کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌ بووکه‌ڵه‌وه‌ مێرد کردن

03:23 - 30 رەزبەر 2716

هێشتا لە گەڕی شاییان، لە پشتی گەڕی هەڵپەڕکێ، خەریک لکی دەسماڵ گرتنن، کوڵمەیان وەک سێوی تازە هەتاودیتوو، مەیلەوزەردە، پێکەنین و زەردەخەنەکانیان هێشتاش نەبووە بە قاقا، هێشتا رەنگ و بۆنی هەنیسک و هەناسەی منداڵیان لێ دەبارێ، رەنگە ئەو چەند ساتەی بەدەرەوەن بێتاقەتی دووری دایکیان و یان بووکەڵەکانشیان بکەن. هێشتا لە گاوانی کەس دەستیان ناگرێ، سوور و سپیاویان دەست کەوێ دەموچاوی پێ دەشۆن، کە مووی سەریان بۆ دانەهێنن، یان بۆیان نەهۆنەوە، لەوانەیە ئاڵۆز و پڵۆز وەکوو بەرگن قەد بگرێ، هێشتا ئاوێنە نەبووە بە دەستەخوشکیان و هەموو پیاوی دنیا کاکە و مامەیان بن. رەنگە هەڵنەکەوتبێ لاوێکی هاوتەمەنی خۆیان تەنانەت چاوێکیشی لێ داگرتبێن، هەتا بزانن دنیای ئەوان دەبێ بەری بە کوێوە بێ، یان هیچ چاوێک هێندە لە چاویان نەئاڵقابێ، شەرم دایگرتبێن. بەبێ ئەوەی لە گاوانی بزانن بە چاوترووکانێک و بەهۆی کوڵی داگیرساوی پیاوێکی ئاڵۆش، یان نا نانی رۆژ و شەوێک، پاکبوونی قەرزی بژێوی رابردووی باوکێک، نائاگایی و دواکەوتوویی خێزانێک، لە هەمووش خراپتر تین و هانی سیستمێکی پیاوسالار، دەبێ دەسرەی سەرچۆپی بگرنە دەست. ئەویش چ دەسرەیەک، دەسرەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ماڵێک و خێزانێک، دەسرەیەک کە بنەماڵەیەک بەرەو رێڕەوی ئارامی ژین بەرێ، نەک دەسرەیەک لە سەرچۆپی گەڕی شایی هەر چۆنێکی هەڵسووڕێنی گەڕی شایی رەکێش باک، سەرچۆپی گرتنی ژیان لێزانی و لێهاتووی و پێگەیشتووی هەموو بوار و ئاستەکانی جەستەیی و دەروونی و هزر و هتد گەرەکە. ئەو کیژۆڵەیەکی هەتا دوێنی بەتەواوی لەگەڵ بووکەڵەکەی نەدەحاواوە، لە بەیانی‌یەوە دەبێ بە ژنی ماڵان و دەبێ وەک سەرەژن و کەیخوداژنێک بنوێنێ و خێزانێک بحاوێنێتەوە. هێشتا هەنیسکی خۆی گەرووی بەر نەداوە دەبێ هەنیسک و ئاسکە ئاسکە کۆرپەیەک لە کۆشیدا هێور بکاتەوە، دیارە ئەگەر لەو رێگە هەڵەمووتە دەربچێ و ئاکامە نالەبارەکانی زوو بە شوودان برستی لێ نەبڕن، تا ئەو قۆناخە بگا. چارەنووس لە وڵاتانی ئێمە و بەتایبەت لە ژێر سیستمە خۆ بە خودا بەستووەکان‌دا چەند سەیرە، هەموو سات و کاتێک دەبێ چاوەڕوانی هاتنەخوارێی وەحی بین، ئەگینا چ هێزێک هەیە، ئەو هەمووە ساڵەی تەمەن بە دانیشتنێکی چەند کاتژمێری و دانوستانی چەند پیاوماقووڵ نوێن و سەرەژنی سادیسم لێدراو تێپەڕێنێ، بازدان بەسەر تەمەن‌دا چەند هێندە سووک و کردەییە لای ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە. بەڵام بڵێی دڵ لێبوونەوەی کچۆڵە دڵناسکەکەی ئێمەش لە بووکەڵەکەی هێندەی بڕیاری ئەو گەورەنوێنانە ئاسان دەبێ. ژیان ئەوەندەی دەشیبینین ئاسان نیە، دەبێ لە هەموو بوارەکانەوە خۆی بۆ تەیار بکەی، هەتا تەنگ و چەڵەمەکانی ئەوە رێگە رژد و پڕ هەوراز و نشێوە بڕستت لێ نەبڕن. بەتایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتووی ئێمە کە ژن زیاترین هەڕەشەی لەسەرە و لە هەمان‌کات‌دا زیاترین ئەرکیشی دەکەوێتە سەر شانی دەبێ، بۆیە دەبێ زۆر پوخت و لێهاتووتر بار بێ و لە بواری جەستەیی و رەوانی و هزرییەوە پێ بگا، چونکی لێرە، هەموو کەس هەڵە بکا، ژن دەبێ بێ هەڵە بێ. بەڵام ئایا ئەو کیژۆڵە پێنەگەیشتووەی ئاڵۆشی پیاوێک