کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو کاریزمایەکی ئەرێنی و رێبەرێکی بە‌هەڵوێست

20:06 - 31 پووشپەڕ 2716

بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و زۆر بزووتنەوەی دیکە لە رەوتی کار و تێکۆشان و تەنانەت مانەوەدا پێویستیان بە رەمز و سەمبولە. کاریزما و سەمبولە گەلیی و نەتەوەییەکان بە گوێرەی سەردەم، جۆغرافیا و کولتوور دەردەکەون و رۆڵی بەرچاو دەگێڕن. بەکارهێنانی سەمبول و رەمزە جیاوازەکان بەشێکی سرووشتی و نەپچڕاوە لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی‌یە. لە قۆناخی خەباتی رزگاریخوازانە‌دا سەمبولەکان کۆکەرەوەن و لە سات و کاتی دژوار و ئاڵۆزدا دەبنە هۆی یەکگرتوویی زیاتر و رێبەرایەتیی بەرەی دژبەر لە ئەستۆ دەگرن. لە ژێر تیشکی بوون و بیر و لێکدانەوەی رەمز و کاریزماکاندا وێنەیەکی کۆکراوەتر دەخوڵقێ. کاریزما چەمکێکی فرەمانا و هاوکێشەیەکی کراوە و ئازاد و دەرکەوتەیەکی چەند روخساری‌یە. کاریزما جۆری زۆرە و لە شیکردنەوەی ئەو چەمکەدا باس لە کاریزمای ئەرێنی و نەرێنی و هەروەها زڕەکاریزما دەکرێ. شایانی باسە، کە بەشێکی زۆر لە سیاسەتکارەکان هەوڵدەدەن لە کاتی پێویستدا خۆیان بە خاوەن کاریزما پێشان بدەن. خەباتی رزگاریخوازنەی گەلانی جیهان و تەنانەت قوتابخانەی ئایینی و کولتوری‌یەکان تەژین لەو رەمز و خەباتکارانەی، کە بە نرخی ژیانی خۆیان رێبەرایەتیی رەوت و پرۆسەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان کولتووریان کردوە. سەمبولەکان بە وێنە، گێڕانەوە و پەیامەکانیان وێنەیەکی کورت و پوخت لە بارودۆخەکان پێشان دەدەن. بەشێک لە کاریزماکان لەگەڵ قوربانیدان و فیداکاری لە پێناوی گەل، ئازادی و خاکدا گرێدراون و تایبەتمەندیی گەورە دەبەخشنە مرۆڤە خاوەن بەهرە و رەمزەکان. ئەو جۆرە لە کەسە کاریزماکان سەرکردایەتی و رێبەرایەتی گەیشتن بە دوا‌رۆژێک دەکەن، کە لەمڕۆ باشترە و هەڵگری ویستی زۆرایەتیی نەتەوەیەک یان کۆمەڵە خەڵکێکە. کاریزما نەتەوەیی و خەڵکی‌یەکان جیاوازن و هەر سیاسەتکار و رێبەرێک خاوەنی مەرجی بوونە کاریزما و سەمبولی گشتی نییە. پرسی نەتەوەی کورد خاوەنی رەوایەتی یاسایی و سرووشتی‌یە، کە پاڵپشتی بەهێزە بۆ سەمبولە ئازادیخواز و نەتەوەییەکان. کوردەکان لە بەر نەبوونی دەوڵەت نەبوونە خاوەنی رەمز و سەمبولە فەرمی‌یە دانپێدانراوەکان، بەڵام وەک نەتەوەیەک خاوەنی کۆمەڵێک رەمز و سەمبولن، کە لە یەکتر جیاکردنەوەیان ئاسان نییە. قاسملوو یەکێک لەو رەمز و کاریزمایانەی کوردە، کە بە زۆر هۆکار لە دوای تیرۆرکرانی بە دەستی غەدر و خەیانەت، جێگە و پێگەی شیاوی پارێزراوە. لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٩٨٩ی زایینی، دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی دیالۆگ لە سەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی لە پێتەختی وڵاتی ئوتریش شەڵاڵی خوین کرد. لەو رووداوەدا، ستراتیژی ستەم و سیاسەتی رەشەکوژی دەوڵەتی ئێران و مەزڵومییەت و رەوایەتی بزووتنەوەی