کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ لە پۆستی سەرۆک کۆماری دا

05:16 - 21 خەزەڵوەر 2716

بە پێجەوانەی پێشبینی کارناسان، لێکدانەوە و شڕۆڤەی مێدیاکاران و ئەمجامی راپرسیەکان، دۆنالد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ویلاتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا سەرکەوتنێکی چاوەروان نەکراوی بەسەر رکابەرە دێموکراتخوازەکەی هێلاری کلێنتۆن دا بەدەست هێنا و وەک چلوپێنجەمین سەرۆک کۆمار بۆ چوارساڵ کورسی یەکەمی دەسەلاتی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرت. لەگەڵ ئەوەدا دۆناڵد ترامپ کەسایەتییەکی سەرمایەدار و روخسارێکی دیار و ناسراوی کۆمەڵگەی ئامریکاییە بەلام بۆ زۆربەی چاودێران و تەنانەت کەسایەتیە سیاسیەکانی وڵاتانی جیهانیش باوەڕکردن بە سەرۆکایەتیی ترامپ شتێکی ئاسان نەبوو. زۆر بوون ئەوانەی پێیان وابوو تەنانەت ناتوانێ لە ناو خودی کۆماریخوازەکانیش دا متمانەی تەواو بۆ نوێنەرایەتی کۆمارییەکان بەدەست بێنێ، لە بەرامبەردا هێلاری بە پشتیوانی بازرگانان،بازاڕی ئازاد و مێدیا زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیانی ئامریکای بەدەست هێنا، بەلام شێوازی هەڵبژاردن لە ئامریکا بەوجۆرەیە کە رێگە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرکۆک کۆمار نادا و بەو پێیە ترامپ لە ئاستی ویلایەتەکان دا توانی زۆرینەی دەنگەکانی بۆخۆی مسۆگەر بکا و جیهانیانی  توشی سەرسوڕمان کرد. هەڵبژاردنی ئەوجارەی سەرۆکایەتیی ئامریکا لە زۆر بارەوە مێژوویی و تایبەت بوو، بۆ یەکەم جار ژنێک لە دەروازەکانی کۆشکی سپی هێندە نزیک ببۆوە کە تا دوایین سەعاتەکانی رۆژی هەڵبژاردنیش هەر بە براوە هەژمار کرابوو، زۆرینەی پارێزکار و کۆنسەرڤاتیڤی کۆمەڵگەی ئامریکایی دووبارە پێشانیان دا کە بە سەرۆک کۆماری ژنێک رازی نابن. دێبەیتە جەنجاڵی و گوتارە پڕ لە سوکایەتیی کردنەکان، دابەش بوونی چین و توێژ و گروپەکانی نێو کۆمەڵگە بۆ بەرەی دژ بەیەک لە تایبەتمەندیەکانی دیکەی ئەو هەڵبژاردنە بوون. ئەوە سەرەرای بێ ئۆقرەیی و دوودڵی و نیگەرانی دنیای دەرەوە لە ئاست پەیامەکانی ترامپ دا، ئەو بە ئاشکرا دژایەتیی هێندێک لە کەمینەکانی نێو وڵاتەکەی دەکرد، بەڵێنی دابوو سنووری نێوان مەکسیک و ئامریکا دیواربەندی بکا، لەو پەیماننامانە بێتە دەرێ کە ئۆباما ئیمزای کردبوون، یەکیک لەوانە رێکەوتننامەی پاریس لە دێسامبەری  ٢٠١٥  بوو کە لە بارەی ئالوگۆڕە کەش و هەواییەکانی سەرزەوییەوە ئیمزا کرابوو، ترامپ رەخنەی تووندی لە کارکردی ئەندامانی رێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور( ناتۆ)ش گرت و هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی کرد، ئەوە بێجگە لەو سیاسەتە ئابوورییە لێڵەی کە لە ئاست بازاری ئازاد دا هەیەتیی و بە گوتەی چاودێران دەیهەوێ سیاسەتی ئیزۆلەکردنی ئابووری بگرێتە بەر. بێگومان بەڵێن و وادەکانی بەر لە هەڵبژاردن هەموویان وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن  و کەف و کوڵی رۆژانی پڕ لە هوتاف و چەپڵەرێزانیش