کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزش و قارەمانەتیی وەرزشی، رێگایەک بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوایەتی

01:39 - 31 گەلاوێژ 2716

کورد یا هەر نەتەوەیەکی ژێردەست، تا ئەو کاتەی نەبێتە خاوەنی کیانی خۆی، بژاردەکانیشی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا دەرفەتی نیشاندانی توانایی و ناساندنی نەتەوەکەی خۆیان نییە و زەحمەت و ماندوبوونیان بە ناوی دەسەڵاتی داگیرکەر یان نەتەوەی سەردەست تەواو دەبێ. بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی هەستی نەتەوەیی و خواستی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، قارەمانانی وەرزشیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دەرفەتێک بۆ خۆنیشاندان وەک کورد و بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوایەتیی خۆیان کەلک وەردەگرن. لە یاری‌یەکانی ئۆلەمپیکی ریۆ، کە لە وڵاتی بێرێزیل بەڕێوە دەچێ، وەرزشکارانی کوردیش لە نێو کاروانی وەرزشیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، یا ئەو وڵاتانەی لە چنگ زەبروزەنگی داگیرکەر پەنایان بۆ بردوە، جێیان هەیە. بەشێک لەوان تا ئێستا توانیویانە سەرکەوتنی باش بە دەست بێنن. لە نێویشیان‌دا کیانوش رۆستەمی وەرزشکاری کرماشانی، ئەم رۆژانە ناوێکی درەوشاوەیە. ئەو لە بواری وەرزشی کێشهەڵگری‌دا توانی میداڵی زێڕی ئۆلەمیپک بۆخۆی دەستەبەر بکا. کیانوش لە یەکەم لێدوانی دوای ئەم سەرکەوتنە، بە زمانی کوردی بۆ مێدیاکان دوا، سڵاو و رێزی بۆ کوردان نارد و میداڵەکەی پێشکەش بە کوردانی سەرانسەری دنیا کرد. سەباح شەریعەتی وەرزشوانێکی دیکەی بەشدار لە یاریەکانی ئۆلەمپیکی ریۆیە. سامان خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە وەرزشی زۆرانبازی‌دا ناوبانگی جیهانی هەیە. ئەو وێڕای ژمارەیەک لە هاوڕێ وەرزشوانەکانی لە شاری سنە، ماوەی چەند ساڵە کە دژ بە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاند وەرزشکارانی کورد، لە وڵاتی ئازەربایجان گیرساوەوەتەو لە سەر ناوی ئازەربایجان یاری دەکا. سەباح لە یاری‌یەکانی ئۆلەمپیکی ریۆدا پلەی سێهەمی بە دەست هێنا و توانی میداڵی بڕۆنزی یاری‌یەکان بۆخۆی دەستەبەر بکا. سامان تەهماسبی‌ش کە هاوشاری و هاوچارەنووسی سەباحە، پلەی پێنجەمی ئەم یاری‌یانەی بە دەست هێنا. کچانی شاخەوان بە سەر لووتکە بەرزەکانی جیهانەوە لە ژمارەی پێشوودا باسم لە سەرکەوتنی گروپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە بۆ سەر لوتکەی دەماوەند کرد کە یەک لە ئامانجەکانیان دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی و دژایەتی لەگەڵ کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بوو. هەر لە درێژەی چالاکیی شاخەوانان، دوو کچە وەرزشوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە جیا، بەرەو دوو لوتکەی بەرزی جیهانیان وەڕێکەوتن. لە ئیلامەوە سەعیدە سەفەریان توانی بەرزەلوتکەی پێنج هەزار میتریی کاژیک لە تاجیکستان ببڕێ. هەر لەو سەروبەندەش‌دا هێرۆ ئەرجومەند لە مەهابادەوە بۆ سەر لوتکەی ٦٩٠٠ میتریی "کۆمۆنیزم" لە وڵاتی تاجیکستان سەرکەوت بەڵام بە هۆی خراپیی کەش‌و هەوا تووشی "بەفرکوێری" هات. تا دوا جار تیمەکانی فریاکەوتن توانیان رزگاری بکەن. پاسکیل سواری، کەرەسەی نافەرمانیی مەدەنی ژنانی کورد نەک هەر لە ئاستی جیهانی و لە سەر بەرزە لوتکەکانی جیهانەوە بەڵکو لە نێو شارەکانی کوردستانیش لە وەرزش وەک دەرفەتێک بۆ نیشاندانی هەستی نەتەوەیی و ئەمجارە نافەرمانیی مەدەنی کەلکیان وەرگرت. لە