لە سەر بنەمای ئەم روانگە سیاسی و دیپلۆماسییەی کە ئیمکانی پێویستی بۆ پێشکەوتنی ئابووری بەهێزو کەسانی پسپۆرهەیە، دەبێ حیزب بە سەرتاپای سیستمی سیاسی و تەشکیلاتی خۆیدا بچێتەوە. حکوومەتی ناوەندی لە تاران بە دژایەتی تووند دەگەڵ خەباتی سیاسی سەرجەم حیزبەکان و بە تایبەت حدک بە میتودی شەر، توندو تیژی، گرتن، ئەشکەنجە و ئیعدامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان دا بە تەمایە بەر بە نارەزایەتییەکان بگرێ و کۆتایی بە کێشەی کورد بێنێ. بەڵام ئەزمونی دەیان ساڵی رابردوو نیشانی دەدا کە هەرگیز ئەم روانگە سیاسی‌یە و ئەو زەبروزەنگەی هەتا ئێستا لە لایەن حکومەتی ناوەندی‌یەوە لە کوردستان دا پەێڕەوکراوە نەیتوانیوە رێگا چارەی کێشەی کورد بێ. خەباتی مەدەنی و دێمۆکراسی بە بێ نەبوونی پلاتفورمێکی سیاسی تۆکمە و پەرتەوازەیی خۆی ئیمکانی ئەوەی نەبووە کە رۆڵی بزوتنەوەیەکی بەرین لە نێوخۆ بخوڵقێنن. ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی پێکهێنانی بۆشایەکی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا کە حدک دەبێ ئەو بۆشایە پڕبکاتەوە، چونکە زۆرترین چاوەڕوانی لێ دەکرێت لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە. پرسی کورد لە رۆژهەڵاتدا بە پێی مێژووش بێ زۆرتر بە باڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕواوەو هەر بۆیە دەبێ زۆر هەستیارانە و بەرپرسانە کاری دیپڵۆماسی بۆ بکات. پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی‌ بە بەشداری چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە نیوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرستی حدک، دەتوانێ هەنگاو بە هەنگاو کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو رزگاری بەرێ. لە ژماره‌ ٦٨١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