کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتی دەستپێکی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە نێوان تورکیه‌ و کوردەکان هاتووە

14:56 - 15 رەزبەر 2716

وه‌رگێڕان: که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور جۆکێک هەیە کە دەڵێ: لە کوردێک کە چاوەڕوانی ئیعدام‌کران بوو دەپرسن دوایین ئاواتت چیە؟ لە جواب دا دەڵێ: چاوم بە دایکم بکەوێ. پاشان لە تورکەکە هەمان پرسیار دەکەن و ئەویش لە جواب دا دەڵێ: کوردەکە چاوی بە دایکی نەکەوێ. ئەوە کۆکراوەی روانگەی هەنووکەیی تورکیه‌یە بەرامبەر بە باکووری سوریه‌. له‌م دواییانه‌‌دا برێت مەکگۆرک، نێردواری تایبەتی سەرۆک‌کۆمار ئۆباما لەسەر پرسی داعش، لە نیویۆرک کەوتە بەر تانەی سەرۆک‌کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبەر سەردانەکەی لە مانگی فێوریە‌دا بۆ کۆبانی لە سوریه‌، سەمبۆلی هەرە بەرچای خۆڕاگری کوردان بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسلامی. مەکگۆرک خەڵاتێکی لە لایەن شەرڤانە کوردەکانەوە، کە ئەردۆغان بە تێرۆریستیان دەزانێ، پێ بەخشرا. کاتێک کە ئەرۆغان دەیهەویست [ لە هۆڵەکە] دەرکەوێ بە مەکگۆرکی گوت: 'دووپاتی نەکەیتەوە!' کێبەرکێی نێوان کورد و تورک هەندێ جار بە قازانجی واشینگتۆن بووە، هەر ئەو کێبەرکێ‌یە تورکیه‌ی بۆ شەڕ بە دژی داعش و کوردەکانی بۆ ئامانجی بوێرانە وەک گرتنەوەی مۆڵگەی بە هێزی جیهادیه‌کان له‌ گرێ سپی و مونبیج هان دا. کوردەکانی سوریه‌ هاوپەیمانێکی کاریگەری ویلایەتە یەکگرتووەکان بوون لە جەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامی و دەورێکی سەرەکی لە هێرشی چاوەڕوانکراوی سەر پێتەختی دەولەتی ئیسلامی لە رەققە دەگێڕن. بەڵام لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بۆ هاوکاری لەگەڵ کوردانی سوریه‌ بەبێ گیروگرفت ساز کردن لە لایەن ئانکاراوە، واشینگتۆن تا رادەیەکی زۆر چاوی لە هەمبەر خراپتر بوونی بارودۆخی کوردەکان لە تورکیه‌ نووقاندووە. بەڵام ئەو باڵانس راگرتنە ئاستەمە، ناتوانێ تا ماوەیەکی زۆر درێژەی هەبێ. بەبێ جۆرێک مامەڵە لە نێوان کورد و تورک، زۆری پێ‌ناچێ کە ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریەی ئەوبەری سنوور کە تورکیه‌ی لە پشتە لەگەڵ هێزە کوردی‌یەکانی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانیان دەکا تووشی شەڕ و پێکدادان دەبن. لە جیاتی "مودیرییەت" کردنی ئەو دۆخە ناسکە وا باشترە بەڕێوەبەریی ئۆباما ماوەی دەسەڵاتداریی خۆی بەکار بێنێ تا ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان هان بدا. پرسی کورد چیتر ناتوانێ لە چوارچێوەی سنوری هیچ کام لە وڵاتان‌دا چارەسەر بکرێ، ئەوەی لە تورکیه‌ دەگوزەرێ بە شێوەیەکی ئاڵۆز پەیوەندی بە هاوکێشەی سوریه‌وه‌‌ هەیە و بە پێچەوانەشەوە. کە وابوو شتەکە مەسەلەیەکی دژەتێرۆریستی ساکار