ماوەی رابردوودا حزووری هەراوی ژنانی پاسکیل‌سواری مەریوان لەگەڵ دژایەتی و دژکردەوەی ناوەندە ئەمنیەتی و مەزهەبیەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بۆوە. کەمپەینی "سێشەممەی بێ ماشێن" لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا هەوڵێکی چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان بووە بۆ رێزگرتن لە ژینگە و هەوای خاوێن. بەڵام پێشوازی و بەشداریی بەرینی کچان و ژنانی ئەو شارە لەم کەمپەینەدا دەمێک بوو ناوەندە ئەمنیەتی، ئینتزامی و مەزهەبیەکانی کۆماری ئیسلامی تووڕە کردبوو. تا دوا جار هێزە ئینتزامیەکان بەرەنگاری ئەو هەنگاوە مەدەنی‌یە بوونەوە و پێشیان بە بەشداریی ژنان لەو کەمپەینەدا کرد. چەند کەس لە کچانی پاسکیل سوار دەستبەسەر کران. بەڵام هەموو ئەم هێرش و دەستبەسەرکرانە هەنگاوەکانی ژنان و کچانی ئەو شارەی شل نەکردەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ژێر پشتیوانی و پاڵپشتی پیاوانی یەکسانیخوازی ئەو شارە، لە بەشداریی خۆیان بەردەوام بوون. ئەم سەرکوت و گوشارە هاوکات ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتەوە. لەوانە نامەی ناڕەزایەتیی ١٤٠٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە وێڕای‌ پشتیوانی‌ له‌ مافی پاسکیل‌سواریی ژنانی‌ كورد به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌ریوان رایانگەیاند کە "چالاكی له‌ فه‌زای‌ گشتی‌، به‌پێی‌ قانوون، ره‌گه‌ز و هه‌ڵاواردنی‌ ره‌گه‌زیی ناناسێ و مافی هه‌ر تاكێكه‌ به‌ بێ جیاوازیی ره‌گه‌زی و جوغرافیا له‌ چوارچێوه‌ی‌ قانوون‌دا، چالاكیی رۆژانه‌ی هه‌بێ." کۆڵبەری و قاتڵێکی دیکە بە ناوی جادە جادەکانی ئێران وەک قاتڵێک بۆ رێبواران سەیر دەکرێن. رۆژ نییە چەندین رووداوی هاتوچۆ لە جادە و رێگاوبانەکانی ئەو وڵاتە روو نەدا و ساڵانە بە سەدان و هەزاران کەس لە خەڵک لەم رووداوانەدا گیان و ماڵ لە دەست دەدەن یان نوقوستان دەبن. لەم نێوەش‌دا رۆژهەڵاتی کوردستان چ لە چوارچێوەی سیاسەتی پەڕاوێزخستن و دواخستن لە لایەن دەسەڵاتەوەو چ بە هۆی کوێستانی و شاخاوی بوونی ناوچەکە، پشکی زۆری بەر دەکەوێ. رووداوی هاتووچۆ لە جادەکانی ئێران‌دا ئەوەندە زۆر و دووپاتەیە کە بۆ مێدیا و راگەیەنەرەکان وەک هەواڵێکی روتینی و رۆژانەی لێ هاتوە. بەڵام کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد لە رووداوێکی هاتووچۆ، لە سنووری مەریوان و لە حەوتووی رابردوودا، رووداوێک نەبوو کە مێدیا ناوچەیی و سەراسەری‌یەکان بتوانن هەر وا بە سانایی لێی تێ‌پەڕن. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی گەلاوێژ به‌ هۆی پێکدادانی دوو ماشێن، ١٢ کۆڵبه‌ری خه‌ڵکی ئاوای "ده‌ره‌ناخێ"ی سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان که‌ به‌دوای پەیداکردنی بژیوی ژیان بۆ ماڵ و منداڵیان هەڵوەدا بوون، بوونە قوربانی. لەوانە چوار که‌س گیانیان لە دەست دا و ٩ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. سەرەڕای ئەم رووداوە دڵتەزێنە، رەوتی کوشتاری کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە درێژایی دوو حەوتووی رابردووش هەروا درێژەی هەبوو. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ئامارەی کانوونی پارێزەرانی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بڵاوی کردەوە. بە پێی ئەو ئامارە لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٥٣ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوون. لە ژماره‌ ٦٨٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