کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند خاڵی جێگای سەرنج سەبارەت بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا

14:01 - 23 خەزەڵوەر 2716

شکستهێنانی هێلاری کلینتۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆککوماریی ئەمریکا دا، بەشی زۆرتر، نەک بەرهەمی خۆشەویستیی دۆنالد ترامپ و باوەڕی کۆمەڵانی خەڵک بە بەرنامەکانی، بەڵکوو ئاکامی ماندووبوونی خەڵک لە هەشت ساڵ سیاسەتی پاسیڤ، شلوشەوێق و خاوی سەرۆککۆمار ئۆباما و حیزبەکەی، بە تایبەت ڕوو بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. سیاسەتێک کە بە هاتنەسەرکاری ئوباما هاتە کایەوە، بە کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق و ئەفغانستان دەستی پێ‌کرد و لە درێژەی ئەو هەشت ساڵە دا، سەرەنجام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردە داشه‌هاره‌ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رووسیەی لاوازکراوی لەپێ‌کەوتووشی بە شێوەیەک هەڵستاندەوە، کە ئێستا لە زۆر مەیدانی کێشەکان دا و بۆ نموونە مانەوەی ئەسەد لە سووریە، قسەی یەکەم دەکا و لەمپەرێکی گەورەی لە سەر ڕێگای ئەمریکا و هاوپەیمانانی دروست کردوە. ـ هەر لەو پێوەندییە دا ئەو قسەیەی دۆنالد ترامپ کە سەردێڕی وتارە تەبلیغاتییەکانی بوو و دەی‌گوت گەورەیی و ئیعتیباری ئەمریکا زیندوو دەکاتەوە، شوێنی لە سەر بیروڕای گشتی دانا. ئەوەش دەتوانێ بەو مانایە بێ کە زۆربەی دەنگدەران لە گەڵ تڕامپ هاودەنگ بوون کە سیاسەتەکانی ئوباما بوونە هۆی لاوازبوونی گەورەیی و ناو ناوبانگی ئەمریکا، وەک دەسەڵاتی هەرەگەورەی جیهان. ٣ ـ ڕاستە سەرۆک ئوباما بە هێنانی پڕۆژەی وەک بیمە و یارمەتیی دەرمانی خزمەتێکی گەورەی بە تایبەت بە خەڵکی کەمداهاتی ئەمریکا کرد و بەو شێوەیە خۆشەویستییەکی زۆری ئەو بەشەی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەڵام ناڕازیبوونی بەشێکی زۆری دەنگدەران لە دەسەڵاتی دێمۆکڕاتەکان، کاریکی وای کرد لە کاتی هەڵبژاردن دا ئەو نوختە موسبەتە بەرچاوەشیان لەبیر نەمێنێ و دەنگ بە هێلاری کاندیدای دێمۆکڕات نەدەن. ــ ئەزموونی ئەم هەڵبژاردنە دەری‌خست کە ئەو چەشنە ڕاپرسییانە، تەنانەت ئەوانەش کە ڕۆژانە لە لایەن دامەزراوە سەرەکییە بەناوبانگەکانیش بەڕیوە دەچن، جێگای متمانە نین. لە کاتی دەستپێکردنی کێبەرکێی هەڵبژاردنەوە زۆربەی نێزیک بە تەواوی راپرسییەکان باسی لەپێشبوونی بێ‌ئەملاوئەولای هێلارییان دەکرد. تەنانەت شەوی هەڵبژاردنیش، هەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاپرسییانە، کەم کەس دەی‌توانی پێشبینیی سەرکەوتنی تڕامپ بکا و گەشبینی زیاتر بە لای هێلاری دابوو، کە چی دیتمان ئاکامی هەڵبژاردن بە تەواوی پێچەوانە بوو و ترامپ نەک زۆربەیەکی کز، بەڵکوو زۆربەیەکی زۆر باشی دەنگەکانی هێنایەوە.٥ ــ لەو هەڵبژاردنە دا کۆمەڵە خەڵکێکی دەنگدەر هەبوون کە ژمارەیان زۆر بوو، بەڵام دە نێو کێشەی ڕاگەیەنە گشتییەکان و ڕاپرسییەکان دا بێ‌دەنگ بوون، خۆیان دەرنەدەخست و دیار نەبوون، بەڵام لە ڕۆژی هەڵبژاردن دا و لە کەلێنی ڕێژەی دەنگەکانەوە دەرکەوتن و شوێنەواری خۆیان نیشان دا. ئەو کۆمەڵە خەڵکە پارسەنگی تەرازووی کێبەرکێیەکانیان بە لای تڕامپ دا شکاند. ٦ ــ سەرەنجام سەبارەت بە شوێندانانی ئەو هەڵبژاردنە لە سەر چارەنووسی ئێمەی کورد، زۆر ڕوونە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتی خۆی لە سەر بناغەی ئامانجی درێژخایەن و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی دادەڕێژی و ئەو ئەسڵە چ زەمانی ئۆباما، چ پێشتر و چ دوای ئەویش هەر لە جێی‌خۆی بووە و دەبێ. ئێمەش نەتەوەیەکین کە بۆ مافی سروشتیی دەسەڵاتی نەتەوایەتیی خۆمان خەبات دەکەین. ئەگەر ئێمە ئەوەندە ژیر بین کە بتوانین لە پرشوبڵاوی بێینە دەر، تا ڕادەیەکی دڵخواز دەنگ و هێزی خۆمان بکەینە یەک، تەبا بین و لە پێناوی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی نەتەوایەتیی خۆمان دا یەکدەنگ بین، ئەوەندەمان ئیعتیبار دەبێ کە وێڕای پاراستنی دەسکەوتەکانی تا ئێستامان، جێی شیاوی خۆمان لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە دا دیاری بکەین و بەهێزتریشی بکەین. ئەوکات بە پێی ستراتێژی و بەرژەوەندیی هاوبەش، یارمەتی و هاوکاریی گەورە هێزێکی وەک ئەمریکاشمان بۆ مسۆگەرە. کە وابوو فاکتۆری سەرەکی بۆ دواڕۆژێکی ڕوون و سەرکەوتوو بۆخۆمان، پێش هەموو شتێک هەر بۆخۆمانین!