کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی تا چ ئاستێک پێویستی بە یەکسانیی تاکەکان هەیە؟

05:48 - 2 گەلاوێژ 2716

بە هۆی جۆراوجۆریی فۆڕمەکانی دێموکڕاسی، ئەستەمە بتوانین پێناسەیەکی بەراوردکارمان لێی هەبێ، بەڵام بە گشتی هەموو فۆڕمە کۆن و نوێیەکانی دێموکڕاسی پێداگری لە سەر بەشداری زۆرترین ژمارەی خەڵک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکەن. دێموکراسی دەکرێ وەک رژیمێکی سیاسی، دوکترینێک یان ئیدەئالێک بێ کە تێیدا سەروەری دەگەرێتەوە بۆ کۆی هاوڵاتییان، واتە بەشداریی کۆی هاوڵاتییان لە دەسەڵاتی سیاسی، بە شێوەی راستەوخۆ یان لە رێگای نوێنەرەکانەوە. "ئازادی" و "یەکسانی" دوو پڕەنسیپی سەرکی و پێکهێنەری دێموکڕاسین، بەڵام ئەو دوو پڕەنسیپە لەگەڵ یەکتر ناتەبان. دێموکڕاتە سیاسییەکان پێداگری لە سەر "ئازادی" وەک یەکەم مەرجی دێموکڕاسی دەکەنەوە، لە بەرامبەریشدا دێموکڕاتە یەکسانیخوازەکان پێداگری لە سەر پڕەنسیپی "یەکسانی" وەک بنەمای پێکهێنەری دێموکڕاسی دەکەنەوە. گرووپی یەکەم کە لایەنگری ئازادی تاکن، پێیانوایە کە یەکسانکردنی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی بەرتەسککردنی ئازادی تاکەکان. هەروەها گرووپی دووهەمیش کە لایەنگری یەکسانین، پێیانوایە کە ئازادی لەڕادەبەدەری تاکەکان نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا بەرهەم دێنێ. پرسیار ئەوەیە کە چلۆن دەکرێ هەر دوو پڕەنسیپی یەکسانی و ئازدی لەگەڵ یەکتر تەبا بکرێن؟ ئایا یەکسانی تاکەکان لە سەر بنەمای ماف بە تەنیا بەسە بۆ هەبوونی دێموکڕاسییەکی ئیدەئاڵ؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لە بەشی یەکەمدا دەبینین کە هەردوو پڕەنسیپی یەکسانی و ئازادی پێویستن بۆ دێموکڕاسی بەڵام بۆ ئەوەی دێموکڕاسییەکی ئیدەئال هەبێ، یەکسانی لە سەر بنەمای ماف بەس نیە و پێویستە نایەکسانییەکان کەم بکرێنەوە کە ئەویش لە بەشی دووهەمدا باسی لێوە دەکرێ. بەشی یەکەم: یەکسانی و ئازادی وەک دوو پڕەنسیپی بنەڕەتیی دێموکراسی یەکسانی و ئازادی وەک دوو پڕەنسیپی پێکهێنەری دێموکڕاسی لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بە روونی ئاماژەیان پێکراوە، هەروەها پێشەکیی دەستووری بنەڕەتیی زۆربەی وڵاتانی دێموکڕاتیکیش ئەو دوو پڕەنسیپەیان وەک بنەمای سەرەکی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دێموکڕاسی ڕەچاو کردووە. "مرۆڤەکان بە شێوەی ئازاد و یەکسان دێنە سەر دنیا" واتە "ئازادی سیاسی" و "یەکسانی لە ماف"دا. ئازادی بە بێ یەکسانی: ئازادی لە دێموکڕاسیدا بەو مانایەیە کە هیچ کەس بە سەر کەسێکی دیکەدا زاڵ نەبێ بە هۆی لەدایکبوون، رەگەز، ئایین و هتد. هەر کەسێک دەبێ دەسەڵاتی بە سەر هەموو کردەوەیەکی خۆیدا هەبێ کە یاسا لێی قەدەغە نەکردبێ، وەکوو ئازادی سیاسی، مەدەنی، ئابووری، هتد. ئازادی وەک مافێکی سروشتیە کە گرێدراوی مرۆڤە. هەر بۆیەش لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی وەکوو "پڕەنسیپی سیاسی باڵا" و "بنەمای هەموو چالاکییەکی ئابووری" تەئکیدی لێکراوەتەوە کە ئەوەش ئەگەر لە لایەکی دیکەوە لێی بڕوانین، دەبێتە هۆی بێ بەشبوون و هەژاریی بەشێکی دیکەی کۆمەڵگا کە وەک رەخنە لە ئازادی سەیر دەکرێ. بە پێی لۆژیکێکی کۆنی ئەریستۆی یۆنانی کە لە لایەن یەکسانیخوازەکانی سەدەی نۆزدەهەمی زایینەوە تەفسیر کراوەتەوە، ئازادی تاک نایەکسانی بەرهەم دێنێ. کاڕڵ مارکس پێیوایە کە "ئازادیی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا کە پەیڕەوی لە یاساکانی بازاڕ دەکا، لە ژێر زاڵێتیی چینی سەرەوە ون بووە". هەروەها پێیوایە کە چینی کرێکار کە لە ژێر