کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرە رۆژهەڵاتی کوردستانە!

16:48 - 31 پووشپەڕ 2716

لە هەر شوێنێک بینیت زۆربەی تاکەکانی کۆڵێکی گەورەتر لە قەڵافەتی خۆیان بە کۆڵەوەیە و، کوێرەڕێ و لاڕێکان بە ئاسپایی دەپێوێن، لە هەر کوێێەک بینیت هێزەکانی ئاسایش و پارێزەری خەڵک، ئەو هێزانەی بڕیارە قانوون بەڕێوە بەرن، خەریکن ئاسایشی خەڵک دەشێوێنن، هەرچی بێ قانوونی‌یە دەیکەن، لە هەر شوێنێک نرخی نانێک بۆ ماڵ و منداڵ یەکسان بوو بە ژیان و گیان، ئەو شوێنەیە نان گەیشتۆتە سەر پشتی شێر و، بۆ چنگخستنی نان دەبێ بەرەنگاری فیشەک ببێیەوە، ئەوە کوردستانە، رۆژهەڵاتی کوردستانە. رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو خاکەیە کە خومەینی رێبەرە بێ ئیحساسەکەی! کۆماری ئیسلامی فتوای کوشتن و قەڵتوبڕی بۆ دانیشتووانی دەکرد، بەنی سەدەر فەرمانی بە سەربازەکانی دەکرد هەتا کوردستان سووراوی خوێن نەکەن، قەیتانی پۆتینیان نەکەنەوە، رەفسەنجانی دەیوت، با لە هەمەدان بۆ ئەو لاوەمان نەشبێ، مەگەر چ دەبێ و ... هەر شاخ و کێوێکتان بینی سووتاوە و دەسووتێ، هەر شیناورد و دارستانێکتان لەو هەرێمە بینی ژاکاوە، رووتاوە، کوردستانە. چونکی دار لێرە ئەمانی گەڵا و بەرگرتنی نیه‌. لێرە دەسەڵات خۆی بیابان دروست دەکا، دار نانێژێ، لێرە کانیاو باشتر وایە قڕی بێ، لێرە شاخ و دۆڵ و دەرەی دەبێ وەک بەری دەست لووس بێ هەتا ئەوسەر و ئەمسەری نەدیو نەبێ. لێرە بەپێی بەرنامە و پیلان ژیان دەخنکێندرێ، نەک بەرنامە و پلان بۆ ژیان و بووژانەوە هەبێ. کانگەکانی ئێرە لەپێناو شارە ناوەندییەکان هەڵکۆڵدراون، کاناڵە ئاوەکانی ئێرە بۆ شوێنەکانی دیکە راکێشراون و ... هەموو شتێک لێرە دەتگەیەنەوە مەرگ، رێگە و بانەکانیش رێگەیەکن بەرەو مەرگ. چونکی هەر جادە و بانێکتان بینی هەڵکۆڵ هەلکۆڵ و پڕ تاسەیە، ناڕێک و قوڵکە قوڵکەیە، کەواتە رۆژهەڵاتە، ئێران نییە. لەڕاستیدا زۆربەی رێگەکان بۆ راگواستنی هێز و بەکرێگیراوە، بۆ زوو گەیاندنی مێگەلی سەربازانە، هەتا هیچ پشوویەک نەکا بەو سنوورە و ... هەر شارێکتان بینی نوقمی خەمساردی و خەمۆکی و بێ خزمەتگوزاری، هەر گوندێکتان بینی لایەکی چۆل و کاول، کوردستانە، چونکی خەڵکەکەی خەڵکێکی نامەحرەم و بێگانەن، بۆیە تا بکرێ لاوانی گیرۆدەی دەیان ماددەی بەنگەمەنی و سڕکەر بن، یان راکێشرێن بۆ شارە گەورەکانی دیکەی ئێران و کاری ئەوانیان پێ هەڵسووڕێ، باشترە. کێشە و ئارێشەکان ئێرە بنکەیانە، باری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، مرۆیی و ... هەرچی پێوەندیی بەژیانەوە هەیە، دەبێ سەرێکی بە نەخۆشییەکەوە گرێ بدرێ، چونکی ئەگەر وانەبێ دەسەڵات دواکەوتوە. دەسەڵات نابێ لە دواخستن و کاولکردن راوەستێ، پێشکەوتنی ئێرە کاول‌بوونی دەسەڵاتە. رۆژ نیە لە بازرگانەوە هەتا دێهلۆڕان لەسەر ئەو سنوورە زۆرەملییەی کە نەتەوەیەکیان پێ لێک جیاکردۆتەوە، وەجاخی ماڵێک کوێر نەکەنەوە، بەڕاستی لێرە سەدەی چەندەمە، سەردەمی شیر و کەوانە، یان سەردەمی مرۆڤە سەرەتاییەکان، یان سەردەمی کۆچی هۆزەکان، رێگەکان تولە مارێکن بە قەد شاخ و دۆڵ و هەڵدێرانەوە، هەڵدەگەڕێن، دادەکشێن، کوێ ئەستەم و رژدە، خۆی پێدادەکەن، کوێ هەڵدێر و شۆڕە رێی تێدەکەن، بەم حاڵەشەوە، گرووپێک کەسی چەک بەدەست، بە چەکی گەرم و مودێرن هەمیشە لێرەو لەوێ لە