کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملووی ئاکادێمیک

19:53 - 31 پووشپەڕ 2716

کە ناوی قاسملووی شەهید دێتە سەر زمانان، بەبێ ویست وێنەی کەسایەتی‌یەکی سیاسی لە زەینی بەردەنگ‌دا دەنەخشێ، ئەوەش بەبێ هۆ نیە، قاسملوو زۆربەی ژیانی خۆی بۆ سیاسەت یان بە دەربڕینێکی دیکە وەک بۆخۆی دەڵێ بۆ لابردنی ستەم تەرخان کردبوو. سیاسەت و سیاسەتکاری بۆ کوردان لە یەکەم تێڕوانین‌دا هونەری بەڕێوەبردنی وڵاتێک نیە، بەڵکو زیاتر هونەری بەرەنگاربوونەوە و چەسپاندنی ناسنامەیە. گوتاری باڵای بەرەنگاریی زۆربەی مەودا مەدەنی و فەرهەنگی‌یەکانی دیکە و تەنانەت ژیانی ئاسایی خەڵکیش دەباتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، لانیکەم لە رووی ئەزموونی‌یەوە ئەو بانگەشەیە پشتیوانی زۆرە. لەوانەیە د. قاسملووی شەهید نموونە و بەڵگەیەکی بەرچاو بێ. ئەو لەگەڵ ئەوه‌دا کە لە مەیدانی ئاکادێمیا‌دا ئەسپی خۆی تاو دابوو و لە سەردەمێک‌دا نامەی دوکتوراکەی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر کوردستان پێشکەش کردبوو، کە کتێبخانەی کوردی لەو بارەوە یەکجار دەستکورت و هەژار بوو، ئەو لە خەباتی سیاسیی خۆشی‌دا بە نەفەسێکی ئاکادێمی دەینووسی و دەئاخاوت، لە کتێبی چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌دا تەنها مێژووی سیاسی حیزبێک نانووسێتەوە بەڵکو هاوکات بە شێوەیەکی بابەتیانە تێکستێکی دەوڵەمەندی پڕ لە فاکت، لێکدانەوە و ئەنجامگیری پێشکەش بە خوێنەری کوردی دەکا. لەوانەیە لە بنەڕەتەوە لێک‌جیاکردنەوەی قاسملووی ئاکادێمیک کە سەردەمانێک لە زانکۆکانی پراگ ، فەرانسە و بەغدا خەریکی لێکۆڵینەوە و وانەبێژی بوو لە گەڵ قاسملووی سیاسی کە لە دەریای پڕ گێژەن و تۆفانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا دەیویست کەشتی کوردان بگەیەنێتە کەنار، زۆر ئاسان نەبێ، ئەوەش بە چەند هۆکارێک: یەکەم ئەوەی کە لە کوردستان‌دا گوتارێکی زاڵی بەرەنگارخوازی نەتەوەیی هەیە، ئەو گوتارە لەوانەیە کەوتبێتە ژێر کاریگەری ئیدۆلۆژی جۆراوجۆر، بەڵام نێوەرۆکی ناسنامەخوازی خۆی ون نەکردووە. د. قاسملووش نەک هەر لە ژێر کاریگەری ئەو گوتارە زاڵەدا بووە بەڵکوو لە تیۆریزە‌کردنی ئەو گوتارە و خەباتی سیاسیی کوردەکانی رۆژهەڵات‌دا بەشی شێری وەبەرکەوتووە. هۆکاری دووهەم ئەوەیە کە د. قاسملوو نووسینە ئاکادێمیەکانی بە نەفەسێکی کوردانە نووسیوە و نووسینە سیاسیەکانیشی بە نەفەسێکی ئاکادێمی داڕشتووە، ئەو پەیوەندیە ئۆرگانیە لە نێوان قاسملووی سیاسی و قاسملووی ئاکادێمیک‌دا لە ژیانی ئەو کەسایەتی‌یەدا رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێ. دوایین هۆکار کە هۆکارێکی سوبژێکتیوە، پەیوەندی بە توانایی د. قاسملوو لە راگرتنی باڵانس لە نێوان دژبەرەکان‌دا هەیە، ئەو هاوکات لە چەندین پانتایی‌دا کاروچالاکی دەکرد، بۆیە ئاکادێمی‌بوونیش یەکێک لەو خەسڵەتە بەرچاوانەی بوو، کە نەدەکەوتە دژایەتیی لەگەڵ شۆڕشگێڕبوونێکی رادیکاڵانە. مارک کراوێتز لە وتارێک‌دا لە ژێر سەردێڕی "قاسملووی ژیر و زانا، سەفیرێکی هەڵسوور بۆ جووڵانەوەیەکی بێ یار و یاوەر"دا دەنووسێ: ئەو بە هاسانی دەیتوانی تووندوتیژی پێویست بۆ خەباتێکی سیاسی – چەکدارانە