کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان

13:11 - 4 رەزبەر 2716

ئەمە بابەتێکی حاشا هەڵنەگرە کە هەر کات زولم و زۆر هەبوو، هەر کات چەوسانە هەبوو، هەر کات مافەکانی تاک و کۆمەڵ پێشێل کراون، لەوانەش گرینگتر هەر کات نەتەوەیەک لە سەرەتاییترین مافە نەتەوایەتیەکانی خۆی کە لە دیاری کردنی مافی چارەنووسدا خۆی دەنوێنێ بێ بەش بکرێ، بێ گومان هەوڵدان بۆ لابردنی زوڵم، بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و سەرئەنجام بۆ دابین کردنی مافی دیاری کردنی چارەنووس دەست پێ دەکات. ئەمە ئەسڵێکی بنەرەتیی ژیانە و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیش لەم راستایەدا پێناسە دەکرێ. رەنگە لەم وتارەدا نەکرێ باسی هەموو ئەو هۆکارانە بکەین کە بۆچی داگیرکەرانی کوردستان ئاوا چاوی تەماعیان لە خاکی کوردستان بڕیوە و بۆ ئیدامەی ئەو داگیرکاریانەیان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە سڵ ناکەنەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لە نێو بردنی بزووتنەوەی رەوای گەلەکەمان دەدەن. بەڵام بە شێوەی گشتی دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە  بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان سەرەکیترین مەبەستی داگیرکەرانە. ئەوان بۆ ئیدامەی ئەو تاڵان و بڕۆیە، پێویستیان بە کپ کردن و، ئەگەر بۆیان بلوێ، لە ناو بردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستانە. بۆ ئەم مەبستە، نە لە ئیعدام، نە لە گرتن و ئەشکەنجەی تێکۆشەرانی کورد، نە لە تۆپ و خومپارە و بۆردومان کردنی شار و گوندەکانی کۆردستان دەستیان نەپاراستووە. هەر لە پەنا ئەم کردەوە دژی گەلیانەشیاندا، لە تەبلیغات دژی حیزب و رێکخراوەکانی بزووتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان غافڵ نەبوون و لە داهاتووشدا هەوڵی لەم چەشنە دەدەن. ئەوان دایم هەوڵیان داوە کە بیرو رای گشتی هەم لە دەرەوەی وڵات و هەم لە نێو خۆی ئێراندا، بە نیسبەت مەسەلەی کورد، بە لارێدا بەرن و حیزب و رێکخراوە خەباتکار و تێکۆشەرەکانی رێگەی کوردایەتی، وەک دەستکردی وڵاتانی دەرەکی پێناسە بکەن. لە راستای ئەم سیاستە چەواشەکارانەیەدا بوو کە لە سەردەمای رێژیمی پاشایەتیشدا حیزبی دێموکراتی کوردستانیان وەک دەستکردی بێگانە بە بیرورای خەڵکی ئێران دەناساند. ئەمەش لە حاڵێکدا بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناو هەناوی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی  و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لە دایک ببوو. دامەزرانی ئەم حیزبە  زەروورەتێکی مێژوویی بوو بۆ دابین کردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام دەستەڵاتدارانی تاران تۆمەتی دەستکردبوون و سەر بە  روسیەیان دەخستە پاڵ. بیانووی ئەو تۆمەتەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ درێژەدان بە خەباتی نەتەوایەتی و رێبەریی کردنی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان پێویستی بە دامەزراندنی کۆمەڵێک پێوەندی نێو نەتەوەیی هەبوو. وڵاتی یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوکات، کە یەکێک لە زلهێزەکانی ئەوسەردەم بوو، یەکێک لەو ناوەندانە بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێوەندی لە گەڵ دامەزراندبوو. ئەمەش بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی و نەتەوەیی نە جۆرمە و نە تاوان. پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامیش دەستەلاتی خۆی بە زەبری چەک و کوشت و کوشتار بە سەر خەڵکی "رۆژهەڵاتی کوردستان"دا سەپاند، هەمان سیاسه‌تی تۆمەتبار کردن و بوختان پێکردن بە حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان بە گشتی و حیزبی دێموکراتی بە تایبەتی گرتە بەر. لە سەر و بەندی سەرەتای دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، کە روانگەی دژە ئیمریالیستی لە ئێراندا برەوەی هەبوو، کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی زۆریان هەوڵ دا کە حیزبی دێموکرات وەک دەستکردی ئیمریالیزم بناسێنن و بڵێن بزووتنەوەی کوردستان لە لایان ئەمریکاوە هیدایەت دەکرێ. ئەو تۆمەتانە نەک هەر لە لایان دام و دەستگای سەر بە رێژیم بە بەربڵاوی بڵاو دەکرانەوە، بەڵکوو مخابن هێندێک لایەنی سیاسیش کە خۆیان بە حیزبی پێشکەتنخوازیش دەناساند، هەمان درۆ و دەلەسەو بوختانیان بڵاو دەکردەوە. بەڵام دواتر هەم دەستەڵاتدارانی تاران و هەم ئەم لایەنانە بۆیان دەرکەوت کە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وە بە هێزترە و رەسەنترە کە ئەم جۆرە تەبلیغاتە بتوانێ کاری لێ بکات. لە جەنگەی شەر لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کە بیرورای گشتی لە ئێراندا تا رادەیەکی زۆر دژی سەدام و حیزبی بەعس هان درابوو، بازاری تەبلیغی ناڕەوا لە دژی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەنگ و روویەکی دیکەی بە خۆیەوە گرت و  ئەم جار نۆرە گەیشتە ئەوە کە حیزب و بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان وەک دەستکردی حیزبی بەعس پێناسە بکەن. لەم بوارەدا، دەستەڵاتدارانی تاران ئەوەندی بۆیان کرا درێغیان نەکرد. بەڵام بە خۆشیەوە  لەم بوارەشدا سەرئەنجام بێ ئاکام بوون. چوونکە لەگەڵ ئەوەشدا کە  پێویست بوو  بزووتنەوەی رزگاری خوازی خەڵکی کوردستان بۆ پەرەپێدانی خەباتی رەوای خۆی لە شەر و کێشەی نێوان عێراق وئێران کەڵک وەر گرێ، بەڵام حیزب بە پەیرەو کردنی سیاسەتێکی دروست، توانی سەرجەم ئەو تەبلیغاتە ناڕەوایەش بکاتە بڵقی سەر ئاو. چونکە حیزبی دێموکرات هەمیشە سەربەخۆیی خۆی لە بڕیاری سیاسیدا وەک مافێکی بێ ئەملاو ئەولا بۆ خۆی هێشتۆتەوە. ئەو بەڵگانەش کە دوای رووخانی حکومەتی سەددام کەوتنە دەست ‌هێز و لایەنە سیاسیەکان، شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە پێوەندی حیزب لە گەڵ حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستاندا بووە. کۆماری ئیسلامی لەم دوایانەدا دەستەو داوێنی تۆمەت و پیلانێکی دیکە بووە. کە ئەگەر بە دەقیقی و بەو وشیاریەوە بەرپەرچی نەده‌ینەوە، لەوانەیە تێچووی ئەم پیلان و تەبلیغاتە لە ئەوانی پێشتر زیاتر بێت. لەم یەک دوو ساڵی رابردوودا کە خەباتی حیزبی دێموکرات و بزوتنەوەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان جموجۆڵی زیاتری پێوە دیارە، رێژیم ئیدعا دەکات کە ئەم حەرەکاتانەو حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵکی رۆژەهەڵاتی کوردستان، بە پێی بەرنامەی عەرەبستانی سعوودیە. بەڵام جێگەی سەرنجە کە رێژیم بۆ چی ئێستا ئەم تەبلیغاتە دەکات. با سەرەتا ئەمە بڵێین کە بێ گومان کاربەدەستانی رێژیم لە هەموو کەس چاکتر دەزانن کە ئەم ئیدعایانەیان چەندە بێ بنەمان و دەزانن کە پێشمەرگە خەباتکاری رێگەی رزگاری گەلی کوردە و جگە لە هەوڵ دان بۆ مافە نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردستان هیج ئامانجێکی دیکەی نیە. بەڵام بە وەبەر چاو گرتنی ئەو خەباتە بەربڵاوەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا لە دژی داعش هەیە و دەشزانین کە داعشیەکان لە بواری مەزهەبیەوە سوننەن. رێژیم دەیهەوێ خەڵکی ئێران وا تێبگەیەنێ کە عەرەبستان پشتیوانی داعشە و سەرجەمی ئەوانە لە دژی دەستەڵاتی شیعەکانی ناوچکەن. دەیهەوێ بە خەڵکی ئێران بڵێت کە حیزبە کوردستانیەکان سەر بە عەرەبستانن و وێڕای داعش شەری شیعەکان دەکەن. جگە لەوە، رێژیم مەبەستیەتی کە بەرگێکی مەزهەبی بە بەر بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستاندا بکات تا هەم خوشک و برا شیعەکانی کوردستان  لە  بزووتنەوەی نەتەوایەتی دوور بخاتەوە، هەم  دەمارگرژەکانی شیعەش لە نێوخۆی ئێراندا زیاتر لە دژی حیزبی دێموکرات و بە گشتی بزووتنەوەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هان بدات. بەڵام بێ گومان ئەم پیلانەش وەک پیلانەکانی رابردوو، بە وشیاریی هەموو لایەک، پووچەڵ دەبێتەوە و سەرەنجام حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە ئاکامی دڵخواز دەگات.