کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەوتی ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە گرینگەکانی لە ئێران‌دا(بەشی هەشتەم)

15:05 - 15 رەزبەر 2716

دوکتور عەلیی شەریعەتی١ عەلیی مەزینانی یا شەریعەتی بێرمەندێکی ئیسلامی شوڕشگێڕ بوو کە بە قسەکردن، کتێب‌نووسین و وتارەکانی، کاریگەریی زۆری لە تێئۆریزەکردنی ئیسلامی سیاسی لەنێو رووناکبیران و خوێندەواران و زانستگاییەکان و توێژی مام‌ناوەندیی‌دا هەبوو. لە بارەی شەریعەتی‌دا، بەو جۆرە نووسراوە: نووسەر، کۆمەڵناس، مێژووناس و لێکۆلەری دینی خەڵکی ئێران. لە تێکۆشەران و چالاکانی مەزهەبی و سیاسی لە داڕێژەرانی بیری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بوو. شەریعەتی لە ئەدەبیاتی هاوچەرخ‌(ی ئێران)دا، بە مامۆستا(معلم)ی شەهید ناوی دەبرێ. - ویکی پێدیا- عەلیی شەریعەتی لە گوندی "کاهەک" سەربە شاری سەبزەواری خوراسان لە ساڵی ١٣١٢(١٩٣٣) لەدایک بوو. لای باوکی محەممەد تەقی شەریعەتی وانە ئیسلامی‌یەکان فێرببوو. باوکی کە روحانی بوو، بە قەولی عەبدولعلی بازرگان: مزگەوتی هەڵنەبژارد و لە رێگای خومس و زەکات ژیانی نەکرد. ئەو لە ئیدارەی فێرکردن و بارهێنان دامەزرا و مامۆستای قوتابخانە بوو. لە مەشهەد شوێنێکی بەناوی کانوونی حەقایقی ئیسلامی دامەزراند. ئەو کەسێکی دیکەی بەناوی مامۆستا تاهیری ئەحمەدزادە، لەو ناوەندە لەگەڵ بوو. عەلیی شەریعەتی کە تاقانە بوو، لەسەر ئیسلامی سیاسی لە ئێران کاری کرد و کارێگەری دانا. مەسعوود و مەجیدی ئەحمەدزادە کۆرەکانی تاهیر لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی چریکە فیداییەکان و پەرویزی پوویانیش، هەموویان پەروەردەی کانوونی حەقایق بوون. شەریعەتی کە ٤٤ ساڵی تەمەن کرد، پتر لە ١٠٠ کتێب و نووسراوەی هەبوو. ئەو حوسێنییەی ئیرشادی کردە گەورەترین پێگەی خۆی و لاوەکانی تێدا سازمان دا. گرووپی جۆراوجۆری پێک هێنا، بەتایبەتی جەختی لەسەر کاری شانۆیی دەکرد. میر حوسێنی مووسوی و محەممەد عەلی نەجەفی دەرهێنەری سریالی سەربەداران، لە قوتابی‌یەکانی شەریعەتی بوون. ئەو سێ هەزار خوێندکاری لەو حوسێنییەدا، ناونووس کردبوو. - عبدالعلی بازرگان، مصاحبە با تلویزیون پرتو نور- شەریعەتی لە کاتی خوێندن و لە ردەکانی قوتابی و خوێندکاری‌دا، زۆر زیرەک بوو. بۆیە دوای تەواو کردنی لیسانسی ئەدەبیات لە زانستگای مەشهەد، لە زانستگای سۆربۆنی فەڕانسە لە ١٩٥٩ - بورسی پێدرا و لە ١٩٦٤ دوکتورای وەرگرتوە. هەرچەند سەبارەت بە رەشتەی بڕوانامەکەی قسەی جۆراوجۆر هەیە؛ عینوانی فەرمی بڕوانامەکەی "مێژووی ئیسلامی لە سەدەی نێوەڕاست" ە. بەڵام