نیە، هەروەها پشتیوانی‌یەکی بەهێز بۆ جووڵانەوەی کوردی لە نێوخۆی تورکیه‌ بوونی هەیە. ئەردۆغان راست دەکا کاتێک دەڵێ کوردەکانی سوریه‌ و نەیارانی کورد لە تورکیه‌ بەیەکەوە پەیوەندییان هەیە. پەکەکە(پارتی کرێکارانی کوردستان) براگەورەی بەهێزی کوردەکانی سوریه‌یە و دەیان ساڵە بەدژی تورکیه‌ دەجەنگێ. ئەردۆغان هەروەها حەقیەتی لە هەڵمەتی توندوتیژی پەکەکە لە نێو تورکیه‌ سکاڵا بکا، پاش کۆتایی کوتوبڕی گفتوگۆی ئاشتی لە ساڵی رابردوو‌دا، تووندوتیژی‌یەکان خەراپتر بوون و رێژەی قوربانی‌یەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی رێژەی سەرهەڵدانەکە، وەڵامی بەزەبری سوپای تورکیه‌ ناتوانی براوە بێ و تەنیا دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ناڕەزایەتی لە نێو جیلی داهاتووی لاوانی کورد‌دا، ئەویش یەکگرتوویی درێژخایەنی تورکیه‌ دەخاتە مەترسی‌‌یەوە. هەر چەشنە سازانێک لە نێوان تورکیه‌ و کوردەکان دەبێتە هۆی هێور بوونەوەی سەرهەڵدانەکە لە نێوخۆی تورکیه‌؛ کە تائێستا بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس و پۆتانسییەلی ئەوەی هەیە کە هاوپەیمانێکی گرینگی ناتۆ ناسەقامگیر بکا. تورکەکان دەبێ فکری مەزن و درێژخایەن بکەنەوە. لە جیاتی بە شێوەیەکی نۆستالژیک ناوی سوڵتانەکانی عوسمانی لە سەر پرد و تونێلەکان بنێن و برەو بە ناسیۆنالیزمی تورکی بدەن، رێبەرانی تورک دەبێ وەک نەوەی شیاوی هێزێکی ئیمپێراتوریی هەڵسوکەوت بکەن. ئەوە بە مانای دەستهەڵگرتن لە شەیدایی مالیخولیایی دژی کوردانی سوریه‌ و دەستپێکردنی وتووێژ لە نێوخۆیە. فەرمانبەرێکی پێشووی تورک جارێکیان بە منی گوت: 'لە درێژخایەن‌دا تورکیه‌ یا بچوک یا گەورە دەبێتەوە'. ئەوەی دواتر دەبێتە کارێکی ئەمپێراتوریەتی. بۆ ئەو کارە رێبەرانی تورک دەبوو ببنە فریشتەی پارێزەری کوردان لە ناوچەکەدا و پشتیوانیی دەوڵەتێکی کوردی دۆست لە سوریه‌ بکەن. لە کۆتایی‌دا، مەسەلەی دێموکراسی لە تورکیه‌یە، کە وێدەچێ هەموو کەس لە رۆژئاوا لێی بێ‌هیوا بووبێ. مەسەلەی کورد هه‌میشە مەحەکی چۆنایەتیی دێموکراسی لە تورکیه‌ بە شێوەیەکی گشتی بووە کە کاریگەری لەسەر هەموو شتێک لە ئازادی رادەربڕین‌ڕا بگرە تا هەڵبژاردنەکان هەبووە. پاش کۆتایی وتووێژی ئاشتی لەگەڵ کوردە یاخیبووەکان ساڵی رابردوو، دێموکراسی تورکیه‌ رۆژ لەگەڵ رۆژ کزتر بووە. دوڵەتی تورکیه‌ لەو دواییانە‌دا دەستی کردووە بە لابردنی شارەدارەکانی هەڵبژێراو و هەر ئێستا پارێزبەندی لەسەر نوێنەرانی کورد لە ئانکارا هەڵگرتووە ، ئەوە نیشانەیەکە کە ئەوان ده‌یانهەوێ لە چەند مانگی داهاتوو‌دا دەستبەسەریان بکەن. وا وێدەچێ کلیلەی وەرسوڕانی سەرەڕۆیی ئەردۆغان و پاراستنی دەسکەوتە ناسکەکانی سوریه‌ بە نێو دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردان‌دا تێپەڕ دەبێ. لە ژماره‌ ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