کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پراکتیزەی ماددەکانی ١٥ و ١٩ی قانوونی بنەڕەتی یان پیلان!

19:01 - 14 گەلاوێژ 2716

کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێبەشی جیهان، زۆر جار لە پانتایی نێونەتەوەیی و هەروەها لە نێو ئەو دەوڵەتانەدا کە بە سەریان‌دا دابەش کراوە هەلی قانوونی پێدراوە، بۆ وێنە لە پەیمانی سێڤەر سێ خاڵی ئەو پەیماننامەیە باسی مافەکانی کورد دەکا. لە قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیشدا هەن، ئەو ماددە قانوونییانەی کە دەستەبەر بوونی مافە سەرەتاییەکانی کوردیش دەگرنەوە، بەڵام سەیرە دەڵێی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەوڵەتانیش کە دەگەن ئاست مافی کورد، قانوونەکان و پەسندکراوەکانی دەستی خۆیان دادەوەشێن و بە هەڵاوەسراوی دەمێننەوە. ئەو ماددانەی قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی کە باس لە خوێندنی زمانی نەتەوە نافارسەکان دەکەن، ١٥ و ١٩ن، بەڵام هەر لە سەرەتای پتەوبوونی کۆڵەکەکانی رێژیم، رێچکەی پان فارسی و پان ئێرانی، کە بناخەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ یەکدەست کردنی نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئیران لە سەردەمی شای پەهلەوی‌دا، رەگی لەو رێژیمە تئۆکراسییەدا داکوتاو، سەرەڕای راماڵینی هەر چەشنە بیرێکی جیاواز، بە توندیش درێژەی بە سەرکوت و تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە داو، لەو نێوەشدا بی دوودڵی کورد پشکی شێری بەر کەوت. هەروەها بە هۆی خزم بوونی زمانی فارسی و کورد، کە گۆڕانی رێزمانی زمانەکان بۆ گشت هەست پێ‌ناکرێ، رێژیم بە پێی پیلان، هەتا ئێستاش لە هەوڵی گۆڕین و خەسار گەیاندن بە زمانی کوردی‌یە. بەڵام دەگەڵ قووڵ‌بوونەوە و رکەبەریی توندوتیژی باڵەکانی نێوخۆی دەسەڵات، هەر کام لە لایەنەکان بۆ راکێشان و بەدەستهێنانی دەنگی نەتەوە ژێرده‌سته‌کان هەوڵیان داوە کۆمەڵێک بەڵێن لە کات و سەروبەندی هەڵبژاردنەکان بە خەڵک بدەن. لەو بوارەشدا زیاتر باڵە چاکسازییخوازەکان دەستپێشخەر بوون. لە خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکان لە سۆنگەی ئەو کەمە بەڵێنانەدا بوو، کە خەڵکی کورد زیاترین دەنگیان بە دوو پاڵێوەڕاوە، زیندانی کراوەکەی (کەڕووبی و مووسەوی) رێفۆرمخوازان دا. هەروەها لە خولی یازدەیەمیشدا رووحانی بە کۆمەڵێک بەڵێنی زرووقە و برووقەدارەوە هاتە مەیدان و، یەکێک لە گرنگترین بەڵێنەکانی جێبەجێ بوونی بەندەکانی ١٥ و ١٩ی قانوونی بنەڕەتی بوون. بەڵام ئەو بەڵێنەش وەک زۆربەی بەڵێنە درۆییەنەکانی دیکەی رووحانی وەک بەندەکانی قانوونی بنەڕەتی بە هەڵواسراوی مانەوە و، ئەوە نزیک بە سێ ساڵ بە سەر تەمەنی دەوڵەتە کلیل‌نیشانەکەی رووحانی رادەبەرێ، نەک هیچ بەڵێنێکی وەک خۆی جێبەجێ نەبوون، بەڵکوو وێدەچێ لە پەنا پراکتیزەی بەڵێن‌دا، ستەمێکی دیکەش لە کورد بکا و، هەروەها گووشار و ئاستەنگی‌یەکانی پێشووی سەر کوردستان نەک سووکتر نەبوون، بەڵکوو هەر کەس رۆژانە چاوێک بە