کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرانبەر کوشتنی کۆڵبەرن دا راوستین

14:45 - 9 خەزەڵوەر 2716

کوشتنی کۆڵبەرانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆتە کارێکی رۆژانە و هەر چەند رۆژ جارێک یەک یان چەند کەس لە کۆڵبەرانی ناوچەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوورو باکووری کوردستان لە لایەن ئەو هێزانەوە نەکوژرێن یان بریندار نەکرێن یان نەکەونە سەر مین و تەقەمەنییە چێنراوەکانی ئەو هێزانە. کەچی لەم رۆژانەدا هێزی بەناو ئینتزامیی رێژیم (ناجا) لە راگەیەندراوێکی پڕ لە چەواشکاری دا رایگەیاندوە لە ساڵی ١٣٩٤ەوە هیچ کۆڵبەرێک بە تەقەی ئەو هێزە نەکوژراوە. تەنانەت هەر لە مانگی رابردوودا چەند کۆڵبەری کورد لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژراوان. ئامارەکان باس لەوە دەکەن لە ساڵی رابردوودا ٣٠ کەس لە کۆلبەران بە تەقەی هێزەکانی رێژیم کوژراو یان بریندار کراون و تەنانەت کەلوپەلەکانیشیان تاڵان کراوە. ئەم هەڵوێستە چەواشەکارانەیەی بەرپرسانی ناجا لە کاتێک دایە ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک و لە پێشەوەیان دا چالاکانی مەدەنی بەرانبەر تاوانەکەنی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ کۆڵبەرانی بێدەرەتان لە زیاد بوون دایە. ناڕەزایەتییەکانی ناوچەکانی سەردەشت مەریوان و بانە و ... نموونەیەک لەو ناڕەزایەتییانەن. نکۆڵیلێکردن لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران ئەویش لە کاتێک دا کە بیروڕای گشتی بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە زیاتر لە هەرکات ئاگای لە تاوانەکانی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامی هەیە و پەرچەکردار نیشان دەدە، بێگومان ناتوانێ ببێتە هۆی چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان . دیاردەی کۆڵبەری و گوازتنەوەی کۆمەڵێک کەلوپەلی بازرگانی لە ناوچە کانی نێوان رۆژهەڵات و باشوور و باکووری کوردستان لە راستیدا بەشێکی بچووکی دەرکەوتەکانی ئەو سیاسەتە پڕ لە هەڵاواردنە فرەلایەنەیە کە دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێران بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستانیان دا سەپاندەوە. لە سایەی ئەم سیاسەتەوەیە کە رێژەی بێکاری بەردەوام لە هەڵکشان دایە. لە وەها هەلومەرجێک دایە کە بەتایبەتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان ناچارن روو لە کاری پڕ مەترسی و تاقەتپڕووکێنی کۆڵبەری و گوازتنەوەی کاڵا دەرەکییەکان بکەن و مەترسییەکانی مین و بۆسەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم بە گیان بکڕن. دۆخی تراژیکی کۆڵبەران شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنی هەمەلایەنەیە. حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان چالاکانی مەدەنی ، نوێنەرانی ناوچەکانی کوردستان لە مەجلیس، رۆژنامەنووسان بەتایبەتی و بەگشتی هەموو تاکێکی کورد لە ئاست ئەم تاوانانەی بەرانبەر کۆڵبەران ئەنجام دەدرێن هەڵوێست بگرن. هەڵوێستگرتن بەرانبەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کۆڵبەران ئەنجام دەرێن پێوەندییەکی راستەوخۆی بە سیاسەتی هەڵاواردنی ئابووریی کوردستانەوە هەیە. لەم پێوەندییەدا پێویستە چالاکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی بە رێکخستنی کەمپەینی سەرانسەری و فشار بخەنە سەر کاربەدەستانی ناوچەیی و نوێنەرانی مەجلیس و داوای بەدواداچوونی جیدیی بۆ پرسی کوستنی کۆڵبەرانیان لێ بکەن. لەم نێوەدا میدیاکان بە تایبەت تلویزیۆنە کوردییەکانی سەر بە حیز ب و ریکخراوە سیاسییەکان پێویستە بە گرنگیپێدانێکی هەرچی زیاترەوە کار بۆ زەقکردنەوەی ئەم پرسە گرنگە بکەن.