کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبه‌جێ کردنی گه‌ڵاڵه‌ی "هیئت امنایی" قوتابخانه‌ ده‌وڵه‌تی‌یه‌کان

15:49 - 15 رەزبەر 2716

و: ئاڵه‌شین هەروەک دەزانین هەموو ئۆرگان و ئیدارە و قوتابخانەکانی وڵات تووشی گەندەڵی دارایی و دزی و بەڕێوەبەری سەقەت و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە دارایی و ئیمکاناتی گشتی بوون و بەداخەوە پەروەردەش لەو پەتایە بێبەری نیە و گیرۆدەی بەدبەختی‌یەکی زۆری دارایی و فەرهەنگی‌یە و لەچاو دامەزراوه‌ و رێکخراوەکانی دیکە کەمترین بوودجەی بۆ تەرخان کراوە، کەچی باری قورسی کۆمەڵگەی لەسەر شانە و ملیۆنان کەس لە وڵات راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە کاری پەروەردە و پرسەکانی‌یەوە سەرقاڵن. سرووشتی‌یە قوتابخانە دەوڵەتی‌یەکانیش کە یەکەیەکی بچوکی پەروەردە و فەرهەنگی ئەو رێکخراوە پان و بەرینەن تووشی هەرەج و مەرەج و بێ‌بەرنامەیی و بەڕێوەبەرانی نالێهاتوو و رەنگە تەنانەت گەندەڵ و خۆفرۆش و کەڵکاژۆخوازێکی زۆر بن، هەروەها چونکی لە لایەن پلەبەرزەکانەوە دامەزرێندراون زیاتریش تووشی گەندەڵی پەروەردەیی و فەرهەنگی و دارایی دەبن و، لەم لایەشەوە چونکی بوودجەی پەروەردە کەمە و زیاتریش دەبێ خەرجی بەرنامە پرۆپاگەندەییەکانی رێژیم بکرێ هەتا قوتابی‌یەکی زۆر راکێشی رێکخراوە سیخۆری‌یەکان بکرێن و ببن بە بەسیج، کەواتە روون و ئاشکرایە چی بۆ چاکترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانە و دابینی کەلوپەل و پێشخستنی قوتابخانان نامێنێتەوە و هەر بۆیە بەڕێوەبەران و ئەربابەکان و ئەنجومەنی قوتابخانەکان هەموو ساڵێک بە دەیان فێڵ و تەڵەکە و شێوازی هاندان و هەڕەشە و پاڕانەوە زۆربەی تێچووەکانی قوتابخانە وەک تێچووی ئاو، کارەبا، تەله‌فون، گاز و کەرەسەی نووسینی وەک کاغەز و کەرەسەی راکێشان و پرینت و چاککردنەوەکان لە رێگەی قوتابی‌یەکانەوە لە دایک و باوکانیان وەردەگرن و هەمیشە لە قوتابخانە دەوڵەتی‌یەکان مشتومڕێکی زۆر لەسەر دابینی ئەو تێچووانە لە گۆڕێ‌یە و یەکێکە لە کەڵکەڵە گەورەکانی بنەماڵە دەست‌کورت و هەژارەکانی کۆمەڵگە، کە بەداخەوە خۆکوژیی قوتابییانی لە شارەکانی وڵات بەدوای خۆیدا هێناوە، یا بۆتە هۆی ئەوەی قوتابی‌یەکی زۆر دەرس و خوێندن جێ بێڵن. هەر لەم پێوەندی‌یەدا ئەو دواییانە و بەتایبەت ئەمساڵ، قوتابخانەکان خەریکن پرۆسەیەکی پارەوەرگرتنی زۆرەملی بەڕێوە دەبن بە ناوی "هیئت امنایی"، ئەو پرۆسەیە بەو گوێرەیە کە قوتابخانە و ئەنجوومەنەکان تێچووی قوتابخانەکانیان لە هەموو بوارەکانەوە لێکداوەتەوە و بەسەر قوتابی‌یەکانیان‌دا دابەش کردوە و مانگی خەرمانان کاتی تۆماری ناوی قوتابی‌یەکان لە بنەماڵەکانیانی وەردەگرن، کە ئەگەر بڕە پارەی دیاریکراو نەدەن منداڵەکان ناونووس ناکەن. هەر بۆیە لە ئێستاوە خێزانێکی زۆری هەژار و دەست تەنگ کەوتوونەتە بیری دابینی چەند سەد سەزار تمەنێک بۆ ناونووسی منداڵەکانیان و بەداخەوە هەر ئەو بنەماڵانە کە زۆربەیان چەند منداڵی بەرخوێندنیان هەیە، بارێکی قورسیان دەکەوێتە سەرشان. سەرەڕای ئەوەش کڕینی کتێبی خوێندن و کەرەسەی نووسین و خوێندن و جلوبەرگیش هێندەی دیکە ئەو بنەماڵانە دەخاتە تەنگانەوە. هەرچەند لە قانوون‌دا پەروەردەی خۆڕایی مافی هەموو منداڵان و مێرمنداڵانە، بەڵام لە ئیران‌دا هیچ قانوونێک پراکتیزە ناکرێ و بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێل دەکرێ و ئیدارەکانی پەروەردەش خۆ لە پێداویستی‌یەکانی قوتابخانەکان دەبوێرێن و دەستی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی قوتابخاەکانیان ئاوەڵە کرودە تا هەر چۆنێک بە باشی دەزانن تێچووەکانی خۆیان دابین بکەن و قوتابخانەکان بەڕیوە ببەن. هەر بۆیە لە سۆنگەی ئەو پرۆسە و گەڵاڵەیەوە کێشە و ئارێشەیەکی زۆر دەستەویەخەی بنەماڵە هەژارەکان بووە و قوتابی‌یەکی زۆرتریش لە خوێندن و خۆپێگەیاندن دەبن. لە ژماره‌ ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