نەتەوەیەکی ژێردەست کەوتنە بەرامبەرکێ. کەسایەتیی کاریزماتیکی قاسملوو لە پرۆسە و رەوتێکی درێژخایەن‌دا شکڵی گرت. ناوبراو لە بۆتەی کار و تێکۆشان و خەبات بۆ ئازادی نەتەوەکەی‌دا تایبەتمەندی‌یەکانی کاریزمایەکی ئەرێنی دەستەبەر کرد. کاریزمابوونی ناوبراو لە سەر بەستێنی بیری نەتەوەیی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیی مرۆڤ هەڵچنراوە. قاسملوو لە هه‌موو سیاسەتمەدارە کوردەکان جیاوازە، چونکە ئەو جیهانی بیری دەکردەوە و ناوچەیی هەڵسوکەوتی دەکرد. حیزبی دێموکرات و پاشخانی مێژوویی ئەو حیزبە، رێبەرایەتی کردنی بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز دژ بە دەسەڵاتی ناڕەوا و داگیرکەر لە ئێران‌دا، هەڵوێست و سەربەخۆیی سیاسی ناوبراو و حیزبی دێموکرات لە سەردەمی سکرتێری ناوبراودا و کەیسی تیرۆرکرانی ( ئەگەرچی هەڵەی تکنیکی لە وتوێژەکەدا هەبوو)، ناوبراوی کردە یەکێک لە سەمبولە ناسراو و دیارەکانی بزووتنەوەی کورد. قاسملوو حیزبی دێموکراتی بووژاندەوە و کولتورێکی تازەی لە حیزبایەتی و سیاسەت کردن هێنایە نێو ریزی حیزب. ناوبراو ئەندازیاری دیپلۆماسی کورد لە جیهانی رۆژئاوا و لێک‌گرێدەری خەباتی کوردان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بوو. ئەو داهێنەری رەچاوکردنی هاوکێشەی ئەخلاق وسیاسەت و پاراستنی سەربەخۆیی بۆ حیزب بوو، کە هێشتا لە کوردستان‌دا کەمتر رەچاو دەکرێ. کاریزمابوونی قاسملوو لە خۆناسینی رژدی ناوبراو لە نەتەوەکەی، ناوچە و جیهان سەرچاوە دەگرێ. ئەو لە رێگای گەورەکردنەوەی خۆی و بیرۆکەکانی بەو پلەیە نەگەیشت، بەڵکو بە تێکۆشان دژی تاک پەرەستی و خۆپەرەستی، ناو و رێبازێکی لە دوای خۆی بەجێهشت. ناوبراو لە سێ قۆناخی ژیان و لە سێ گۆڕەپانی نەتەوەیی، نێونەتەوەیی و حیزبی‌دا دەرفەتی دەرکەوتن و دەربڕینی بۆ رەخسا. ئەو ئازادی و نیشتمانەکەی خۆش‌دەویست و بەشێکی سەرەکی تەمەن و ژیانی بۆ تەرخان کردن. بایەخ و ئامانجەکانی قاسملوو لە گەڵ بایەخە جیهانی‌یەکان و چەمکە مرۆڤی‌یەکان یەکانگیر و هاوتا بوون. ئەو بە تێکۆشان و مەرگی، وێنەیەکی ساکار، لە مانا و بایەخە ئینسانی و مافە رەواکانی کورد دەخاتە بەرچاو. پرسی بوونە کاریزما پشت بە هەست و کف و کوڵ دەبەستێ، بۆیە پێویستی بە خەمڵاندن و عەقڵاندن هەیە. رەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنی قاسملوو یان بزووتنەوەیەکی خاوەن کاریزما و جیاکردنەوەی خاڵە ئەرێنی و نەرێنی‌یەکان لە یەکتر، بە رێچکەی زیندوو هێشتنەوەی بیروباوەڕ یان رێباز و کولتووری رێبەریکی خاوەن بەهرە دەناسرێن. کاریزما تایبەتمەندی‌یەکی دیاری هەیە، کە کەسانی لایەنگر و هاوڕێی هەوڵدەدەن وەک ئەو دەربکەون. بە واتایەکی دیکە، ئەرکەکان جیاوازن و کاریزما زیندوو و کۆچکردوەکان لە دوو دۆخی جیاوازدا دەژین، کە تەفسیرکردن و هەڵسەنگاندیان جیاوازە. رێبەرە کاریزماکان خاڵ و یاساکان دادەڕێژن و دواکەوتوو و جێبەجێکەری خاڵ بە خاڵی یاسا و رێسا نووسراوەکان نین. لە هێزێکی سیاسی‌دا مرۆڤی کاریزما دەربڕی وزە و