کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێڕە نەدیتراوەکان له‌ په‌روه‌ردو بارهێنانی قوتابیان له‌ ئێران

14:25 - 3 خەزەڵوەر 2716

یەکێک لە ناوه‌نده‌ هەرە گرینگەکانی هەر کۆمەلگایەک بریتییە لە پەروەردە. سەرەتایترین و ئەساسیترین ئەم نیهادە بریتیە لە پەروەردەی بنەمالەیی کە ریشەی تایبەت بەخودی بنەماڵەکان داب و نەریتی کۆمەڵگاوە هەیە و ئەوەی دیکەیان سیستمی پەروەردەی دەوڵەتیە کە بریتیە لە قوتابخانە کە لە ئێران وەزاراتی په‌روه‌رده‌ و بارهێنان( ئاموزش و پەروەرش) بە سەری رادەگات. زۆربەمان دەزانین کە رادەی خوێندەواری و خوێندکار لە وڵاتی ئێران بە بەراورد دەگەڵ پێشوو تا رادەیەک چووتە سەر کە دەکرێ بلێین ئەمە دیاردەیەکی نێونەتەوەییە و هەر وڵاتی ئێران ناگرێتەوە ، بەلام هەر ئەم چوونە سەرێی رێژە خوێندکاریە سەرنجی نەوەی نوێ رادەکێشت کە ئەوانیش توێژێکی خوێندکاریان لێ پەروەردە بێت. بەڵام با پێکەوە ئاورێکی کورت و خێرا بدەینەوە سەر وەزعی رۆژانەی قوتابیان لە ئێران. لە چەند مانگی رابردوودا چەندین جار لێدانی( تنبیە بدنی) قوتابیانمان لە لایەن ماموستایانی قوتابخانەکانی ئێران بیستووە و دلنیاشین کە رێژەی ئەم توندو تیژیە جەستییانە زۆر لەوە زیاترن کە لە میدیاکانەوە گوێ بیسیان دەبین. بەپێی ئایین نامەی وەزارەتی په‌ره‌رده‌ و بارهێنان لێدانی قوتابی سزای هەیە و دەبێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. دیارە ئێمە خەبەرەکە کەم تا کورتێک دەبیسین و بەداخەوە نازاینن پرۆسەی بە دوادا چوون چۆنە و کێ خەتابارە و سزاکەی چۆنە و رەنگه‌ کاتێک دەگەینە ئەم قوناغە کە کێ خەتابارە و سزای چیی بۆ بڕاوەتەوە کاری ئێمە نەبێت بەلکۆ پسپۆر و شارەزایانی حقووقی بەم کێشانە رابگەن کە ئەمەش چەندە کاری بۆ کراوە خۆی جێگای پرسیارە. بەلام با بگەڕیینەوە بۆ کاتی روودانی تەنبێی جەستەیی قوتابیان لە لایەن ماموستاکانەوە. هۆکاری ئەم جۆرە هەڵس و کەوتە دەتوانێ چ بێت ؟ ئایا بێ دەسەلاتی و شاروزا نەبوونی قوتابی و بنەماڵەی قوتابیە بە ماف و داوای خۆی ؟ ئایا داب و نەریتی کۆنە کە بە قەولی باو باپیرانمان بە مامۆستاکانیان گوتووە گۆشتیان بۆ ئێوە ئێسکیان بۆ ئێمە" بەو مانایە کە ئیجازەیان داوە بە قوتابخانەکان کە تنبێی به‌دنی بکەن. یان ئەوەی کە دام و دەزگای وەزارەتی ئاموزش و پەروەرش وەک زۆربەی ناوه‌نده‌کانی دیکەی کۆماری ئیسلامی تووشی بێ سەروبەریی بووە. یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی کە دەتوانرێ ئیشارەی پێ بکەین خودی ئەم سیستمەی پەروەردەی ئێستایە کە لە بازنەیەکدا بە دەوری خۆیدا دەسوورێتەوە. کەسێک کە لە قوتابخانە هەر لە سەرەتاوە بە لێدان و کوتان هەڵس و کەوتی دەگەل بکرێت کە گەورەش بوو یان لە رووی تۆڵە ئەستاندنەوە کە لە کاتی خۆیدا ستەمی لێکراوە یان ئەوەی کە بە هەر هۆکارێک پێی وایە کە یەکێک لە رێگاکانی فێر کردن و پەروەردە بە لێدان و هەڵس و کەوتی تۆند و تیژ دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە موشیکلەی ژیانی رۆژانەی خەلک و باری کۆمەلایەتی و ئابووری و رادەی بێکاری وبژیویی خەڵک کە هەم ماموستایان و هەم قوتابیان دەگرێتەوە بە حەددێک ئەم خەڵکەی لە ژێر گوشاری رۆحی داناوە کە دەکرێ بلێین هیچ لایەنێک بە فکرێکی ئاسوودەوە دەست بە کار ناکات و رۆژی خۆی دەست پێ ناکات، کە بەداخەوە لە کۆمەلگای ئێمە پێمان وایە منداڵەکان هەست بە کێشه‌کانی رۆژانە ناکەن. لەم بارەوە دەبێ بڕوانینە قوتابیان و مێرمنداڵانی ئێستا لە ولاتی ئێران کە لە بەر دەستکورتی و بۆ بژیوی ژیان دوای قوتابخانە بە ئەندازەی گەورەساڵێک کار دەکەن. ئەم گرفتەی ژیانی رۆژانە کە لە ماڵەوەڕا دەیانگوێزینەوە بۆ شوێنی کار رەنگ بێ راستەوخۆ هەستی پێ نەکرێت بەڵام لە رەفتار و هه‌ڵسوکەوتدا کاریگەریی هەیە، دەنا بۆ دەبێ درنگ هاتن بۆ قوتابخانە سزای لێدان بێت یان ئەنجام نەدانی تەکلیف سزای لێدان بێت ؟ قوتابخانەکان و کانوونی بنەماڵە قەرارە جێگای فێر کردن و پەروەردە بێت بەڵام ژیان کردن لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران و لە ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی کاریگەرییه‌کی نەرینی لە سەر پەروەردەی نەوەی نوێ داناوە و هەم بنەمالە و هەم بەڕیوبەران و ماموستایانی قوتابخانەکان ئەوەندەیان موشیکلەی رۆژانەی خۆیان هەیە کە تاقەت و تەحەمول و فوکوسی سه‌ره‌کییان لە سەر پەروەردە کەم بۆتەوە. ئەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نیە کە دیفاع لە هەڵس و کەوتی توندو تیژی مامۆستایان بکرێت بەڵکو دەبێ ئەم رووداوەانە کە لەم ساڵدا رێژەیان زۆرترە به‌ زەنگی خەتەرێک وەربگرین کە ئەم کۆمەڵگایە ئاوا بڕواتە پێش و نەوەی داهاتووی ئاوا پەروەردە بکات هیچ لە قازانج و بەرژەوەندی کۆمەڵگادا نیه‌ و بە دڵنیاییه‌وە زۆر فاکتەری دیکە هەن کە دەتوانێ نەوەی داهاتوو بەروە رێگای دیکە ببات کە هەر ئێستا کەم نین ئەوانەی لە ژێر فشاری وەزعی نالەباری ژیان لە ئێران تووشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی بوون. بە دڵنیاییەوە رێژەی ئەم توند و تیژیانە لە رۆژهەلاتی کوردستان ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نییه‌ . قوتابیانی رۆژهەلاتی کوردستان وێرای ئەوەی کە تەنبێی جەستەییان هەیە هاوکات کەم و کۆڕی قوتابخانەکانیش لە باری بێهداشت و هەوای پاکو خاوێنیان و لە نەبوونی قوتابخانەیەکی شیاوە زەجر دەکێشن. وێڕای هەموو ئەم کێشانە تا ئێستاش قوتابی نموونەمان زۆر هەبووە بە تایبەت لە قوتابخانەکانی رۆژهەلاتی کوردستان و توێژی لاوان، بەڵام هاوکات ئەم چاوەڕوانیە دەکرێت کە مامۆستایان و قوتابیان لە نوختەیەک پێکەوە بە سازش بگەن و حەق وانییە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئەم ژیانەی رۆژانەی ئەوانی دژوار کردووە ئەوانیش زیاتر بە گژ یەکدا بچن. لە راستی دا ئەم دوولایەنە واتە قوتابی و مامۆستا هەر دووک ستەم لێکراون و هیچیان ستەمکار نین بەڵکوو سیستمە کە قوتابی و مامۆستای بەرامبەر بە یەک داناوە و بە شێوەیەکی هەڵە لە توانا و وزەی ئەوانە کەلک وەردەگرێت بۆ مانەوە و پایەداری خۆی. مادام ئاموزشو پەروەرش بە ئاینامەی کاری دەنازێت کە "تنبیە بدنی| سزای هەیە بەلام بە کردەوە به‌دواداچوونی بۆ ناکات لێرەدا حەق وایە ماموستاکان خۆیان رەعایەتی ئەم خالە بکەن چونکە لەم نێوەدا هەر مامۆستا و قوتابین کە زەرەر دەکەن دەنا حکوومەت و سیستم هەر ئەم رۆتینەی خۆی هەیە و هەڵوێستێکی جیددی ناگرێت. ئێوە دژ بە یەکتر و بۆ بەرژەوەندی خۆی کەڵک لێ وەردەگرێت و رێگا لە هەر دوولایەن ون دەکات کە سیستم و هەڵەکانی سیستمی پەروەردە نادیدە بگرن . رووداوەکانی ئەم سال لە شووش ،خوزستان، کووهدشت- لورستان، بجنوردو له‌م دواییانه‌ لە پارێزگای گولستان ، نموونەی هەرە زیندووی ئەم توندو تیژیانەیە. ئەم شێوە پەروەردەیە ئەگەر خەباتگێڕانی مەدەنی و فەرهەنگی و دایک و باوکان و خودی مامۆستا دلسۆزەکان له‌ هه‌وڵی گۆڕینیدا نه‌بن داهاتوویەکی ناروون بۆ کۆمەلگا لە سەر رێیە کە ئێستا لە فکری چارەسەری دابین باشترە نەک چاوەڕێی دەسەلاتێک بین کە بە کردەوە نەیتوانیوە کێشه‌کانی ئەم پەروەردە سەقەتە چارەسەر بکات.