کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو حەوتووی رابردوودا

18:58 - 31 پووشپەڕ 2716

درێژەی کوشتاری کۆڵبەران لە نووسینی ئەم گۆشەیە بۆ ژمارەکانی داهاتووی "کوردستان"یشدا، ئەوەی کە زیاتر لە هەر رووداوێک بە ئاسانی پێشبینی دەکرێ کە بۆ هەر ژمارەیەک بینووسم، کردەوەی دژە‌مرۆڤانەی کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بە دەست هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی‌یە. تراژدی‌یەک کە بەردەوام و رۆژانە پاتە دەبێتەوە و ناکرێ لە چاوی هیچ چاوەدێرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ون بێ. لە دوو حەوتووی رابردوودا بە تایبەتی سنووری ماکۆ و چاڵدێران، بۆ کۆڵبەرانی کورد سنوورێکی خوێناویتر بوو. لەو ماوەیەدا نیزیک بە ١٠ کۆڵبەر بە دەسڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو سنوورە کوژران و بریندار بوون. رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٥٠٠ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ دوو وڵاتی تورکیا و عێراق هەیە. لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی‌دا، درێژایی ئەم سنوورە بە خوێنی کۆڵبەرانی کورد رەنگاوە. کۆڵبەرانی سنوور ئەو کەسانەن کە لە دەست بەهەژاری هێشتنەوەی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە پەنا بۆ کاری پڕ مەترسی و تاقەت پروکێنی کۆڵبەری دەبەن. بۆ ئەوەی لە بێکاری‌دا ناچار نەبن بۆ تێر‌کردنی بنەماڵەکەیان دەست بۆ هەر مەرد و نامەردێک پان بکەنەوە یان بە نانی جاشایەتی و جاسووسی دژ بە نەتەوەکەی خۆیان بژین. هەوڵێک کە پێچەوانەی سیاسەتی داگیرکەرە. سیاسەتێک کە لە سەر بنەمای برسی کردنی خەڵک بۆ بە دەستەندە خواردن و دواجار ملکەچ کردن داڕێژراوە. سوتمانی سروشت، کوشتاری گیانلەبەران ئەگەرچی خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی سەدەی رابردوو تا ئێستا لە سەر بنەمای دابین کردنی مافە نەتەوایەتی‌یەکان بۆ نەتەوەی بندەستی کورد خۆی پێناسە کردوە بەڵام سیاسەتی دەسەڵاتی داگیرکەری تاران لە کوردستان تەنیا لە سەر بنەمای سەرکوت یان پێمل کردنی مرۆڤەکان دانەڕێژراوە. ئەم دەسەڵاتە وەک خه‌سڵەتی هەر داگیرکەرێک، دوژمنایەتی خۆی لە گەڵ سروشت و گیاندار و کانگا و هەر شتێک کە لە هەڵکەوتەی جوغرافیایی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتبێ، پەرە پێ دەدا. ئەوەی بۆی هەڵبگیرێ تاڵانی دەکا و ئەوەش کە گەرەکی نییە، لە نێوی دەبا. سوتان و سوتاندنی لێڕەوار و چڕ و بەندەنەکانی کوردستان لە ماوەی دوو حەوتووی رابردووشدا بەردەوام بوون. ئەگەر بەشێک لەو سوتماکە دەرەنجامی هەڵەی دانیشتوانی کوردستان بێ، بە دڵنیاییەوە بەشی شێر بە ناوەندە ئەمنیەتی و چەکداریەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەبڕێ. بەرامبەر بەوەش هیچکات کاربەدەستانی رێژیم هەوڵێکی لێبڕاوانەیان بۆ بەرەنگاری لە گەڵ ئەم بە خەڵووزکردنەوەی کوردستان نەداوە. ئەوەی کە بەردەوام بە گژ ئەم ئاگرەدا دەچێتەوە، دەستی بەتاڵی نیشتمانپارێزانی ژینگەپارێز لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو دەستانەی بە تینی ئاگر دەسوتێن، بە گرێی لقە داری ئاگرکوژاندنەوە بلۆق دەکەن بەڵام شێلگیرانە لە پارێزگاری لە نیشتمانەکەیان ناکەون. سیاسەتی قڕکردنی سروشت‌ و گیانلەبەر لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەر لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوو، بە شێوەیەکی دیکەش خۆی نواند. چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی رەوەیەکی زۆری ئەسپی کاسبکارانیان لە سنووری پیرانشار ریز کرد و دایانە بەر دەسڕێژ. دیمەنە خەماوەیەکانی کەلاکی ئەسپەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان‌دا دڵی هەر ژینگەپارێزێکی ئازار دەدا. ئەو دیمانانەن پێویستیی دامەزراندنی "دیپڵۆماسیی سەوز" بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانی هیندەی دیکە دەرخست. دیپڵۆماسی‌یەک کە چیدی خۆی لە گەیاندنی سەرکوتی نەتەوەیەک‌دا نەبینێتەوەو هاواری سروشت و گیانلەبەرانی کوردستان بە گوێی ژینگەدۆستانی سەرانسەری جیهان بگەیەنێ. وەشانی رۆژنامەو شەهیدبوونی رۆژنامەنووس سەرەڕای دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا بەشێک لە مانگنامە و حەوتەنامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی نوێیان لێ بڵاو بۆوە. مانگنامەکانی "ژیلوان" لە سنە و "پێشەنگ لە مەهاباد یان حەوتەنامەی "لووتکە" لە سنە نمونەی بەردەوامیی تێکۆشانی نووسەران، ئەدیبان و رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بەڵام سەرەڕای هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ بەردەوامیی چالاکیی رۆژنامەنووسی لە رۆژهەڵات، بە داخەوە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی رۆژنامەنووس دنیای رۆژنامەنووسی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی ڕەشپۆش کرد. لە درێژەی حزووری پێشمەرگەکانی حدکا لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو حیزبە هەواڵی شەهیدبوونی هەر یەک لە کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت مرادی لە تێکەڵچوون لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران راگەیاند. کاوە جەوانمەرد لە نووسەرانی حەوتەنامەی داخراوی "کەرەفتوو" و لە دامەزرێنەرانی ماڵپەڕی "کوردپا" و لە نێو رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ناوێکی دیار بوو. سایەی دوکتور قاسملوو بە سەر رۆژهەڵاتەوە سەرەڕای چڕبوونەوەی دۆخی ئەمنیەتی بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کە تا ئێستا دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٣٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی لێ کەوتۆتەوە، رۆژهەڵاتی‌یەکان بە شێوەی جۆراوجۆر یادی ٢٧ ساڵەی تیرۆری قاسملووی رێبەریان کردەوە. ئەگەرچی بە هۆی دۆخی ئەمنیەتیی سەپێندراو، دوکان و بازاڕی شارەکانی کوردستان بە رادەی ساڵانی رابردو دانەخران، بەڵام وەک لە بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ رۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا هاتبوو، خەڵکی کوردستان بە چۆڵکردنی شەقام و بازاڕەکان، بە تێچووی زۆر کەمترەوە تەڤلی مانگرتن بوون. بەوەش جارێکی دیکە رق و بێزاریی خۆیان لە کردەوەی قێزەونی تیرۆری قاسملووی رێبەر لە لایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و بەو دەسەڵاتەیان سەلماندەوە کە سێبەری قاسملوو لە سەر رۆژهەڵات بە هەڕەشە و سەرکوتی دەسەڵاتی داگیرکەر ناڕەوێ.