کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەوانان، دەیدەبانانی وڵات

13:11 - 27 رەزبەر 2716

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وەرزشی شاخەوانی رەنگە زیاتر لە بوارەکانی دیکەی وەرزش، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی گرتووە. گروپە شاخەوانیەکان لە زۆربەی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێکهاتوون و بەردەوام چالاکن. نەک هەر شکڵیان گرتووە، بەڵکو بە سەر لوتکە هەر بەرزەکانی جیهاندا سەر کەوتوون، کۆمەڵێک سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینیگیان لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا تۆمار کردووەو میداڵی شانازییان لە بەرۆکی نەتەوەکەیان داوە. بەڵام گرینگیی چالاکیە شاخەوانیەکان و پەرەگرتنی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان تەنیا لە سەرکەوتن بە سەر لوتکە بەرزەکان و وەرگرتنی میداڵی شانازیدا نەبووە. لە گەڵ هاتنی نەورۆز و ژیانەوەی سروشتی نیشتمان و رۆحی نەتەوەیی، ئەوە شاخەوانانن کە لە چیا و بەندەنەکان کۆ دەبنەوەو بە دەوری ئاگری نەورۆزدا، سەرچۆپی‌کێشی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزن. رێورەسمی نەورۆزی و نەورۆزانەی شاخەوانان لە یەکەم رێورەسمەکانی نەورۆزین کە دوای نەورۆزی هەموو ساڵێک لە کوردکاناڵ بڵاو دەبنەوە. شاخەوانان لە سەر لووتکەی دەماوەند، هاواری کۆڵبەرانی کورد بەرز دەکەنەوەو دژ بە کوشتاری بێبەزەییانەی ئەو توێژە لە خەڵکی فەقیر و هەژاری کوردستان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەوان کە یەک لە نیزیکترین یارانی سروشتن، سەر لە بەهاران، لە هەڵمەتی نەمام چاندن دا پێشەنگن. هاوینان دژ بە سوتمانی دارستان و چڕ و لێڕەوارەکان، دەبن بە باهۆی ژینگەپارێزان و بە گژ ئاگر و سووتماندا دەچنەوە. لە بۆنە ماتەمینەکاندا رێگای دووری وەک نێوان بانە و هەڵەبجە دەبڕن تا پشکی خۆیان لە ماتەمینە نەتەوەییەکانیش هەڵگرتبێ. هەمدیسان ئەوە شاخەوانانن کە سەردانی خانووی پیران دەکەن و لە نیزیکەوە دایک و باوکە پیرەکان بە سەر دەکەنەوە، لە ژان و ئازارەکانیان دەپرسن، بە پێی توانا یارمەتیان دەدەن و دڵخۆشییان دەدەنەوە. دوا جاریش شاخەوانانی پیرانشار لە گوندی "کانی کلێ" دەبن بە کرێکار و فەعلە تا قوتابخانەیەک بۆ مناڵانی گوندێکی دیکەی کوردستان بنیات بنێن. "کانی کلێ" گوندێکی دوورەدەستی دە - پازدە ماڵییە کە لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار هەڵکەوتووە. گوندێکی بچووک لە ناوچەیەکی شاخاوی و ئەستەم دا. دانیشتوانەکەی وێڕای ژیانی سەخت و ئاستەمی خۆیان، رەنگە زۆر جار گیانی لێقەوماوان، پێشمەرگە یا شاخەوانانیان لە برسێتی و سەرما و مەرگ رزگار کردبێ. رەنگە هەر لە چاکەی ئەو دەهاناوە هاتنەی گوندنشینان بێ کە شاخەوانان بە سازکردنی قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی ئاوایی، گەرەکیان بێ وڵامێک بەو هەموو چاکەیەی دانیشتوانی ئەو گوندە بە ئەنوا و داڵدەدەرە بدەنەوە. بەڵام شاخەوانانی کوردستان بەدەر لەو جۆرە کارە خێرخوازیانەش، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە لە زۆر بواردا بوون بە پێشەنگی کۆمەڵگا کۆمەڵگاش بە چاوی رێزەوە سەیریان دەکا. لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا رەنگە مەرگی هیچ کەسایەتیەک هیندەی مەرگی محەممەد ئەوراز لە نەغەدە و موقبیلی هونەرپەژوو لە بۆکان، خەڵکی کوردستانی ماتەمبارو رەشپۆش نەکردبێ. ئەوان تا مان قارەمانی نەتەوەیی بوون. کە لەو رێگایەشدا مردن، وەک قارەمانی نەتەوەیی ماڵاواییان لێ کرا و ساڵانەش بە هەمان سفەت یادیان دەکرێتەوەو رێزیان لێ دەگیرێ. ئەوەش ئەگەر لە لایەک پێوەندی بە سەرکەوتن و قارەمانەتییەکانی ئەو شاخەوانە بە ناوبانگانەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، نیشانەی پەرەگرتنی ئەم وەرزشە لە ناو خەڵکی کوردستان و رێزی خەڵکی کوردستان بۆ شاخەوانانی خۆیەتی. هەمووی ئەوانەش دەرەنجامی هەڵسوکەوتی بەرزی شاخەوانان، خەباتی ئەوان دژ بە تەمبەڵی و ژیانی شارنشینی و هەوڵدانیان بۆ دوور کەوتنەوەی لە ئافەت و مڵۆزمە کۆمەڵایەتیەکانە. بەڵام وێڕای ئەوانە چەند تایبەتمەندیی