کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی دەروازە کۆڵبەرەیەکان و ئاسۆی ژیانی خەڵکێکی بێ‌دەرەتان

13:18 - 17 خەزەڵوەر 2716

رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داوە کۆمەڵێک لەو دەروازانەی کە کۆڵبەرانی بێ‌دەرەتانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی رۆژانەیان کۆڵبەری تێدا بکەن دابخات. هەرچەند تا ئێستا دیار نیە ئەو دەروازانەی کە رێژیم بڕیاری داخستنی داون، کامانەن، بەڵام لە ئاگادارییەکی رەسمی‌دا رێژیم فەرماندارییەکانی چەند شارێکی وەک مەریوان، پیرانشار، سەردەشت و شنۆی  لەم بڕیارە ئاگادار کردۆتەوەو، بە پێی زانیارییەکان  قەرارە هەیئەتێک بۆ کارکردن لە  سەر ئەم بابەتە پێک بهێنێت. جیا لەو رێگا قەدەغە کراوانەی کە رۆژانە کۆڵبەرانی کورد، بە قاچاخی  شت ومەکی جۆراوجۆر لە باشووری کوردستانەوە بۆ رۆژهەڵات ئاڵووێر دەکەن، لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نزیک بە ١٥ دەروازەی رەسمی هەن کە کەلوپەلیان پێدا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان وسەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێران هەناردە دەکرێ. داخستنی دەروازە کۆڵبەریەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکرێ چەند ئامانجێکی ئەمنییەتی و ئابووریی لە پشت بێ. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هێندێک لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەتی رێژیم، هاوکات لە گەڵ هەڕەشەو گوڕەشەی کوشتن و تێرۆریان لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە گوایا بە سنوور بەزاندنیان بۆ ناو خاکی ئێران! ئەمنییەت و ئاسایشی وڵاتیان خستۆتە مەترسییەوە، رەخنەیان لە دەوڵەت گرتبوو کە، وەک پێویستە سنوورەکانی قایم و قۆڵ نەپاراستووەو بوودجەی پێویستیان بۆ ئەم ئەرکە تەرخان نەکردوە. بە واتایەکی دیکە، کاربەدەستانی رێژیم کە لەم پێوەندییەدا زیاتر مافیای سپای پاسداران لە سەر خەتە، پێیان وایە بە کۆنترۆڵی ئەم دەروازانە دەتوانن تا رادەیەک رێگای هاتوچۆی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی وڵات بگرن. کەوابوو لایەنێکی ئەم بڕیارەی رێژیم بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان دەکرێ جۆرێک هەوڵدان بێ بۆ پێشگیری لە حزووری پێشمەرگەکان لە نێو خاک و خەڵکی خۆی‌دا. لایەنێکی دیکەی ئەم بڕیارە پێوەندی بە خودی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئەو لێکەوتە ئابووریانەوە هەیە کە رێژیم بە جێی چارەسەری ئەساسی و ریشەیی، تەنیا پشت بە گوشارخستنەسەر کۆڵبەرانی بێ‌دەرەتان دەبەستێ. رۆژانە بە دەیان و بگرە سەدان هەزار خەڵکی بێ‌کار و بێ‌دەرەتانی کوردستان بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی رێژیمەوە لە پێوەندی لە گەڵ نەڕەخساندنی هەلی کار، لە رێگای کۆڵبەری و هاتووچۆیان بەم دەروازانەدا، بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. گومان لەوەدا نیە کە ئەم خەڵکە ئەگەر دەرەتانی کاری دیکەیان هەبێ و بتوانن بژیوی ژیانی رۆژانەی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لە رێگای دیکەوە دابین بکەن، قەت ئامادە نین رێگای کۆڵبەری بگرنە بەر، کە وەک دەبینین رۆژانە گیانیان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتی‌یەکانی رێژیمەوە دەکەوێتە مەترسی‌یەوەو زۆر جاریش لەم پێناوەدا گیانیان لێ دەستێندرێ. پاساوی "بەربەرەکانی لە گەڵ شتومەکی قاچاخ" کە لەوانەیە بۆ داخستنی دەروازە کۆڵبەریەکان بهێندرێتەوە، جیا لە ئیدیعایەکی پڕوپووچ ناتوانێ شتێکی دیکە بێت. چونکی کاربەدەستانی رێژیم و بەتایبەت مافیای سپای پاسداران زۆر باش دەزانن کە کێن ئەوانەی لە ئاستێکی کەلاندا خەریکی قاچاخی گەورەو زەبەلاحن. ئەوان زۆر باش دەزانن کە رێگاکانی تڕانزیتی کەلوپەلی قاچاخ لە لایەن کێ و، چ  دام و دەزگاگەلێکەوە ئیسکۆرت دەکرێن و، هەر وەها زۆر باش دەزانن کە کێن ئەوانەی سندووقی بانکەکانیان بە ئاڵووێری شتومەکی قاچاخەوە تەنیوە!!. کەوابوو "بەربەرەکانی لە گەڵ شتومەکی قاچاخ" بە داخستنی دەروازە کۆڵبەرییەکان ناگاتە ئامانج، بەڵکوو لێپرسینەوە لە مافیا گەورەکانی وەک سپای پاسدارانە کە دەتوانێ دیاردەی "قاچاخ" لەم وڵاتە‌دا کۆتایی پێ بێنێ کە ئەویش لەم نیزامەدا ئیمکانی نیە. لە کۆتایی‌دا بڕیاری داخستنی سنوورە کۆڵبەریەکان تەنیا قورسایی لە سەر ئەو خەڵکە کاسبکارە دەکا کە ئامادە نەبوون مل بۆ سیاسەتەکانی رێژیم دابنەوێنن. قورسایی لە سەر ژیان و گوزەرانی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار دادەنێ کە تەنیا سەرچاوەی بژیویان ئەو کۆڵەیە کە بەسەر شان و ملی کۆڵبەرانەوەیە.