کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمانی بە مین چێندراو

11:34 - 11 رەزبەر 2716

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی خەبات و تێکۆشان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتنە سەر مەیدانێکی بە مین چێندراو لە لایەن هێزەکانی داگیرکەری کوردستان و لە ئەنجام‌دا بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان شەهید بوون. ئەگەرچی ئەو مینانەی بۆ پێشمەرگەکان داندرابوون، مینی ئاسایی نەبوون و لە راستی‌دا بۆمبێکی بەهێز بوو لە گوێن ئەو بۆمبانەی کە سپای رەشی داعش بەردەوام بە کاریان دێنێ بەڵام شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی تاکە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون. تازە زانیاری‌یەکان لە بابەت دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی نۆی بۆ چاندنی مین لە ناوچەکانی پیرانشار و مەریوان لە لایەن سپای پاسداران، ئاشکرا ببوو کە بە داخەوە لە ناوچەی مەریوان سێ مێرمندال کەوتنە سەر مەیدانی مین. رۆژێک پێشتریش لە ناوچەی سەردەشت ٣ مناڵی دیکە کە خەریکی کایە و یاریی مناڵانەی خۆیان بوون، کەوتنە سەر مین و یەکیان گیانی لە دەست دا و دوو منالەکەی دیکەش بە توندی بریندار بوون. بە پێی ئامارەکان ٦ میلیۆن هێكتار له‌ خاكی ئێران به‌ ٢٠ میلیۆن مین چێندراوه‌. بەوەش لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا وڵاتی ئێران پلەی دووهەمی لە زیاترین زەویی بە مین چێندراو هەیە. زۆربه‌ی نیزیک بە تەواوی ئەو مینانە و ئەو ناوچە مینرێژکراوانەش لە کوردستان و لە چوار پارێزگای‌ ئیلام، كرماشان، سنه‌ و ورمێ هەڵکەوتوون. مینە چێندراوەکان دوو بەشن؛ بەشێکیان پاشماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانن کە دوای کۆتایی شەڕیش کۆماری ئیسلامی هیچکات مەیلی بە لای هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە و پاک کردنەوەی کوردستان لە مین نەبووە. نەک هەر نایهەوێ ئەو مینانە هەڵگرێتەوە و زەویە مینڕێژکراەکان پاک بکاتەوە تەنانەت هەر لەو کاتەوە کە کوردستانی داگیر کردووە، سیاسەتی چاندنی مین لە کوردستان پێڕەو دەکا. ئەوەش بەشی دووهەمی مینە چێندراوەکان لە کوردستان پێک دێنێ. سیاسەتی مینڕێژکردنی خاکی داگیرکراو لە لایەک خدەی هەر داگیرکەرێکە سەبارەت بە نیشتمانێک کە داگیری کردوە و لە لایەکی دیکەش چونکە لەو نیشتمانەدا نامۆیە و دژی خەڵکە و خەڵک دژیه‌ی، ناچارە پەرژینێک بە مین لە دەوری هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانی خۆی چێ بکا. ئامارەکان هەروەها دەڵێن له‌ ساڵی رابردوو‌دا ‌ ٣٦ كه‌س له‌ كوردستان بوونەتە قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی‌ مین کە ١٢ كه‌سیان بەو هۆیە گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٢٤ کەسیشیان بریندار و نقوستان بوون. منداڵان و مێرمنداڵان چ لە کاتی یاری و گەمەدا و چ ئەو کاتانەی کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە کێو و چیاکانن، سەرەکیترین قوربانیانی تەقینەوەی مینن. کۆڵبەران و کاروانچیان، جووتیاران و مەڕداران و ئەو ژن و پیاوانەی بەهاران بە مەبەستی چنینەوەی