زاڵێتی سەرمایەدارە، ناتوانێ تەمرینی ئازادی بکا و ناتوانێ کەسێکی ئازاد بێ. یەکسانی لە مافدا: ئیدەی یەکسانی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن لە دوای سەدەی ٦ی پێش زایین و لە نێو جەرگەی ئەزموونی دێموکڕاسی لە ئاتێن. هەندێک فەیلەسووف، یۆنانییەکان وەکوو باوکی دێموکڕاسی و یەکسانی دەناسێنن بەڵام یەکسانیی یۆنانییەکان جۆرێک لە پاڕادۆکسی پێوە دیارە کاتێک یەکسانی تەنیا بۆ شارۆمەندانی ئاتێن هەبووە و شارۆمەندیی ئاتێنیش تەنیا بەشێک لە پیاوانی دەگرتە خۆ. ژنان، کۆیلەکان، بیانییەکان و منداڵەکان شارۆمەند نەبوون و لە یەکسانی بێبەش بوون. لە دێموکڕاسی مۆدێڕندا یەکسانی لە مافەکاندا وەک بنەمای حقوقی پێناسە کراوە کە لەودا هەموو هاوڵاتیان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن بە بێ جیاوازی چین، رەگەز، ئایین، زمان و هتد. هەندێک لە فەیلەسووفەکان وەکو "ئالێکسیس تۆکۆڤیل" پێیانوایە کە ئەگەر گرنگی زیاتر بە یەکسانی بدرێ، مەترسیە بۆ سەر ئازادی و دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئازادی بەرتەسک بێتەوە. نموونەی زۆر لە مێژوودا هەن کە لە لایەک هەوڵدان بۆ یەکسانی لەڕادەبەدەر بۆەتە هۆی ئەوەیکە دەسەڵاتدار و حیزبەکان بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکانی تاک کەڵکی لێوەرگرن و کۆمەڵگایەکی نادێموکڕاتیک و دیکتاتۆڕی بەرهەم بێنن، لە لایەکی دیکەشەوە ئازادی بێ سنوور چ لە بواری سیاسی و چ لە بواری ئابووریدا بووەتە هۆی لەناوبردنی یەکسانی و دروستبوونی کۆمەڵگایەکی نایەکسان کە چینێک بە سەر چینێکی دیکەدا زاڵە. ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو دوو بنەمایە لە نێو دێموکڕاسیدا لەگەڵ یەکتر ناتەبان و پێکەوە گرێدانیان کارێکی ئاسان نیە. بەڵام هەندێک مێکانیزم هەن کە دەتوانن ئەو دوو بنەمایە لێک نزیک بکەنەوە و دێموکڕاسییەکی ئیدەئاڵ بەرهەم بێنن کە هەم لایەنگرانی ئازادی تاک و هەم لایەنگرانی یەکسانی بتوانن پێکەوە هەڵبکەن. یەکێک لەو مێکانیزمانە، کەمکردنەوەی نایەکسانییە لە کۆمەڵگادا بێ ئەوەی ئازادییەکان بەرتەسک بکرێنەوە کە پێی دەگوترێ "دادوەریی کۆمەڵایەتی"، ئەوش لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دەبێ پیادە بکرێ. بەشی دووهەم: یەکسانی لە سەر بنەمای ماف کەمە بۆ دێموکڕاسییەکی ئیدەئال هەر وەک "ئالێکسیس تۆکۆڤیل" دەڵێ "دێموکڕاسی دۆخێکی کۆمەڵایەتییە کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە بارودۆخ بۆ هەمووان یەکسان دەکا". واتە دەستڕاگەیشتنی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بە هەموو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی. ئەوەش لە رێگای دادوەریی کۆمەڵایەتییەوە دەکرێ. دادوەریی کۆمەڵایەتی چوارچێوە یان پێکهاتەیەکی سیاسییە کە هەوڵ دەدا لە رێگەی هاوپێوەندیی گشتییەوە کۆمەڵگایەکی یەکسانتر بەرهەم بێنێ. دەیهەوێ لە رێگای پڕۆژەی دروستکردنی مڵکی گشتییەوە رێگە خۆش بکا بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی تاکەکانی کۆمەڵگا. بۆ چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی دوو شێواز هەیە، یەکەمیان پڕەنسیپی "یەکسانیی جێگە و پێگە"، کە هەوڵ دەدا بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان پێگە کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکان. بۆ نموونە کەمکردنەوەی نایەکسانی لە داهاتی نێوان کرێکار و خاوەنکارەکان. دووهەم شێواز بریتییە لە پڕەنسیپی هارمۆنیزەکردنی دۆخی ژیانی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کە دواتر بە پڕەنسیپی یەکسانی لە دەرفەتەکاندا جێگەی گیرایەوە. ئەو