کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەوتی ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە گرینگەکانی لە ئێران‌دا( بەشی یازدەیەم)

13:42 - 30 خەزەڵوەر 2716

دوکتور عەلیی شەریعەتی ٤ تەقی رەحمانی- ئەندامی شووڕای چالاکانی میللی – مەزهەبی و هاوسەری خانمی نێرگسی محەممەدی، کە ئێستا یەکێک لە رێبەرانی ژنی بزووتنەوەی مەدەنی و زیندانی سیاسی و جیاوازی بیروڕایە، کە بەداخەوه‌ لە چاڵە رەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە-، لە درێژی باسەکەی پێشووی دا، دەڵێ: پڕۆتستانتیزم سەیتەرەیەکی مانایی هەیە، کە شەریعەتی ناتوانێ لەژێر باری دەرچێ. کاتێک ئەو باسی ئیسلامی خۆی دەکا، بۆ ئەو مەبەستە کتێب و رەوتێک لە کۆمەڵگە‌دا، بوونی هەیە. بەڵام سەبارەت بە پڕۆتستانتیزم بەو جۆرە نییە. ئەو تەنانەت هەوڵ دەدا بڵێ کە پڕۆتێست لە ئیسلام‌دا هەیە و لە مەسیحییەت‌دا نییە و بە روونی دەڵێ: کە پڕۆتێست بەو ئاکامە گەیشت کە دین خۆی بکێشتە قەراغێ و جێ بۆ زانست(علم) بکاتەوە، هەتا عیلم بتوانێ بە تێکەڵاو لەگەڵ سەرمایەداری، دنیایەکی نوێ بەرهەم بێنێ. بەڵام ئایا ئیسلام بۆ خۆی ئەو پێوانەیەی هەیە کە ئەو رێنسانسە درێژە بدا و هەنگاوێک نەیەتە دواوە؟ پڕۆتستانتیزم دەزگایەکی بەهێزی فیکری‌یە کە ناتوانی گوڵبژێری کەی. ئەو ماڕاتۆنە سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و هەمەلایەنە، دەگەڕێتەوە بۆ خولێکی ٤٠٠ ساڵە لە ئورووپا کە پڕۆتستانتیزمی پێ وترا. ئەو دیاردەیە، بەشێک لە مێژووی ئورووپا و دەستکەوتێکی گرینگی مرۆڤایەتی‌یە. سڤێن ئێریک لێدمانی سوئێدی کتێبێکی هەیە بە ناوی "لە سێبەری داهاتوو‌دا"(در سایەی آیندە)، کە لەوێ‌دا دەڵێ: مۆدێڕنیتە بە هەموو رێگە سەختەکانی، لە هەموو وڵاتان چێ نابێ. مۆدێڕنیتە بەرهەمی دێموکراسی و مافی مرۆڤە. بۆیە هەر وڵاتێک کە بە ژیاری و بیری خۆی چۆن و چەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی قبووڵ کرد، دەبێ هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ. شەریعەتی بۆ خۆی لە قەولی جۆرج گورویچ- مامۆستای زانستگای سۆربۆنی فەڕانسە و رێنوێنی ئەو و پوورانی شەریعەتی رەزەوەی- هاوسەری-، بۆ تێزی دوکتوڕاکانیان-، دەڵێ: ئێمە کۆمەڵ‌مان نییە، کۆمەڵگەکانمان هەیە، و رەوتی کۆمەڵگەکان جیاوازن. بەڵام پڕۆتستانتیزم سەیتەرەیەکی مانایی دروست دەکا، تۆ دەتوانی ئیلهامی لێ وەرگری، نەک ئیدەکەی بۆ نێوخۆت بێنی. پێویستە ئەوەش زیاد کرێ کە، دوکتور شەریعەتی هەوڵی بۆ چاکسازی دینی دا، بە پێی زەمان و هەلومەجی خەڵکانی بەرایی لە