کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو غەدرەی بگرە هەر لە کورد دەکرێ

00:07 - 31 گەلاوێژ 2716

هەواڵێکە و چەند رۆژێک لە سەر رووپەڕی هیندێک لە ماڵپەڕەکان دێت و دەچێ؛ "لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵ‌دا هەر نەبێ ٥٣ کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان کوژراون یان بریندار بوون." ئیدی چەند کەس ئەو هەواڵە دەخوێنێتەوە و ژان دەیگرێ، یان چەند رۆژ لە سەر ماڵپەڕەکان دەمێنێتەوە و دوایە دێتە خوارێ باسێکە، بەڵام ئەوەی تاهەتایە دەمێنێتەوە برینێکە بە جەستەی نیشتمانەوە، هاواری ئەو دایکە جەرگسووتاوەی کوڕەکەی لە پێناو پارووە نانێک‌دا لە دەست داوە، ژانی بێ کۆتایی ئەو ژنەی مەینەتی‌یەکانی هەموو ژیانی بەسەردا رووخاوە و، خەمی قووڵی ئەو مناڵانەی نازیان لێ شێواوە و دەبێ بە هەتیوی گەورە بن، هەتا هەمیسان جێی باوکیان بگرنەوە. لە سەر رووداوی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد رۆژ نییە هەواڵ و راپۆرت لە میدیاکان‌دا بڵاو نەبنەوە، بەڵام بێ وەڵامدانەوە بە چەند پرسیارێک ناکرێ ئەو پرسە بە لایەک‌دا بخرێ؛ یەکەم کێن ئەوانەی روو لە کۆلبەری دەکەن؟ خەڵکی کوێن؟ بۆ دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللە؟ کێن ئەوانەی سیلەیان لێ دەگرن؟ بنەماڵەی قوربانیان هانا و سکاڵایان بۆ کوێ بەرن؟ بەردەوامیی ئەو تڕاژیدییانە خەمی کێن و دەبێ خەمی کێ بن؟ وە دواجار قەرارە هەتاکەی دەبێ درێژەیان بێ؟ ئەوانەی کۆڵبەریان پێ‌دەڵێن پێچەوانە ئەو ناوەی بەسەریان‌دا بڕیون و وەک قاچاغچی ناویان دێنن، کەسانێکی هەتا بڵێی زەحمەتکێشن و لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگه‌ن، پیر، لاو، ژن، منداڵ و تەنیا شتێک ئەوان هەموو ئەوان دەگرێتەوە بێ دەرەتانی لە رووتێکردن لەو پیشە پڕمەترسی‌یەیە. ئەوان خەڵکی وڵاتێکن هەژاری بەردەرکەی پێگرتوون، کوردستانەکەیان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران لە دواکەوتوویی ئابووری‌دا راگیراوە، چاو لە چوار دەور و پشتی خۆیان دەکەن کارخانەیەک بەدی ناکەن، رێگای هەموو کاسبی‌یەکیان لێ گیراوە، تەنانەت کرێکاریشیان دەست ناکەوێ و چەرمەسەری‌یەکانی ژیان وای‌لێ‌کردوون سڵ لە گووللە و تەقینەوەی مین و هەڵدێران لە شاخیش نەکەن. ئەوان بە بیانووی هێنانی کاڵای قاچاغ دەدرێنە بەر گوللە، لە حاڵێک‌دا نە ئەوەی ئەوان لە کۆڵیان ناوە باری قاچاغە و نە ئەگەر قاچاغیش بێ بایی ئەوەندەیە لەسەری بکوژرێن. لە حکومەتێک‌دا کە گەندەڵی بینەقاقای وڵاتی گرتوە، قاچاغی کاڵا بێ‌گومان یەکێک لە خۆرکەکانی ئابووریی وڵاتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بڕی قاچاغی کاڵا لە ئێران چەندەیە و ئەوەی بە کۆڵی کۆڵبەران و لەسەر پشتی ئەسپەکان دێتە ئەمدیوی کوردستان چەندە کە ئەوان ئەو خەباتە خوێناوییەیان لە دژی وەڕێ خستوە! ئاماره‌ ره‌سمی‌یه‌کان ده‌ڵێن بایه‌خی قاچاغی که‌لوپه‌لی نێوماڵ له‌ ئێران له‌ ساڵ‌دا