کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات لە هەناوی باشووردا

15:36 - 26 رەزبەر 2716

لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ جموجووڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دوو ستراتیژی ڕەچاوکردووە: ١) شاردنەوە و دیزەبەدەرخۆنە کردنی هەر چەشنە جووڵەیەک، جا چ سیاسی بێ و چ نیزامی. ٢) کەلک‌وەرگرتن لە هەرێمی کوردستان وەک حەسارخەڵوەتێک بۆ گوشارخستنە سەر ئەم حیزبانە.  له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا و به‌ دوای هێندێک جموجووڵی پێشمه‌رگانه‌ له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پێشکه‌ش کردنی چه‌ندین شه‌هید له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی کوردستان ، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی ئەمساڵ، هەندێ لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریان دا جموجۆڵی سیاسی و چەکداری خۆیان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات ولەسەر سنوورەکان زیاتر پەرەپێبدەن، دیارە ئەمە هەست کردن بە چەشنێ بۆشایی بوو کە پاش ساڵانێکی زۆر ئه‌وانی بەم ئاکامە گەیاند کە پێویستە لەسەر بنەمای گوتاری "حزوور" پەیوندی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ناوخۆ پتەوتر بکەن. هەر لەو کاتەوە لەبەر نەبوونی مێدیایەکی پرۆفیشناڵ و جیددی ڕۆژهەڵاتی، ئەم جموجۆڵانە بە هۆی هەندێ میدیای باشوور بە خەستی ڕووماڵ کرا و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە وردی ئاگاداری بارودۆخ و چالاکییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بوون، شتێک کە لەوەپێش وەک بڤە و تەنانەت هیڵی سووربوو. بۆیە ئەگەرچی میدیای زۆنی سەوز و نیلی بە هۆی چەشنی پەیوندەنییەکانیان بە تایبەتی لە باری ئەمنییەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێدەنگییەکی ماناداریان هەڵبژاردووە بۆ باسکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هەندێ میدیا - بە تایبەتی رووداو و K٢٤ - باسەکانی ڕۆژهەڵاتیان بەشێوەیەکی بەردەوام خستە بەرچاوی بەردەنگی کوردەوە و ترسەکەی کۆماری ئیسلامیش ڕێک لەم پنتەوە دەست پێدەکا، واتە کۆماری ئیسلامی کە بە تەعبیرێ، خۆی وەک دوڕگەیەکی ئارام لە ناوچەی پڕشەڕوشۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە دەکا، تاقەتی ئەوەی نییە پرسێکی ئەمنی - نەتەوەیی وەک پرسی کورد بە مێدیایی بکرێ، کارێک کە خۆی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام حەولیداوە بە زەبری سانسۆری مێدیایی، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی هەمەلایانەی نەتەوەی کورد بشارێتەوە. سانسۆر و شاردنەوەی پرسی کورد لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ کۆماری ئیسلامی بەقەرا خودی پرسەکە گرینگە، بۆیە ڕەنگدانەوەی هەر چەشنە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەگەڵ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە میدیاکانی باشووردا ژانی پێدەکا و دەرئەنجام زۆر جاران هەڕەشەوگوڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکا. لە لایەکی ترەوە زۆربەی شەقامی باشووڕ، بەشێکی بەرچاوی ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیر و... تەنانەت هەندێ لە ئەندامانی باڵای حیزبەکان – دیارە بە پارێزەوە - دەڵێن: نابێ چیتر بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات ببێتە قوربانی بەرژەەوەندییەکانی باشوور و لە هەمان کاتیشدا حکوومەتی هەرێمیش گەیوەتە ئەم قەناعەتە کە دژکردەوەیەکی ئەوتۆ لە خۆی نیشان نەدا. کۆماری ئیسلامی دەمێکە بەئاشکرایی دژایەتی خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و وێدەچێ بەربەستی سەرەکیش بێ بۆ سازبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە داهاتوودا. کەوابوو ئەوەی لەم ساتەوەختەدا زۆر گرینگە شێوە هەڵسوکەوتی حکوومەتی هەرێمە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. له‌م رووه‌وه‌ حکوومەتی هەرێم دەبێ کایەیەکی دووسەر بردنەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سازبکا، بەڵام چۆن؟ لە ڕاستی‌دا هەرێمی کوردستان دەبێ نەک بەربەست و لەمپەر بێ لەهەمبەر هەڵایسانەوەی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو دەبێ قەرەبووی ئەم بیست و چەند ساڵەش بۆ ڕۆژهەڵات بکاتەوە کە بۆ پاراستنی سەقامگیری باشوور تەنیا بۆ چرکەساتێک گرفتی بۆ هەرێم سازنەکردووە، ئەمە هەم ئەرکێکی ئەخلاقییە هەم نیشتمانی. لە لایەکی ترەوە ئیزندان بە جووڵەی هێزی پێشمەرگە و چالاکی ئەم هێزە لەناوخۆ بێگومان هاوکێشە سیاسییەکانی ڕابردوو دەگۆڕێ و لانیکەمەکەی ئەوەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پاشەکشە دەکا لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی و بۆی هەیە دواجار ئەم دەسەڵاتە پێمل بکا بە دانوستانێکی جیددی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە بوونی حکوومەتی هەرێم لە ڕەوتی ئەم وتوێژانەدا. کەوابوو بوونی پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ڕۆژەڤ هەم لە ئیعلان و میدیای باشووردا و هەم لە سەر ساحەی سیاسەتەکانی هەرێم، قازانجی هەر دوو پارچەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوە کە ئێران نەتوانێ وەک ئێستا باشوور بکا بە مەیدانی تەراتێنی خۆی. ئەزموونی بیست و چەند ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە نە بە نەوی کێشانی حکوومەتی هەرێم و نە بە قەتیسمانەوەی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، کۆماری ئیسلامی هەرگیز لە سیاسەتەکانی دژ بە باشوور و ڕۆژهەڵات پاشگەز نەبۆتەوە، ئەگەر تەعاروفە دیپلۆماسییە درۆیینەکان وەلانێین، بێگومان بە پێی هەموو خوێندنەوەکان کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ، بۆیە باشوور ئەگەر دەیەوێ خۆ لەم مەترسییە قوتار بکا، دەبێ ڕۆژهەڵات بخاتە نێو هەناوی خۆیەوە و لە هیچ پشتیوانییەک دەریغێ لێنەکا.