کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی بڕیاری دادگای میکونوس لە سەر گۆڕینی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی

01:53 - 31 خەرمانان 2716

تیرۆر بەشێکە لە مێژووی سیاسیی مرۆڤ و دەسەڵات. کەم نیزامی سیاسی لە مێژووی کەونار و هاوچەرخ‌دا هەیە کە هەوڵی تیرۆری دژبەرانی خۆی نەدابێ و ئەوەشی لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و سەقامگیریی نیزامەکەی‌دا بە پیرۆز و بڕیارێکی بەجێ نەزانیبێ، بەڵام لە چەند دەیەی رابردوودا لەگەڵ چەسپانی بایەخە جیهانگیرەکان، ئێستا ئیدی تیرۆر بە دیاردەیەکی دژەباو و نەریتێکی نیزامە توتالیتێر و سەرکوتگەرەکان دادەنرێ. ئێستا بە دەگمەن نیزامی سیاسیی دێموکراتیک و قانونمەند پەنا بۆ تیرۆر دەبەن و لە کێبرکێی دەسەڵات‌دا بەکاری دێنن. بەڵام ئەوەی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی‌دا بەدی دەکرێ، ئەو رێژیمە بە شێوەیەکی زۆر بەرین شێوازی تیرۆری نەیارانی گرتۆتە بەر. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای تیرۆری نەیارانی لە دەرەوەی سنوورەکانی و لە وڵاتانی دیکەدا، لە نێوخۆی وڵاتیش‌دا سەدان کەس لە دژبەران و رەخنەگرانی دەسەڵاتی تیرۆر کردوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکانی دەستی باڵایان لە پەروەندەسازی لە دژی دژبەرانیان بووە و دەزگای قەزایی ئەو رێژیمەش لە هیچ ئێعدامێکی سیاسی و کوشتاری دژبەرانی رێژیم نەپرینگاوەتەوە. مێژووی تیرۆری سیاسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا تەنانەت بۆ پێش هاتنەسەرکاری ئەو رێژیمەش دەگەڕێتەوە. رێبەرانی ئەو رێژیمە نایشارنەوە کە لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەیش‌دا تیرۆری سیاسی‌یان کردوە. عەلی ئەکبەر رەفسەنجانی، پلاندانەر و بڕیاردەری تیرۆرەکانی ڤییەن و بڕلین بە شانازی‌یەوە باس لەوە دەکا کە ئەو دەمانچەیەی حەسەنعەلی مەنسوور، سەرۆک وەزیرانی حەمەڕەزاشای پەهلەوی پێ کوژرا، ئەو دابینی کردبوو و دابووی بە محەممەد بۆخارایی هەتا تیرۆرەکەی پێ‌بکا. هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی هاشمی رەفسەنجانیش‌دا بوو کە زۆربەی تیرۆرە سیاسی‌یە گرینگەکان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات‌دا کران. لەو کاتەش‌دا تەماحی بەشداریی وڵاتە ئورووپاییەکان لە پشکیان لە وەبەرهێنان لە بازاڕی ئێران و نۆژەنکردنەوەی وێرانی‌یەکانی ئەو وڵاتە دوای شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاق وایکردبوو کە تەڕاتێنی ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتانە وەبەرچاو نەیە، هەتا ئەوەی کە بڕیاری دادگای مێکونوس کۆتایی بەو رەوتە هێنا. کۆماندۆکانی تیرۆری سەر بە کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی رۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی توانیان لە ریستورانتی میکونوس، دوکتور سادق شەڕەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هۆمایون ئەردەلان و نوری دێهکوردی تیرۆر بکەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وابوو هەر وەک تیرۆرەکانی پێشوو دەتوانی بە سیاسەتی حاشا و تەماح‌وەبەرنان بۆی دەربچێ، بەڵام لەوەیان‌دا کۆسپێکی گەورەی هاتە سەر رێ. دەزگای قەزایی سەربەخۆی ئاڵمان کە بڕیاری دابوو بەرگری لە کەڕامەتی خاک و وڵاتەکەی بکا، پەروەندەیەکی گەورەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تیرۆرەدا پێکهێنا کە کاری دادگا زیاتر لە 5 ساڵی کێشا. بڕیاری دادگا لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ راگەیەندرا و کاربەدەستانی هەرە پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی بە دەست تێداهەبوون لەو تیرۆرانەدا بە تاوانبار ناسران و حوکمی دەسبەسەرکرانیان بۆ دەرچوو. ئەو بڕیارە بیروڕای گشتیی ئورووپای هەمووی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد و١٥ وڵاتی ئورووپایی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو تیرۆرانە، باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران کێشایەوە. هیچ وڵاتێکی ئورووپایی بەپێی مێعیار و پڕەنسیپە نێودەوڵەتی‌یەکان نەیدەتوانی بڕیاری دادگای میکونوس لە بەرچاو نەگرێ و ئێران بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە کەوتە تەنگانەوە. دنیای دەرەوە لێبڕاو بوو کە تاکە رێگای ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندی‌یەکانیان، چوونەوەی تیمە دیپلۆماتیکەکانیان و درێژەی هاوکاری‌یە تیجاری‌یەکانیان، ئاڵوگۆری بنەڕەتی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی‌یە. ئەوە بوو کە ئێران ملی بۆ ئەوە راکێشا کە چیدی لە هیچ وڵاتێکی ئورووپایی‌دا تیرۆری دژبەرانی نەکا و گەرەنتیی ئەوەش دەدا پێی ئەو رێژیمە لە پەروەندەی هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لە ئورووپا نەیەتە گۆڕێ. بڕیاری دادگای مێکونوس ستۆپی بە ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستانیش کرد. رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بۆشایی دەسەڵاتێکی تۆکمە لە باشووری کوردستان کە شەڕی نێوخۆیی و ناسەقامگیریی سیاسی دروستی کردبوو، تا ئەو کات توانیبووی لە رێگای جۆراوجۆرەوە نیزیک بە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگەی حیزبە کوردی‌یەکان کە بەشی هەرە زۆریان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون تیرۆر بکا. بەڵام دوای بڕیاری دادگای میکونوس کە ئەو رێژیمە سەبارەت بە تیرۆری رێبەرانی حیزبی دێموکڕات بە تاوانبار ناسرابوو، درێژەدان بە تیرۆری ئەندامانی ئەو حیزبە لە باشووری کوردستان تێچوویەکی قورسی دیکە دەبوو کە کۆماری ئیسلامی نەیدەویست چیدی لەو قۆناغەدا بیدا. لە نێوخۆی وڵاتیش‌دا حاکمییەت دەبوا رەفتار و رەوتێکی گرتبایە بەر، کە هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتی دەرەوە، یارمەتیی بردنەپێشێی سیاسەتی رەواندنەوەی گرژی‌یەکان لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی جیهانی دابا، ئەوەش پێویستی بە ئاڵوگۆرێکی بنەڕەتی بوو کە بە نیزیکبوونی کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری دەبوا لەودا خۆی نواندبا. پڕۆژەی ئیسلاحات دەیتوانی پووششێکی زۆر باش بۆ چاوبەستنی دنیای دەرەوە بێ، هەر بۆیەش بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی 2ی جۆزەردان، کە نیزیک بە سێ مانگ دوای بڕیاری دادگای میکونوس بەڕێوەچوو؛ محەممەد خاتەمی، وەک نمادی دەسپێکی ئیسلاحات لە بەردەم ناتق نووری، درێژکراوەی هێڵی حاکمییەت لە بەریەک‌دا راگیران و شێخی ئیسلاحات بە دروشمی ریفۆرمخوازی توانی هەڵبژاردنەکان بباتەوە. پڕۆژەی ئیسلاحات ناتوانێ نیشانەی پێکهاتنی ئاڵوگۆری فیکری لە نێو رێبەرانی رێژیم‌دا بووبێ، چونکی کە تا دوای بڕیاری دادگای میکونوس و پێش لەوه‌ شوێنەوارێکی ئه‌وتۆ لە دەرکەوتنی وەها بیر و بۆچوونێک لە نێو رێبەرانی باڵای ئەو رێژیمەدا هەستی پێ‌نەکراوە و سروشتی نییە کە رەفسەنجانی، یەکێک لە ئەندامانی تیمی تیرۆری حەسەنعەلی مەنسوور لە سەردەمی پاشایەتی‌دا و، پاشان پلاندانەر و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی تایبەتیی تیرۆر؛ یەکجێ و یەکشەوە و کتوپڕ باداتەوە و ببێتە یەکێک لە پشتیوانە سەرەکی‌یەکانی خاتەمی و دەوڵەتی ریفۆرمخوازی ئەو. ئەگەر بزووتنەوەی ریفۆرمخوازی لە ساڵانی پاش و بە هۆی گۆڕانکاری‌یەکانی دواتردا ئاراستەی جیاوازتری بەخۆیەوە گرت، بەڵام لە دەسپێک‌دا تەنیا پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕین و بۆ دەربازبوون لە قەیرانی میکونوس بوو. هەر بۆیەش لە دوای تەواوبوونی ٨ ساڵ سەرکۆماریی خاتەمی و دوای ئەوەی دەوڵەتی ریفۆرمخوازی ئەو توانی هاوکێشە نێودەوڵەتی‌یەکان بە قازانجی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ، دەسەڵات خرایەوە دەست ئوسولگەراکان و هەتا ئێستاش مەیدانی سەروەدەرنان بە ریفۆرمخوازەکان نەدرایەوە. لەگەڵ ئەوەش‌دا ئوسولگوراکانیش نەیانتوانی قەت کۆمەڵگا و کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه‌ بگەرێننەوە بۆ سەردەمی پێش سەرهەڵدانی ریفۆرمخوازی و پێش بڕیاری دادگای میکونوس. چونکی ئەوە دەرەنجامی کاریگەری‌یەکی قووڵ بوو کە پڕۆژەی تێپەڕین لە قەیرانی میکونوس لە نێوخۆی ئێران‌دا دروستی کردبوو، تێچوویەکی قورس کە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی تەنیا و تەنیا بۆ دەربازبوون لە بڕیاری دادگای میکونووس و لە پێناو پاراستنی تەواوەتیی نیزامەکەیان‌دا ئامادە بوون بیدەن. لە ژماره‌ ٦٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