کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی گەلاوێژ و شوێنەواری لەسەر بزووتنەوەی کورد

20:00 - 14 گەلاوێژ 2716

 ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ حەفتاویەک ساڵ لەو رۆژە رادەبرێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان جێگای کۆمەڵەی (ژ.ک)ی گرتەوە. بۆیە نەمانگوت لە دامەزرانی حیزب، چونکە هیچ بەڵگەیەک لە دەست­دا نیە نیشان بدا کە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤لە مەهاباد حیزبێکی تازە دامەزراوە و بەپێچەوانە بەڵگە هەیە دەری­­دەخا کە لەو رۆژەدا ناوی حیزبەکە لە "کۆمەڵەی ژ.ک"ەوە بۆتە "حیزبی دێموکراتی کوردستان". رۆژنامەی "کوردستان" ئۆرگانی حیزب کە لەم ­بارەیەوە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەیە، لە مانگی گەلاوێژی ١٣٢٥دا راپۆرتی جێژنی پێنج ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بڵاو کردۆتەوە کە ئەگەر سێ ساڵ خەباتی (کۆمەڵەی ژ.ک) بە بەشێک لە مێژووی حیزبی دێموکرات دانەنرابایە دەبوو ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٥ جێژنی دووساڵەی دامەزرانی بۆ بگیرێ. ئێستا بۆچی سێ ساڵ لە تەمەنی ئەم حیزبە سڕاوەتەوە یان هەرنەبێ جیا کراوەتەوە،رەنگە هیچ پاساوێکی نەبێ جگە لەوە کە حیزبی دێموکرات ساڵی ١٣٢٤ لەباری دروشم و نێوەرۆکەوە گۆڕانێکی زۆری بەسەر بەرنامەی سیاسیی خۆی­دا هێناوە کە بێ­گومان شوێنەواری  بیروباوەڕی چەپ و بەتایبەتی نفووزی یەکیەتیی شووڕەوی بەسەرەوە هەبووە. جا چونکە لە ساڵەکانی دوای رووخانی کۆماری کوردستان­دا رێبەرایەتیی حیزبەکە پتر لە دەستی کەسانێک­دا بووە کە چەپ و لایەنگری سەرسەختی شووڕەوی بوون، بەباشیان زانیوە مێژووی تێکۆشانی حیزبەکەش لە مێژووی (ژ.ک) داببڕن. هیوادارم رێبەرانی ئەم سەردەمەی حیزبی دێموکرات بە بڕیارێکی مەسئوولانە ئەم هەڵە مێژوویی­یە راست بکەنەوە و سێ ­ساڵ مێژووی بەبێهوودە­قرتاوی خەبات­ و تێکۆشان بۆ حیزبەکەمان بگێڕنەوە. ­ئەو گۆڕانە چ­ بوو و شوێنەواری لە سەر بزووتنەوەی کورد لە خۆرهەڵات­ و بەشەکانی دیکەی کوردستان چی بوو؟ دەزانین کە لە باری فیکری­ و پێوەندی­یە نێوخۆیی­یەکانی حیزبیشەوە ئاڵوگۆڕێک هاتە ئاراوە کە بابەتی باسی ئەم وتارە نیە و لێرە تەنیا قسە لە گۆڕینی بەرنامە و دروشمی سیاسیی حیزبەکە دەکەین. گۆڕانی هەرە بنەڕەتی لە دروشم ­و بەرنامەی حیزب­دا دانانی دروشمی خودموختاری لە جێگای سەربەخۆیی ­و پێکهێنانی کوردستانێکی یەکپارچە و سەربەخۆ بوو کە -ئەگەرچی زۆر بەڕاشکاوییش نا-، دروشم­ و ئامانجی سیاسیی "کۆمەڵەی ژ.ک"ی پێک دێنا. ئەم گۆڕینە ئەگەر بە پێوانەی هێندێ بۆچوونی (بەداخەوە) ئامانج­خوازانەی ئەمڕۆ لێی بڕوانین هەنگاوێک بەرەودوا بوو. بەڵام گۆڕینی ناو و دروشمی سیاسیی حیزبی پێشڕەوی بزووتنەوەی کوردی خۆرهەڵات لەو سەردەمەدا نێوەرۆکێکی تازەی بە بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەخشی. ئێستا بزانین چۆن: "کۆمەڵەی ژ.