کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"فەرمان" دژ بە کوردان

00:16 - 31 گەلاوێژ 2716

رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، رۆژێکی مێژووی‌یە لە دیرۆکی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی. لەو رۆژە و لەساڵی ١٣٣٢دا دەست و پێوەندەکانی محەممەدرەزا شا بە چاوساغی و هاوکاری راستەوخۆی ئه‌مریکا، کوودتایان بەدژی حکوومەتی گەلیی دوکتور محەممەدی موسەدیق ئەنجام داو بەم‌ چەشنە بۆ جارێکی دیکە دیکتاتۆری باڵی بەسەر ئێران‌دا کێشایەوە. دوابەدوای ئەم کوودتایە، گرتن و لەسێدارەدانی هەڵسووڕاوە سیاسی‌یەکان لە ئێران‌دا دەستی پێکرد و لە کوردستانیش تەشکیلات و رێکخستنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان کەوتنە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی پاشایەتی و دەیان کەس لە کادر و ئەندامانی حیزب دەسبەسەر و رەوانەی بەندیخانەکان کران. ئەو رۆژە هەروەها بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆیە مێژووی‌یە کە رێک ٢٦ساڵ دواتر، واتە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، خومەینی، رێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، فەرمانی جیهادی بەدژی گەلی کورد دەرکرد. لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی نەتەوەکەمان‌دا دەبینین زۆر جاران فەرمان لەدژی کورد دەرکراوە و نەتەوەکەمان کەوتۆتە بەر قڕکردن و کوشتاری بەکۆمەڵ و هێرشی بێگانە و داگیرکەر و دەسەڵاتە سەرەڕۆ و داپڵۆسێنەرەکان. هۆکاری ئەو هێرش و پەلامارانە ئەوە نەبووە کە گەلی کورد هێرشی کردبێتە سەر دراوسێکانی و "تەعەدا"ی لێ‌کردبن، بەڵکوو بەپێچەوانە کورد بۆیە فەرمانی لێدراوە کە کورد بووە و داوای سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆی کردوە. فەرمانی جیهادی خومەینیش بۆ سەر کوردستان و، کورد و کوفر بە چاوێک سەیر کردن، رێک لەبەر مافخوازی نەتەوەی کورد و ملنەدان بۆ سەرەڕۆیی و دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی بووە. لەگەڵ دەرچوونی ئەو فەرمانە، وێڕای گەمارۆی هەمەلایەنەی کوردستان، سەدان هەزار کەس لە هێزەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران و بەسیج، بە هەموو کەرەستەیەکی پێشکەوتووی شەڕەوە، هێرشیان کردە سەر کوردستان و شەڕێکی خوێناویان هەڵگیرساند. لەو هێرشەدا زۆربەی شارەکانی کوردستان لە لایەن فرۆکەکانی رێژیم بۆردومان کران و گوندەکانیش کەوتنە بەر ئاگری تۆپ و کاتیۆشا. جگە لەوەش دەیان کەس لە لاوانی بێتاوانی کورد بە بێ هیچ بەڵگەیەک و تەنیا بە تاوانی کوردبوون بەدەستی جەللادی بەدناو، خەڵخاڵی خوێن‌رێژ، له‌ پاش داگیرکردنەوەی شار و گوندەکانی کوردستان کۆمەڵ‌کوژ کران. دیارە ئەو هێرش و تاوانانە لە لایەن گەلی راپەڕیوی کورد و پێشمەرگە فیداکاره‌کانی بێ‌وەڵام نەمایەوە و لە شەڕ و بەربەرەکانێ‌یەکی کەم‌وێنەدا کە بە شەڕی سێ مانگە ناسراوە، گەلی کورد و رۆڵەکانی، توانیان وێڕای لێدانی زەبری کوشەندە لە هێزە سەرکوتکەرەکان، هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی تێک ‌بشکێنن. له‌ پاش ئەو خۆڕاگری و بەربەرەکانی‌یه‌ کەم‌وێنەیەدا بوو کە خومەینی ناچار بوو لە ٢٦ی خەزەڵوەری ٥٨، واتە سێ مانگ دوای دەرکردنی فەرمانەکە، پیامێکی بەڕواڵەت ئاشتی‌خوازانە بۆ گەلی کورد بنێرێ و داوای دانوستان و چارەسەری کێشەی کورد لە رێی وتووێژ بکا. دیارە هەروەک دواتر دەرکەوت پەیامی خومەینی و راگرتنی شەڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامی، کەمترین نیازپاکی پێوە دیار بوو و لە راستی‌دا دەسەڵاتدارانی رێژیم لە لایەک توانای خۆڕاگریان لە بەرانبەر دژە‌هێرشی پێشمەرگەی کوردستان‌دا نەمابوو و لە لایەکی دیکەش لە کات و دەرفەت دەگەڕان بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆتەیار کردن بۆ هێرشێکی بەرین‌تر و بەربڵاوتر. سەرەڕای نەرمی نواندنێکی زۆری نوێنەرانی کورد و حیزبی دێمۆکرات لە دانوستان و وتوووێژەکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ویست و داخوازەکانی کورد، رێژیم بۆ جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و شەڕێکی خوێناوی بەسەر گەلی کورددا سەپاند. ئەو شەڕە نیشانی‌ دا کۆماری ئیسلامی لە تەواو‌یەتی خۆی‌دا زەرفییه‌ت‌ و توانای چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی نییه‌ و لەجێ‌دا باوەڕی بە نەتەوە و مافە نەتەوه‌ییه‌کان نییه‌. دیارە لەگەڵ هێرشی دووبارە بۆ سەر کوردستان وەک مەکۆی خۆڕاگری لە سەرانسەری ئێران، هێرش بۆ سەر حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکان و ئازادی‌یە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی‌یەکانیش دەستی پێکرد. رێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو له‌ پاش هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لەگەڵ عێڕاق، لە لایەک هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی کپ کرد و بەم‌ چەشنە جێگە و پێگەی سەرەڕۆیانەی خۆی پتەوتر کرد و له‌ لایه‌کی دیکەش بیروڕای گشتیی جیهان و کۆمەڵگه‌ی نێونەتەوەیی لەو جینایەتانەی کە لە کوردستان و دەرحەق بە نەتەوەی کورد دەیکرد بەلارێ‌دا برد. لەو ماوەی هێرشی بەربڵاوی رێژیم بۆ سەر کوردستان سەدان گوند و لادێی کوردستان خاپوور کران و دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی کوردستان بە دەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران کەسیش لە زیندانەکان، بەبێ دادگایی کردن لەسێدارە دران. لە راستی‌دا جینایەتکارانی رێژیم توانیان فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ قڕکردنی کوردستان و سەرکوتی بێ‌بەزەیانەی نەتەوەکەمان بەباشی بەڕێوەبەرن. ئێستاش له‌ پاش تێپەڕینی ٣٧ساڵ بەسەر فەرمانی جیهادی خومەینی، سیاسەتی گشتیی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ گەلی کورد نەگۆڕاوە و سەرکوت و کوشت و بڕ هەروا بەردەوامە. رۆژ نییه‌ لە زیندانەکانی رێژیم لاوانی کورد لەسێدارە نەدرێن و له‌ سه‌ر سنوورەکان کۆڵبەرانی کورد نەکرێنە نیشانەی چه‌کدارانی رێژیم و گیانیان لێ‌ نەستێندرێ. سیاسەتی دژایەتی لەگەڵ گەلی کورد و داخوازەکانی هەر بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەبەستراوەتەوە و هەروەک دەبینین کۆماری ئیسلامی دژایەتی لەگەڵ دابین کردنی مافی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەکا و به‌ هه‌ر شێوەیەک بۆی بکرێ نەخشی تێکدەرانەی خۆی دەگێڕێ. ئەو رێژیمە سەرەڕای مەحکووم کرانی لە لایەن رێکخراوەکانی داکۆکی‌کار لە مافی مرۆڤ، لە پێوەندی لەگەڵ پێشێل کردنی سەرەتایی‌ترین ماف و ئازادی‌یە ئینسانی‌یه‌کان، لە سەرکوتی گەلانی ئێران و درێژەدان بە سەپاندنی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی به‌رده‌وامه‌. لە یادی ٢٨ی گەلاوێژ و ٣٧ساڵەی دەرچوونی"فەرمان" بەدژی گەلەکەمانەوە، وەبیر هێنانەوەی چەند راستی‌یەک، هەرچەند رەنگە ئازاردەریش بێت بەجێ‌یە؛ سەرەڕای بەربەرەکانی و خۆڕاگری قارەمانانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات و حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکانی دیکەی کوردستان، بێ‌گومان ئەگەر کێشە و شەڕی نێوخۆیی نەبووبا و حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا بەگژ دووژمن‌دا چووبانەوە، گەلەکەمان دەیتوانی بە ورەتر و بەگوڕتر لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی‌دا بوەستێتەوە و دوژمن نەتوانێ سەرکوتی بکا. جگە لەوەش دەبینین لەو ماوەیەدا نەک هەر ئەو حیزب و رێکخراوانە نەیانتوانیوە لە بەرەیەک‌دا کۆببنەوە، بەداخەوە وێڕای دوورکەوتنەوە لە مەیدانی خەباتی راستەقینە لە نێوخۆی ولات، تووشی پرش‌و‌بڵاوی و لێکترازان و لێکدابران بوون. ئەو حیزب و رێکخراوانە، بە حیزبی دێمۆکراتیشەوە، ئەگەر بە هەر هۆیەک بێ نەیانتوانیوە وەک ساڵانی سەرەتای شۆرش بەربەرەکانی چەکدارانە یان خەباتی چەکدارانە بکەن، توانای هێنانە سەرشەقامی خەڵک و بەهێز کردنی خەباتی مەدەنیشیان سنووردار بووه‌ و به‌ راده‌ی پێویست له‌م بواره‌‌دا چالاک و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. شک لەوەدا نییه‌ داهاتووی تێکۆشانی حیزب و رێکخراوە سیاسی‌یەکان لە گرەوی ئەکتیڤ‌بوونی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دایە و حیزبەکانی رۆژهەڵات دەبێ تێبکۆشن له‌ لایه‌ک هزر و شوناسی نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا بەهێز بکەن و له‌ لایه‌کی دیکەش لە هەموو هێز و تواناکانی خۆیان بۆ بردنەسەری ورەی خەباتگێڕانەی خەڵک لە پێناو خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەیی کەڵک وەرگرن. لە ژماره‌ ٦٨٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