پڕەنسیپە هەوڵدەدا بۆ دەستەبەربوونی "ئیمکانی گەیشتن بە باشترین شوێن و باشترین دۆخ بە مەرجی شایستەبوون". بە پێی "یەکسانیی دەرفەتەکان"، پێگەی کۆمەڵایەتیی تاکەکان پەیوەندی بە رەسەنایەتی، رەگەز، زمان، ئایین و هتد نیە. هەموو تاکەکان دەبێ یەک دەرفەتی یەکسانیان بۆ گەیشتن بە پێگە کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵگادا هەبێ. هەروەها هەوڵدەدا لە دژی بەرهەمهاتنەوەی نایەکسانیە ئابوورییەکان و پاراستنی هیرارشییە کۆمەڵایەتییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکیتر خەبات بکا. "جۆن رۆڵ" پێیوایە کە سێ پڕەنسیپی سەرەکی دادوەریی کۆمەڵایەتی بریتین لە: رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان کە مافەکانی مرۆڤ پێی بەخشیوین، پڕەنسیپی نایەکسانیی دادوەرانە و رێزگرتن لە یەکسانی دەرفەتەکان بۆ هەمووان. ئەرکەکانی دەسەڵاتی سیاسی سیاسەتەکانی خەبات لە دژی نایەکسانی هەوڵدەدەن بۆ راستکردنەوەی ئەو پێگە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی نادادوەرانەن، ئەوەش لە رێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی و دابەشکردنەوەی سامان و نایەکسانییە ئابوورییەکانەوە. دابەشکردنەوەی سامانەکان بە سێ شێواز لە لایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێ: سیاسەتی خوێندن و پێگەیاندن، بیمەی کۆمەڵایەتی و دابەشکردن بە سیستەمی کێینێزی (کێینێز: ئابووریناسێکی بریتانیاییە کە سیستەمێکی ئابووری دۆزییەوە کە لەودا دەوڵەت دەستێوەردان لە کاروباری ئابووریدا دەکا) هەروەها دەوڵەت هەوڵدەدا لە رێگەی بە هێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکهەڵکێشانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و هەستی پێکەوەبوون، یەکدەستی کۆمەڵایەتی دروست بکا. سیاسەتی هەڵاواردنی ئەرێنی کە سیاسەتێکە لە قازانجی گرووپێکی کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسانیان بۆ بخوڵقێ و دەستیان بە پێگە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بگا. بۆ نموونە لە خوێندنگەیەکدا یارمەتی منداڵانی هەژار بدرێ بۆ ئەوەی بتوانن وەک منداڵانیتر دەرسەکانیان بە ئاسانی درێژە پێ بدەن. یان یاسای یەکسانیی ژنان و پیاوان کە یارمەتی ژنان دەدا بۆ گەیشتن بە هەندێک پۆست. لە کۆتاییداو بە سەرنجدان بەو بابەتانەی لە سەرەوەدا باسیان لێوەکرا، بەو ئەنجامە دەگەین کە یەکسانی هەر وەک ئازادی پڕەنسیپێکی جیانەکراوەی دێموکڕاسییە، لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی نایەکسان هەندێک لە تاکەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ئازادییەکی بێ سنوور دەتوانن زاڵ بن بە سەر ئازادیی کەسانیتردا، ئەوەش کۆمەڵگەیەکی نایەکسان بەرهەم دێنێ، لە کۆمەڵگەیەکی نایەکسانیشدا ئازادی بوونی نیە. یەکسانی هەوڵ دەدا ئازادی تاکەکان بپارێزی بەڵام هەوڵدان بۆ یەکسانی بێ سنووریش دەچێتە چوارچێوەی ئیدۆلۆژی کە مەترسییە بۆ سەر ئازادی. بۆیە پێویستە کەڵک لە هەندێک مێکانیزم بۆ رێککەوتنی ئەو دوو پڕەنسیپە لە نێو چوارچێوەیەکی کۆنتراکتیدا وەرگیرێ. ژان ژاک رۆسۆ پێیوایە دەبێ پەیمانێک لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا هەبێ بە نێوی پەیمانی کۆمەڵایەتیی کە لە لایەن یاساوە بپارێزرێ، بۆ ئەوەی یاسای دادوەرانەش هەبێ پێویستە دەسەڵاتەکان لێک جیا بکرێنەوە، ئەوش دەبێتە هۆی ئەوەیکە سەروەریی بگەڕێتەوە بۆ خەڵک. پڕەنسیپەکانی دادوەریی کۆمەڵایەتیی کە گرێدراوی یاسان بۆ ئەوەن کە نایەکسانییەکان کەم کەنەوەوەو لو هەمان کاتدا نەبنە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی لە کۆمەڵگادا.