کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باکوور لە بەردەم هەڕەشەیەکی نوێ‌دا

14:01 - 30 خەزەڵوەر 2716

بە دوای کوودتایەکی پڕ دەسکەوت بۆ ئەردۆغان و ئاکپارتی لە ژوئیەی ئەمساڵ‌دا ئیدی هیچ بەربەستێک لەپێش دەسەلاتی ئەو وڵاتەدا نەمایەوە تا بێباکانە بکەوێتە گیانی ئازادیخوازان، ناڕازییان و جودابیران لە سەرانسەری تورکیه‌دا. ئەگەر ئەو کوودتایە سیناریۆیەکی لەپێشدا ئامادەکراویش نەبووبێ ئەنجامەکانی پڕ بە ویستی ئەردۆغان و حکوومەتەکەی بوون و بیانوویەکی باشی کەوتە دەست تا لە ژێر ناوی لەنێوبردنی گولەنیەکان پانتایی سیاسیی تورکیه‌ پاکسازی بکا و مەرامە دێرینەکانی پراکتیزە بکا. هەر لە سەرەتادا مانۆرێکی فراوانی بۆ پێشاندانی هێزی جەماوەری رێکخست، ئەوە بە مەبەستی پێشاندانی مەشروعیەتی سیاسی و ناردنی پەیامێکی سه‌مبولیکیش بۆ رەوایەتیی دان بە کردەوەکانی داهاتووی. بەدوای ئەوەدا رەشبگیری لە نێو سوپا و دام ودەزگا حکوومی‌یەکان و زانکۆکان دەست پێکرد و بازنەکانی دەوری کۆمەلگەی مەدەنی تەسکتر کردەوە تەنانەت خەڵکی ئاساییشی رەوانەی زیندانەکان کرد، گۆڤار و رۆژنامەکانی داخست و جیابیران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانی قۆڵبەست کرد، لە دوایین هەلوێستی‌دا هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسک و دەیان پارلەمەنتاری لە سەر لیستی ئەو پارتە و سەرۆکی چەند شارەوانی‌یەکی باکووری کوردستانی دەستگیر کرد. لەوانەیە لە روالەت‌دا شێوازی مامەڵکردنی ئەردۆغان و کەمالی‌یەکان لێک جیاواز بێ، سەرەرای ناکۆکی‌یەکانی لەگەڵ کەمالی‌یەکان بە یەک ئاراستەدا هەنگاو دەنێ، لە سەرەتاکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیەدا کەم نەبوون ئەوانەی پێیان وابوو ئاکپارتی نیەتی خێری هەیە و دەیهەوێ لاپەرەیەکی تازە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هەڵبداتەوە و هەم لەسەر ئاستی دەرەکی و هەم لە ئاستی نێوخۆدا گرێ‌کوێرەکانی سەد ساڵەی تورکیه‌ بکاتەوە. بەڵام بە تێپەرینی کات رووی راستەقینە دەرکەوت، ئەوە تەنیا تاکتیکێک بوو بۆ بەلاڕێ‌دا بردنی رای گشتی لە نێوخۆ و دەرەوی تورکیه‌دا، ئەگەر نا هێزێکی ئیسلامگەرا لە پشت ئەو ماسکەوە خۆی حەشار داوە کە زۆر زیرەکانە ناسیۆنالیزمی توندڕەوی مستەفا کەماڵ لەگەڵ ئیدۆلۆژی ئیسلامی‌دا تێکەڵ دەکا. بە گرتنی هاوسەرۆکی هەدەپە و ئەندامانی پەرلمان و سەرۆکی شاەرەوانی‌یەکان، ئەردۆغان پرۆسەی دژە کوودتای گەیاندە ئەوپەڕی خۆی، هەزم کردن و تەحەممول کردنی هەدەپە بۆ ئاکپارتی کارێکی سەخت بوو، بەتایبەت دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنە پارلەمانی‌یەکەی ساڵی رابردوو و ئەو گۆرانکارییە گەورەی هەدەپە لە مەیدانی سیاسیی تورکیه‌دا دروستی کرد، هۆکاریکی دیکە ئەوەیە کە کوردەکان توانیان کێشەی کورد لە قالبی کێشەیەکی ئیتنیکی بێننە دەرێ و بیکەن بەکێشەیەکی ئاکتوێلی سیاسی، ئەوەش لە رێگەی دەرفەت دان بە کەمینە و پێکهاتەکانی دیکەش کە بێنە ژێر سێبەری درەختەکەی هەدەپە. ئیدی ئەوجار ئانکارا بەتەنیا لەگەڵ کێشەی نەتەوەیی کوردەکان بەروەروو نەبوو، بەڵکوو لەگەڵ کێشەیەک دەست و پەنجەی نەرم دەکرد کە هەم لە پارلەمان‌دا بەرۆژەڤ بوو، هەم پشتیوانیی خەڵکی شارە کوردنشینەکان و کەمینەکانی دیکەشی لەگەڵ بوو. لە لایەکی دیکەشەوە هەدەپە بە ئاشکرا دژایەتیی روانگەی باوی دەولەتداری لە تورکیه‌دا دەکا کە لەسەر بنەمای نەتەوەی باڵا دامەزراوە. دەوڵەت لە ئاست ئەو بزووتنەوە زیندوو و روولەگەشەیەدا دەستەوەستان مابۆوە، کەواتە ئەردۆغان یا دەبوایە سیاسیانە مامەڵە بکا و لێگەڕێ رووداوکان رەوتی ئاسایی خۆیان بپێون و خەونی ئیمپراتۆریەتەکەی ژێر گۆڕ بنێ یان ئەوەی کە وەک خەسڵەتی هەمیشەیی پەنا بۆ چارەسەری سەربازی ببا و شەڕێکی ماڵوێرانکەر هەلگیرسێنێتەوە. ئەوە بێجگە لەوەی ئەردۆغان دەیهەوێ دەسەڵاتەکانی پەرلەمان سنووردار بکاتەوە و پشکی زۆری هێز بۆ دەفتەری سەرۆک کۆمارییەکەی بگوازێتەوە. هەبوونی خەباتێکی پەرلەمانی کاراش بەربەست بوو لە بەرامبەر ئەو ویستە پاوانخوازییەی‌دا. ئەردۆغان کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی‌دا کەوتبۆوه‌ پەراوێزەوە و نەیتوانیبوو پشتیوانی ناتۆ بۆ هێرشکردنە سەر کوردەکانی رۆژئاوا بەدەست بێنێ، پیلانەکانی بۆ رووخانی رێژێمەکەی ئەسەد شکستی هێنابوو، لە دنیای دەرەوەدا بە پشتیوانی لە داعش تۆمەتبار دەکرا، ئاگری شەڕێکی دیکەی هەڵایساند و پرۆسەی ئاشتی لەبار برد. حەسانەی پەرلەمانی پەرلەمانتارە کوردەکانی راگرت و شارەکانی میلیتاریزە کرد و چەندین دێهات و ناوچەی کوردستانی وێران کرد و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوانی کردە قوربانی. پرۆسەی دامەزرانی دەولەتی مۆدێرن لە تورکیەدا هاوکات بوو لەگەڵ سرینەوە و پەراوێزکردنی ئەوانی دیکە، بەردەوام بوون و پایەداربوونی ئەو دەوڵەتەش پێویستی بە چەند فاکتێک هەبوو کە تا ئێستاش نوخبەی سیاسیی تورکیه‌ پێیەوە پابەندن، بۆ نموونە هەوڵدان بۆ یەکدەست کردن و یەکڕەنگ کردنی پێکهاتە جیاواەکان و دروست کردنی تاکە نەتەوەی تورک، هەروەها نێوەندگەراییەک کە بە پشتیوانی سوپا دەپارێزرێ. بۆ ئەو مەبەستە ماشێنی سەرکوتی نەتەوەی