کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی زگماکی وه‌ک هێز

15:33 - 15 رەزبەر 2716

زمان یەکێک لە ئاڵۆزترین داهێنانەکانی مرۆڤە، هاوکات رازێکی سەرنجراکێش و گرێ‌یەکی سەختی بواری لیکۆڵینەوە و تێڕامانیشە، چۆن زمان پەیدا بووە؟ بۆچی زمان بووە بە هۆکاری پەیوەندی دروست کردن و چۆن پرۆسەی لێک‌گرێدانی دەنگ و واتا، رستەسازی و وشەسازی دەستی پێکردووە و تائێستاش بەردەوامە؟ لەو پرسیارە سەرەتایی و بنەڕەتی‌یانەن کە زمانناسانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، هاوهەنگاو لەگەڵ گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی‌دا زمان تەنیا لە چوارچێوەی هۆکارەکانی پەیوەندی پێکەوەکردن‌دا نەماوەتەوە و لە کۆنتێکستی جیاواز‌دا رۆڵ و ماهیەتی خۆی گۆڕیوە و کارەکتەری جۆراوجۆری تاقی کردۆتەوە، بۆ نموونە زمان لە تێروانینی یەکەم‌دا رۆڵێکی مەدەنیانە دەگێڕێ و پانتایی پێک‌گەیشتن، لێک‌تێگەیشتن و پێوەندی دروست کردنی نێوان مرۆڤەکانە. لەگەڵ گۆڕانکاری‌یە مێژوویی و سیاسی‌یەکان، لە دنیای مۆدێرن‌دا زمان بەرگێکی سیاسی‌یانە دەپۆشێ و دەبێتە مەیدانی جیاکردنەوەی سنوورەکانی دەوڵەت ـ نەتەوە و بەشداری و پشکداری لە کایە سیاسی‌یەکان و رەوایەتی دەبەخشێ بە هاووڵاتی‌بوون لە فۆرمێکی ئیداری و سیاسی‌دا، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەو کارکردە ئایدۆلۆژیکی‌یەی زمان لە تورکیە و ئێران‌دا بکەین. زمان لە کارەکتەرە شوناسخوازی‌یەکەی‌دا کە مەبەستی سەرەکیی ئەو وتارەشە، پانتایی ئەزموون کردنی ناسنامەیە، ئامرازێکی کارا و بەهێزی پێناسەکردنەوە و دان‌پێدانانە لە سنوورەکانی نەتەوە ـ دەوڵەت‌دا و نزیک بوونەوە لە نێوەندی دەسەڵات. ئەو کارەکتەرەی زمان لەنێو کەمینە ئاینی و ئێتنیستیەکان‌دا، یا لەنێو نەتەوە پەراوێزخراوەکان‌دا بە روونی بەرچاو دەکەوێ. بۆ کوردەکان زمان هەم دیوێکی بەرگریخوازانەی هەیه‌ کە بەشێکە لە ناسنامەیەک و دەبێ لە ئاست هێژمونی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان‌دا وەک میراتێک و گەوهەرێکی بەبایەخ بپارێزرێ، هەم دیوێکی هێرشبەرانەشی هەیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دروست کردنی قەوارەیەکی سیاسی. ئێستا لە دنیادا لە نێوان ٣٠٠٠ تا ٨٠٠٠ زمان بوونی هەیە، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە ناکرێ ئامارێکی ورد لەو بارەوە بڵاو بکرێتەوە ئەوەیە کە سنوورەکانی نێوان زمان و دیالێکت لە زۆر شوێن‌دا بە تەواوی روون نین، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، ئەو راستی‌یە لە جێگەی خۆیەتی کە زمان لە پرۆسەیەکی مێژوویی‌دا بووە بە بەشێک لە سروشتی مرۆڤ و تەنانەت دیارترین هێڵی جیاکردنەوەی لە زیندەوەرەکانی دیکەش. کەواتە بە دەربرینێک دەتوانین بڵین کە زمانی زگماکی لە سروشتیترین داهێنراوەکانی مرۆڤە، لەوانەیە هیچ دەستکردێکی دیکە مرۆڤ هێندەی زمان لە سروشتی مرۆڤەوە نزیک نەبێ. پیەر بۆردیۆ فەیلەسوفی ساختارگەرای فەرانسەیی لە لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسی‌یەکانی‌دا قورساییەکی زۆر بە زمان وەک سەرمایەیەکی رەمزی دەدا وەک پێکهێنەرێکی سەرەکیی هێز لە مەیدانە سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکان‌دا دەیناسێنێ، ئەو پێی وایە کە زمان تەنیا هۆکاری پەیوەندی پێکەوەکردن نیە بەڵکوو بەستێنێکی