کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایەتوڵڵاکان بۆ لە رێککه‌وتنی (FATF) نیگەرانن؟

05:54 - 30 رەزبەر 2716

لە ماوەی رابردوو‌دا پێنەدانی خزمەتگوزاریی بانکی بە قەرارگای "خاتم‌الانبیا"ی سپای پاسداران ئینقلابی ئیسلامی لە لایەن دوو بانکی ئێرانی‌یەوە بوو بە هۆیی کێشەیەکی سیاسیی گەورە لە ئێران‌دا. لەو نووسینەدا دەمانهەوێ باسێک لەسەر (FATF) و هەروەها ئه‌و هۆکارانه‌ی کە دەسەڵاتدارنی نیزامی و ئایەتووڵڵاکان لە ئێران‌دا لە وەها گرووپێک ترسیان هەیە، ده‌که‌ین. سەرەتا دروست بوون و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو رێکخراوە باس دەکەین، دواتر باسی پەیوەندیی ئێران و یاساکانی بوون بە ئەندامی ئەو گرووپە ده‌خه‌ینه‌ به‌ر باس. گرووپی تایبەتی ئیقدامی ماڵی((FATF چیە؟ گرووپی تایبەتی ئیقدامی ماڵی(Financial Action Task Force on Money Laundering) رێکخراوێکی نێودەوڵەتی‌یە کە یاسا و رێسا بۆ دراوی نایاسایی و هەروەها دابین‌کردنی ئابووریی تیرۆریستان دادەرێژێ، هەروەها شەفافیەتی سیستەمی بانکی و دارایی وڵاتان ده‌خوازێ و ده‌پارێزێ. وڵاتانی G7 واتە ٧ وڵاتی گەورەی پیشەسازی، ئەو رێکخراوەیان لە ساڵی ١٩٨٩ دروست کردوە. ئێستاکه‌ ٣٥ وڵاتی بەهێزی ئابووری جیهان ئەندامی ئەو رێکخراوەن، یەکێتی ئەوروپا و شووڕای هاوکاریی کەنداوی فارس ئەندامی گرووپی تایبه‌تی ئیقدامی ماڵین. ئیسرائیل و عەرەبستان ئەندامی راوێژکاری ئەو رێکخراوەیەن. ٩ گرووپی ناوچەیی دژی کاری نایاسایی ئابووریش هاوکاری ئەو رێکخراوەیە دەکەن، یەکێک لەو گرووپانە، گرووپی ئیقدامی ماڵی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئەفریقایە کە جگە لە ئێران و تورکیە، ئیسرائیل و سه‌حرای رۆژئاوا، هەموو وڵاتانی دیکەی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئەندامی ئەو رێکخراوەن. ئەندامانی ئێف ئه‌ی تی ئێف ساڵانە بەرپرسی ئەو رێکخراوەیە هەڵدەبژێرن. ئێستا "خوان مانوئیل وگا سرانو" یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی دادوەریی ئیسپانیا و شارەزای بواری ئابووری، بەرپرسی گرووپی تایبەته‌. هەروەها گرووپی تایبەت دەبیرخانەیەکی ئیجرایی هەیە کە چاوەدێری و لێکۆلینەوە لە هەموو بوارەکانی جووڵەی ئابووریی نێودەوڵەتی ده‌کا. پەیوەندیی ئێران و گرووپی تایبه‌تی ئیقدامی ماڵی(FATF) چیە؟ لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو رێکخراوه‌ کۆماری ئیسلامی هیچ دەورێکی لە (FATF)دا نەبووە، بە درێژایی ساڵانی رابردوو ئێران لەژێر زەرەبینی ئەو رێکخراوەدا بووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ بەولاوە ساڵانە ئەو رێکخراوە لەسەر ئێران راپۆرتی تایبەتی هەبووە؛ چونکە بەپێی راپۆرتەکانی ئەو رێکخراوەیە ئێران ناوەندی دراوی نایاسایی و یەکێک لە بنکەکانی دابینکردنی دارایی بۆ کاری تیرۆریستی‌یه‌، ئەو رێکخراوەیە بە بەردەوامی هۆشداری داوە بە ئەندامان و وڵاتانی راوێژکار، هەروەها لە مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و دراو لەگەڵ ئێران داوای شەفافیەتی زیاتری کردوە. چونکە بەپێی رێسای و یاساکانی ئەو رێکخراوەیه‌، ئێران یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکانی جیهان بۆ قاچاخ و دراوی نایاسایی. ئێف ئه‌ی تی ئێف لە مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٦دا راپۆرتێکی تایبەتی لەسەر کردەوە ماڵی‌یەکانی ئیران بڵاو کردوە و ئێرانی بە یەکێک لە ناوەندەکانی ساغکردنەوەی دراوی نایاسایی دانا لەگەڵ ئەوەش‌دا وه‌ک سەرچاوەیەکیش بۆ یارمەتی دارایی گرووپە تیرۆریستیەکان دانرابوو، بەڵام دوای ٤ مانگ (FATF) رایگەیاند کە لەگەڵ حکوومەتی ئێران تەوافوقێکی سەرەتایی کردووه‌ و ئێران دڵنیایی داوە کە سیستمی دارایی و بانکیی خۆی زیاتر شه‌فاف بکا. لە تەوافوقی ئێران و ئێف ئه‌ی تی ئێف پێداگری کراوە لەسەر ئەوەی کە دەبێ حکوومەتی ئێران رێگە نەدا بە قاچاخچی و کەسانی خراپ کە دراوە نایاساییەکانیان لە بازاری ئیران‌دا ساغ کەنەوە و هەرەوەها دەبێ ئێران یارمەتیدانی ئەو لایەنانەی کە لە لیستی تیرۆر دان، راگرێ. ئەو تەوافوقە بۆ ماوەی یەکساڵە و ساڵی داهاتوو ئاکامی چالاکی‌یەکانی ئێران لە لایەن(FATF) دووبارە دەخرێنەوە بەرباس. دراوی نایاسایی و چۆنیەتی ساغکردنەوەی چۆنە؟ ساڵانە نزیک بە ٢٠ میلیارد دۆلار کەل‌و‌پەلی قاچاغ دەچێتە نێو ئێران و داهاتەکەی دەبێتە دراوی نایاسایی و دەبێ ساغ بکرێتەوە. بەپێی ئاخرین راپۆرتی مەجلیسی ئێران ساڵانە ١٥ تا ١٩ میلیارد کەل‌وپەل قاچاغ دەکرێ. ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەسەڵاتداریی بازڵ لە سوئیس لە چەند مانگی رابردوودا راپۆرتێکی لەسەر وەزعیەتی سیاسی و دارایی ١٤٩ وڵاتی دنیا بڵاوکردۆتەوە کە لەوێدا باس لە یاسا و رێساکانی دژی دراوی نایاسایی دەکا و وڵاتانی جیهانی تێدا پلەبەندی کردوە و ئێران بە خراپترین وڵات دادەنرێ و لە کۆتایی‌دا ریز‌به‌ندی‌یه‌که‌دا جێ‌ده‌گرێ. ناوەندی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی له‌سەر گەندەڵیی ئابووری لە جیهان‌دا، ئێرانی لە ١٦٧ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٣٠ داناوە. لە ساڵانی رابردوودا چەندین پەروەندەی گەندەڵیی ئابووریی هەزاران میلیارد تمەنی لە ئێران لەژێر لێکۆلینەوەدا بوون، "عبدالرضا رحمانی فضلی" وەزیری نێوخۆی ئێران دەلێ وەزعیەتی ‌‌‌دراوی نایاسایی بە شێوەیەک چۆتە نێو دنیای سیاسەت و گرووپە سیاسی‌یەکان لەدژی یەک بەکاری دەهێنن. حکومەتی ئێران لە ساڵی ١٣٨٦‌دا قانوونی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دراوی نایاسایی لە پەرلەمان دەرکردوە، ئەو قانوونە هەرچەند پێدا دەگرێ لەسەر دراوی نایاسایی و گەندەڵی ئابووری، بەڵام تا ئێستا بە شێوەی رێک‌و‌پێک کەڵکی لێ وەرنەگیراوە. بۆ ئێران تۆمه‌تبار ده‌کرێ به‌ دابین‌کردنی ماڵی تیرۆریزم؟ هەرچەندە کە هەموو وڵاتانی جیهان تیرۆریزم مەحکوم دەکەن، بەڵام تا ئێستاش وڵاتانی جیهان پێکەوە نەگەیشتوونەتە سەر پێناسەی هاوبه‌شی تیرۆریزم و جیاوازی‌یەکان زۆرن لەسەر بە تیرۆریست زانینی ئه‌م یان ئه‌و گرووپ. کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی جۆراوجۆر لە گرووپی سیاسی و چەکداریی جۆراوجۆر پشتیوانی دەکا کە لە روانگه‌ی ئێرانه‌وه‌ "گرووپی مقاومەت"ن ، "حزب‌اللە" لە لوبنان، حه‌ماس لە فەلەستین، حوسی‌یەکان لە یەمەن و... ئەوانە هەموو لەژێر چه‌تری پشتیوانی دارایی کۆماری ئیسلامی ئێران دان. ئەمریکا و یەکێتی ئەورپا و وڵاتانی ئەندامی شووڕای هاوکاری کەنداوی فارس حیزبوڵڵای لوبنان بە گرووپی تیرۆریستی دەزانن، حه‌ماس لە لایه‌ن یەکێتی ئورووپا و ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان بە گرووپی تیرۆریستی ناسراون. چەند مانگ پێش ئێستا لەژێر فشاری ئەمریکا ١٠٠ حیسابی بانکیی حیزبوڵڵا داخران، ئەمە وایکرد کە حەسەن نەسروڵڵا هاتە سەر خەت و گوتی هەموو پشتگیری دارایی و هەتا چەک و مووشەکه‌کانمان ئێران دابینیان ده‌کا. هێزی قودسی سپای پاسدارن راستەوخۆ ئەرکی ئەوەیە کە گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا و حه‌ماس و ئەوانی‌تر لە دەرەوەی ئێران سەرپەرشتی بکا. لە لایه‌ن ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپاوە قاسم سوله‌یمانی فەرماندەی هێزی قودس لە لیستی گه‌مارۆکان و لە لایەن وڵاتانەوە لە لیستی رەش دانراوە. قەرارگای ئاوەدانکردنەوەی خاتەمولئەنبیا یەکێکی‌تر لەو شوێنانەی کە کەوتۆتە نێو لیستی رەشه‌وه‌ و هەر بۆیە ئێف ئه‌ی تی ئێف دەیهەوێ کارەکانی ئەو قەرارگایە شەفافتر و روونتر بن بۆ جیهانی دەرەوە، بەڵام کێشەکە لێرەدا دروست دەبێ کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەو جۆرە شەرت و شەرایەتانەی ئێف ئه‌ی تی ئێف نین و نایانهەوێ بچنە ژێر باری. هەر بۆیە لە ئیران‌دا ئێستا بوونە دوو دەستە: گرووپێک موافقی په‌یوه‌ست بوون به‌ ئێف ئه‌ی تی ئێفن و گرووپێکیش دژبه‌ر. لە ژماره‌ ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