کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دوای ١١٠ ساڵ لە شۆڕشی مەشرووتە دەوڵەتێکی مۆدێرن و سەرکوتکەر، ئەرتەشێکی نانیشتمانی و وڵاتێکی شەرمن

18:47 - 14 گەلاوێژ 2716

١١٠ ساڵ بە سەر شۆڕشی مەشرووتە و عەداڵەتخوازی‌دا تێدەپەڕێ. ئێران لەو ماوەیەدا لە دوو پرۆسەی کەرتبوون و دێموکراتیزەبوون پارێزراوە. کۆمه‌ڵگه‌ و سیستمی حوکمڕانی مۆدێرن بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و تێکڕایی گەشەی نەکردوە و رەوتی نوێخوازی بە نیوچڵی دەستپێکرد. لە سەردەمی مۆدێرن‌دا دین لە کایەی سیاسەت و حکومەت‌دا هاوشێوەی پێش مۆدێڕن رۆڵی گەورە و بەرچاوی گێڕاوە و ناعەداڵەتی و سەرەڕۆیی زیاتری لێ‌کەوتۆتەوە. تاک پەراوێز خراوە و ئازادی‌یەکان هیچ کاتێک  نەبوونە بەشێک لە کولتووری رۆژانە و سیاسیی کۆمه‌ڵگه‌. تاکەکان لە ژێر سێبەری سەرکوت‌دا بۆیان نەلواوە لەگەڵ تاکایەتی، چەمکی ماف، بەرپرسیارەتی و رەخنەگرتنی ژیرانە ئاشنا بن. دەسەڵاتدارە تاج و مەندیل لەسەرەکانی وڵات بە کەڵکوەرگرتن لە پارەی فرۆشی نەوت، ئەرتەشی بە ژمارە زۆر و گەشەپێدانی وزە و تێکۆنۆلۆژی ئەتۆمی تێکۆشاون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا دەسەڵات و ژمارەیەکی بەرچاو بن.   زیاتر لە سەدەیەکە کە ویستی ئازادیخوازی، عەداڵەت و یاسا‌سەروەری لەگەڵ ئیستبداد و توتالیتاریزمی پاشایەتی و ئاخوندی‌دا ململانێ دەکا. بەڵێنی پڕاکتیزەکردنی ئامانجەکانی شۆڕش لە مەشرووتە و دواتر لەبیر کران. تێگەیشتن لە رابردوو و هەروەها بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ داهاتوو لە ئاستی کۆمەڵگه‌دا پێویستیان بە کەرەستەی پێویست و مێتۆدی گونجاو هەیە. لێرەدا چەند پرسیارێک بۆ خوێندنەوەی لایەنە تاریکەکانی مێژووی سیاسەت، دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ی مۆدێرنی ئێرانی دەورووژێنین.  بۆچی شۆڕش و بزووتنەوە ئازادیخواز و سیاسی‌یەکان لەو وڵاتەدا نەگەیشتوونە ئامانج و بە نیوەچڵی ماونەوە یان بە تەواوەتی پوچەڵ کراونەوە؟ بە چ هۆکارێک ئێران ١١٠ ساڵ دوای شۆڕشی مەشرووتە، هێشتا خاوەنی یاسایەکی عادڵانە، نیزامێکی دێموکراتیک و ئەرتەشێکی نیشتمانی نییە؟ لە ژێر کارتێکەری چ فاکتەرێک‌دا کولتووری ئازادیخوازی و مافپارێزی لە بەرامبەر سەرەڕۆیی و ئیستبداددا سەرکەوتوو نەبوە؟ لە سەر بناخەی چ لۆژیکێک، کۆمەڵگه‌ی فرە نەتەوەی ئێران، ناتوانێ لە بەرامبەر دیکتاتۆری و سیستمی ناڕەوادا دژکردەوە بنوێنێ؟   شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران وەک زۆربەی شۆڕشە بەناوبانگەکانی جیهان لە سەرەتادا ئاوێتەی  دروشم و خەونی گەورە بوو، بەڵام بە تراژیدیەکی تاڵ کۆتایی هات. ئەو شۆڕشە لە نێو کۆمەڵگه‌ و لە ئاستێکی بەرین‌دا تەتەڵە نەکرابوو، بۆیە بە ئاسانی دەستەمۆ کرا. شکانی رووسیە لە ژاپۆن، شۆڕشی ١٩٠٥ی رووسیە و ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان  لە دەرکەوتنی بزووتنەوەی عەداڵەتخوازی دژ بە سیستمی شایەتیی ئێران کاریگەر بوون. قەبارەی زوڵمی پاشاکان دژ بە خەڵک پەرەی دەسەند و بیری نوێگەرایی و یاساسالاری لە رێگه‌ی خوێندکار و رووناکبیرانەوە زیاتر هاوەردەی نێوخۆ دەکرا. لە سەرەتادا بزووتنەوە و شۆڕشی مەشرووتە پاشەکشەی بە ئیستبداد کرد، بەڵام دواتر لە ئەنجامی نەبوونی کەرەستە و پێداویستیی پراکتیزەکردنی ئامانج و ویستەرەواکان، لاڕێ و بێ‌دەنگ کرا. بەشێک لە بەشدارانی شۆڕش سەرشکاو و پەشیمان وازیان لە شۆڕش هێنا. بەشێک لە رێبەرانی ئایینی شیعە لەگەڵ مەشرووتەخوازەکان تێکچوون و لەگەڵ شادا رێککەوتن. ئەوان دژی  بەرەی لیبڕاڵ و مافخواز بوون و بە ناوی پاراستنی ئیسلام و هتد دژ بە رەوتی نوێخوازی جووڵانەوە. شەن‌و‌کەوی دەوڵەت، ئەرتەش، مەجلیس و سرووشتی بزووتنەوە بەناو نوێخوازەکانی ئێران بۆ تێگەیشتن لە چەندایەتی و چۆنایەتیی کۆمەڵگه‌ و دەسەڵاتی ئێران لە ماوەی ١١٠ ساڵی رابردوو کلیلی سەرەکین.   دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخی ئێران‌دا، لە سەر دوو تێۆری جیاواز دامەزراوە. یەکەم: دەوڵەتی پێش رەزاخان، کە له‌ سەر بناخەی حوکمی شا و رایەڵکەی پێوەندیی ناوبراو لەگەڵ خاوەن‌دەسەڵات و داراکان پێکهاتبو. دەوڵەت  خاوەنی دەسەڵاتێکی راستەقینە و دام‌و‌دەزگای راپەڕاندنی ئەرک و کارەکان نەبوو. دووهەم: لە دوای کوودتاکەی رەزاخان، دەوڵەتی خاوەن ئیدارە و هێزی چەکداری یەکدەست دامەزرا. شایانی باسە کە  لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ ئاخوندەکان تەنیا ناو و رواڵەتی دام‌و‌دەزگاکانیان گۆڕی و سرووشتی دەوڵەت و کولتووری ئیدارە و بەڕێوەبەریان تێک‌نەدا. لە دەوڵەتی پێش‌مۆدێرن‌دا سەرکردایەتیی ناوچەکان بە ئەندامی بنەماڵەی پاشاکان و کەسانی نیزیک لەوان دەسپێردران، بەڵام لە دەوڵەتی مۆدێرنی پەهلەوی و پاشان ئاخوندی‌دا بە کەسانی  خاوەن‌باوەڕ بە نیزام و تاقیکراوە دەسپێردرا. دەوڵەتی مۆدێرن لە ئێران‌دا نەک نیشتمانی نەبووە، بەڵکو لە دامەزرانەوە بەشێکی سەرەکی لە کێشە چارەسەرنەکراوەکان بووە. دەوڵەت و سیستمە سیاسی‌یەکان بەرهەم و بژاردەی سروشتی و بەشداری ئاگایانەی خەڵک نەبوون، بەڵکو داسەپاو و زۆرەملی بوون، هەرچەندە ژمارەیەک خۆیان بە پاڵەوان و رزگاریدەری وڵات و گەل ناساندوە. دەوڵەتی ئێران پەرەپێدەری کولتووری سەرکوت و تۆقاندن بووە و لە کردەوەدا مەرجەکانی دەوڵەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی تێدا نەبوە. پەرەپێدان و داسەپاندنی زمان، کولتوور و مەزهەبی نەتەوەی باڵادەست لە ئامانجە سەرەکی‌یەکانی دەوڵەتی بەناو مۆدێرنی ئێرانین.   