کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاری سزای ئیعدام

13:17 - 20 رەزبەر 2716

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا هەزاران کەس بە هۆی سزای ئیعدام لە لایەن دەسەڵاتەکان و دەزگا دادوەریەکانیانەوە، بە تیرباران، سێدارە یان شێوازگەلی دیکە دەکوژرێن و گیانیان لێ دەستێندرێ. ئیعدام لە راستیدا کوشتنی یاسایی مرۆڤەکانە لە لایەن دەسەڵاتداران‌و توندترین سزای تاوانبارە لە یاسای ئەو وڵاتانەدا کە هێشتا بڕوایان بە چارەسەری کێشەکان لە رێگای کوشتنی مرۆڤەکان هەیە. ساڵی ٢٠٠٢، رێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی هاوپێوەندیی جیهانی بۆ نەهێشتنی ئیعدام، بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەولەکان بۆ نەهێشتنی ئیعدام لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و یاساکانیاندا، رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ سزای ئیعدام راگەیاند. مێژووی سەپاندن و جێبەجێ کردنی ئیعدام بە قەت مێژووی دەسەڵاتی دەوڵەتی و دەوڵەتداری، کۆنە و بۆ سەدان و هەزاران ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە. لە رابردوودا، زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان سزای ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە گەڵ بەرەوپێشچوونی شارستانیەت، ئەم جۆرە سزایە رووی لە کزبوون کرد. جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە واژۆ کراوە، لە دوو بەندی ٣ و ٥دا، ناتەبایی خۆی لە گەڵ ئیعدام دەربڕیوە. هەنووکە لە ئاستی جیهاندا رێژەی ئەو وڵاتانەی سزای ئیعدامیان لە یاسای سزادانی خۆیاندا سڕیوەتەوە، ٥٣ لە سەدی وڵاتانی جیهان پێک دێنن. ئەگەر ٢٦ لە سەدی ئەو وڵاتانەش بخەینە سەر ئەو رێژەیە کە هەرچەند سزای ئیعدام لە یاسایاندا هێشتا ماوە بەڵام بە کردەوە رایانگرتوەو بەڕێوەی نابەن و ٣ لە سەدی ئەو وڵاتانەش کە سزاکەیان تەنیا بۆ کاتی شەڕ هێشتۆتەوە، ئەوە رێژەیەکی زیاتر لە ٨٠ لەسەدیمان دەکەوێتە دەست کە بە کردەوە پشتیان لەو سزایە کردوە. بەڵام بەرامبەر بەو رێژە دڵخۆشکەرە کە لە سەر یەک نیزیک بە ١٦٠ وڵاتی جیهان لە خۆ دەگرێ، هێشتا ٣٦ وڵاتی جیهان هەروا ئیعدام بە رێگەچارەی نەهێشتنی تاوان دەزانن. لە نێو ئەو وڵاتانەشدا، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە نێو دیاردە دزێوەکاندا، دەدرەوشێتەوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، بە درێژایی تەمەنی خۆی، بەردەوام لە سەر هێشتنەوەی خۆی لە پلەی دووهەمی ئیعدام لە ئاستی جیهاندا بە دوای دەوڵەتی چین، لە ململانێ دا بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە وتەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بەشێکی زۆر لە ئیعدامەکان لە لایەن ئەم رێژیمەوە بە نهێنی ئەنجام دەدرێن. بەوەش ئامارێکی دروست و جێگای باوەڕ لەم بارەوە نییە. لە ئێراندا وێڕای سەپاندن و جێبەجێ کردنی ساڵانەی رێژەیەکی زۆر لە ئیعدام، بەڕێوەبردنی ئیعدام لە بەرچاوی خەڵک و لە شوێنە گشتی‌یەکان، شێوەیەکی قێزەونتری لە ئیعدام و لە کار و کردەوەکانی ئەم رێژیمە پێشانی جیهان داوە. شێوەیەک کە بە بڕوای کارناسانی مافی مرۆڤ هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێ و تەنیا رێژەی خشونەت و زەبروزەنگ لە کۆمەڵگادا بەرز دەکاتەوە. ئیعدامی مێرمنداڵان و لاوانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، تایبەتمەندیەکی دیکەی ئیعدامەکان لە ئێرانە. تایبەتمەندیەک کە بەردەوام لە گەڵ ناڕەزایەتیی هەرچی زیاتر و بەرینتری چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ئێران و جیهان بەرەوڕوو بۆتەوە. هەروەها شێوەی بەڕێوەچوونی رەوتی دادگایی تۆمەتباران لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی خاڵێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتیی پارێزەرانی مافی مرۆڤە. ئیعدامی بەرینی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان یان ئەوانەی لە ژێر ئەم تۆمەتەدا بە سانایی ئیعدام دەکرێن، لە حاڵێکدا رێژیم بۆخۆی سەبارەت بە پەرەدان بەو مادە ماڵوێرانکەرە پرسیاری لە سەرە، بابەتێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتییە لە ئاستی جیهاندا. ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە کاتێکدا تێپەڕ دەبێ کە هەرچەند رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران بە رادەی ٣٨ لە سەد لەچاو ساڵی رابردوو کەم بۆتەوە بەڵام رادەی سەپاندنی ئەو حوکمە بە رێژەی ١٢ لە سەد، هەروا لە پەرەگرتن دا بوو. لە ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٥ تا ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٥٠٤ کەس لە ئێران ئیعدام کراون کە ٣٩ کەس لەوانە لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و لە مەیدان و شوێنە گشتیەکان لە دار دراون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئاستی ئێران و جیهاندا ناڕەزایەتیەکی بەرین لەم بارەوە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە. بەرامبەر بەوەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەروا بەرگری لە سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزای ئیعدام دەکەن. رێکخەران و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی لێگام، بزووتنەوەیەک کە بە ئامانجی نەهێشتنی سزای ئیعدام لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، بە توندی کەوتوونەتە بەر سەرکوتی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. چەند رۆژ بەر لە هاتنی ١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای ئیعدام، نێرگس محەممەدی بە تاوانی رێکخستنی بزووتنەوەی لێگام دژ بە ئیعدام، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.