گیای بەهاری روو لە چیاکان دەکەن، بەشێکی دیکە لە قوربانیانی نیشتمانی بە مین چێندراون. بەربڵاویی مەیدانی مین لە کوردستان تا ئاستێکە کە تەنانەت هێندیک جار هێزەکانی سپای داگیرکەر بۆخۆیشیان دەبن بە بەشێک لە قوربانیانی ئەو مینانەی کە هەر خۆیان دایانچاندوە. کەلک وەرگرتن لە مین بە تایبەت مینی دژە نەفەر لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا بابەتێکی جێگای باس و سەرنجە. خەسارەکانی ئەو جۆرە مینە بە درێژایی سەدەی رابردوو گیانی زۆر کەسی مەدەنی ئەستاند یا نقوستانی کردن. خەسارەکە بە رادەیەک بوو کە وڵاتانی جیهانی ناچار کرد بیر لە سنووردارکردنی بە کارهێنانی ئەو جۆرە مینە بکەنەوە. سەرەنجام ساڵی ١٩٩٧ لە شاری ئۆتاوای کانادا پەیمانی ئۆتاوا بۆ ئەو مەبەستە هاتە کایەوە. بە پێی ئەو پەیمانە وڵاتان عەمباری مینە دژەنەفەرەکانی خۆیان تونا دەکەن و لە سازکردن، کەلک وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنیشی خۆ دەپارێزن. ئەگەرچی زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پەیماننامەیان واژۆ کردووە لێ هێشتا ٣١ وڵات و لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نەبووە مل بەو پەیمانە بدا. بەڵام بەرامبەر بەوە نیزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵات پەیوەست بە بانگەوازی رێکخراوی ژێنێڤا کال بوون کە یەک لە ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە بەکارنەبردنی مینی دژەنەفەر لە شەڕ دایە. ئەگەرچی ئەم پەیوەستبوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە بانگەوازی کۆتایی بە کاربردنی مینی دژەنەفەر گرینگ و لە جێگای خۆی دایە و ئەوان رۆڵێکی ئەوتۆیان لە مینڕێژکرانی ئەو پانتاییە بەرینەی نیشتمانی رۆژهەلات نییە بەلام واژۆکەیان هەتا ئێستا بەرهەم و دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە. رۆژانە مین لە کوردستان گیانی هاونیشتمانان دەستێنێ بەبێ ئەوەی رێکخراوی ژێنێڤاکال ئاگادار بێ، بە قەد ئەو هەموو قوربانی‌یە هەڵوێستی هەبێ و بیروڕای گشتی سەبارەت بەو تاوانە ئینسانی‌یە دژ بە مرۆڤی کورد، بە گژ کۆماری ئیسلامی‌دا بکرێ. حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەگەرچی یەک لە دوای یەک پەیوەست بە بانگەوازی ژنێڤ بوون و ئەوە نیزیک بە چوار ساڵ بە سەر ئەو پەیوەستبوونەیان‌دا تێدەپەڕێ بەڵام بە داخەوە ئەو خاڵە هاوبەشە نەیتوانی ئەوان سەبارەت بەو بابەتە گرینگە کە رۆژانە گیانی کوردستانیان دەستێنێ، کۆک و هاوکار بکا. ئەگەر پەیوەستبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە رێکخراوی ژێنێڤاکال تەنیا بۆ مانۆڕێکی سیاسی یا بەستنی دەستی خۆیان لە بەکاربردنی مین بێ لە حاڵێک‌دا کە مینی دوژمن رۆژانە گیانی خەڵکی کوردستان دەستێنێ، ئەوە تەنیا بەردەکانیان بەستۆتەوە و سەگەکانیان بەرەڵا کردوە. بەڵام بوونی ئەوان لەو رێکخراوەدا هەروا بەستێنێکی گرینگ و دەست لێنەدراوە بۆ کاری هاوبەش و بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە مینڕێژکردنی بەردەوامی کوردستان و بۆ رزگار کردنی نیشتمانێکی بە مین چێندراو. لە ژماره‌ ٦٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