ک"و پێش ئەویش هێندێ حیزب ­و رێکخراوی دیکە و بەگشتی راپەڕینە رزگاریخوازانەکانی کورد دەگەڵ ئەوەی مەڵبەندی کار و چالاکی­یەکانیان ناوچەیەکی بەرتەسکی یەکێک لە بەشەکانی کوردستان بوو و چواردەوریان بە دوژمن ­و نەیاری جۆراوجۆر تەنرابوو و بەشی زۆریشیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی­ و دەسەڵاتە بڕیاربەدەستەکان دابڕابوون، دروشمی بەڕاستی پیرۆزی کوردستانی یەکپارچەی سەربەخۆیان هەڵگرتبوو. بەڵام رێبەرانی ئەوکاتی بزووتنەوەی کورد لەئێران ­و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێشەوا قازی موحەممەد لێکدانەوەیەکی قووڵتریان بۆ مەسەلەکە هەبوو. قازی­ و پێشەنگانی دیکەی بزووتنەوەی کوردی ئێران دەیاندی کە وەدی­هێنانی دروشمی کوردستانی یەکپارچە بەو پارسەنگی هێزەوە کە لە نێوان کورد و دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان­دا هەیە، زۆر لە واقیعییەت بەدوورە. بەتایبەتی کە لە حاڵێک­دا بزووتنەوەی کورد دابەش بووە   و دەرەتانی وەسەریەک­خستنی تواناکانی نیە، دوژمنەکانی هەرنەبێ لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەدا هاودەنگ و هاوکار  و هاوئامانجن. ئەوە بوو کە دروشمی ستڕاتیژیی حیزبیان لە سەربەخۆیی ­و کوردستانی گەورەوە گۆڕی بۆ وەدەست­هێنانی خودموختاری لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا کە کوردیان لێ­دەژی. بەو ئاڵوگۆڕە بزووتنەوەی کورد هەم لە نێوخۆی وڵاتانی کوردنشین­دا دۆست ­و هاوپەیمانی بۆ پەیدا بوون­ و هەم کۆمەگی کرد کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی تێگەیشتنێکی باشتری لە بزووتنەوەی کورد و داخوازە رەواکانی هەبێ­ و ئەگەر وەک پێویست ­و دڵخوازیش نەبێ، هاودەردی و پشتیوانی دەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە لە خۆی نیشان بدا. شوێنەواری ئەم ئاڵوگۆڕەی بزووتنەوەی کوردی خۆرهەڵات لە سەر ئەو بزووتنەوەیە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەجۆرێک بوو کە نەک­هەر دروشمی ستڕاتیژیکیی هەموو بەشەکان بوو بە وەدەست­هێنانی خودموختاری لە چوارچێوەی وڵاتەکانیان­دا، بەڵکوو بە ماوەیەکی کەم دوای ئەم ئاڵوگۆڕە لە هەموو پارچەکانی کوردستان­دا حیزبێک بەناوی حیزبی دێموکراتی کورد یان کوردستان دامەزرا. جێگای سەرنجە کە پاش تێپەڕینی پتر لە حەفتا ساڵ لەم ئاڵوگۆڕە ئێستاش لە نێوەرۆک­دا داخوازەکانی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان گۆڕانیان بەسەردا نەهاتوە و دەگەڵ ئەوەی هەمووان وەک ئامانجێکی لەمێژینە و مافێکی رەوا دەڕواننە پێکهێنانی کوردستانێکی یەکپارچە و سەربەخۆ، دروشمی ستڕاتیژیکیی هەمووان چارەسەری مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندایە، جا بەشێوەی فیدڕالی، یان خودموختاری یان تەنانەت لەوانە کەمتریش.­ شاراوە نیە کە هەموومان ئاوات بۆ ئەو رۆژە دەخوازین کە پارسەنگی هێز و جێگیربوونی دێموکراسی لە ناوچەکەمان­دا و هەروەها پێوەندی­یە نێونەتەوەیی­یەکان و قازانجی دەسەڵاتە بڕیاربەدەستەکان و ئەوەی پێی دەڵێن شەرعیەتی نێودەوڵەتی پێکەوە زەمینەی ئەوە بڕەخسێنن کە کوردیش وەک هەموو گەلانی بەختەوەری سەر زەوی خاوەنی خاکی یەکپارچەی خۆی و دەوڵەتی خۆی و ئاڵای خۆی و نوێنەرایەتیی خۆی لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەیی­یەکان­دا بێ. خۆزگە بەوانە دەخوازم کە ئەو رۆژە بەچاوی خۆیان دەبینن.
لە ژماره‌ ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