بۆسە دان، بە رەنگ و روو و زمان و خوووخدەشیان را دیارە نامۆ بە ئاو و هەوای ئەو کەوشەنە، هەر بۆیە دەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤە کۆڵ لە کۆڵەکان زۆر جاران بۆ جەفەنگ و خۆشیی خۆشیان بێ دەیانکەنە سیلە و دەیانئەنگێون، هەر بۆشیان نەکرا، هەرچی زیندەوەری بە دەوریانەوەیە دەکوژن، وەک بڵێی ئەسپ و ئێستری ئەو خاکەش لایان دوژمنە. هەر بەوەش ناوەستن، رۆژانە ئاگری قینی ئەو داگیرکەرانە شاخ و چیا و دار و لێڕەواری ئەو نیشتمانە هەڵدەلووشێ، سات و کات نیە بە چەندین هێکتار شینایی ئەو وڵاتە نەسووتێ، وەک بڵێی دەیانەوێ ئازاری دیلێک بدەن، هەر رۆژێ قەمچی بە شوێنێکی لەشی دادێنن، هەر ساتێ ئەندامێکی دەڕووشێنن. بەڵێ ئێرە کوردستانە، شوێنێکی پڕ دەرد و کەم دەرمان، هەموو بازگە و جادە و بانی، هەموو کەلێن و کەلەبەری میلیشای داگیرکەر خستوویەتە ژێر چاوەدێری، هەرێمێکی تەواو ئەمنیەتی و میلیتاریزەکراو، رۆژ نیە کەسانێک بە تۆمەت و تاوانی هەڵبەستراو دە قوژبنی گرتووخانە نەپەستێوترێن، رۆژ نیە لە ژوورە داخراوەکان پلانی نەزۆککردن و پەسیڤ کردنی خاک و خەڵکی نەدرێ، رۆژ نیە، دایک و باوکان چاو لە دەرکا، هەناسەی نەگەڕانەوە و تووش هاتنی رۆڵەکانیان بە کارەسات، هەڵنەکێشن. هەر بۆیە نەک گرتووخانەکانی ئەو هەرێمە بەڵکو، بەندیخانەکانی سەرانسەری وڵاتیش پڕ لە لاوی ئەو نیشتمانەیە. پەتی سێدارەش ئاشنای ئەو خەڵکەیە، چونکی زۆرداران مەیدانەکانی شارانیان لێکردوون بە پێشانگەی بە دارەوە کردنی مرۆڤەکان. رەهێڵەی فیشەک، شریخەی چەک نامۆ نیە بەو خاکە، هەتا هەیە، هەر شەڕگە بووە. تەنیا ئەو کاتانە قسەی خۆش بیستراوە، کە پاوانخوازان بۆ شەڕی دەسەڵاتخوازی خۆیان روویان لێرە کردوە و لە ژێر قسە بریقە و زریقەدارەکانیانەوە، دەیان پیلان و بەرنامەی نگریسیان بۆ کێشاون، تەنیا ئەو کاتانەی شوێنێکی باشیان بۆ درۆکانیان نەدەۆزیوەتەوە هاتوون و باسی مافیان کردوە، ئەو چەمکەی هیچ کات جگە لە دەستەواژەیەک هیچ واتایەکی بەدوای خۆیدا بۆ کوردستان نەهێناوە، ئەگەر کەسێکیش بووبێ باسی کردبێ، دەیان ساڵیان زیندانی بۆ بڕیوەتەوە. بەڕاستی کێشەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تاران دەگەڵ خەڵکی کورد چییە، نەگبەتی ئەو خەڵکەیە، خاکەکەی گرتوە یان نەگبەتی خاکەکەیە خەڵکەکەی گرتوە، یان نا، ئەو خاکەیە مرۆڤی سەرشۆڕ و خۆرێکخەر و ملکەچی لێ بار نایە. بەڵێ ئەو خاکە، مرۆڤێک بار دێنێ ئازایەتی بەقەد باڵای شاخەکانی، هەر بۆیە تاکەکانی ئامادەن بۆ نانێک مل بە رێگەکەوە بنێن کە ریگەی چوون و هاتنەوەیان بەدەستە خۆیان نیە، رەنگە لە سەرەتای بڕینی ئەو رێگەیە بکرێ بە سیلەی سەربازێک، کە لە بنەڕەتدا و لە قانوونی وڵاتە بێ‌قانوونەکەیدا، ئەرکی پاراستنی ئەو خەڵکەیە، یان رەنگە لە رێی گەڕانەوە، بۆ هەتا هەتایە رێگەی ماڵێی لێ ببڕنەوە و چاوی بنەماڵەیەکی چاوەڕوانی چاوەنواری دەرگا، بە فرمێسک کەن. ئێرەیە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو خاکەی خەڵکەکەی دەنگیان بە گشتپرسیی ٥٨ی کۆماری ئیسلامی نەداوە، یان ئەوانە "مفسد فی الارض" یان بۆ مەجلیسی خێبرێگان هەڵبژاردوە، ئێرە مەکۆی ئەو کەسانەیە هێشتاش لە خەبات نەوێستاون و هەتا گەیشتن بە بنەماکانی دیموکراسی و بایەخە مرۆییەکان هەدا نادەن و ... ئێرە کوردستان بە کاتی وێرانی و کاولی و ...