ئێران‌دا، کە زۆربەیان شیعەی دوازە ئیمامین. تەقی رەحمانی لە درێژەی باسەکەی دا، دەڵێ: "بە یارمەتی تەواوی بیرمەندان و تێکۆشەرانی ئەو وڵاتە- بە هەر بیر و باوەڕێکەوە-، ئێمە لە "ئێرانی سالی سیفر"‌دا، ناژین. ئێمە مێژوویەکی ١٨٠ ساڵەمان لە چەمک و کردەوەکانی ئاڵوگۆڕخوازی و سەرەڕۆیی‌دا هەیە کە تێیدا ئیدئۆلۆژی‌گەلێکی جیاواز دروست بوون و کردەوەی خۆشیان هەبوە. کەوابوو پڕۆتستانتیزم لە ئورووپا دوورەدیمەنی ئێمە دەبێ. لە ماوەی - ئەو ١٨٠ ساڵەش‌دا-، دوو شۆڕش لە ئێران روویان دا، بە بوونی هەموو رەوتەکان، بە میللی و چەپ و مەزهەبی‌یەکانەوە. لەو ماوەیە‌دا تەنیا لە مەفهوومی تەوحید لە بەرهەمی رووناکبیران‌دا، ٣ هەزار لاپەڕە کتێب نووسراوە. ئەوەی کە لێکۆلەران و بیرمەندان و موفەسیرانی رۆژئاوا چ دەڵێن گرینگە. بەڵام ئەوە هەموو رووداوەکە نییە. ئێمەش قسەگەلێکمان هەیە کە لەوانه‌یە بە پێوانەی ئەوان پلە دوو بێ. بەڵام چونکە لە ئێمە نزیکترن و لەگەڵ رابردووەکانمان پێوەندیان هەیە، کاریگەرترن و پێویستە سەرنجیان بده‌ینێ. لە ئێران‌دا، کەسانێک که‌ لە بیروبۆچوونەکانی ناوچەیی نزیکتر بوون، کاریگەریان پتر بووە. بۆ وێنە: موتەهەری، بازرگان، موسەدیق، شەریعەتی و... کەسانێک کە میللی بوون و لانیکەم دینیان وەک فەرهەنگی کۆمەڵگە قبووڵ کردوە کاریگەریان پتر بووە، هەتا کەسانێکی ویستیان چاوی خۆیان بنووقێنن و بڵێن: مەسەلەیەک بە ناوی دین لە کۆمەڵگەکەمان‌دا، بوونی نییە. رەخنەی من لێرە لە شەریعەتی نییە، بەڵکوو لە خۆمانە. ئێمە هەموو میراتێکمان هەیە؛ بۆ وێنە: میللی- مەزهەبی‌یەکان وەک گرووپێک، ستراتێژی و تاکتیک‌گەلێکیان هەبوە کە جێی رەخنەیە. من ناتوانم بەدوای تەجرەبەی حیزبەکانی فەڕانسە‌دا بڕۆم. ئەڵبەتە دەتوانم ئیلهامیان لێوەرگرم. بەڵام ئەو تەجرەبەیە لە ئێران وەبەر هاتووە. ئێمە لە بۆچوونی ئەمڕۆمان‌دا، میراتێکی فیکریمان هەیە. مەزهەبی‌یەکان، چەپەکان و سێکۆلارەکانیش میراتی خۆیان لەو مەملەکەتەدا هەیە. یەکێک لە میراتەکان، شەریعەتی‌یە. ئێمە پێویستیمان بەوە نییە پڕۆتستانتیزم بە لووتێرەوە دەست پێبکەین، لەبەر ئەوەی شەریعەتی بەشێک لە رێگاکەی پێواوە، دەبێ سەرتا باس لە شەریعەتی بکەین. ئەو کارە سەبارەت بە تەواوی جەریانە فیکری‌یەکان دەبێ ئەنجام بدرێ. ئەوان دەبێ رابردووی فیکری خۆیان لەو وڵاتە‌دا شی کەنەوە. ئەوە رەخنەیەکە کە ئێمە لەسەرمانە. لەبیرمان نەچێ مرۆڤەکانی لە سیفرەوە دەست پێدەکەن، شتێکی پتر لە پێشنیانی خۆیان، ناچنە پێش. بەپێی ئەو شتانەی کە گوتم، ئیسلامی بێ روحانییەت هەڵە بوو، رێکخراوی دینی لە ئێران‌دا