سەر تیتری هەواڵاندا بخشێنێ، دەبینێ لەو پارچەیە چ بەسەر کورد دێ. هەر بۆیە بە ناوی خوێندنی زمانی کوردیی، هاتن لە پارێزگای سنە و ئەویش لە شارێک چەند دەقێکێان وەک خوێندنی زمانی کوردی دانا. دیارە کۆمەڵگەش زۆر بەهۆش نییە، زوو بەڵێنەکان و قسەکانی رووحانی بیر چوویەوە و تەنانەت ئەو کوردیی خوێندنەش کە زیاتر وەک پیلان دەچێ، بە سەریدا تێپەڕی. دەگەڵ سەفەرەکانی رووحانی بۆ پارێزگاکان و بەتایبەت بۆ پارێزگەی ورمێ، جارێکی دیکە یاریدەدەری سەرکۆمار لە بواری نەتەوە نافارس و ئاییزاکان، ئەو باسەی بۆ چاوبەستنی خەڵک بەرۆژ کردەوە. ئایا خوێندن بە زمانی زگماکی بە چ واتایەک دێ؟ ئەو چەند دەقە کوردییەی ئەویش لە قۆناخی ناوەندی لە شارێک دەوترێتەوە دەتوانین چی ناو بنێن؟ مەبەستی دەسەڵات لە نەخوێندن بە زمانی نەتەوە نافارسەکان چییە؟ و ...؟؟؟ زمان بریتییە لە خەزێنەی دەنگ و خەزێنەی وێنەکان، مرۆڤ خەزێنەی دەنگی زۆربەی زمانەکانی دنیای لایە، چونکی لانیکەم هەموو زمانەکان لە چەند دەنگێک(فۆنیم)دا لێک جیاوازن، بەڵام خەزێنەی وێنەکانی زمانە جیاوازەکان جاری وایە نەک هەر لێک جیاوازن، بەڵکوو دژی یەک و بە شێوەیەکی باوەڕنەکراو لێک دوورن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ روانین و روانگەی تاکەکانی سەر بە زمانێک بۆ دیاردە و شتەکانی دەورووبەری. ئەو کورتە شیکردنەوەیە بۆ ئەمەیە کە بڵێین، منداڵێکی کورد کە تەنیا وێنای بۆ دیاردەکان ئەو کەمە خەزێنە دەنگی و وێنانەیە لە زمان دایک و باوک و دەورووبەرییەوە وەریگرتوە، کاتێک دەچێتە بەر خوێندن کە پرۆسەیەکی قورسە، یەک جێ بەجێی ئەوەی بەو پاشکەوتە خەزێنەیەی هەیەتی بۆ تێگەیشتن و بەرەوپێشچوون دەستی بگیرێ و ئاسانکاری فێرکردنی داتا و زانیاری تازەی بۆ بکرێ، تووشی بەربەستێکی گران دێ، چونکی مێشکی منداڵێک کە سەرەتای وەرگرتنێتی دەبێ بە نەرمونیانی و تەنانەت نەک هەر بە زمانی زگماکی خۆی بەڵکوو بەگوێرەی ژینگەی خۆی زانیاری‌یە تازەکانی بە مەعریفەی پێشووی ببەسترێتەوە. واتا چۆنێتی پراکتیکی پرۆگرامی دەرسی پەروەردە لە شوێنە جیاوازەکان بە مامۆستاکان بسپێردرێ هەتا داتاکان لە رێگەی دیاردە و خەزێنەی وێنەیی ئاشنا بە منداڵان بناسێنن. چونکی لە پرۆسەی پەروەردەدا کات گرنگە و گەیشتن بە ستراتیژی خوێندن بە کاتی خوێندنەوە دەبەسترێتەوە. ئێستا ئەگەر بوار هەبێ چاوێک بە خوێندنی قۆناخی سەرەتایی زۆربەی منداڵان کورد، لە رۆژهەڵاتدا بگێڕین، ئاکامی نەخوێندن بە زمانی زگماکی دەردەکەوێ، نەک هەر لەو قۆناخە، بەڵکوو لە قۆناخی ناوەندیشدا زۆربەی ئەو فێرخواز و قوتابییانەی بە زمانێکی بێگانە دەخوێنن، کارنامەیەکی باشیان لە چاو منداڵە فارسەکان تۆمار نەکردەوە. کەواتە جگە لە نامۆکردنی زمانی زگماکی بۆ منداڵانی کورد، یەکەم خەسارەکانیشی دواکەوتن و تەنانەت جێهێشتنی هێندێکی کاریگەری نەخوازراو بۆ قوتابی بەدواوەیە. ئایا خوێندنی چەند دەقێک، خوێندن بە زمانی کوردی‌یە، یان چاوبەستن و زیاتر لەوەش گاڵتەکردن بە ئاقڵی دەسەڵاتە. ئەگەر خوێندن بە زمانی کوردی دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کەواتە دەبێ منداڵانی کورد ئەلفوبێ بە زمانی کوردی دەست پی بکەن و هەتا دواقۆناخی خوێندن بەو زمانە بخوێنن. تەنیا لە پاڵ زمانی کوردی دایە، کە دەتوانین لەپاش قۆناخە سەرەتاییەکانەوە زمانی فارسی و یان زمانی دیکە بخوێنین. هەروەها بۆ وانەوتنەوە بەو زمانە دەوڵەت دەبێ وانەبێژ و مامۆستای پێویست پەروەردە و دابین بکا، ناکرێ ماۆستایەکی کوردی نەزان بێ کوردی بڵێتەوە، هەروەک ئەو سیستمە سەقەتەی هەتا ئێستا لە ولات بەڕێوە دەچێ، مامۆستایەکی ئازەری زمان بە فارسی لە ناوچە کوردییەکان زمانە ئورووپاییەکان بە قوتابی و خوێندکار بڵێتەوە. دەگەڵ ئەوەشدا کاتێک خوێندن بە زمانی کوردی لە پارێزگەی سنە لە قسەکانی بەرپرساندا قەتیس دەمێنێتەوە، پیلانی رێژیم و بەرەی بەناو دڵسۆز خۆی دەردەخا. زیاتر لە دە ملیۆن کورد لە رۆژهەڵات، زیاتر لە چوار پارێزگای کوردیی و چەند شار و ناوچەی دیکەی دابڕێنراو لە پارێزگا کوردییەکان، بەشی ئەوەیە لە پارێزگایەک لە زانکۆ چەند وانەیەک کوردی بخوێنرێ و لە شارێکیش چەند دەقێک لە قۆناخی ناوەندی لە لایەن مامۆستای فارسییەوە بە کوردی بە فێرخوازان بوترێ. لەوە گاڵتەجاڕیتر نابێ، زانکۆی سنە کوردی تێدا بخوێنرێ، بەڵام گەورەترین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان واتە کرماشان بە کورد دانەنرێ. پیلانی کورتکردنەوەی کورد لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵات دیاری دەولەتی کلیل نیشانی رووحانی پیلانێکی تازەی دەسەڵاتە دژی کورد، نەک وەفا و بە پەیمان و بەڵێنی‌یە ترووسکدارە نێوهڵۆڵەکانی. شتێکی تازە نیە، دەسەڵاتی ناوەندی بەتایبەت لە سەردەمی رەزاشاوە، ئەویش بە چاولێکەری لە ئاتاتورک، خەیاڵی پڕوپووچی یەکدەست کردنی نەتەوەکانی ئێران و، بەفارس کردنی خەڵکی خستە ریزی سیاسەتەکانی‌یەوە، لەم سۆنگەیەشەوە زمانی نەتەوە نافارسەکان وێڕای گۆڕینی جلوبەرگ کەوتە بەر ئەنفاڵی دەسەڵات. بەڵام دەگەڵ گۆڕانی هاوکێشە سیاسی‌یەکان نەک رەزاشا بەڵکوو کوڕەکەشی تۆزقاڵێک شیرنایی ئەو خەیاڵەی نەچێشت و رێژیمی سەدە ناڤینی کۆماری ئیسلامیش کە درێژەپێدەری سیاسەتە نگریسەکانی دەسەڵاتی پێشوویە بە زەبروزەنگێکی زیاترەوە، هەتا ئێستاش لەو ئامانجانە نزیک نەبۆتەوە. نە زمانی کوردی و نە فەرهەنگ و روحی کورد ناتوێتەوە، ئەو مەبەستەی دەسەڵات دەیەوێ لە رێگەی تواندنەوەی زمانەوە تاکی کورد لە شووناسی کوردانە نەبان بکا. هەرو بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا زمان دیاردەیەکی زیندووە، دەبێ وەک زیندەوەرێک پێیڕا بگەی، هەتا گەشە بکا، کەواتە تاک و کۆمەڵگەی کوردی نابێ لە ئاست ئەو سامانە دەوڵەمەندە کەمتەرخەم بن و کۆمەڵگەی مەدەنی وێڕای پێداگری لەسەر پراکتیزەی ماددەکانی ١٥ و ١٩ی قانوونی بنەڕەتی، خزمەتی پێویستی زمان بکەن، چونکی زمان دەگەڵ ئەوەی پردی پێوندییە، هەڵگری هەموو بەسەرهات و مێژوو و فەرهەنگ و بەگشتی هەموو بوارەکانی ژیانی رابردوو و ئێستامانە.
لە ژماره‌ ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