کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویلایەتی فەقیهـ پەنایەک بۆ تاوانباران

03:13 - 20 خەزەڵوەر 2716

پێناسەی ئەمنیەت لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا چییە و لە کوێیە؟ ئایا تەنیا ئەمنییەتێک کە دەسەڵاتبەدەستانی رێژیم باسی لێوە دەکەن، ئەمنییەتی پارێزراویی دەسەڵاتی خۆیان نیە؟ ئایا جگە لە بە ئەمینی تاوانکردنی دەستوپێوەندەکانی رێژیم، هیچ ئەمنییەتێک لە سەرانسەر کۆمەڵگەی ئێراندا بەدی دەکرێ؟ ئایا هیچ شوێنێک ئەمنییەتی لێ ماوە؟ باشە جاری جاران کە باس لە ئەمنییەتی دەکرا، سەرەڕای هەموو لاری و چەپەڵی و چەوتییەکان هێشتاش شوێنە ئایینییەکان، بۆنە ئایینییەکان، لە هەمووش گرنگتر مرۆڤە ئایینییە و ئایینپەروەرەکان لە هەموو شوێنێک ئەمینتر و لە هەموو باوەڕپێکراوتر و جێی متمانەتر نەبوون! تاقمی ویلایەتخواز و باوەڕمەند بە ویلایەتی فەقیهی سەرەڕای تاڵان و خۆداسەپاندنیان بەسەر سیستمی سیاسی و ئابووری ئێراندا، بە ناوی ئیهلاهی و لەژێر ناوی نوێنەرانی خودادا کەلین و قوژبنی ژیانی کۆمەڵگە و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی تاک تاکی ئەو وڵاتە ما دانەپلۆسێنن. هەرچی جێی باوەڕ و پیرۆز بوو، تەمێکی گومانیان خستەسەر، هەرچی قیزەون و نامۆ بە ژیانی سەردەم بوو، خەرمانەی تیشکیان بە دەوردا ساز کرد، بچووکیان گەورە کردەوە، گەورەیان بچووکتر، نادادپەروەرییان پەرە پێ دا، دادپەروەریان تاساند و ... کە چاو بە مێژووی گشت مرۆڤایەتیدا دەخشینین، دەبین رۆڵی ئایین و پیاوانی ئایینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند بەرز و مەزنە. ئایین جگە لە لایەنە ئیلاهی و هێمنکەرەوەکەی، زیاتر لە بواری هێوری و ئەمنییەت بەخشین بە روح و ژیانی مرۆڤ و دروستکردنی کەسایەتی تاک و، بەگشتی ریکخەری ئاکار و رەفتاری گشتی و بوار رەخساندن بۆ پێوەندی کۆمەڵایەتی ساغ و سەلیم و تەناهیدەری کۆمەڵگەیە. بۆیە دەبینین کاری ئایینی و ئایینداری بە هەموو کەس ناکرێ و هەموو کەس پەسند نیە خۆ لە ئایین هەڵقورتێنێ، چونکی بیری مرۆڤایەتی وا فرچکی گرتوە، کە ئایین رێنیشاندەری هەرتک دنیایە، بۆیە کەسانێک دەبێ فەرمانی ئایینداری و شوێنە ئایینییەکان و پەروەردەی ئایینی بگرنەدەست، کە لە بواری رەوشت و کردراوە سەرچەشنی کۆمەڵگە بن و لانیکەم کەم هەڵەترین مرۆڤەکان بن. کتێبە پیرۆزە ئایینییەکان، بەتایبەتی ئەو کتێبە ئایینییە ئاسمانییانەی لەبۆ مرۆڤ نێردراونەتە خوارێ، کەس بۆی نیە بە بێ دەستنوێژی دەستیان بۆ بەرێ، چ بگا کەسێک بە نیازی ناپاکەوە لە پەنای ئەوانەوە کۆمەڵگە بەلاڕی بەرێ، یان نەخوازە کەسانێک بە بیانووی ئەوانەوە حەزی دەسەڵاتخوازی خۆی تیر بکا، بەڵام لە سیستمی ویلایەت فەقیهیدا و رێک لە بن باڵی وەلی ئەمری موسلمیندا! لە هەموو ئەوانە خراپتر دەبینین بەناوی فێرکردن و خوێندنی قورئانەوە ناشیرینترین ئاکاری سەر هەڵدا و، منداڵان، نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگە دەخرێنە بەردەستی پیاوە ئاڵۆش و هەوەسبازەکان، هەتا بەجێی پەروەردە و راهێنانیان بە ئاکاری راست و دروست لە ژێر رووناکایی رێنوێنییە ئایینییەکاندا، لە