دەنیشێتەوە، ترامپ دەبێ بگەڕێتەوە بۆ دامەزراوە سیاسی و ئیدارییەکانی وڵاتەکەی و بەرژەوەندیەکانی ئامریکا لە هەموو روویەکەوە رەچاو بکا، ئەو لە کەمپەینی بەر لە هەڵبژاردن دا وێنەی کەسێکی پارێزکار و دژەبیانی لەخۆی پێشان دابوو کە دژایەتیی بازاڕی کراوە و هاوبەندییەکی گرینگی وەک ناتۆ ی دەکرد و دەیوسیت ماڵیات کەم بکاتەوە، بەلام زۆر بە سەر ئاشکرابوونی ئەنجامەکان دا تێنەپەڕیبوو کە ترامپ هاوکات لەگەڵ بنەماڵەکەی لە نیۆرک هاتە سەر سەکۆی ستادی ناوەندی هەڵبژاردنەکان و  وتارێکی نەرمتر و سیاسیانەتری بە بەراورد کردن لە گەل وتارەکانی پێشووی پێشکەش کرد، وتەکانی ترامپ راستەوخۆ کاریگەری لە هەڵکشانەوەی بازاری بۆرسە کرد و زۆر لەوانەی لە سەرۆکایەتیەکەی نیگەران بوون، هەناسەیەکی ئاسودەتریان هەڵکێشا. ڤێلادیمیر پۆتین لە یەکەم کەسەکان بوو کە پیرۆزبایی لە ترامپ کرد و داوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی هەردوولای کرد، لە سەرکردە دیارەکانی ئوروپا ئەنجێلا مێرکل و فرانسوا ئۆلاند پیرۆزباییان لە ترامپ کرد و هیوایان خواست کە پەیوەندی و هاوکاری نێوان وڵاتەکانیان بەردەوام بێ، ئەوان پێشتر لە چەند بۆنەی جیاواز دا پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ هێلاری پێشان دابوو. بۆ زۆر وڵات و لایەن هێشتا ترامپ وەک پەڕەیەکی سپی وایە و خوێندنەوەی پلان و بەرنامەکانی پێویستی بە کات هەیە، بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەدا ناروونی و لێڵیەک بەدی دەکرێ، هەرچەند ئێران هیچ پەیوەندیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئامریکا نیە و نزیکەی چوار دەیەیە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی ئەو وڵاتە دەکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا ئێران لە کەمپەینی هەڵبژاردنی ترامپ دا زیاتر وەک بابەتێکی لاوەکی هاتە بەرچاو، ئەو لە پەلکێشی و دەخالەتی ئێران وەک وڵاتێکی تیرۆریست لە وڵاتانی وەک عێراق و سوریە بە تووندی رەخنەی گرت و دێموکراتەکانی بە تۆمەتی دەست واڵاکردنی ئێران لە ناوچەکەدا تۆمەتبار کرد،  پەیمماننامەی ناوەکی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج بەعەلاوەی یەکی بە هەڵەیەکی گەورە ناوبرد و داوای کرد یان هەڵوەشێنرێتەوە یا بە جۆرێک دابرێژرێتەوە کە بەرژەوەندیەکانی ئامریکای تێدا رەچاو بکرێ، ئەو پێی وایە کە حکومەتەکەی ئۆباما لە کاتی گیرانی سەربازە ئەمریکاییەکان زۆر لاواز هەڵوێستی گرتووە و  ئیمتیازی زۆری بە ئێران داوە. پرسیارێک کە لێرەدا دێتەگۆڕێ ئەوەیە کە لێک نزیک بوونەوەی واشنتۆن و مۆسکۆ چ کاریگەریەک دەکاتە سەر پەیوەندیەکانی تاران لەگەڵ حکومەتەکەی ترامپ و ئایا تا چ رادەیەک تۆڕی ئاڵۆزی بیرۆکراسی و عەمەلگەرایی لە ئامریکا دەرفەتی بردنەسەری بەڵێنەکان بە ترامپ دەدا. خۆ ئەگەر بتوانێ بەشێک لەو وادانەی بباتە سەرێ ئەوا گوشارە سیاسی و ئابورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاد دەکا و لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدا دەستی تاران لە وڵاتانی ناوچەدا کورتتر بکاتەوە.