کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی نێودەوڵەتی

01:58 - 31 خەرمانان 2716

لە سەرەتاکانی سێپتامبری ٢٠١٥دا، بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵێکی خنکاو بە تیشێرتێکی سوورەوە لە کەناراوەکانی بۆدرومی تورکیه‌، کاردانەوەیەکی جیهانی بەدوای خۆی‌دا هێنا، ئەو منداڵە بە رێکەوت کورد بوو، بە رێکەوت خەڵکی کۆبانی بوو و هەر بە رێکەوتیش وڵاتێکی بەڵالێدراو و پڕ لە شەڕ و شۆری وەک سوریەی لە دوای خۆی بەجێهێشتبوو. کارەکتەری ئەو وێنەیە بێجگە لە ناسنامە لۆکاڵیەکەی، هەڵگری ناسنامەیەکی جیهانیش بوو، لەوانەیە زۆر کەم هەڵکەوێ کە چوارچێوەی وێنەیەکی بچووک ، هەموو رەهەندە رەمزی و بەرچاوەکانی دیاردەیەک یان رووداوێک بگرێتە خۆی، بەڵام ئالان بە تەنیا کەسایەتیی "کۆچبەر"ی لە سەرەتاکانی سەدەیەک‌دا وێنا کرد، سەدەیەک کە نە دەرفەتی مانەوە، ئارامی و ئاشتی بە ئالانەکان دەدا، نە مەودای کۆچێکی بێ قوربانیش. "کۆچ" لە دنیای ئەورۆدا خاوەن کۆمەڵیک تایبەتمەندی و خەسڵەتە کە جیای دەکاتەوە لە شوێن گۆڕکێکانی رابردووی مێژووی مرۆڤایەتی، پێشکەوتنی هۆکارەکانی راگواستن و پەیوەندی پێکەوەکردن، شەڕ و بەڵا مرۆیی و سروشتی‌یەکان، هەروەها کاریگەریی راستەوخۆی سیاسەت و ئابووریی وڵاتان لەسەر یەکتر، لەو هۆکارانەن کە نێوەرۆک و رواڵەتی کۆچیان گۆڕیوە. زۆر بە ئاسانی رووداوێک لە گۆشەیەکی دنیا، دیاگرامی بۆرسەی بازاڕە جیهانی‌یەکان دەگۆڕێ. لەوانەیە ئاسان نەبێ لە چەند وشەیەک‌دا پێناسەی چەمکی"کۆچی نێودەوڵەتی" بکەین، بۆیە هەوڵ دەدەین لە رێگەی خەسڵەت و تایبەتمەندی‌یەکانەوە لە ناسین و تێگەیشتنی ئەو دیاردەیە نزیکتر بینەوە. بە جیهانی‌بوونی کۆچ هەم لە رووی جوغرافی‌یەوە و هەم لە رووی کاردانەوەکان و هەڵوێست گرتنەکان لە ئاستی دامەزراوەیی‌دا، تایبەتمەندی‌یەکی سەرەکیی کۆچی نێودەوڵەتین، کۆچ دەبێتە هۆی گۆڕینی دێمۆگرافی وڵاتی دایک یان بێبەش بوونی نیشتمان لەو هێز و مێشکانەی کە بۆ پەروەردە کردنیان سەرمایەی رەمزی و مادی تەرخان کراوە. هاوکات لە وڵاتی دووهەمیش‌دا بەرەوڕووی دیواری بڵیندی کلتووری جیاواز و پێکهاتەیەکی ئیداری، سیاسی و ئابووری دەبێتەوە کە بۆ هەزم کردن و چوونە نێو ئەو پێکهاتەیە رێگەیەکی درێژ و سەختی لە پێشە. ئاراستەی کۆچ لە پەنجا ساڵی رابردوو‌دا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕدراوە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و لە سەروبەندی دوو شەڕی گەورەی جیهانی‌دا ، دانیشتوانی ئورووپا رێگەی کۆچیان دەگرتەبەر و روویان لە وڵاتێکی دیکە دەکرد، ئێستا بەشێکی زۆری وڵاتانی قارەی ئورووپا، ئه‌مریکا ، کانادا و ئۆسترالیا بوونەتە شوێنی مەبەستی کۆچبەران لە سەرانسەری جیهانەوە، هاوکات گۆرانکاریەکی بنەڕەتیش بەسەر جۆری کۆچ کردنەکان‌دا هاتووە، وڵاتان تەنیا لەگەڵ یەک جۆری کۆچبەر بەرەوڕوو نین، هاوکات لەگەڵ کۆچی سیاسی، کۆچی