کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرنجێک لەسەر سیاسەتەکانی حیزب

23:45 - 14 گەلاوێژ 2716

لە چەند مانگی رابردوودا دەربڕین و خستنە بەرباسی کۆمەڵێک بابەتی سیاسیی پێوەندیداربە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە لایەک بوو بە هۆی هەڵوێستێکی دژبەرانەی حیزبیی هێندێک لایەن و لە لایەکی دیکەشەوە، هەلومەرجێکی لەباری بۆ  دیالۆگ و چوونە نێو ئەو باسانە لە نێو خەلکی بەپەرۆشەوە پێک هێنا کە جێگەی سەرنجدان بوو. فەزای سیاسیی کوردستان لە ٣٧ ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە هەوڵی بە ئەمنییەتی‌کردنی دراوە، ویستوویانە لەگەڵ کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو رێکارەکانی سەرکوت کردن، مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە کێشەی چەند حیزب و رێکخراو بخەنە بەرچاو. بۆ ئەم مەبەستەش هەم لە لایەن رێژیمەوە هەزینەیەکی زۆری بۆ دراوە و هەم بۆ سەپاندنی ئەم فەزایە بە شێوەی جۆراوجۆرهەزینەی ئینسانی زۆریان بەسەر خەڵکی کوردستان‌دا سەپاندووە. بێ گومان خەڵکی کورستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەرگیز سڵی لە فیداکاری و قوربانیدان نەکردوەتەوە و ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی بەرنامەکانی رێژیم لەدژی خەڵکی کوردستان بووە. لەوەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستان رێبەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەستۆ بووە و بە بەشداری و هاوکاری حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی کوردستان، شانی وەبەر بەرپرسایەتیی رێکخستنی خەباتی سیاسی و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی کوردستان داوە، گومانێک نییە. ئەمەش هۆکارێکی گرینگە کە هەتا ئیستاش خەڵک بۆ چارەسەری یەکجاری کێشە سیاسی و نەتەوەیی‌یەکانیان، چاویان بڕیوەتە حیزبی دیموکرات و ئەو حیزبانەی کە نیزیک بە چوار دەیەیە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان و قوربانیدان بە باشترین و فیداکارترین ئەندام و پێشمەرگەکانیان درێژەیان بە شۆڕش داوە. لەدوای هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە نیزیک چوار دەیە خەبات کە ئیستا وەک پێویستی‌یەک دەبێ لە بەرنامەی هەر حیزبێکی خەباتکاردا بێ، ئەو پرسە گرینگانە کەوتنە بەرباس. ئەوەی لە کۆی ئەو باسانەدا کە زۆرتر لە زمانی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک خالیدی عەزیزی‌یەوە، لە سمینار و وتووێژە بەردەوامەکانی‌دا بڵاو دەبۆوە و گرینگی زۆری هەبوو، هەڵسەنگاندنی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆمان و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. کارێک کە بە بێ پێچ و پەنا پێویستی‌یەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەگەر کەس یا حیزبێک خۆی لێ بدزێتەوە، یا ترسی لەوەیە رەخنەی لێ بگیرێ یان توانایی فیکری و جەسارەتی سیاسیی پێویستی نیە کە بۆ دیتنەوەی رێگەچارەی سەردەمیانە بە پێی پێویستی‌یەکانی بزووتنەوە و دوور لە حیزبگەرایی و دروشمدان بێتە نێو ئەو باسانە و پەنا بۆ شەڕ و کێشەی حیزبی دەبا. کارێک و رەفتارێک کە زۆرجار بەکار هێنراوە و ئەگەر زیانی نەگەیاندبێ، قازانجی بۆ کورد نەبووە. ئەو پرسانەی کە لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هاتەبەرباس، ئەگەر لە لایه‌ن هێندێک لایەنی دۆست رەخنەی لێگیرا کە دەبوو پێشتر لەگەڵیان باس کرابا چونکە پێوەندی بە هەموانەوە هەیە، هێندێک لایەنیش بە فرسەتیان دانا بۆ هێرشێکی راگەیاندن بۆ سەر حیزبەکەمان. بەڵام  لەو لاشەوە، بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە کێشە و گرفتەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان وحیزبەکانی، هەروەک بە بۆچوونی جیاوازەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا، باسێکی راشکاوانە و لە دەرەوەی بازنەی پێوەندی‌یە دوو قۆڵی‌یەکان بوو کە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ گەیشتن بە خوێندنەوەیەکی هاوبەش لە بابەتە گرینگ وستراتیژی‌یەکان لە نێوان زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان‌دا، بۆ دیتنەوەی رێگەی هاوخەباتی زیاتر و بەردەوام و پێویست لە ئاست گۆڕانکاری‌یەکانی داهاتوودا. دەستپێک و درێژەی ئەم باسانە، بەدوور لە حیزبگەرایی یارمەتی دەدا بە باشتر کردنی پێوەندی حیزبەکان بۆ هاوخەباتی‌یەکی بەردەوام و هاوئاهەنگ کە وەڵامدەری پێویستی‌یەکانی بزووتنەوەکەمان بێ. یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی ئەم باسانە خوێندنەوەیەکی نوێ‌یە بۆ چۆنیەتی هەوڵدانمان بە مەبەستی رێکخستن وبەرینترکردنی مەیدانی خەباتی مەدەنی و بە جەماوەری‌کردنی خەبات و ئەمەش وەک رێکارێک لە راپۆرتی کۆنگرەی ١٦دا بەم جۆرە کەوتۆتە بەر سەرنجدان: ''هاتنە مەیدانی خەڵکی مەهاباد و هاوپێوەندی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵات لە دوای رووداوەکەی هوتێل تارا لە بەهاری رابردوو(١٣٩٤)دا، نیشانی ‌دا کە خەڵکی ئێمە ئەگەر پشتی بە رێکخستن و یەکریزی ونەخشەرێگای هاوبەش وهەماهەنگی هێز و لایەنەکانیان گەرم بێ، زەرفییەت و توانای ئەوەی تێدایە لە هەر دەرفەتێک بۆ زەقکردنەوەی مەوجوودییەت وویست وداواکانی، نەک هەر بەرووی کاربەدەستانی رێژیم و کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران‌دا، بەڵکوو بە رووی بیروڕای گشتیی نێونەتەوەییش کەڵک وەرگرێ و لە پێناو ئەم ویست وداوایانە بە شێوەی بەردەوام و بەکۆمەڵ بێتە مەیدان. ئەوەی ئێستاش بەشێوەیکی نوێ لەم گوتارەدا هاتووە، وەبیرهێنانەوە و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکان و گەیشتن بە چاوەڕوانی‌یەکانی خەڵکی کوردستانە، بۆ رێکخستن و یەکڕیزی و نەخشەڕێگای هاوبەش و هەماهەنگی هێز و لایەنەکانی کوردستانە. حیزبی ئێمە بە تەئکیدەوە لەسەر مەسەلەی خەباتی مەدەنی و ئامانجەکانی لە راپۆرتی گۆنگرەدا باس دەکا کە: "پێویستە خەباتی مەدەنی تەنیا خۆی بە پرسەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە سنووردار نەکا، بەڵکوو لە خانەی فراوانتری مەسەلەی نەتەوایەتی و دوورە دیمەنی چارەسەرە سیاسی‌یەکان بۆ داهاتووی مەسەلەی کورد جێ بگرێ." بۆیە بەدوور لەو هات‌وهاوارەی کە ساز دەکرێ، روانگەی ئێمە و قسەکانی سکرتێری حیزب بە وردبینی‌یەوە نەتەنیا نابێتە هۆی نائومێدکردنی خەڵک بەڵکوو، بۆ جەهەت‌دان و بەهێزکردنی خۆراگری و خەباتی خەڵکی کوردستانە بە هەموو وزە و تواناکانیەوە، کە تەنیا سەرچاوەی هێزپێدانە بە حیزبە پێشڕەوەکانیان لە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌دا. ئەوەی گرینگە ئێمە وەک کورد بە دوور لە شیعاردان و خۆ بەقەبە نیشاندان و تەنیا بە دیتنی خۆمان وەک کاریگەرترین هێز بۆ خۆدۆزینەوەیەکی واقعیبینانە لە مەیدانی خەبات و سیاسەت‌کردن‌دا و، بۆ دیتنەوەی رێگەی هەوڵدان بۆ وەدەست‌هێنانی دەرفەتەکان و کەڵک وەرگرتنی بە کات و بەجێ لەو دەرفەتانە چۆن بیر لە داهاتوو بکەینەوە. ئەمەش هەڵسەنگاندنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبە لەسەر ئەم بابەتە کە دەڵێ: "ئەمڕۆ و لە داهاتووش‌دا پێگەی کورد لە ئێران‌دا ئەو دەرەتانەی پێ نادا کە بە تەنیا ئاڵوگۆڕی گەورە لەسەر ئاستی ئێران‌دا بخوڵقێنێ. گرینگ ئەوەیە ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر کورد ، بۆ خۆی و لە پێوەندی لەگەڵ خۆیدا یارمەتی بە دەرفەتخوڵقاندن بکا و ئەگەریش لە ئاست هەموو ئێران بە تایبەتی لەبەر رووناکی هەلومەرجی ناوچەیی گۆڕانێک روویدا ، ئەوەندە خۆی بۆ ئامادە کردبێ کە وەک جارەکانی پێشوو بە سەری‌دا نەکەوێ و دیسان مەجبوور بە قبووڵی قەواعیدی نادڵخوازی یارییەکە نەبێ." هێنانە بەرباسی ئەم بابەتە تەنیا رێنوێنی‌یەک نیە بۆ ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڵکوو، بانگەشەی بیرۆکەیەکی واقعبینانەیە بۆ هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت رێ‌خۆشکەرە بۆ باس لە سەر داهاتووی بزووتنەوەی کورد و رێگە چارەکان لە نێوان هەموو ئەو لایەنانەی بەرامبەر بە نەتەوەکەمان خۆ بەبەرپرس دەزانن. هەموو دەزانین کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٣٧ ساڵە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەباربردنی بزووتنەوەی رەوای کورد دەدا. لەم هەوڵەیشی‌دا تەنانەت لە زەبروەشاندن لەو بزووتنەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش خافڵ نیە. ئەمە لە ماهییەتی ئەو رێژیمە و چۆنیەتی بیرکردنەوەیان بۆ درێژە پێدان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەیانەوە سەرچاوە دەگرێ. حیزبی دیموکراتی کوردستان کە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستدرێژی و پیلانەکانی ئەم رێژیمە بە هەزاران شەهیدی لە رێبەران، کادر وپێشمەرگە و ئەندامانی پێشکەش بە رێبازی رزگاری کوردستان کردووە، بە هەمان نەفەس و ئیرادەوە لە هەموو بوارەکانی خەبات‌دا شێلگیرانە راوەستاوە، بەبێ ئەوەی‌ وه‌ک هێندێک لایەن کە راهاتوون تەنیا بە شێعاردان رق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە کێشەکان دابمرکێنن. نە تەنیا خەباتی پێشمەرگایەتی بە تایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا کە کەس نیە بتوانێ حاشای لێ بکا، حیزبی ئێمە بەردەوام بیری لە هاوخەباتی هەموو تێکۆشەرە نیشتمان‌پەروەرەکانی کوردستان کردۆتەوە و هاندەر و پشتیوانیان بووە، لە هەر رێگەیەک کە ئەوان بتوانن توانا و وزەی خەباتکارانەی خۆیان بۆ بردنە پێشی دۆزی رەوای کورد لە رۆژهەڵات بەکار بێنن. هەربۆیە لە کونگرەی ١٦ی حیزب بە گرینگی‌یەوە ئاماژە دەکا کە ئەمە " لە باوەڕمان بە خەباتی فرە رەهەندەوە سەرچاوە دەگرێ و پێمان وایە بە مەبەستی چالاک کردنی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و بە جەماوەری کردنی خەبات پێویستە پاڵپشتی بە کردەوەی ئەو بەستێنە گرینگەی تێکۆشان بین." بێ گومان هەموو ئەو باس و بیرۆکانە تەنیا بۆ دیتنەوەی رێگەچارەی کاریگەرتر لە هەلومەرجی ئیستادا و خافڵ نەبوون لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوویە. بۆ ئەوەش لایەنێکی گرینگی مەسەلەکە کۆماری ئیسلامی‌یە کە تەنیا رێگەی سەرکوت و قەڵاچۆکردنی خەڵکی کوردستانی وەک ستراتێژی لەنێوبردنی بزووتنەوەی کوردی لە بەردەم خۆی‌دا دیوە. بەڵام ئەگەر رێژیم جادەیەکی یەک‌تەرەفەی گرتوەتەبەر، بۆ ئێمە دەبێ هەموو رێکار و رێگاکان ئاواڵە بێ. ئەوکات دەتوانین لە دوورێیانی تەسلیم بوونه‌وه‌ یا رووخانی رێژیم، به‌ قبووڵی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، دەسکەوتەکانمان بچنینەوە. ئەگەر خالید عەزیزی لەسەر ئەم پرسە دەڵێ : " باشترین گوزینە رووخانی کۆماری ئیسلامی‌یە هەرچەند نازانین دواتر چی لێ دێ، بەڵام رووخانی کۆماری ئیسلامی کاری ئێمە نییە و بزووتنەوەی کورد دەبێ بەدوای مافەکانی خۆیەوە بێ"، بە دروستی باس لە خۆ ئامادەکردنە بۆ گەیاندنی کۆماری ئیسلامی بۆ داننان به‌ مافه‌کانمان‌دا.
لە ژماره‌ ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