باڵیوێزخانەی ئێران لە پاریس، بڕوانامەکەی وەک دوکتورا لە ئەدەبیات بە فەرمی ناسیوە. - ویکی پێدیا- شەریعەتی یەکێک لە پشتیوانەکانی بزووتنەوەی خۆماڵی کردنی نەوت کردبوو و لە رێکخراوی نیهزەتی خوداپەرستانی سوسیالیست‌دا ئەندام بوو. لەگەڵ بەرهەمەکانی فرانتیس فانوون و سارتر ئاشنا بوو. پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەلجەزایر کرد و تێیدا زۆر چالاک بوو. لە چالاکی‌یەکانی ئەلجەزایری‌یەکان لە فەڕانسە بەشدار بوو. ئەو لە زانستگای سۆربۆن هاوپولی هەواری بومدین بوو؛ کە بوو بە دووهەمین سەرکۆماری ئەلجەزایر. ئەو چەند کتێبی فڕانتیس فانوون و ژان پۆل سارتری تەرجەمە کردووە. ئەندامی کۆنفێدراسیونی خوێندکاران لە دەرەوەی وڵات و یەکێک لە دامەزرێنەرانی نێهزەتی ئازادیی ئێران لەوێ بوو. نووسین و قسە نوێیەکانی لەسەر ئیسلامی شیعەی عەلەوی کە مەسەلەکانی رۆژ و کێشەکانی هەژاری و بێدەرتانی خەڵکی باس دەکرد و رێگاچارەی خەبات بە دژی سەرەڕۆیی باس دەکرد، هەوڵی دا و بیرێکی نوێی بەرهەم هێنا. لەگەڵ شیعەی سەفەوی-کە لە حەوزەکانی عیلمیە‌دا، برەوی هەبوو-، بە سوونەتی دەزانی و موخالیفی بوو. ژیان و تێکۆشانی شەریعەتی لە لایەن موافیقان و موخالیفانی بە کەسێکی چەند رەهەندی دەناسرێ. عەبدولعەلیی بازرگان دەڵێ: هەموو پێیان وایە شەریعەتی کەسایەتی‌یەکی سیاسی، یا دژی رێژیمی شا بوو. بەڵام پتر لە سەرەڕۆیی حکوومەتی، دژی سەرەڕۆیی دینی، دژی سەرەڕۆیی حەوزەیی و دژی دواکەوتوویی بوو. قسەیەکی بەناوبانگی شەریعەتی ئەوەیە کە: ژمارەیەک لەو ئاغایانە، دەستێکیان بۆ وەرگرتن و دەستێکیان بۆ ماچ کردن هەیە. ئەو تەبلیغی ئیسلامی بێ‌روحانییەتیشی دەکرد. و بە دوکانێکی دەزانی بۆ ئەوان. بۆیە دژایەتیی توندیان دەکرد. میسباحی یەزدی، شێخ مورتەزای جەزایری، سەید قاسمی ئیسلامی لە دژبەرە توندەکانی شەریعەتی بوون. ئەوان و هاوبیرانیان هەوڵیان دا لە مەرجەعەکانی شیعە دژی شەریعەتی فتوا وەرگرن. شەریعەتیان بە سونی، وەهابی و... دەشوبهاند. ئەوان ناوی ناحەزیان بۆ حوسێنییەی ئیرشاد بە کار دێنا. ساواکیش بە غه‌نیمەتی دەزانی کە شەریعەتی لە لایەن روحانی‌یەکانەوە تەکفیر دەکرێ. حەسەنی یووسفی ئیشکەوەری- کە پێشتر روحانی بوو-، دەڵێ: شەریعەتی یەکێک لە بیرمەندانی جیهانی ئیسلام بوو. ئەو لەپێش‌دا، بڕوای بە شۆڕشی فەرهەنگی هەبوو. کتێبەکانی ئەو تیڕاژی میلیۆنیان هەبوو. - رسانەی سبز ایران- دوکتور عەباسی میلانی-مامۆستای زانستگای ستەنفۆردی ئەمریکا-، سەبارەت بە شەریعەتی دەڵێ: بێشک روحانییەت لە ساڵی ١٩٦٢‌‌دا دەیزانی ئەگەر نەتوانێ چینی مام‌ناوەندی و خوێندوار بۆ لای جۆرێک