خوێندن، کۆچی کار، کۆچی بنەماڵەیی و پەیوەندی‌یە خێزانی‌یەکان بەرەوڕوونە. هەر لەو پەیوەندی‌یەدا دەتوانین ئاماژە بە دوو ئەنجامی دیاری ئەو کۆچە نێودەوڵەتی‌یە بکەین، یەکێک لە ئەنجامەکان دەرکەوتنی دیاردەیەکی دیکەیە بە ناوی کۆچی بازنەیی(circular migration)، واتە گەڕانەوەی هەمیشەیی یان کاتیی نەوەی یەکەم و دووەم بۆ نیشتمانی دایک و نیشتەجێ بوونەوەیان لە شوێنێک کە پێشتر بەجێیان هێشتووە، ئەنجامی دووەم دروست بوونی دیاسپۆرایە لە دەرەوەی زێد و نیشتمان و دروست کردنەوەی جۆرێک لە یەکگرتوویی، هاوکاری و ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یە لە تاراوگەدا لە سەر بنەمای ئێتنیک، ئایین، زمان یان پێشینەی هاوبەش. وڵاتانی ترانزێت بە ئەکتەرێکی دیکەی جیهانی کۆچ و کۆچبەری ئەژمار دەکرێن، کە رۆڵ و پێگەیان لە هاوکێشەکان‌دا بەستراوەتەوە بە شوێنگەی ژێئۆپۆلێتیکیەوە و ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی وەک بەردەبازێک کەڵک لەو وڵاتە وەردەگرن، بە کورتی وڵاتانی ترانزێت بەو وڵاتانە دەڵێن کە کۆچبەران بە مەبەستی گەیشتن بە شوێنی مەبەست پێی‌دا تێدەپەڕن یان بۆ ماوەیەکی کاتیی لێی دەمێننەوە، لەو چەند ساڵەی رابردوودا بە هۆی گۆرانکاری لە سیاسەتی کۆچ و هێندێک رێککەوتنی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، ژمارەی کۆچبەران و ماوەی مانەوەیان لە ولاتی ترانزێت‌دا بەرەوژوور هەڵکشاوە. وڵاتانی وەک تورکیه‌، مەراکێش، ئیسپانیا و مەکسیک لە بەرچاوترینی ئەو وڵاتانەن کە کۆچبەران وەک بەردەبازێک بۆ پەڕینەوە و گەیشتن بە شوینی دیاریکراو کەلکی لێ وەردەگرن. هەڵبەت ئەو بەرژەوەندیخوازی‌یە دوولایەنەیە و پشکی دەوڵەتەکان لەو مامەڵەیەدا یەکجار زۆر زیاترە، بۆ نموونە لە چەند ساڵی رابردوودا تورکیه‌ وەک شمشێرێکی دووسەر کەڵکی لە کێشەی کۆچبەران وەرگرتووە، لە لایەک بۆ فشار هێنان بۆ یەکێتی ئورووپا و بەدەست‌هێنانی دەسکەوتی زیاتر، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ سەرکوت کردنی گەلی کورد، ناڕازی و جیابیرانی نێوخۆ و پەردەپۆش کردنی پێشێلکاری‌یە نێوخۆ و ناوچەییەکانی. ئەگەر کۆچ لە رابردوودا دیاردەیەکی پیاوانە بووە یان ژمارەی ژنان لەو کۆچە نێودەوڵەتی‌یەدا زۆر لە خوارێ بووە، ئەوا ئێستا ژنان هەم ژمارەیان لەو دیاردەیەدا زۆر زیادی کردووە، بە تایبەت وەک کۆچبەری بواری کارکردن لە بەشەکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی‌دا ، هەم ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنیشیان لە بارەی کۆچەوە چۆتە سەرێ، ژنانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ کارکردن روو دەکەنە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست، یان ژنانی ئورووپای خۆرهەڵات روو دەکەنە شارە گەورە و پیشەسازی‌یەکانی ئورووپای رۆژئاوا بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر‌دا، ئەوە