دادەمرکێنێ، دەشتوانێ ببێ بە کۆڵەکەی داهاتوویەکی گەش و بێ هەڵە. وەنەبێ ئەو دیاردە نەشیاوە هاوردەی کۆمەڵگەی کوردیش بێ، بەڵکوو ماکەکانی ئەو پەتایە لە نێوئاخنی توخمە فەرهەنگی‌یەکانی کوردیش‌دا خۆیان حەشار داوە. گەورە بە بچووک کردن، لەسەر لانک مارەکردن، بەرخوێن دان، پێشکەش کردن و مەسڵەت کردن و ... زۆر کار و کردەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی ئێمەش لەسەر ژن هەڵدەسوورێ و زۆر خوێن بە کچۆڵەیەک دەشوێدرێتەوە، کەچی بە هەموو کۆمەڵگە ئاشتی ژیانی ئەو مرۆڤەیان پێ دابین ناکرێ. وەنەبێ لە ژێر سایەی سیستمی بەناو خودایی کۆماری ئیسلامی‌دا، تەنیا کۆمەڵگەیەک، یان شار و شارۆچکەکان تووشی پەتای دواکەوتوویی و دیاردەی دزێو بن، نەخێر. بەگوێرەی ئامارەکان ناوەندی خەلافەتی وەلی فقیهـ، خەریکە تووشی شۆک ببێ. منداڵۆچکەی زوو بە مێرددراو و ئاکامەکانی ئەو دیارە دزێوە روو لە تەشەنەیە، سەرنجی ناوەندە جیهانی‌یەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵانیشی راکێشا. زۆربەی هەر زۆری دیاردە نالەبارەکانی ژیانی کۆمەڵگەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێژیمە نابینرێن و ئەگەر هەندێ جاریش بینران، هەڵقوڵاو و ئاکامی سیاسەت و ئاراستەی سیاسی و رەفتاری دەسەڵات نین بەڵکوو هەناردەکراوی دەست دوژمن و بە پاڕانەوە لەبەر دەرگای ویلایەتی فەقیهـ چارەسەر دەکرێن. یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، خاوەن سەرچاوەی ژێرزەوی گرنگ، خاوەن هەڵکەوتووی ستراتیژی گرنگ و ... لە سایەی نالێهاتوویی دەسەڵاتدارانی، بەهۆی خەمخۆر نەبوون و قبووڵ نەکردنی بەرپرسایەتی کار و کردەوەکانیان، بۆتە کانگەی سەرهەلدانی دەیان و سەدان دیاردەی نەشیاو و ماڵوێرانەکەر. لە کاتێک‌دا هەموو وڵاتانی جیهان لە رێگەی پەروەردەوە هەوڵ دەدەن نەوەی نوێ و پێگەیشتوو و تەیار بە چەکی زانست پەروەردە بکەن و، هەڵە و پەڵە فەرهەنگی‌یەکان بستڕنەوە و نۆرم و باوی بەکەڵک لە کۆمەڵگەدا جێ بخەن، لە کاتێک‌دا کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان بە هەموو تواناکانیان بەرەنگاری هەژاری و دیاردە ماڵوێرانکەرەکانی دیکە بوونەتەوە، دەسەڵات بەردەوام خەریک گۆڕینی ئەو یەکە دەرسی‌یانەیە، کە جێگەی قبووڵی کۆمەڵگەی مرۆیین، بەهۆی گەندەڵی بەرینی باندەکانی رێژیم و سیاسەتە بەرزەفڕانەکانی کۆماری ئیسلامی، جیهان کۆمەڵگەی ئێرانی تەریکخستۆتەوە و کرانەوەی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی هەر بەرەو پاشەکشەیە، کەواتە ئاساییشە کۆمەڵگە ئاگای لە خۆی ببڕدرێ و بە ژان و ئێشەکانی خۆی نەزانێ. دایک و باوکێکی ماندوو کە پشتیان لە ژێر باری قوورسی ژیان‌دا چەماوەتەوە، چۆن هەست پێدەکەن کیژۆڵەکەیان سبەی تووشی خەمۆکی دەبێ، چۆن هەست پێدەکەن تەنیا لەسەر لینگان بوون، بۆ دەسپێکردنی ژیانی هاوبەش بەس نیە، چۆن دەزانن سبەی رەنگە دووگیان بوون گیانی کچۆڵەکەیان بستێنێ، بەڵکوو ئەوانە تەنیا لە بیری ئەوە دان نان خۆرێکیان لێ کەم بێتەوە، یانیش کچۆڵەکەیان ببێ بە مایەی خێر و بەرەکەت و بیدەن بە کابرایەکی دەوڵەمەند و پێی بحەسێنەوە. یان نا سەرۆکی وڵات فتوای داوە کچان زوو دامەزرێنن، هەتا وەچەمان زۆر بێ، دیارە ئەو وەچە قوڕبەسەرەی ئێستای زۆر دابین و بەختەوەرە!؟ لە ژماره‌ ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