کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موسڵ و شەری بە وەکالەتی برا چکوولەکان!

11:30 - 1 خەزەڵوەر 2716

رۆژهەڵاتی ناوین بە هۆکاری ئەوەی زۆرترین رێژەی نەوتی دنیای لە خۆ گرتووە بە درێژایی مێژوو جوغرافیای جەولەی زلهێزەکانی دنیا بووە، لە هەمان کات دا لەم ناوچە پڕ لە هەڵایەدا چوار هێزی ناوچەیی سەرەکی واتە ئێران، سعوودی، تورکییە و ئیسرائیڵ یش وەک کاراکتێری سیاسی لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی رۆژهەڵاتی ناوین بەشدارن. له‌م ناوه‌دا ئێران، سعوودیه‌ و تورکیه‌ ئەوەندەی بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ یەک هەیە بە دو هێندە کێشەی ستراتژیک و ئیدئۆلۆژییان هەیە هەر ئەم هۆکارە بووەتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوین رۆژ لە دوای رۆژ زۆرتر تووشی قەیرانی سیاسی و ئینسانی ببێت. ئەم هێزە ناوچەییانە هیچکامیان توانایی پاکتاو کردن و سڕینەوەی لایەنی بەرانبەری خۆیان نییە و هەر ئەم ناتەوانییە بووەتە هۆکار تاکوو بە جێی ئەوەی راستەوخۆ بەرەو رووی یەک ببنەوە دەست بدەنە شەری بە وەکالەت لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوین و قووڵایی ئیستراتژیکی خۆیان لە دەروه‌ی سنوورەکانیان دیزاین بکەن. وڵاتی عێراق وەک ناوچەیێکی ئیستراتژیک و لە هەمان کات دا وەک پردی نێوان ئەم چوار وڵاتە دەوری سەرەکی دەگێرێت، بۆیە بە درێژایی مێژوو ئەم  وڵاتانە تێکۆشیون دەسەڵات و هەیمەنەی سیاسی خۆیان تا ئەو جێگەیەی کە دەتوانن لە عێراق پەرە پێ بدەن تەنانەت ئەگەر کار بگاتە ئەو شوێنەی کە ئاور بەر بدەنە هەموو جوغرافیاکەی، بۆیە دەبینین دوای نەمانی رژیمی دیکتاتۆری بەعس و بە تایبەتی لاچوونی سانتراڵیزمی بەعسی بە سەر شاکەلەی جوغرافیای عێراقەوە ئەم وڵاتە هەموو کات لە ژێر هەیمەنەی سیاسی و ئەمنییەتی ئه‌م هێزانه‌ی خاوەرمیانە دا بووە. دوای نەمانی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا لە مه‌یدانی جوغرافیای سیاسی عێراق و درگا ئاواڵە بوون بۆ ئه‌م هێزه‌ سەرەکییانه‌ی ناوچە، چوارچێوەی بەێوەربەری عێراق دەکەوێتە ناو شەرێکی بە وەکاڵەت کە دەرنجامەکەی دەبێتە هۆکار تاکوو خەلکی بەشێک لە عێراق حازر بن خۆیان رادەستی رێکخراوێکی تروریستی وەک داعش بدەن. بۆیە دەبێ ئەم خاڵە لەبەرچاو بگرین دەسەڵات داربوونی داعش بە تایبەتی لە جوغرافیای سونی وڵاتی عێراق چەندە لە باڵانسی هێزی رێکخراوەی تروریستی داعش سەرچاوە دەگرێت بە سەدان بار دەرنجامی سیاسەتی شەری بە وەکاڵەتی ئێران و تورکیە و سعوودییه‌. . ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم رۆژانەی شەترەنجی سیاسی عێراق، بەتایبەتی شەری ئازاد کردنەوەی موسڵ، دەر دەکەوێت ئەم هێزانە واتە ئێران و تورکییە و سعوودی تا چەندە تێدەکۆشن هەیمەنەی خۆیان لەم ئازادکردنەدا بسەپێنن، چۆنکە هەر ئه‌م هێزانه‌ دەزانن موسڵ و دەرنجامەکانی ئازادکردنی موسڵ لە ئایەندە دا چەندە دەتوانێ سیاسەتی دووایی ئەم هێزانە دیزاین و دابین بکات. هێزە سەرەکییەکانی دنیا بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئارام کردنەوەی ناوچەکە بە نەمانی داعش مسوگەر دەبێت بەڵام خاڵی جێگەی مەترسی ئەوەیە کە شەری گەورتر دوای نەمانی داعش دەست پێدەکات بە تایبەتی ئێستا ئەم چوار هێزە ناوچەیییە لە هیچ کارێک دەریغی ناکەن بۆ ئەوەی لایەنەکانی بەرانبەری خۆیان کەم هێزتر بکەن. دروستە مووسڵ دووهەمین شاری عێراق بە ئەژمار دێت و ئازادکردنی ئەم شارە جەماوەرێکی دو میلیۆن کەسی لە دەست داعش رزگار دەکات بەڵام له‌وانه‌یه‌ مووسڵ سەرەتایه‌ک بێ بۆ شەری دیکە و لە هەمان کاتدا کردنەوەی ئاگری دیکەیە لە وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوین، تەنانەت دەتوانین بڵێین جوغرافیای ئەم چوار وڵاتەی دیکەش لەم ئاورە پارێزراو نابن، شەری موسڵ لە مانگەکانی داهاتوو دا تەواو دەبێ بەڵام کاریگەرییەکانی دوای شەڕی موسڵە کە دەبێت وەک مەترسی سەرەکی چاوی لێبکەین.