بێجگە لەو ژنانەی کە بەشێکی بەرچاوی ئاوارەکانی رووداوە مرۆیی و سروشتی‌یەکان پێک دێنن. بەسیاسی‌بوونی کۆچ، تایبەتمەندی‌یەکی دیکەی کۆچی نێودەوڵەتی‌یە، بە تایبەت دوای تەقینەوە و هێرشە تیرۆریستیەکانی مادرید، لەندەن و نیۆرک، ئەو رووداوانە بێجگە لەوەی کاریان کردە سەر دروست بوونی هاودەنگی‌یەک لە نێوان وڵاتانی وەرگر(ئەو وڵاتانەی کۆچبەران روویان تێ دەکەن)، بە دیوێکی دیکەش‌دا پرسی کۆچیان لە کێشەیەکی مرۆییەوە گواستەوە نێو فۆرمێکی ئەمنیەتی. هاوکات لەگەڵ شەری نێوخۆیی سوریە وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی یەکێتی ئورووپا بە تایبەتی لە بەردەم چەند بژاردەیەک‌دا بوون، یان کێشەکانی نێو سوریە چارەسەر بکەن و بەو شێوەیە رێگە لە کۆچی زیاتری خەڵکی ئەو وڵاتە بگرن، یان ئەوەی کە لە وڵاتانی ترانزێت‌دا پێش بە کۆچی کۆچبەران بگرن، دوایین بژاردەش دەست و پەنجە نەرم کردن بوو لەگەڵ خودی قەیرانەکە لە نێو ئورووپادا. لێرەدا وەک نموونەیەک باس لە کۆچبەرانی سوریە دەکەین کە چۆن کار دەکەنە سەر دارشتنی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی، ئەگەر نا کۆچبەران یەکێک لە بابەتە هەر گەرمەکانی هەلبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پەرلەمانی ئوسترالیاشن. خەسڵەتێکی دیکە کە کۆچبەری مۆدێرن لە کۆچبەری کلاسیک جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە وڵاتانی وەرگر‌دا کۆچبەر بێجگە لەوەی بابەتێکی سیاسی و ئەمنیەتی و کلتوری‌یە، هاوکات وەک مەترسی و هەڕەشەیەکیش بۆ سەر دەوڵەتی خۆبژوێنی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکرێ. ئەوەی کە کۆچبەران ناتوانن بگەڕێنەوە بازاری کار یان لە سەرەتادا پێویستیان بە پشتیوانی هەیە تا جارێکی دیکە هەم لە رێگەی بەرهەمهێنان یان لە رێگەی زەکات و ماڵیات بەشداری لە دەوڵەتی خۆبژوێنی کۆمەڵایەتی‌دا بکەنەوە، وەک خاڵێکی لاواز لە لایەن راسیست یا پارتە راست و توندڕەوەکان دەقۆزرێتەوە تا دژایەتیی "ئەوی دیکە"ی پێ بکەن، ئەوە بێجگە لەو داوەری‌یە پێشوەختانەی کە لە رووی کلتووری‌یەوە لە سەر کۆچبەران دەیکەن و روویەکی نەرێنی لەو خەڵکانە پێشان دەدەن کە لە وڵاتانی جیهانی سێهەمەوە کۆچ دەکەن. دوای تێپەرینی ساڵێک بەسەر مەرگی ئالان‌دا، وەک منداڵێکی کوردی کۆچبەر لە لێوارەکانی وڵاتێکی ترانزێت‌دا، دەردەکەوێت کە ئەوەی لەو رۆژەدا رووی‌دا رێکەوت نەبوو، بەڵکو ئەنجامی ئەو دۆخە گلۆلۆکالی‌یە(ناوچەیی/جیهانی)یه‌ کە تێیدا هەموو فاکتەکان و هەموو ئاکتەرەکان بەشدارن تا جارێکی دیکە لە رێگەی وێنەی قوربانی‌یەکەوە، "ئێمە" و "ئەوان" بەرامبەر بەیەک رابگرنەوە. ئالان لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە رێگەی نێوان وڵاتەکان‌دا بوونە قوربانی، دیوی هەرە تراژیدی دیاردەی کۆچی نێودەوڵەتین. لە ژماره‌ ٦٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