له‌ ٢٠ میلیارد دۆلار زیاتره‌ و، قاچاغی ده‌رمان، ماشێنی لوکس ‌و سووته‌مه‌نیش خۆی له‌ ١٦ میلیارد دۆلار ده‌دا. واتە لە ساڵ‌دا بایی ٣٦ میلیارد دۆلار کاڵا بە قاچاغ دێتە نێو خاکی ئێرانەوە، کاربەدەستان نایشارنەوە کە ئەو قاچاغکردنە لە ئێران شێوازی تەواو سیستماتیکی هەیە و زیاتر لە سەدی ٩٥ی کاڵای قاچاغ لە ئێران لە دەروازە سنووری‌یە رەسمی و فڕۆکەخانەکانەوە دێتە نێوخۆی وڵاتەوە؛ ئەوانەش کە لە پشتی ئەو کارتێل و قاچاغە سیستماتیکەن، ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکان، هێزە چەکدارەکان و کاربەدەستانی پایەبەرزی رێژیمن، بەڵام لەو نێوەدا نە هیچ لایەک بە گژیان‌دا دەچێتەوە و نە کەس خوێنی لە لووتی دێ؛ کەچی ئەوە هەر رۆڵەی کوردە لەسەر تاوانی نەکردوو خەڵتانی خوێن دەکرێ. وەک بڵێی هێنانی تەلەڤیزیۆنێک بە کۆڵی کۆڵبەرێکی کورد یان هەندێ کەلوپەلی نێوماڵ لەسەر پشتی ئەسپێک گورزێکی وەها گورچکبڕی لە ئابووریی ئەو وڵاتە دابێ کە ناچاری کردبن ئاوا توندوتیژ بە گژیدا بچنەوە، بەڵام قاچاغی زیاتر لە ٣٥ میلیارد دۆلاریی ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکان، یان گەندڵی‌یە چەند هەزار میلیارد تمه‌نییه‌کان کە هەر چەند مانگ جارێک یەکێکیان لێ ئاشکرا دەبن تۆزی با بن. لەوەش بترازێ خۆ ئەگەر ئەو کاسبی‌یەی کۆڵبەرانی کورد بە ناچار هەڵیان‌بژاردوە قاچاغیش بێ، بێ ئەوەی باس هۆکار و بەستێنەکانی پەنابردن بۆ کۆلبەری لە کوردستان و دوو جۆر ڕەفتاری دژ بەیەکی قانوون و حاکمییەت لە پێوەندی لەگەڵ قاچاغ لە ئێران‌دا بکەین، دیسانێکیش ئەوە غەدرێک و جینایەتێکی یەکجار گەورەیە چونکی هیچ هاوسەنگی‌یەک لە نێوان تاوان و سزادا نییە. تۆمەتبارێک کە دەتوانی بیگری و زیندانیی بکەی، دادگایی بکەی و بەپێی قانوون لێی بپرسیتەوە رێک کەوکوژی بە دڵییەوە دەنێی، ئەوە تەنیا دەتوانێ تەعبیر لە سیاسەتی دوژمنایەتیی لەبن‌نەهاتووی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کوردی و لەزەتکوژیی پیاوکوژانی ئەو رێژیمە بکا. وەک دەبینین کە تا ئێستا هیچ بکوژێک لە هێزە چەکدارەکان سەبارەت بە کوشتنی بێتاوانی کاسبکاران سزا نەدراوە و تەنانەت هەندێ بنەماڵە کە لە دەزگای قەزایی شکایەتیان کردوە، یەک جوابیان نەداونەوە بگرە پووڵی ئەو فیشەکانەشیان لێ ستاندوون کە رۆڵەکانیانی پێ کوژراوە. بە کورتی قسە ئەوەیە، ئاخۆ ئەگەر حکومەت سیاسەتی ئەمنیەتی لە کوردستان هەڵگرێ، وەک هەموو ناوچەکانی ناوەندی ئێران ئاوڕ لە کوردستان بداتەوە، کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردنی کوردستان بێنێ، ناوچە ئازادە سنووری‌یەکان بکاتەوە، پەرە بە ژێرخانی ئابووریی ئەو بەشە لە ئێران بداتەوە و قەرەبووی هەموو ئەو پاشکەوتنانە بکاتەوە، هەلی کار بۆ بێکارانی کوردستان پێکبێنی و وەک هاووڵاتیی پلە دوو و پلە سێ سەیریان نەکا، تۆ بڵێی کەس لە خۆڕا بیەوێ سینگی خۆی بە گوللەوە بنێ؟ لە ژماره‌ ٦٨٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