باڵا دژی کوردەکان کەوتە کار و بە درێژایی نزیکەی سەدەیەک سیاسەتی تواندنەوە و لە نێوبردنیان گرتە بەر. ئەردۆغان دەبوایە بە شێوەیەک وەفاداری خۆی بۆ ئەو بنەما کلاسیکیە لە دەوڵەتداری‌دا پێشان دابا، بە تایبەت کە وردە وردە لە سەدساڵەی دامەزرانی کۆماری تورکیه‌ نزیک دەبێتەوە. ئەو دەیهەوێ تێکهەڵکێشیەک لە نێوان عەزەمەت و فەخامەتیی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە لایەک و کەمالیزم لە لایەکی دیکەوە بکا و سەرەنجام بەرگێکی ئیسلامی بەسەر لیبرالیزمەکەی‌دا بکا. خەباتی کوردانی باکوور ئەو کۆنسێپتەی ئەردۆغان و ئاکپارتی تووشی قەیران کردووە، ئەوە راستە کە تورکیه‌ هەر لە سەرەتاوە بە سەر دوو تورکیه‌ی رۆژهەلاتی و رۆژئاوایی دابەش بووە، لە بەشە رۆژئاواییەکەی‌دا سێکولاریزم مۆدێلی باو بووە بەبێ ئەوەی مەبەست دێموکراسی بووبێ و لە بەشە رۆژهەلاتی‌یەکەشی بە میلیتاریزە کردن مێتۆدی باوی بەرێوەبردن بووە، بەڵام ئێستا لە بەشە رۆژهەلاتی‌یەکەی‌دا میلیتاریزەکردنیش ناتوانێ ئەو یەکگرتووییە زۆرەملی‌یە بپارێزێ. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هۆشیاری سیاسیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک چۆتە سەرێ و بازنەی خەبات فراوانتر بۆتەوە و لە شاخەکانەوە هاتۆتە نێو شارەکان و خەلکی ئاسایی خاوەندارێتی لە پرسی سیاسیی خۆیان دەکەن، ئەو مێتۆدە قورسایی دەوڵەت لە کوردستان دێنێتە خوارێ و دەیهەوێ لەگەڵ ساختاری مەدەنی‌دا رامی بکا. لەخۆرا نیە کە ئەردۆغان نووکی رمەکەی بەرەو سینگی ئەو کەسانە راگرتووە کە پێشەنگی ئەو جۆرە خەباتەن. لە کۆتایی‌دا دەکرێ ئاماژە بەوە بکەین کە دەولەت- نەتەوەکەی ئەردۆغان لەمێژە ئیمتحانی خۆی داوە و ئێستا نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی تورکیەش بە دوای رەشبگیرییەکانی ئەو دواییەدا لەگەڵ کۆمەڵێک پرسی هەستیار بەرەوروو دەبێتەوە و هاوکات فشارێکی نێودەوڵەتیشی لەسەرە کە ناتوانێ تا کۆتایی لە ئاست ئەو فشارە جیهانی‌یەدا کەمتەرخەم بێ. ئەردۆ‌غان هەر بەرگێکی دیکە بە سەر دەوڵەت ـ نەتەوە کەی‌دا بکا، لە کۆتایی‌دا ناچارە مل بە داخوازیی سیاسیی کوردەکان بدا، ئەویش لە کاتێک‌دا کە ماشێنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە باکوور وەرێکەوتووە و بێجگە لە فەرهەنگسازی و ئامادەکاری چەندین ساڵە، خاوەندارێتی لە پرسێکی رەوای سیاسی دەکا کە نەک هەر بە گرتنی رێبەرانی سیاسی بەڵکو هیچ هەنگاوێکی دوژمنکارانە ناتوانێ رایبگرێ یان پاشگەزی بکاتەوە. لە ژماره‌ ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