کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ دوو حه‌وتووی رابردوو‌دا

19:06 - 14 گەلاوێژ 2716

درێژەی کوشتاری کۆڵبەران‌و سەرەنجام دەنگێکی ناڕەزایەتی لە پارلمانەوە مانگەکانی رابردوو بۆ کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵات – باشوور و رۆژهەڵات - باکوور، پرکارەسات و خوێناوی بوون. پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە دەستگرتن بە سەر بار و سامانی کاسبکاران، کوشتاری رەوە ئەسپی کۆڵبەران و لەوانەش زیاتر دەسرێژی راستەوخۆ بۆ سەر کۆڵبەرانی بێ دیفاع و کوشتنی دەیان کەس لەوان، دەستیان نەپاراستوە. ئەو هێرش و کوشتارە چەند جار دانیشتوانی ناوچە سنووریەکانی راپەراند. چەند جار خەڵک هەڵیانکوتایە سەر بنکە و بارەگای چەکدارانی رێژیم و بار و سامانیان بۆ کۆڵبەران ئەستاندەوە. قووڵایی تاوان لە ماوەی حەفتە و مانگەکانی رابردودا تا ئاستێک چوو کە کاردانەوەی توندی نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێرانیشی لێ کەوتەوە. رەسووڵ خزری لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێراندا نوێنەرایەتی دوو شاری سەردەشت و پیرانشار دەکا. بەوەش نوێنەرایەتیی درێژترین سنووری هاتوچۆی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنووری لە سەر شانە. بەڵام بە درێژایی چەند دەیە کوشتاری کۆڵبەران لەو سنوورانە، نوێنەرە کوردەکان لە پارلمانی ئێران کەمترین گرینگی‌یان بە تراژدیای کوشتاری کۆڵبەران داوە و کەمترین کاردانەوەیان سەبارەت بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی روو بە کۆڵبەران هەبووە. ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی دەست‌ئاوەڵایی کۆماری ئیسلامی و چەکدارەکانی بۆ کوشتنی کاسبکاران لەو سنوورانەیە. ئەو کاسبکارانەی لە چنگ هەژاری و بێکاری، پەنا بۆ ئاستەمترین و مەترسیدارترین رێگای پەیداکردنی نان دەبەن. هۆکارێک کە بە دەگمەن لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە یان لە ناوەند ئاوری لێ دراوەتەوە. دەنگی ناڕه‌زایه‌تیی رەسوڵ خزری لە پارلمانی ئێرانەوە سەبارەت بەو تراژدیا ئینسانیەی دژ بە کۆڵبەران لە کوردستان لە ئارا دایە، لەو دەگمەن دەنگە نارازیانە بوو. ئەو ناڕه‌زایه‌تیەش دوای هەنگاوی بەرهەڵستکارانەی دانیشتوانی گوندەکانی گوێزڵێ و بێوران لە ناوچەی سەردەشت دژ بە زەخت و زەبری چەکدارانی رێژیم هاتە ئاراوە و نیشانی دا کە وەک هەمیشە، ئەوە بەرخودان و ناڕه‌زایه‌تیی خەڵکە کە بەرپرسان و لەوانە نوێنەرانی مەجلیس ناچار بە دەرچوون لە قاپێلکی خۆپارێزی و دژکردەوە و دەربرینی ناڕه‌زایه‌تی دەکا. بێکاری و ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاری هەروا بێداد دەکا لە حاڵێکدا کوشتنی کۆڵبەرانی سنوور لە دوو حەوتووی رابردووشدا هەروا درێژەی هەبوو کە برسیەتی، بێکاری، دەرکران لە کار و نەدانی حەقدەست چەندین جار کرێکارانی کارگە و کارخانەکان لە کوردستانی ناچار بە کۆبوونەوەی ناڕه‌زایه‌تی کرد. ئەو ناڕه‌زایه‌تی‌یانە ماوەی چەند مانگە لە هەر چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان درێژەیان هەیە. هاوکات کۆماری ئیسلامی وەک سروشتی خۆی، بە جێی گوێدان بە خواست و ویستە بەرحەقەکانی کرێکاران، لە رێی گوشار، ئازار و گرتن بەرەورووی ئەو ناڕه‌زایه‌تیانە بووەتەوە. تا ئاستێک کە لە شارەکانی کرماشان و سنە چەندین چالاکی کرێکاری دەستبەسەر یان بۆ ناوەندە ئەمنیەتیەکان بانگ کراون. شەپۆلی بەرینی رەشبگیری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گرتن و بانگ کردنی خەڵک لە ماوەی رابردوودا تەنیا رووی لە کرێکاران و چالاکانی کرێکاری نەبوو. بە درێژایی مانگی رابردوو دەیان کەس لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی‌یەکان دەستبەسەر کراون. بەوەش شەپۆلێکی رەشبگیری لە لایەن دەسەڵاتەوە رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە. بە پێی ئامارێک کە کۆم کردۆتەوە، لە ماوەی مانگی رابردو تا ئێستا نیزیک بە ٧٠ کەس دەستبەسەر کراون. ئەوەش تەنیا لیستی بەشێک لە دەستبەسەرکراوانە. زۆر جار بنەماڵەی زۆرێک لەو کەسانەی دەستبەسەر دەکرێن، پێیان وایە ئەگەر لە دەرەوە و بە تایبەت لە سەر مێدیاکان باس لە گیرانی رۆڵەکانیان نەکرێ، ئەوە ئەگەری ئازادبوونیان زیاترە یان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تۆمەتی سەپێندراو بە سەریاندا. بۆچوونێکی هەڵە کە بەشێکە لە سیاسەتی هەڕەشە و تۆقاندنی خەڵک لە لایەن دەزگا ئەمنیەتی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی‌یەوە. کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە بەندیخانەکانی ئێران‌دا گرتن و رەشبگیریی ئەو رێژە زۆرە لە کوردانی رۆژهەڵات لە کاتێک دایە کە ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە ژێر حوکمی ئیعدام دان. هەر ئێستا کە ئەم ئاڵقەیەی “رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو حەوتووی رابردوودا” دەنووسم بە داخەوە هەواڵی کوشتاری ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی کورد لە لایەن جەللادانی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەکانی ئێران، راگەیەندرا. ئەو بەندکراوانە کە رێژەیان لە نێوان ١٦ تا ٢٠ کەس دەبێ، چالاکی مەزهەبین کە وەک زیندانیی عەقیدەتی – مەزهەبی ناسراون. ئەو تاوانە کە بیرخەرەوەی کۆمەڵکوژی ساڵی ٦٧ی بەندکراوانی عەقیدەتی - سیاسی‌یە، پەڵەیەکی رەشی دیکەیە بە ناوچاوانی نگریسی کۆماری ئیسلامی و لاپەرەیەکی دیکەیە بە مێژووی پر لە جینایەت و تاوانی ئەم رێژیمە. “زەردە” جەستەیەکی بریندارتر لە کوردانی پێڕەوی ئایینی یارسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە تەنیا چالاکانی ئایینزای سوننە مەزهەب نین کە بە هۆی ئایینەوە دەکەونە نێو زیندان، ئەشکەنجە و دوا جار ئیعدام دەکرێن. کوردانی یارسان بە سێ هۆکاری کوردبوون، پێرەوی ئایینی رەسمیی وڵات نەبوون و دوا جار موسوڵمان نەبوون لە ژێر زیاترین گوشار و هەرەشەی دەسەڵاتی تاران دان. حەوتووی رابردوو لە گەڵ سەردانی حەسەن روحانی بۆ پارێزگای کرماشان، ژمارەیەک لە چالاکانی سەر بە ئایینی یارسان بۆ دەربرینی ناڕه‌زایه‌تی دژ بە گوشارەکانی دەسەڵات و گەیاندنی دەنگی قەتیسماوەی کوردانی سەر بەو ئایینە، لێوەکانی خۆیان دوری. ئەو ناڕه‌زایه‌تی‌یانەش لە کاتێکدا بوو کە ئاوایی زەردە لە ناوچەی داڵاهۆ لە بیست ساڵەی کیمیاباران کرانی‌دا ماتەمی دەگێرا. لە دوایین رۆژەكانی مانگی پووشپەری ساڵی ٦٧، فرۆکە شەرکەرەکانی رێژیمی بەعسی عێراق بە بۆمبی شیمیایی پەلاماری ئەو گوندەی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دا. لەو کاتەوە دانیشتوانی ئەو ئاواییە لە گەڵ مەرگی بە ئەسپایی لە ململانێ دان. هەتا ئیستا دەیان کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و ساڵانەش رێژەیەکی بەرچاو بەم هۆیە گیان لە دەست دەدەن. ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک بنۆس و هۆکاری سەرەکیی ئەم بەڵایە، کەمترین ئاوریان لە نەهامەتی‌یەکانی ئەو خەڵکە داوە. لە ژماره‌ ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