لە بیروڕای مەزهەبی راکێشێ، یارییه‌ سیاسی‌یەکەی دۆڕاندوە. شەریعەتی ئەو کارەی بۆ کردن. بەڵام هەر دیتیان هێرش بۆ روحانی‌یەکان دەکا، خەریکی پیلان‌گێڕی بەدژی بوون. ساواکیش هەر ئەو کارەی کرد. هەتا جێگایەکی تەحەموولی کرد و بە دژی چەپەکان کەڵکی لێ وەرگرت. بەڵام دوایی بەکردەوە بۆی دەرکەوت کە موجاهدینی خەڵق پەروەردە دەکا، زیندانی کرد. د. میلانی پێی وایە: ئەکبری گەنجی نووسراوەیەکی زۆر گرینگی رەخنەیی لەسەر شەریعەتی نووسیوە. میلانی، شەریعەتی بە بنیاتنەری "فرهنگ شهادت" دەزانێ، کە بەداخەوە ئێستاش بوونی هەیە. - صدای آمریکا، برنامەی افق، علی شریعتی، اسلام سیاسی و اسلام بدون روحانیت.- شەریعەتی کە لە ساڵی ١٣٤٣‌دا، هاتەوە ئێران، لە سنووری تورکیە و ئێران گیرا و ماوەی چوار مانگ لە "قزل قلعە" زیندانی کرا. پاشان هەرچەند بڕوانامەی باڵای خویندنی هەبوو، بۆ مامۆستای چوارەمی سەرەتایی لە گوندێکی دەرووبەری مەشهەد دامەزرا. چونکە دامودەزگای دەوڵەتی بەتایبەتی ساواک سەرەتا هەوڵیان دەدا عەلیی شەریعەتی زۆر لە پەراوێزدا بێ. بەڵام دواتر لە زانستگای مەشهەد بوو بە مامۆستا. شەریعەتی لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی چووە حوسێنییەی ئیرشادی تاران و لە سوخەنرانی و شێکردنەوە و نووسینەکانی لەسەر ئیسلامی عەلەوی و تێکەڵاوکردنی لەگەڵ بەشی ئابووریی سوسیالیستی، سەرنجی توێژی خوێندەواری رادەکێشا. دوکتور عەلیی شەریعەتی لەگەڵ خانمێکی هاوپۆلی بە ناوی پوورانی شەریعەت رەزەوی ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو. برایەکی پووران بە ناوی مێهدی شەریعەت رەزەوی ناسراو بە ئازەر لە خوڵقاندنی رۆژی خوێندکار‌دا، گیانی لێ ئەستێندرا. پووران یارمەتیدەرێکی باشی شەریعەتی لە تێکۆشانەکانی‌دا بوو. شەریعەتی سەبارەت بە ئازەری شەریعەت وتبووی: ئەگەر ناچارییەک بۆ زیندوومانەوەم نەبوایە، خۆم لە بەرانبەر زانستگا ئاور تێبەر دەدا، ئەو جێگایەی کە ٢٢ ساڵ پێشتر ئازەری ئێمە لە ئاوری بیدادی‌دا‌، سوتا و ئەویان لەپێش پێی نیکسۆن[ جێگری سەرکۆماری ئەوکاتی (١٣٣٢، ١٩٥٣)ئەمریکا]‌دا، قوربانی کرد. - ویکی پێدیا، مجموع آثار شمارە ١- با مخاطب های آشنا (وصیت نامە)- د. عەلیی شەریعەتی ئیسلاح‌گەرێکی دینی بوو کە ویستی وانەکانی مەزهەبی شیعە بەرۆژ بکا و لەگەڵ شێوەیەک مۆدێرنیتەی رەخنەیی تێکەڵاوی کا. ئەو ویستی عەزا و ماتەمین و لەخۆدان بۆ رووداوی کەربلا و فەرهەنگی نەوحەخوانی بۆ شیکردنەوەی مێژووی بەرگری لە بەرانبەر زۆرداری و سەرەڕۆیی بەرێ. ئەوە بۆچوون و کردەوی باوکیشی بوو لە ژماره‌ ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