دەسەڵاتدارانی وڵات بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگه‌ کولتووری بێدەنگی و ترس و تۆقاندنیان پەرەپێدا. خوڵقاندنی فەزای ترس، تۆقاندن، کوشتنی ترسەنۆکانە و تیرۆر رەوتێکی جێکەوتوو لە کولتووری سیاسەت و دەوڵەتداری ئێرانە. لە دەوڵەتی مۆدێرن‌دا ئەرتەش و دەزگای سیخوڕی رۆڵ و نەخشی گەورەیان بەڕیوەبردوە و لە کاتی پێویست‌دا بۆ پاراستنی دەسەڵات و سەرکوتی خەڵک کەڵکیان لێ‌وەرگیراوە. کابینەکان لە مەجلیس ترسێندراون، مەجلیس و سەرۆکەکانی لە هێزە نیزامی‌یەکانی وەک ئەرتەش و سوپا و هەروەها بەرپرس و سەرکردەی هێزە چەکدارەکان لە شا و ئیمام ترسێندراون. ئەرتەش نەتەنیا پارێزەری سەر و ماڵی هاووڵاتیان نەبووە، بەڵکوو زیاتر بۆتە ئامراز و ماشێنی سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازی و ئازادیخوازەکان. شایانی باسە کە ئەرتەش جاروبار بۆتە کاناڵی دەستێوەردانی هێزە دەرەکی‌یەکان و بۆ توندترکردنی ئەڵقەی دیکتاتۆرییەت سوودی لێ‌وەرگیراوە (بۆ وێنە کوودتای ساڵی ١٩٥٣ی زایینی). لە مێژووی  مۆدێرنی ئێران‌دا ئەرتەش و هێزە چەکدارەکان  خزمەتی تاج و سەڵتەنەت و دواتر ویلایەتی ئاخوندیان کردوە. بە گوێرەی گێڕانەوە مێژووییەکان ئەرتەشی پاشایەتی و ئیسلامی ئەوەندەی لە کایەی سیاسەتی نێوخۆ و سەرکوتکردنی ئازادیخواز و خەڵک‌دا قەڵەمبازیان کردوە، لە بەرامبەر هێزی دەرەکی و پەلاماردەردا لاواز و شکاون.   جیا لە بوونی دەوڵەتێکی پۆلیسی و هێزێکی چەکداری دەسەڵات‌پارێز، مەجلیس لە ئێران‌دا نەخشی راستەقینەنی نەگێڕاوە. نەبوونی فەزای دێموکراتیک و دەستەبەرنەبوونی ئازادی‌یەکان رێگەی بە دەسەڵاتداران داوە، کە پارلەمان لە ئێران دەزگایەکی سەربەخۆ و خاوەن‌دەسەڵات نەبێ. شایانی باسە کە لاوازیی کولتووری دێموکراسی و زاڵبوونی کولتووری داپڵۆسین و درۆ، خەڵکێکی سەرکز و بژاردەیەکی دەستەمۆی بەرهەم هێناوە. شا و ئاخوند لەگەڵ ئەو پارلەمانە نەبوون کە پارێزەری دەسەڵاتی خەڵک و نوێنەری ویست و داخوازی گەلانی ئێران بێت. لاوازیی پارلەمان لە ئێران رەگ و ریشەی لە لاوازیی کەسایەتیی تاکی ئێرانی دایە، کە دەرفەتی دەربڕین و دەرکەوتنی ئازادی پێ‌نەدراوە. مەجلیس زیاتر کۆکەرەوەی ئەو تاکانە بووە کە ئازایەتی و شەهامەتی نوێنەرایەتیی خەڵکیان دۆڕاندوە و لە کۆتایی‌دا بوونە داکۆکیکاری دەسەڵاتی شەپکە، تاج و مەندیل. کار وتێکۆشانی پارلەمان لە ئێرانی دوێنێ و ئەمڕۆدا دەیسەلمێنێ کە کولتووری سەرەڕۆیی بە دروشم و قسە ناگۆڕێ. لە سەردەمی شا و ئاخوند‌دا لە رێگه‌ی شانۆی هەڵبژاردن‌دا، زۆر جار دەبەنگترین مێشکەکان و کۆیەلەترین مرۆڤەکان کراونە پارلەمانتار. کولتور و تایبەتمەندیی دەنگدان و دەنگوەرگرتن بەشێک لە گەندەڵی دەزگا و سیستمی سیاسی بوون، کە لە