سیاسیشە بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی هێز و دەسەڵات کە لەوێ‌دا تاکەکان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن. پرسیاری سەرەکی لێرەدا واتای ئاخاوتن و دەربڕین نیە بەڵکوو پرسیار لەسەر ئەوەیە کە ئاخاوتن و دەربرین چ هێز و قورساییەکیان هەیە، سەرنجی خوێنەر لەسەر رەوانبێژی و توانای قسەکردن دەگوازێتەوە بۆ سەرنج لەسەر سەرمایەی رەمزی وتەبێژ، کە پێگەی ئەو لە ساختاری کۆمەڵایەتی‌دا دیاری دەکا، واتە زمان لە نێو پەیوەندی‌یە کۆمەڵایەتی‌یەکان‌دا بیچم دەگرێ نەک وەک ئامرازێک بۆ پێوەندی پێکەوە‌کردن. ئەو لەسەر ئەو باوەرەیە کە زمان سیمبول یان رەمزێکە کە لە رێگەی قسەپێکەرەکانیەوە دانی پێدا دەنرێ و لەو رێگەیەوە هێز و دەسەڵات بە تاک و گرووپ دەبەخشێ، واتە زمان لە نێوەندی دەسەڵات دایە، ئەوە سەرەرای ئەوەی کە مرۆڤەکان لە رێگەی ئەزموونە دەرەکی‌یەکانی خۆیانەوە دنیای دەرەوە هەست پێ‌دەکەن و لە رێگەی زمانەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دنیایە دروست دەکەن، ئەزموونە دەرەکی‌یەکان ئەو سەرمایە سێمبولیکیانەن کە هێژمونی بە دەسەڵاتی زمان دەدەن، ئەگەر گرووپێک دەرفەتی وەسەریەک‌نانی سەرمایەی سێمبولیکی بۆ رەخسابێ ئەوا لە زمانیش‌دا هێژمونی هەیە، ئەو سەرمایەیە دەکرێ پلەی بەرزی خوێندن، پێگەی سیاسی و ئابووری بێ کە زمانی قسەکەر دەباتە نێوەندی دەسەڵاتەوە. تیۆری‌یەکەی بۆردیۆ بەرچاوروونی‌یەکی باشمان دەداتێ تا بتوانین لە لایەکەوە لە گرینگیی خوێندن بە زمانی دایک تێبگەین و لە لایەکی دیکەشەوە لە پیلانەکانی سیستمێک ئاگادار بین کە دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایک لە نێوەندەکانی خوێندن‌دا نادا، بۆ نموونە لە ئێران‌دا سەرەڕای هەبوونی بەندێکی ناتەواو و تا رادەیەکیش ریاکارانە لە یاسای بنەرەتی‌دا کە رێگە بە خوێندنی زمانی دایک لە قوتابخانەکان‌دا دەدا، بەڵام لە پراکتیک‌دا نەک هەر ئەو دەرفەتە نەرەخساوە بەڵکوو قسەکردن بە زمانی نەتەوەیی زۆرجار تەنبێکردن و سزادانیشی بە دواوە بووە. هەبوونی بەندی پازدە و مانەوەی لە یاسای بنەرەتی‌دا بۆ ئەوەیە کە هەر کاتێک باس لە زمانی زگماگ هاتە گۆرێ وەک سپەرێک لە ئاست نەتەوە و کەمینەکان‌دا بەکار بهێنرێ و وەک پرۆژەیەک کە هیچکات جێبەجێ نەکراوە بە منەتەوە بە چاویان‌دا بدرێتەوە، ئەگەر بە پشتیوانی لە روانگەی بۆردیۆشەوە لە هۆکارەکانی پراکتیزە نەکردنی بەندێکی ئاوا یان لە بنەڕەتەوە هەقی خوێندن بە زمانی دایک بکۆڵینەوە ئەوا دەبێ بڵێین کە هۆکاری یەکەم ئاگادار بوونی رێژیم لەو سەرمایە رەمزییەیە(زمان) کە هێژمونی و پێگەی گرووپێک دەباتە سەرێ و هێز و دەسەڵاتی پێ دەبەخشێ و لە کێشمەکێش و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکان‌دا پارسەنگەکە بە لای خۆی‌دا دەکێشێتەوە، لە روانگەی تارانەوە یەک زمانی لە خوێندن‌دا یەکگرتوویی و ئاسایشی میللی دەپارێزێ و دەوڵەت بە بەهێزی دەهێڵێتەوە، واتە سنووردارکردنی زمان لە نووسین و ئاخاوتن‌دا دەبێتە سنووردارکردنی بەکاربەرەکانی ئەو زمانەش لە پشکدار بوونیان لە کایە سیاسی و مەدەنی و ئابووری‌یەکان‌دا. هۆکاری دووهەم ئەوەیە کە بە گشتی لەنێو نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان‌دا رێژیم لە کارەکتەری شوناسخوازی زمان دەسڵەمێتەوە و لەو پاشخانە ناسیۆنالیستی‌یە دەترسێ کە لە پشت کارەکتەری زمانەوە هەیە، ئەو ئاوێتە‌بوونەی لەنێو زمان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی‌دا هەیە و پیرۆزی‌یەک کە لە ناسیۆنالیزم‌دا بە زمان دەدرێ، رێژیم لە رێگە‌دان بە خوێندنی زمانی کوردی دەپرینگێنێتەوە، چونکە خوێندن بە زمانی زگماکی یەکگرتوویی و هاوپەیوەندی لە نێوان ئەندامەکانی نەتەوەیەک‌دا بەهێزتر دەکا و ئەو جەبرە مێژووییەی کە کوردەکانی بەسەر چەند وڵاتێک‌دا دابەش کردووە لاوازتر دەکا. دوایین هۆکار ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی رۆڵیکی دوولایەنە دەداتە سیستمی پەروەردە و فێرکردن لە ئێران‌دا، بە لایەک‌دا خەڵکانێک کە دەنکەجۆیەکی ماڵی پاشایان خواردووە وەک سەرکەوتوو و نوخبە لە سیستمی پەروەردەیی خۆی دێنێتە دەرێ و تایتڵی دوکتور و کارناس و فەیلەسوف و ئەندازیار و... پێ دەبەخشێ و لە لایەکی دیکەشەوە مۆری دواکەوتوویی و نەزانی و هیچ لەباران‌دانەبوو بە خەڵکانێک دەدا کە دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەی بەها و پێوەرەکانی. منداڵێک کە یەکەم رۆژەکانی خۆی لە مەدرەسە دەست پێ‌دەکا و تا ئەوکات لە رێگەی زمانی دایک دنیای دەرەوەی خۆی ئەزموون کردووە و ناسیویەتی، لە پڕێک‌دا بە سەر ساختارێک‌دا دەکەوێ که‌ زمان دەکاتە بەربەستێک بۆ هاتنە نێو سیستمی پەروەردەوە، دەبێ تووشی چ راچڵەکینێک بێ و چەندە توانا و کاتی خۆی هەر بۆ ئەوە تەرخان بکا کە جارێکی دیکە بتوانێ لە رێگەی زمانێکی دیکەوە دنیای دەرەوەی خۆی ئەزموون بکاتەوە. ئەوە بێجگە لە هەموو ئەو بەربەستە سیاسی و ئابووری‌یانەی لە درێژەی خوێندن‌دا دێنە پێش خوێندکارێکی کورد. بۆردیۆ بە روونی باس لەو رۆڵە پارۆدۆکسیکاڵەی سیستمی پەروەردە دەکا کە چۆن دەرفەت بە کۆمەڵێک دەدات سەرمایەی فەرهەنگی خۆیان ببەنە سەرێ و کۆمەڵێکیش بێبەری بکرێن و بخرێنە پەراوێزەوە. کەوایە زمان رۆڵێکی گرینگ و نێوەندگەرا لە یەکلایی کردنەوەی پرسەکان‌دا دەگێڕێ و هێز لە زمان‌دا بە مانای هێز لە مەیدانەکانی سیاسەت و دەسەڵات دایە، هەر لەو سۆنگەیەوە زمانی زگماکی لە گوتاری شوناسخوازی کوردی رۆژهەلات‌دا قورسایی خۆی هەیە. سەرەرای هەموو بەربەست و سپەرانەی لە ئاست خوێندنی زمانی زگماکی‌دا هەیە، چالاکوانان، رۆشنبیران و ئەدیبانی کورد لە رێگەی کردنەوەی کۆمەڵێک نێوەند هەم لە شارەکان و هەم بە شێوەی ئۆنلاین هەوڵی فێرکردنی زمانی زگماکی‌یان بە نەوەی نوێ داوە، بەڵام بێبەری کردنی خوێندکاران لە خوێندن بە زمانی دایک بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و لە رێگەی سیستمی پەروەردەوە، بێبەش کردنیانە لە وەسەریەک‌نانی سەرمایەی فەرهەنگی و هاوکات بەرینتر بوونی ئەو کەلێنەی کە لە نێوان ژیانی رۆژانەی خوێندکارێک و خوێندنگاکەی‌دا هەیە. زۆرن ئەوانەی کە لەگەڵ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندن‌دا لە گەڵ دنیایەکی نەناسراو بەئەزموون و زمانی خۆیان رووبەڕوو دەبنەوە، بۆ زۆرێک لەوانە یەکەم جارە کە لەگەڵ دامەزراوەیەکی حکوومی بە شێوەی راستەوخۆ دەکەونە پەیوەندی‌یەوە و دەست و پەنجە لەگەڵ دنیایەکی نەناسراو و بێگانەدا نەرم دەکەن، پەیوەندی‌یەک کە هەر لە یەکەم وەبەریەککەوتن‌دا ئاماژە بە ناتەبایی، هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەکا. لە ژماره‌ ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