سەرەتای بیچم گرتنی کەسایەتییاندا، تووشی داڕمانی رووحی و شکستی پێکهاتنی کەسایەتییەکی پتەو و دەسدرێژیی ببنەوە. ئاشکرابوونی دەسدرێژی قورئان خوینێکی سەر بە ماڵە ویلایەتی فەقیهـ ئەو چەند رۆژەی دوایی، تەپوتۆزی سەر دەیان چیرۆک و کارەساتی لەمێژینی، لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هەستڕی و قرتماغەی برینی زۆر کەسی قوربانی دیکەی هەڵقەند کە تەنانەت میدیا گشتییەکانیشی تەنی . دیاردەیەک سەرباری ئەوەی لە هەناوی فەرهەنگی گشتی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و، دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیش یارمەتیدەری بەهێزبوونی بووە و، نادادپەروەرییەکانی بیاڤە جۆراوجۆرەکانی ژیانی نەتەوە و گرووپ و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران زۆربەی جاران هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدان و روودانی ئەو ئاکار و رەوشتە دزیوانە بووە، کە ئەمانیش زیاتر لە نادادپەروەربوونی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن.  دەبێ هەمیشە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو ئاکارە چەوتانە فەلسەفە و هزری سیستمی ویلایەت فەقیهی بدۆزین کە هەمیشە بۆ بەڕێوە بردنی ئامانج و پلانەکانی خۆیان رەنگ و بەرگێکی پیرۆزی ئایینیان پێ دەبەخشن و زۆر جار بە ئاشکراش لە توێی هزری پلەبەرزە خاوەن بیروڕاکانی سەر بە دەسەڵاتدا خۆیان دەرخستوە. ئەگەر زۆر دوور نەڕوانین ساڵی ٨٨ بیسەری دەیان کارەسات بووین لە زیندانی کەهریزەک، کە هەنووکە ئەنجامدەرەکانی ئازادانە دەخولێنەوەو، نەک پێگەی حکوومەتیان دانەبزیوە، بەڵکوو جێی متمانەتر بووون بۆ رێژیم. ساڵی ٨٨ دەیان لاو و گەنجی ناڕازی بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی سەرکۆماری لە سیاچالەکانی ریژیمدا سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازار، دەسدرێژییان کرایەسەر. تەنانەت لە هزری بۆگەنیوی کەسانی سەر بەو سیستمە سەقەتەدا گوناحە ئافرەت بە کچی بمرێ، بۆیە فتواشیان بۆ ئەمەش هەیە و، زیندانبانان ئازادن بەر لەوەی کچێک بکوژن کاری سەرجێی دەگەڵ بکەن. ئازاری سووکایەتی پێکراوی رەنگە هەناوی سەدان و هەزاران تاکی کۆمەڵگەی ئێرانی رەش کردبێ، کە بەهۆی نەریتی کۆمەڵگەی توانای دەربڕینیان نیە. ئایا رووخاندنی مرۆڤەکان لە ناخی خۆیاندا تاکتیکی رێژیمە بۆ کەوی کردنیان! ئایا بارهێنانی منداڵان بە ناخێکی رووخاو و ئەزموونێکی تاڵ و شەرمن، یان کەسایەتییەکی ناجێگیر و لەرزۆک ستراتیژی حکوومەتێکی بە زۆر داسەپاوە کە رۆژ بە رۆژ زیاتر کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی لەق دەبن. ئەدی بکەرانی ئەو ئاکارە قیزەونانە بۆ ترسیان لە رەوشتە لارەکانی خۆیان نیە، چونکی نەریتی رێژیم وا هاوتوە و واش دەڕوا کە کەسانی سەر بە سیستم ئازادن لە ئەنجامی خواستەکانی خۆیان، یان هەر جارەو کە تاوانیکی گەورە دەکەن دەکەونە بەر کەرەمی ویلایەتی فەقیهەوەو، بە فرتوفێڵی جۆراوجۆرەوە تاوانەکانیان یان سەرپۆش دەکرێن، یان بە بیانووی پیلانی بێگانان و دوژمنی داتاشراوەوە، لە ژێر رەنگی ئاییندا، دەشاردرێنەوە