توانای کۆمەڵە فاکتەر و ئەکتەرێکە، کە دەرفەتی دەرکەوتن و خۆدەرخستنیان بۆ رەخساندوه‌. سەمبول و رەمزەکان بۆ تێگەیشتن لە جیهانی کوردان و درێژەی تێکۆشان و کارکردن بۆ گەیشتن بە مافەکان پێویستن، بەڵام ناکرێ کەڵکی نەرێنی لە وان وەرگیرێ. پرسی کاریزما کۆچکردوەکان ئاڵۆزترە و رێبوار و لایەنگرەکانیان لە سەر گواستنەوەی ئەو کاریزمایە بۆ جێگرەوەکانیان بە ئاسانی هاوڕا نابن. لە نێو حیزبی دێموکرات‌دا چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لە گەڵ کەسایەتیی قاسملوو و میراتی کاریزماتیکی ناوبراو نەچۆتە چوارچێوەی پلان و بەرنامە و فازی تازە. چۆنیەتی درێژەدان یان گواستنەوەی کاریزما لە نێو رێکخراو و پارتێکی رزگاریخواز تایبەتمەندی خۆی هەیە. کەسایەتی کاریزماتیکی سەرکردەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و دێموکراتیک پێوەندی بە چەندایەتی و چۆنیەتی رەچاوکردنی رێنوێنی و خوێندەوەکانی هەیە. لە پێوەندی لەگەڵ کەسایەتیی کاریزماتیکی قاسملوودا، گرینگە کە جێگرەوە و بڕیاردەرەکانی حیزبی دێموکرات، لە درێژەدان بە رێبازی کار و تێکۆشانی کاریزما کۆچکردوەکەیان مکوڕ و وەفادار بن. رەچاوکردنی ئەخلاق لە سیاسەت‌دا و پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و کارکردن بۆ بە کولتوورکردنی ئازادی و مافە رەواکانی کورد لەو ئەرکانەن، کە دەکەوێتە ئەستۆی میراتگرانی قاسملوو. قاسملوو هێشتا لە نێو رێڕەوان و ئۆگرانی حیزب و ئامانجەکانی‌دا بە کاریزمایەکی تاقانه‌ دەناسرێ. باوەڕ و کولتوری سیاسەت و دەرهاویشتەی بەهرەکانی لە نێو کۆڕی رێبوار و لایەنگرانی‌دا بڕوا بەخۆبوون زیاتر دەکا و وزەی رێکخراوتر دەداتە تێکۆشانی بە کۆمەڵ. قاسملوو رێبەرێکی ورەبەخش و ئەرێنی لە مێژووی بزووتنەوەی کورد‌دا دەمێنێتەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ دوور راگرتنی بیروباوەڕ و هەڵوێستەکانی لە رەخنەی لۆژیکی و خوڵقێنەر زەبر لە پرێستیژ و کەسایەتیی کاریزماتیکی ناوبراو و رێبوارانی دەدا. کەسایەتیی کاریزماتیکی قاسملوو خۆکردە و تێکەڵ بە خوێن و فرمێسکی کوردانە. فیداکاری ناوبراو تەمەن سەوزە، بەڵام لایەنگر و ئۆگرانی نابێ رێڕەوێکی بە درووشم بن، بەڵکو هاوڕێ و لایەنگرێکی خاوەن کردەوە و سۆزدار کە بە هەموو تواناوە وانە باشەکانی قاسملوو لە مەیدانی کار و تێکۆشاندا رەچاو بکەن. بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا پێویستی بەو رەمز و سەمبولانەیە، کە بە سەرمایەی مەعنەوی و کۆکەرەوەی زۆرایەتیی کۆمەڵگا دەناسرین. قاسملوو یەکێک لەو کەسایەتی‌یانەی کوردە، کە بە زۆر پێوانە و پێوەر کاریزمای گەلێکی ژێر دەست و چەوساوەیە. هێز و تاکە خاوەن کاریزما مێژووییەکان لە رەخنە و هەڵسەنگاندن ناپرینگێنەوە و رەمز و رێبەرەکانیان دەبەنە نێو جەرگەی کۆمەڵانی خەڵک و لە بازنەی حیزب‌دا قەتیسی ناکەن. خەڵکی کوردستان و نەوەی تازە چاوەڕوانە، کە دێموکراتەکان چەندە و چۆن درێژەدەری رێگا و رێبازی یەکێک لە رەمزە دیار و روخسارە ناسراوەکانی سیاسەت لە کوردستانن.