لاناچێ." - پروتستانتیسم و فهم شریعتی از آن، ٢ ، ١٣٥٩، بنیاد فرهنگی دکتر علی شریعتی، چشم انداز ایران، شمارە ٦٥، دی و بهمن ١٣٨٩، گفتگوی سوسن شریعتی و تقی رحمانی- هەرەوها لە دێکۆمێنتێک‌دا، باسی "بنی سەدر و شەریعەتی خومەینی‌یان پەروەردە کرد" کراوە. لەوێدا ئاغای بنی سەدر هەم باسی چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ ئاغای شەریعەتی و هەم خوێندنەوەیەکی جیاواز لە شۆڕشی ئیسلامی دەکا. بنی سەدر دەڵێ: "پێش هەموو شتێک بۆچوونێکی ئێمە سەبارەت بە ئاغای خومەینی- وەک مەرجەعی تەقلید، کە جێی متمانەمان بوو- ئەوە بوو کە، مەعسوومە، هەڵە ناکا، سەوداسەری دەسەڵات نییە و زۆر شتی لەو بابەتانە. بەتایبەتی مامۆستای ئه‌خلاق بوو، مەیلی عیرفانیشی هەبوو لە روانگەی ئێمەمانانەوە. بەڵام پاشان هێڵەکانمان لێک جیا بۆوە. ئێمە لەسەر هێڵی ئازادی، سەربەخۆیی و شۆڕشی ئیسلامی بووین. شۆڕشی ئیسلامی بەو مانایە کە یانی شۆڕش لە ئیسلام‌دا. وەک: بەهێزبونی ئیسلام بە شێوەی بوونی ئازادی‌یەکان. یانی گێڕانەوەی ئەو خوێندنەوە لە ئیسلام کە دەتوانێ لە کۆمەڵگەدا چاودێر بێ لە پێوەندی‌یەکانی ئازاد لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا. بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی ١٣٤٢(١٩٦٣)، کە من هاتم بۆ فەڕانسە، شەوێکی لەگەڵ ئاغای شەریعەتی دانیشتین و ئەو مەسەلەیەمان تاوتوێ کرد کە یا ئیسلام هەر ئەوەیە کە بەشێوەی کۆن(سنتی) بە هۆی روحانییەکان باسی دەکرێ و کاری پێدەکرێ، یا شتی دیکە جگە لەوەش هەیە. بۆیە با بەدوای‌دا بچێن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین. ئەگەر شتێکی نوێمان لێ نەدیتەوە، ئەوەندەمان بوێری هەبێ کە بڵێن: ئیسلام هەر ئەوەیە و ناتوانێ وڵامدەری مەسەلەکانی رۆژ بێ. بڕیار بوو شەریعەتی رەخنە لە ئیسلامی کۆن بکاتە رۆژەڤ و منیش گەڕان بەدوای ئیسلامێکی دیکەدا. ئێمە ئیسلاممان وەک گوتاری ئازاد لە کۆمەڵگه‌ی ئازاد‌دا دیتەوە. بەڵام ئاغای خومەینی کردەوەیەکی جگە لەو روانگەیەی ئێمەی ئەنجام دا." - یوتیوب، بنی صدر و شریعتی خمینی را پروراندند.- بە قەولی ئاغای مێهدی بازرگان، کە لە پووشپەڕی ١٣٦٥(١٩٨٦) لە پێشەکیی کتێبی "کەسایەتی و بیر و هزری دوکتور شەریعەتی"‌دا، دەڵێ: شۆڕشی ئێران سێ رێبەری هەبوو، رێبه‌ری ئەرێنی(خومەینی)، رێبەری نەرێنی(شا) و رێبه‌ری فەرهەنگی- فیکری، بیروڕایی - هەستیاری، زانستی- تداروکاتی، (شەریعەتی). - نقد اکبر گنجی بر شریعتی(١)، یوتوپیای لنینیستی شریعتی- لە ژماره‌ ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