لەگەڵ شک و گومانێکی سەرچاوەگرتوو لە ژیانی زانستی خۆی ئاوێتە و یەکانگیر بکا"(رۆژنامەی لیبراسیۆن،٧ی ئوتی ٨٩). ئەو هۆکارە سۆبژێکتیڤە کاتێک دەبێتە ئەرگۆمێنتێکی بەهێز کە بە دیدێکی بەربڵاوترەوە لە کەسایەتیی قاسملوو بروانیین، ئەو لە یەک‌کاتدا ئازادیخوازێکی رادیکاڵ، ئاشتیخوازێکی دێموکرات، مرۆڤێکی ئەدەب‌دۆست و خۆش‌راوێژ، سیاسی‌یەکی وردبین و دیپلۆماتێکی زمانزان بوو، کەواتە تەنیا قاسملووی ئاکادێمیک نەبوو کە ئەو کەسایەتیەی گەیاندبووە لوتکە، لەگەڵ ئەوانەدا دەبێ پێگەی کۆمەڵایەتی و کۆنتێکستێک کە قاسملوو چالاکی تێدا دەکرد لەبەرچاو بگرین. باکگراوندی ئاکادێمی د. قاسملوو لە چەند ئاست‌دا خزمەتێکی گەورەی بە خۆی، بە حیزبی دێموکرات و سەرەنجام بە پرسی کورد کردووە، ئەو پاشخانە زانستی‌یە و کاریگەری‌یەکانی لە زۆربەی نووسین و ئاخاوتنەکان، کۆڕ و کۆبوونەوەکانی‌دا هەست پێ دەکرێ و دەناسرێتەوە. بۆ نموونە لە کتێبی چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌دا هەموو بنەماکانی نووسینەوەیەکی زانستیانەی مێژوو رەچاو دەکات، لەگەڵ ئەوەدا کە خەباتی شاخ و دووردەستی لە سەرچاوە و بەڵگەکان کێشەی بۆ دروست دەکا، بەڵام بێلایەنی و ئۆبژێکتیڤ بوونی خۆی لە گێڕانەوەی رووداوەکان دەپارێزی، هەرچەند پێی وایە ئەو بێلایەنی‌یە کارێکی ئاسان نیە، بە تایبەت ئەگەر مێژووی حیزبێک بنووسیەوە و بۆخۆشت ئەندامی ئەو حیزبە بی. د. قاسملوو لەو کتێبەدا هەلومەرجی پێش رووداوەکان بە خوێنەر دەناسێنی، هۆکار و کاریگەریەکان بە میتۆدێکی لۆژیکی و ئاوەزمەندانە دەست‌نیشان دەکا و ئەنجامگیری دەکا. ئەو رەواڵی کارکردنە لە دەقی "کورتەباسێک لە سەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک" و راپۆرتەکانی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەکانی حیزب‌دا و زۆر وتاری دیکەش‌دا بە تەواوی هەستی پێ دەکرێ. ستراکتۆرێک لە دابەش‌کردنی بابەتەکان‌دا هەیە، دەقەکان چڕوپڕن و بە زمانێک نووسراون کە خوێنەر پەیامەکان وەردەگرێ، گرێ و گۆڵ لە نووسینەکان‌دا نین و سەر لە خوینەر ناشێوێنێ. باسەکان پۆلێن دەکا و دەیانناسێنێ. کەواتە ئەزموونی زانستیی بەرچاوروونی‌یەکی زۆری بە د. قاسملوو داوە لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی‌دا، باڵانسێک کە لە نێوان جەمسەرە سیاسی و شەپۆلە ئیدۆلۆژیەکان‌دا دروستی دەکرد، ریشەی لە خوێندنەوەی ئاکادێمی ئەو مرۆڤە بۆ رووداو و دیاردەکان دا هەبوو. ئەو سەرمایە بۆ حیزبی دێموکراتیش بەکەڵک بوو، وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە سیاسەتی سەربەخۆ و ئەخلاقگەرایانە، باوەڕ هەبوون بە دێموکراسی نەک هەر تەنیا وەک ئیدۆلۆژی بەڵکو وەک فەرهەنگ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و باوەڕ‌هەبوون بە مافەکانی ژنان، چۆنیەتیی دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان و پاراستنی بەرژەوەندی‌یە گشتی‌یەکان بکەین. ئەو بە هەمان نەفەسی پێداگۆگیانە کە وانەکانی ئابووری لە زانکۆ دەکوتەوە، لە چیاکانی کوردستان‌دا بەشداری دەورەکانی سیاسی پێگەیاندنی کادری دەکرد و لەوێش رۆڵی مامۆستایەکی دەگێڕا، باسەکانی لەسەر ئابووریی سیاسی بەڵگەیەکی دیارن بۆ ئەو بانگەشەیە. لە سەر