کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژوویەکی پڕ لە گومان و ئوستوورەیەکی ئەفسانەیی

13:44 - 30 خەزەڵوەر 2716

پێوەندی ئوستوورە، ناسیوناڵیزم و دواجار نەتەوە و پاشان دەولەوت ـ نەتەوە، پێوەندییەکی چڕوپڕ و بەرانبەرە، واتە ناسیوناڵیزم ناتوانێ بەبێ ئوستوورەیەکی ئەفسانەیی و بانئاسایی، ناسیوناڵیزمێکی راوەستاو و خۆبەزلزان بی، چونکی دەبێ ئەو چەمکە بە توخمی بەهێزی نێو ژیان و سەربوردەی پێکهاتەیەکی دیاریکراو و بەتایبەت ئوستوورەیەکی ئەفسانەیی کە هەمیشە نەوەکانی دوای خۆی، ئاواتی بۆ بخوازنەوە پشت‌ئه‌ستوور بکرێ. هەروەها ئەوە ناسیوناڵیزمێکی بەبڕشته‌ که‌ دەتوانێ چین و گرووپە جیاوازەکانی نەتەوەیەک لێک کۆبکاتەوە و لەگەڵ کەمڕەنگ کردنەوەی جیاوازییە وردەکان، هاوبەشی و خەیاڵ و خوڵیای گەورەتر و هاوبەش دروست بکا. کە نەتەوە بە گرێیەکی قایم و قۆڵی ناسیوناڵیزمێکی وەها لێک قایم کرا، ئیدی فکر و بیری خەمخۆرانی نەتەوە دیاریکراوەکە ئاسودە دەبێ. لە رۆژمێری خەڵکی ئێران و بەتایبەت قەومی فارس‌دا رۆژی حەوتی خەزەڵوەر بە ناوی رۆژی کوروش ناو نراوە، کە دەوترێ بەرانبەرە بە رێکەوتی داگیرکردنی بابێل بە دەستی کوروش. کوروش ئەو کەسایەتی‌یەی کە رەزاشای پەهڵەوی لە پێناو دروستی کردنی وڵاتێکی تاک نەتەوەیی و یەکدەست کردن و، بەکورتی بە فارسکردنی هەموو پێکهاتەکانی سنووری "ممالک محروسە" لە ژێر تەپۆتۆزی هەزاران ساڵی رابردووی نادیاردا دۆزییەوە و، بە چاولێکەریی ئیمپراتۆرەکانی سەدەکانی پێشوو هەم بناخەی پاشایەتی خۆی پێوە بەستەوە و هەمیش درێژە و مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بە دەسەڵاتە رازاوە و جوانکاری‌کراوەکەی ئەو لە قەڵەم دا و، هەمیش لە رێگەی سیستمی پەروەردە و تیۆریسێنەکانی خۆیەوە کە ئورووپادیتوو بوون و له‌ نێو رووداوەکانی پاش شەڕە جیهانی‌یەکان و هەڵخڕانی کەفوکوڵە نەتەوەییەکان‌دا قاڵ ببوونەوە و دڵیان بۆ یەکدەستکردن و تواندنەوەی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دیکە لە پێناس و فەرهەنگ و زمانی فارس‌دا لەفڕین بوو کە لەو کات و ساتەدا چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە دەرەوە کاریان بۆ دامەزراندنی بناخەی دەوڵەتێکی تاک نەتەوەیی دەکرد، لە رێگەی چەند بڵاوکراوەیەکەوە کوروشیان وه‌ک که‌سایه‌تی‌یه‌کی ئه‌فسانه‌یی، پاڵەوان و رزگاریدەری قۆناخە تاریکەکانی سەردەمی ئیمپراتۆرییە کۆنەکان ناساند و بەتایبەت سەردەمی کوروشیان کە تەنیا چەند بەردەنووسێکی لێ بەجێ ماوە وەک قۆناخی زێڕین و سەردەمی ژیانی بەرزی ژیانی مرۆڤ لەو دەڤەرە رەنگاند، کە هەتا دەگاتە ئەمڕۆ چ دەزگەی پاشایەتی و چ دامودەزگەی کۆماری ئیسلامی بە شێوازی جۆراوجۆر لە گەورەکردنەوە و خەون دیتن بەو سەردەمەوە نەوەستاون. شای پەهڵەوی و دەزگای چاپ و پەخشی دەسەڵاتە ناوەندییەکان دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی دەیان و سەدان وتار و هەروەها راسپێردراوان دەستیان کرد بە نووسینەوەی مێژوو و وەرگێڕانی دەیان کتێبی مێژوویی، وەک بەرهەمی مێژوونووسە مەزنەکانی یونانی کۆن. هێڵی سیاسیی هەموو ئەو چالاکی‌یانە تەنیا شتێک بوون، ئەویش بەلاڕێدا بردنی مێژووی راستەقینەی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی شایەنشای پەهڵەوی و، کەمڕەنگ کردن و لە بایەخ خستنی ئوستوورە و شانازییەکانی نەتەوەکانی دیکە و تۆماری هەموو سەرکەوتن و پێشکەوتن و داهێنانەکان بەناوی نەتەوەی فارس و، ئاراستەی بیری خەڵک بۆ نۆستالۆژی دەسەڵاتی هەخامنشی‌یەکان کە کوروش دامەزرێنەری بووە. پرۆژەی بەفارسکردنی نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی پادشایەتی، تەنیا بە فەوتاندن و تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە بەئاکام دەگەیشت، بۆیە رەزاشا لە شۆڕشی بەناو فەرهەنگی‌دا تەنانەت جلوبەرگی خەڵکی دیکەی غیرەفارسی قەدەخە کرد، کە کوردستان لەم بارەشەوە خاوەن داستان و چیرۆکی خۆڕاگرییە. کەسایەتی کوروش لە دەقە فارسی‌یەکان‌دا هێند گەورە کرایەوە و دەکرێتەوە، تەنانەت خۆ لە ئاستی پێغەمبەرانیش دەدا. پرۆژەی گەورەکردنەوەی کوروش و سڕینەوەی پاڵەوان و ئوستوورە نەتەوەییەکانی نەتەوەکانی دیکە بەبێ پسانەوە سەرەڕای بانگەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ شووناسی ئیسلامی خەڵکی چوارچیوەی ئێران، درێژەی کێشا. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەپێی بارودۆخ توانیویه‌تی زۆرباش وزە و پوتانسییەلە شاراوەکانی هەناوی کۆمەڵگە بە ئاراستەی دابینکردنی ئامانجەکانی خۆی بخاتەگەڕ. لە حاڵێک‌دا هەتا ئێستاش سیاسەتی رێژیم هەناردەی شۆڕشی بەناوی ئیسلامی خۆیەتی، بەڵام لەگەڵ قووڵبوونەوە و ئاڵۆزبوون و سەرهەڵدانی قەیرانەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و هەرچی زیاتر لێکدژبوونی بەرژەوەندییەکانی رێژیم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت هاوپەیمانانی عەرەبستان، لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدرێ کاراکتێرە زەینی‌یە مێژووییەکان دە بیر و هزری خەڵک‌دا، بەتایبەت چینی هێژمۆنگه‌را‌دا گەشە بکا و هەروەها هەستی نیشتمانپارێزی خەڵک بۆ درێژەدان بە کردەوەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر هەڵخڕێنێ. بەتایبەتیش کە ماوەیەکە لە نێو خودی بەدەنەی رێژیم‌دا رەخنە لە سیاسەتی سیستم لە سوریە و یەمەن و عێراق و... دەبیسترێ، بەو رادەیەش مەیدان بۆ پەرەگرتنی هێژمۆنگه‌رایی ئاوەڵا دەکرێ. دیارە خودی کۆمەڵگەش لە هەناوی خۆی‌دا هەڵگری ئەو توخمە هێژمۆنگه‌رایانه‌یه‌. ئەگەر چاوێک بە هەواڵ و رووداوەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردووی کۆمەڵگە و تەنانەت کۆمەڵگەی رووناکبیری ئێرانیش‌دا لەمبارەیەوە بخشێنین، کەم نین ئەو سووکایەتی‌یانەی بە نەتەوە نافارسەکان کراوە و هەروەها بەشێکی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکانی نێوخۆ بە روونی دەرخەری بەرزبوونەوەی هەستی خۆبه‌زلزانیی خەڵکی ئێرانە لە ژێر توخمە ناسیۆناڵیستی‌یەکانی نەتەوەی فارس‌دا. حەوتی خەزەلوەری ئەمساڵ شایەدی کۆبوونەوەیەکی بەرینی خەڵکێک بووین کە دوو دەسەڵاتی لێک دژ، کاریان بۆ سازکردنی کردوە، خەڵکێک کە دروشمە هێژمۆنیخوازه‌کانیان نیشاندەری هرز و بیری خاوەن پرۆژەکانی دوێنێ و ئێستای ئەو ئوستوورەیەن. لە حاڵێک‌دا بە دەبدەبە و کەبکەبەکەیکی زۆرەوە ناوی کوروش و یادەکەی دەخرێتە بیر و هزری ئەو نەتەوەیەی سیستمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی هەوڵی دروستکردنی دەدا، دروشمه‌کانی ئامادەبووانی سەر گۆڕی کوروش، پڕن لە نادادپەروەری، سووکایەتی، خۆبه‌زلزانی و پێکهەڵنەکەری و... لە نێو ئەو ئاپۆرایەدا بینەری چەند تاکێکی سەر بە نەتەوە نافارسەکانیش بووین، بەتایبەت چەند کوردێک بووین کە بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادە بوون، که له‌وانه‌یه‌ بکرێ ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ وه‌ک بەرهەمی شۆرانەوەی هزری و تێخزاندنی تیۆری بەفارس کردن ناوزه‌د بکرێن. ئه‌و وتارانه‌ی له‌ بیروڕای ئازاد‌دا بڵاو ده‌بنه‌وه‌، ته‌نیا ده‌ربڕی بیروبۆچوونی نووسه‌ره‌کانیانه‌ لە ژماره‌ ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