کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی خویندن بە زمانی کوردی لە کەنارەکانی گۆلی ورمێوە تا سەراوی لیلوپەڕ

05:51 - 30 رەزبەر 2716

بەڵێ تۆ جوانی، نازداری، لەباری منیش پیرێکی زورهان و دزێوم بەڵام شیرینترە لەو شەکرە لێوەت وشەی کوردی کە هەڵدەڕژێ لە لێوم - هێمن لەو رۆژانەدا کە کوڕان و کچانی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە حاند دواکەوتویی و پشتگوێ خرانی ناوچەکەیان رژابوونە سەر شەقامەکان، لە کەنارەکانی زرێبار، مناڵان بە خوێندنەوەی شێعری کوردی، وتنی گورانیی کوردیو کایە لەگەڵ وشەی کوردی، کۆتایی ساڵی خوێندنی زمانی کوردییان بۆخۆیان جێژن دەگرت. رێورەسمەکانی کۆتایی خوێندن بە زمانی کوردی، ئەمساڵ بە تایبەت لە دوو شار و ناوچەی مەریوان و بانە جێگای سەرنج بوون. لەولاتر، مناڵانی لێوارەکانی گۆلی ورمێ، بە بۆنەی وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی، شاد و شاگەشکە بوون. لە لایەکی دیکەش چالاکانی کورد لە شاری کرماشان کەمپەینێکیان بۆ گەڕاندنەوەی مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەڕێخستووە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی نیزیک بە چوار دەیەی تەمەنی، مناڵانی کوردستانی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین مافی خۆیاندا هێشتۆتەوە. سەرەتاییترین مافێک کە دەکرا بە جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی خۆی جێبەجێی بکا. لە راستیدا ئەوە تەنیا بەندێکی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە سەرەتاوە بەر سەرنجی کوردەکان کەوت. بەندێک کە ئەگەرچی ناوەرۆکەکەی تەفسیر و لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بە هیچ جۆر وڵامدەری خواستە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێراندا نییە بەڵام جێبەجێ کرانی دەیتوانی هەنگاوێکی بەرەوپێش بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە کوردستان بێ. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەسەڵاتی لە تاران بە دەستەوە گرت کە کوردستان بۆ دابین بوونی مافەکانی بە تەواوی لەسەر هەست و پێداگر بوو. کوردەکان ماوەیەکی زۆر لە پێناو مافەکانیاندا دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی جەنگابوون. هەر بۆیەش رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو نەیتوانی یاسایەک دابڕێژێ کە لەودا بە یەکجاری نەتەوە بندەستەکان بە نەدیتراو حیساب بکا. دەرەنجامی ئەوەش بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی بوو کە لەودا دانی بە بوونی زیاتر لە یەک نەتەوە لە ژێر ناوی قەوم و زیاتر لە یەک زمان، جگە لە زمانی فارسی نابوو. بەڵام ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتداری و جێبەجێ نەکردنی ئەو بەندە، نیشانی دا کە زیاتر لە ژێر خۆڕاگری و پێداگریی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورددا هاتە ئاراوە و هەڵقوڵاوی باوەڕی دامەزرێنەران و دەسەڵاتدارانی ئەو سیستمە نەبوو. رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە لایەک لەسەر کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبی دامەزرا کە تێیدا نەتەوە و مافی نەتەوایەتیی لە ژێر ناوی ئۆممەت و ئایین سڕدراوەتەوە. لە لایەکی دیکەش دەستێکی بە پان ئێرانیزم و ناسیونالیزمی مێژوویی فارسەوە بەند بوو کە لەسەر بنەمای حاشا کردن لە بوونی نەتەوەکانی دیکە رۆنراوە. هەر بۆیەش ئەسڵی پازدە و مافی خوێندن بە زمانی دایکی هیچکات نەهاتە بواری جێبەجێ کردن و هەتا ئێستاش تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی چالاکانی کورد بەردەوام هەوڵیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەندە داوە تا مناڵی کوردیش وەک دیکەی مناڵانی جیهان چیدی لەو مافە