ئاستی نەتەوەیش‌دا جێ‌پەنجەی سەرمایەی زانستی و ئاکادێمی د. قاسملوو لە ناساندنی مەسەلەی کورد بە کۆڕ و کۆمەڵی جیهانی‌دا دیارە و پەیوەندی‌یە تایبەتیەکانی لەگەڵ کەسایەتی‌یە ئاکادێمیەکان‌دا و ئەزموونی کارکردن و توێژینەوەکانی تۆڕێکی بەربڵاوی پەیوەندی بۆ کوردان دروست کردبوو. کاریگەریی ئەو پەیوەندیانە لە نەهادینەکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە دوو دەیە بە ئاشکرا دەبینرێن. ئەرکێکی دیکە کە د. قاسملوو بە سەرکەوتووییەوە بەجێی گەیاند چۆنیەتیی ئاوێتەکردنی خەباتێکی ناسیۆنالیستی لە فۆرمی چەکداری‌دا لەگەڵ ئەرزش و بەها جیهانیەکان‌دا بوو، ئەوە یەکێک لە کارە ئەستەمەکانی ئەو سەردەمە بوو، د. قاسملوو لێرەش‌دا دەبوو بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە زانستی‌یەکانی و سنوورەکانی نێوان بزووتنەوەیەکی چەکداری دێموکراسیخواز لەگەڵ ئامانجەکانی گروپە تیرۆریستی‌یە چەکدارەکان لێک جیا بکاتەوە، لەوانەیە لە نێوخۆدا ئەوە باسی رۆژ نەبووبێ، بەڵام سەلماندنی ئەو راستی‌یە بە دنیای دەروەە لەو سەروبەندەدا کارێکی دژوار بوو. جیاوازی‌یەک کە د. قاسملوو لەگەڵ زۆر ئاکادێمیکی دیکە هەیبوو ئەوەبوو کە ئەو بۆ گەیشتن بە ویستەکانی تەنیا لە چوارچێوەی دیوارەکانی زانکۆ و تیۆری و کتێب دا نەمایەوە و بە پراکتیکیش رووی کردە چیاکانی کوردستان و ئەوەی لە تیۆری‌دا باوەڕی پێی هەبوو لە پراکتیکیش‌دا هەوڵی بۆ دەدا. وەک هەر کەسایەتی‌یەکی ئاکادێمی ئاواتی د. قاسملوو ئەوە بوو کە بتوانێ خەریکی توێژینەوە و خویندن و نووسین بێ و کاتی خۆی بۆ ئەدەب و مێژوو تەرخان بکا، بەڵام ئەو ئاواتە بە بێ وەدیهاتنی مافە سەرەتاییەکان زیاتر لە خەونێک دەچوو، ئەو وەک کوردێک بەرپرسایەتی‌یەکی گەورەتری لە ئاست کوردستان‌دا هەبوو، لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ هەواڵنێری بی بی سی بێهروز یوسف زاد‌دا پەردە لەسەر ئەو خۆزگە و ویستە تاکەکەسیانەی خۆی هەڵدەداتەوە دەڵێ: "من ئەگەر ئێستا بمیتوانیبایە بۆخۆم بڕیار بدەم، پیم خۆش بوو خەریکی زانست بام و کارم لە سەر مەسەلە ئەدەبی و فەرهەنگی‌یەکان کردبا، هیوادارم هەلومەرجێک بێتە پێس کە وڵاتەکەمان ئارام بێتەوە و ئەمن لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان‌دا بۆ وێنە گوندی قاسملوو، رەنگە ئێوە نەزانن کە گوندێکی ئاوا هەیە. ئێمە ناوی خۆمان لەو گوندە وەرگرتووە، دانیشم و هەتا ماوم بخوێنمەوەو بنووسم." (کوردستان .ژ٥١٤) سەرەرای ئەوەی کە ئەو خۆزگەیەی د. قاسملوو تا ئێستاش هەر وەک خۆزگەیەک ماوەتەوە، بەڵام ئەو لە ژیانی سیاسی خۆی‌دا کەڵکی لەو سەرمایە زانستی و پاشخانە ئاکادیمیە وەرگرت و لەو رێگەیەوە گوتاری سیاسی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بە شێوەیەکی مۆدێرن و دێموکراسیخوازانەی گونجاو لەگەڵ پێوەر و بەها جیهانی‌یەکان‌دا داڕشتەوە، تەنانەت لە دوایین دانیشتنەکانی‌دا لەگەڵ نوێنەرانی جمهوری ئیسلامی‌دا ئەو تۆنە ئاکادێمیە لە روون‌کردنەوەی داواکانی حیزبی دێموکرات‌دا و باس لە داهاتووی ئێران‌دا بە روونی دێتە بەرگوێ، تۆنێک کە لەوێ دوای چەند دەنگی کپکراوی دەمانچەیەک بێدەنگ دەکرێ، بەڵام بۆ هەمیشە لە یادەوەری نەتەوەیەک دا دەمێنێتەوە.