بەرهەمهێنانەوەی سەرکوت‌دا رۆڵی بەرچاویان گیڕاوە. تاکی شارەزا و گەلێکی ژیر بە ئاسانی فریوی دروشمی رووت و قسەی بەتاڵ ناخوات و چارەنووسی خۆی ناداتە دەست بژاردەیەکی دەستەمۆ و کۆیلە. جێگای ئاماژەپێکردنە کە بەشێک لە رووناکبیران لە سەردەمی شادا وەک پارلەمانتار، وەزیر و گوزیردا خۆیان بە نۆکەری شا پێناسە دەکرد و ئەوانەی ئەمڕۆش بە خزمەتگوزاری ئیمام و ئیسلام!   لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەت‌دا، بزووتنەوە رووناکبیری و کولتووری‌یەکان نەیتوانیوە ببنە بزووتنەوەی متمانەپێکراو، پێشڕەو و کاریگەر. ئەو بزووتنەوانە خاوەنی توانا و وزەی ئیدارەکردنی دەنگە ناڕازی‌یەکان نەبوون و لە خوێندنەوەی رووداوەکان و دەربڕینی هەڵوێست‌دا ئازا و رەخنەگر نەبوون. کەسایەتیی رووناکبیری ئێرانی لەبەر لاوازیی و داماوی، یان خوێندنەوەی غەڵەتیان بۆ دۆخەکە کردوە یان ئەوەی کە بە ئاسانی بوونە پاشکۆی  شا و ئاخوند. بێجگە لە رووناکبیرەکان، ئاخوندە شیعەکان لە زۆر بڕگەی مێژوودا بە شان و باڵی دەسەڵاتدارەکانیان‌دا هەڵگوتوە و لە باشترین حاڵەت‌دا پارەی بێدەنگیان پێدراوە. بەرژەوەندی بە سەر شەهامەت و ئازایەتی بژاردەی کۆمەڵگه‌دا زاڵ بووە و رووناکبیر و ئاخوندی ئێرانی بۆ دامەزراندنی نیزامێکی دێموکراتیک خاوەنی هەڵوێست و کردەوەی شوێندانەر نەبوون. ئەوان پارێزەری کۆڵەکە شووم و روخسارە دزێوەکانی دەسەڵاتی مۆدێرنی وڵات بوون.   بزووتنەوە جیاوازە سیاسی‌یەکانی ئێران ناکامڵ بوون و وەک دەسەڵاتدارەکان چاویان لە پرسی دێموکراسی، ئازادی تاک و کولتووری دەوڵەتداری کردوە. ئەوان گیرۆدە و دیلی ناسیۆنالیزمی داسەپاو و ناکامڵی ئێرانی بوون. بزووتنەوە رەنگاوڕەنگەکان، لە رەوتی کوودتا و شۆڕشەکان‌دا نەیتوانیوە خەڵکێکی یەکگرتوو و خاوەن جیهانبینی وردی سیاسی پەروەردە بکەن. هێڵی لۆژیکی لە کایەی سیاسەت، کولتوور، رووناکبیری و ئیدارەی ئێران‌دا بوونێکی شکڵی بووە نەک جەوهەری. لە ئەنجام‌دا بزووتنەوە سیاسی‌یەکان وەک دەوڵەت چاویان لە جیاوازی‌یەکانی کۆمەڵگه‌ کردوە. لە سەردەمی مەشرووتە، شەڕە گەورە جیهانی‌یەکان و شۆڕشی ١٩٧٩دا، بیرۆکەی ناسیۆنالیستی و ئایدۆلۆژی (ئایینی و فکری) تێکەڵیان بەرهەم هێناوە، کە لەئاکام‌دا ژمارەیەکی کەم لە نەتەوەی باڵادەست دەستی بە سەر هەموو گۆڕەپانەکەدا گرتوە و بە ناوی نیشتمانی دایک، سیاسەتی داپڵۆسین و توندوتیژی درێژەپێداوە.   تاقیکاری‌یەکانی ١١٠ ساڵەی رابردوو سەلماندوویەتی کە لە ئێران‌دا نەتەوەیەک بە ناوی گەلی ئێران بوونی نییە. پڕۆژەی سەپاندنی ناسنامەی لاوەکی بە زەبری زۆر و دروستکردنی زڕەشوناس بە پاڵپشتی پارە و سەرکوت سەری نەگرتوە. شۆڕشەکانی ئێران دەوڵەتێکی خەڵکیتر و دێموکراتتریان بەرهەم نەهێناوە و گۆڕانی شەپکە و تاج و مەندیل، سیستمی وڵاتی دادپەروانەتر نەکرد. ئاخوندەکان لە پاشا و ئەفسەرە قەزاقەکان زیاتر و زۆرتر وڵاتیان تووشی نەهامەتی کرد. ئەوان لە رێفراندۆمەکەی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨دا نیزامێکی دیکتاتۆریان بە ناوی خوا و ئیسلام بە سەر وڵاتدا فەڕز کرد. عەباپۆشە دەسەڵاتدارەکانی تاران پاش شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق و شکان لە گۆڕەپانی دروشم و کردەوەدا دەستەوداوێنی شانۆی بەناو ئاوەدانکردنەوە بوون. ئەوان خەڵکی سەرکز و کڵۆڵیان بە دروشمی ئاوەدانکردنەوە سەرگەرم کرد. بزووتنەوەی ناسراو بە دووی جۆزەردان، دوای سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنەکان‌دا ئازایەتی و ئیرادەی دەرچوون لە زۆنی ویلایەتی ئاخوندیان نەبوو. لە ئەنجام‌دا گەمەکەیان دۆڕاند و دەست بەتاڵ لە مەیدان هاتنە دەر و دەرگای سەرکەوتنی  باڵی بە ناو توندڕەو لە شانۆی هەڵبژاردنەکان‌دا خستە سەر پشت.   رەوتی رووداوە مێژووییەکانی ئێران و درێژەکێشانی نیزامی سەرکوت دەیسەلمێنێ کە بەو باڵ‌باڵێنەی نێوان باوەڕدارانی رێژیم و بزووتنەوەی دووی جۆزەردان و سەوز، سیستمی دەسەڵات و ئیدارە دێموکراتیزە ناکرێن. تاکی ئێرانی هێشتا لە عەقڵانییەتی مۆدێرن دوورە و دەوڵەت و دەسەڵاتدارەکانیان هێشتا لە جامی جیهانبینی پاشایانە و ئیمامانە چاو لە رووداوەکان دەکەن.  بزووتنەوە سەرتاسەری‌یەکان لەوپەڕی لاوازیدان و بزووتنەوە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی‌یەکان هێشتا بە رێژەی پێویست کاریگەر و بزوێنەر نین. خەڵک لە دۆخێکی نەشیاودا دەژیت و باوەڕبەخۆبوونی ئێرانی‌یەکان بۆ سەرکەوتن بە سەر سیستمی فەرمانڕوا وەک رابردوو لاوازە. لاشەی نیوەگیان و بۆگەنی دەوڵەت و ناسیۆنالیزمە عەنتیکەکەیان نەکەوتۆتە ژێر تیغی رەخنەگرانەی مۆدێرن. بازاڕی دەنگۆ و روانگەی ناسراو بە پیلان، لە بەستێنی مێژووی سیاسەتی وڵات‌دا رەگی داکوتاوە. دروشمی دەوڵەتی مۆدێرنی رەزاخانی، کە خوا، شا و نیشتمان بوو، پاش نیزیک بە یەک سەدە بۆتە خوا، وەلی فەقی و نیشتمان.   خەبات لە پێناوی ئازادی و دێموکراسی لە ئێران‌دا تەمەنێکی دوور و درێژی هەیە. لێکهەڵوەشانی ئەو دەوڵەتە  رەنگە دوا دەرفەتی دەستەبەربوونی ئازادیی و مافی هاونیشتمانان بڕەخسێنێ. گەمەی وشە و چەمکەکان، بێدەنگی زۆرینە و خۆبواردنی تاکەکان لە بەئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتی بە قازانجی مانەوەی ستەمکارانە. درێژە کێشانی بازاڕی دەنگۆ، درۆ، دروشم و سەرکزی زۆرینەی خەڵک دەوڵەتێکی مۆدێرنی سەرکوتکەر، ئەرتەشێکی نانیشتمانی و وڵاتێکی شەرمنی خوڵقاندوە، کە بێجگە لە دابەشبوون و داڕمان دوارۆژێکی بەختەوەری نییە.
لە ژماره‌ ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