کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتەلێکدانەوەیەک لە بەرەبەری هەوڵدان بۆ گرتنەوەی شاری موووسڵ دا

23:54 - 26 رەزبەر 2716

هەر ئێستا زۆر کێشە لە ئاستی عێڕاق و ناوچەکە دا هەن، کە لەوانەیە دوای گرتنەوەی دووهەمین شاری گەورەی عێڕاق، واتە مووسڵ، لە ژێر دەستی داعش، زۆر لەبەریەک بڕەونەوە و گرفتی گەورەتر بخولقێنن.
سیاسەت هەر ئەوەندە نیە لە ڕواڵەت دا دیارە، بەشی هەرەزۆری پێوەندییە سیاسییەکان بە چاک و خراپەوە لە پشتی پەردەوە جێبەجێ دەکرێن و هاوپەیمانییەکانیش هەروەتر. لە بەرامبەر مەسەلەی مووسڵ دا گەلێک ناتەبایی خۆدەنوێنن کە وێناچێ تا ئێستا ئاسۆیەکی ڕوونیان بۆ دیاری کرابێ و بە گشتی لانیکەم بۆ بیرورای گشتی ڕوون نیە کە قؤناغی دوای شەڕی مووسڵ لە چ شکڵ و نێوەرۆکێک دا خۆ دەنوێنێ. بەرە دژ بەیەکەکان هەموویان دەیانەوێ لە ئازاد کردنی مووسڵ دا بەشیان هەبێ و دیارە هەرکامەوچاوی لە دەستەبەربوونی سوود و بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی. دابینبوونی ئەو بەرژەوەندییە جیاوازانەش جێبەجێ نابێ و پێشبینییەکە هەر دەبێتە ئەوە کە وێ‌دەچێ کێشەی نوێ ترو گەورەتریش بخولقێن. شتێکی سروشتییە کە ئێمەی کورد چاوەڕوانی ئەوەین کە هەموو ئەو ناوچە کوردستانییانەی بە نرخی ڕژانی خوێنی پێشمەرگەی کوردستان گیراونەوە، بە ڕەسمی بکەونەوە سەر هەرێمی کوردستان و ڕەوتی چوون بەرەو سەربەخۆییش توندتر و پڕڕەنگتر بێ. خۆ شلکردن بۆ ویستی دەوڵەتی بەغدایە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ مادەی ١٤٠، کە تا هێرشی داعش، سەرەڕای هەوڵی لایەنی کوردی هەر جێبەجێ نەکرا، بە هیچ شێوەیەک بە سوودی کورد نابێ و تەنانەت زەبرێکی گەورەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییشی لێ‌دەدا. ئەو کێبەرکێ سیاسییەی ئێستا کوردستان و ناوچەکە پێی‌دا تێ‌دەپەڕێ، پێویستیی یەکدەنگبوونی سیاسیی(لانی کەم ) هێزە کوردییەکانی هەرێم دەخاتە بەرچاو. پێویستییەک کە بە داخەوە بە هۆی ناکۆکی و پڕشوبڵاوی، لە لایەن ئەو هێزە سیاسییانەوە بە کردەوە هەستی پێ‌نەکراوە و لە نێو پاوانخوازی و بەرژەوەندخوازیی تەسکی حیزبایەتی دا، جارێ کاڵ بۆتەوە. لەو نێوە دا ئامادەیی، فیداکاری و یەکگرتوویی هێزی پێشمەرگە، لە پێناو پاراستنی خاک و وەدیهاتنی ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان دا، هەمیشە جێگای هومێد بووە و کاریگەرییەکی گەورەشی لە سەر بەرزبوونەوەی ئیعتیبار و ناسرانی خەباتی نەتەوەی کورد، لەنێو هێزە نیزامییە گەورەکان، بیروڕای گشتیی جیهان و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەیییەکان دا هەبووە. بێ‌گومان لە دادێش دا ئەو هێزە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر چوونەسەری سەنگ و ئیعتیباری کورد و مەسەلە ڕەواکەی لە ڕادەی ناوچە و نێونەتەوەیی دا و ڕاگرتنی ئاستی هاوسەنگی سیاسیی بۆ هەرێمی کوردستان، لە کێشە جۆراوجۆرەکان دا دەبێ.