سەرەتاییە بێبەش نەبن. لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر جار ئەم بەندە بووە بە ئامرازی تەبلیغات و بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیداکان. کەچی سەرەڕای بە پیرەوە چوونی چەندان جارەی کوردەکان و لەو رێگایەشەوە سەرخستنی ئەو کاندیدایانە، ئەو مافە سەرەتاییە هەروا بە پشگوێ خراوی ماوەتەوە. تەنیا قازانجی ئەو بەندە بۆ نەتەوە بندەستەکان لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەیە کە کوردەکان و دیکەی نەتەوەکان بۆخۆیان هەوڵ بۆ فێربوونی زمانی دایکیی خۆیان بدەن یا لانیکەم لەسەر ئەوە، مامۆستایان و شارەزایانی زمان بۆ فێرکردنی هاوزمانەکانیان کەمتر بکەونە ژێر گوشار و راوەدوونان. کوردانی رۆژهەڵات هەر لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، هەوڵدان بۆ فێربوون و پەرەدان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بە ئاشکرا دەست پێ کردەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ دەسپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای خۆی، هەوڵی دا لە شار و گوندەکانی کوردستان قوتابخانە بۆ مناڵانی کورد بکاتەوەو مامۆستایان بە زمانی کوردی وانە بە مناڵان بڵێنەوە. لەگەڵ هێرشی دەسەڵات بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی شار و ناوچەکانی کوردستان، وانە گوتنەوە بە زمانی فارسی لە جێی زمانی کوردی داندرایەوە. خوێندن بە زمانی کوردی یاساخ کرا و تەنانەت دواتر ئەو مامۆستایانەش لەو جۆرە وانە گوتنەوەیە مەنع کران کە دەرسەکانیان بە زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد شەرح دەکرد. بەڵام هەموو ئەو زەخت و گوشارانە نەیانتوانی هەوڵەکان بۆ فێربوونی زمانی دایکی لای تاکی کورد و مناڵی کورد بنەبڕ بکەن. خۆ فێر کردن و فێرکردنی بنەماڵەیی بە درێژایی ئەو ساڵانە لە لای تاک و بنەماڵەی کورد لە برەو نەکەوت. لە ساڵانی دواتردا چالاکان و دڵسۆزانی زمان و وشەی کوردی هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی و فێرکردنی بە ئاشکرای هاونەتەوەییەکانیان چڕ کردەوە. ناوەندی فەرهەنگیی سۆما بۆ ئەو مەبەستە رەنگە یەکەم و گەورەترین پیکهاتە بوو کە بنکە و نوێنەرایەتیی لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە. سۆما و دەستەخوشکەکانی لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا توانیان هەزاران مناڵ و لاوی کورد فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆیان بکەن. هەر ئەمساڵ لە شاری بانە ناوەندی هاژە جێژنی فێربوونی زمانی کوردیی بۆ هەزار قوتابی گرت. بەڵام لەمپەری فێربوون و فێرکردنی زمانی دایکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بێ ئیمکاناتی یان دەسەڵاتی دیکتاتۆر و داگیرکەر نییە. زۆر جار لەو شارانەش کە دیموگرافیی شارەکان دوو یا چەند نەتەوەیین، بە داخەوە جۆرێک لە شۆڤینیسم بە یارمەتیی دەسەڵات، هەوڵ دەدا رێگا لە کردنەوەی کلاسەکانی زمانی کوردی و خوێندن و فێربوونی مناڵانی کورد بە زمانی کوردی، بگرێ. شاری ورمێ یەک لەو شارانە بوو کە لە ساڵی ١٣٩٢ و بە داخرانی ئەنستیتۆی ئەحمەدی خانی لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، تا چەند رۆژ لەوەپێش مۆڵەتی کردنەوەی کلاسەکانی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی تێدا زەوت کرابوو. بەڵام دوا جار چالاکانی کورد لەو شارە بە وەڕێخستنی کەمپەین و بە کۆکردنەوەی بیست هەزار ئیمزا، توانیان ئەو مافە بۆ مناڵانی کورد و بۆ حەشیمەتی هەراوی کورد لەو شارە بگەڕێننەوە. کەمپەینێک کە هەر ئێستا هاوشێوەکەی لە شاری کرماشان و لە لایەن چالاکانی ئەو شارە بۆ هەمان مەبەست وەڕێ خراوە و بە هەزاران واژۆ پشتیوانی کراوە. لە ژماره‌ ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