وەرزشی شاخەوانی و شاخەوانانی کوردستان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم وەرزشە لای خەڵکی کوردستان خۆشەویستتر و بە برەوتر بێ: - شاخەوانی وەک دەسپێک، وەرزشێکە کە پێویستی بە مەیدانی تایبەت و بە کەرەسە و تێچووی زۆر نییە. کات، هێندێک کەلوپەلی سەرەتایی و شاخ سێ پێویستیی سەرەکیی ئەم وەرزشەن. هەر ئەوەش وای کردوە کە ئەم یاریە بە تایبەت لەم چەند دەیەی دواییدا لە کوردستان پەرەگرتوو بێ. - شاخەوانی وەرزشێکی بە کۆمەڵە. پێکهاتن و سازبوونی گروپی شاخەوانیش زیاتر بە شێوەی خۆرسک و لە ناو کۆمەڵگادا پێک دێ نەک لە لایەن دەسەڵات و بە هەوڵی دام و دەزگا دەوڵەتیەکان. - لە دۆخی روو لە پڕش و بڵاویی ئەمڕۆی پێکهاتەیی و کاری هاوبەش لە کوردستاندا، شاخەوانی و گروپە شاخەوانیەکان نوێنگە و سەرمەشقی یەکگرتوویی، کاری بە کۆمەڵ و هاوکاری و پشتیوانیی تاکەکانی کۆمەڵگا لە یەکترە. - ئەندامانی گروپە شاخەوانیەکان لە توێژ یا چینێکی تایبەتیی کۆمەڵگا نین و لە راستیدا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوەو لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە. ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی جەغزی بیرکردنەوەی ئەوان هەرچی زیاتر بەرینتر بێتەوەو زیاتر ئاشنا بە ژیان و ئازاری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بن. - شاخەوانان بەردەوام ژیانی شار و شاخ دەبینن، لە گەڵیان دەژین و لە گەڵ ئازار و خەمەکانی هەردوو لا دەستەملانن. بەوەش زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا هەست بە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەکەن. - لە کوردستانێکدا کە دەزگا ئەمنیەتیەکانی رێژیمی داگیرکەر بەردەوام هەوڵ دەدەن لاوانی کورد تووشی مادەهۆشبەرەکان بکەن و لەو رێگایەشەوە کۆمەڵگای مافخوازی کوردستان قسر و ئەستێور بکەن، شاخەوانان بە وەرزش و هەڵبژاردنی وەرزش، بە گرتنەبەری چیاو کێوەکانی کوردستان و هەڵمژینی هەوای پاکی کوێستان، هاندەری دوور کەوتنەوەی لاوان و کۆمەڵگا لەو مادە ماڵوێرانکەرەن. - - لە باری رەگەزیەوە، رەنگە شاخەوانانی کوردستان لە یەکەم گروپەکان بووبن کە هاوسەران یا خوشکانی خۆیان لە ناو خۆیاندا جێ کردەوە و بەوەش سنووربەندیی نێوان ژن و پیاویان لەو وەرزشەدا سڕیەوە. لە گروپە شاخەوانیەکانی کوردستاندا ژنانیش وێڕای پیاوان بە سەر چیا و لوتکەکاندا سەر دەکەون. لە ئەنجامی سڕینەوەی ئەو سنوورە رەگەزیە بوو کە ژنانی شاخەوانی کورد وەک خۆیشیان تا ئێستا توانیویانە چەندان سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینگ دەستەبەر بکەن. بەوەش شاخەوانان نیشانیاندا کە تەنانەت لەو وەرزشە سەخت و تاقەت پرووکێنەشدا، ژنان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە. - سەرەنجام شاخەوانان بە بڕینی لووتکە بەرزەکانی جیهان، وەک کورد و وەرزشکارێکی کورد، هەوڵیان داوەو هەوڵ دەدەن ناوی نەتەوەکەیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە رادەی بەرزیی ئەو لوتکانە بەرز و سەربەرز رابگرن. هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە، شاخەوانان و گروپە شاخەوانیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە لای کۆمەڵگای کوردستان خۆشەویست و بەڕێز کردوە. مێژووی شاخەوانان لە کوردستان نیشانی داوە کە زۆربەی ئەوان لە مرۆڤە دڵسۆزو بێ ئازارەکانی ئەم نیشتمانەن. کردەوەو ئاکاری خراپ کەمتر دزە دەکاتە ناویان و دەتوانن سەرمەشقی کۆمەڵگایەکی پاک و هەڵسووڕ بن. ئەوان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا ئاگایان لە نیشتمانی خۆیانە و لە راستیدا شاخەوانان دیدەبانانی وڵاتن. لە کۆتاییدا وێڕای رێزگرتن لە کاری خێرخوازانەی شاخەوانانی پیرانشار بۆ سازکردنی قوتابخانەی گوندی کانی کلێ، بە دەرفەتی دەزانین رێز بگرین لە دوو هاوڕێی شەهیدمان کە لە گروپی شاخەوانانی مەهابادەوە دەستیان پێ کرد، لە ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان دا و سەرەنجام هەر لە ریزەکانی ئەم حیزبەشدا گیانی خۆیان بە نیشتمان و بە رزگاریی کوردستان بەخشی. شەهیدان؛ سەلاح رەزایی و باقی حاجی کەریمی. یادیان بەرز و رێبازی خەباتیان ئاوەدان.