کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆڵ و دەوری مامۆستایانی ئایینی لە بزووتنەوەی رزگاریی خوازیی خەڵکی کوردستاندا

16:07 - 1 سەرماوەز 2716

هەر لەو کاتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان بە زەبر و زەنگ و کوشت و کوشتار، دەسەڵاتی خۆیان بە سەر خاک و خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە، خەڵکی کوردستانیش بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، بۆ رزگار بوون لە ژێردەستیی و دابین کردنی مافە نەتەوایەتیەکانی خۆی دەستی بە خەباتێکی نەپساوە و بەردەوام و، لە هەمان کاتدا پر تێچوو کردوە. خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە سەدەکانی رابردووە و تا ئێستا شێواز و قۆناغی جۆراوجۆری بە خۆیەوە دیتووە. ئەوەی دەمانهەوێ لەم وتارەدا ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی، هەم لە قۆناغەکانی رابردوو و هەم لەم سەردەمەی بە رێكخراو بوونی بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا، وەک هێزێکی کاریگەر و نیشتمانپەروەر، نەک هەر رۆل و دەوری بەرچاویان هەبووە، بەڵکوو لە چەندین بڕگەی زەمەنیی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، پێشەنگایەتی بزووتنەوەکەشیان کردووە و حازر بوون کە بە سەخاوەتەوە گیانی خۆیان فیدای رزگاریی کوردستان و مافە رەوا و ئینسانیەکانی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستان بکەن. چونکە بە حەق و بە رەوا، ئەو مامۆستا نیشتمانپەروەرانە پێیان وابوو کە نەک هیچ دژایەتیەک لە نێوان بیر و باوەر و ئەرکی ئایینی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی زوڵم و زۆرداریی داگیرکەرانی خاک و نیشتماندا بەدی ناکرێ، بەڵکو پێیان وابوو کە ئەوە ئەرکی سەرشانی کەسانی خاوەن بروا و ئیماندارە کە زوڵم و ستەمی داگیرکەرانی وڵات قبوڵ نەکەن و بەگژیدابچنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو داگیرکاریە لە ژێر ناوی دین و بە بیانووی سەپاندنی رێوشوێنە ئایینیەکانیش بووبێ. هەر بۆیە دەبێ بە پێزانینەوە باس لە رۆڵ و نەقشی ئەو مامۆستا بەرێزانە بکەین کە لە هەلومەرجە سەختەکاندا چ وەک تێکۆشەری راستەوخۆی نێو سەنگەری خەبات و تێکۆشان لە مەیدان دابوونە، چ وەک پێشنوێژ و رێبەری ئایینی، لە مینبەری مزگەوتەکانیشدا، خەڵکیان بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانیان هان داوە. ئەگەر هەر ئاوڕێکی کورت وەسەر مێژووی نە چەندان دووری بزوووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی "رۆژهەڵاتی کوردستان" بدەین، دەبینین کە دامەزرێنەری یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی لە سەر دەستی کەسایەتی ئایینی و بلیمەتی کورد، پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا و زۆریشی نەخایاند کە وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان دەستبەکار بوو و دواتریش بە سەخاوەتەوە لە پێناو بەرگری لە خاک و خەڵکی وڵاتەکەی گیانی بەخشی. جگە لەوە، کێ هەیە ئاگای لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی رزگاریخوازنەی حیزبی دێموکرات بێ و نەزانی کە چەند ساڵ دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، ئەوە مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانپەرەوەر بوون کە بە شی هەرە زۆری حوجرەکانی کوردستانیان کردبوو بە قوتابخانەی وانەی کوردایەتی و، فەقێکانیان بە بیرو باوەری ئایینی و نەتەوایەتی گۆش دەکردن و بەم شێوەیە بە گژ دەسەڵاتی رەشی حکومەتی پاشایەتیدا دەچوونەوە و، بە کردەوە، حوجرەکان ببوونە ناوەندی خەباتی نەتەوایەتی و بەرخۆدان. دوای رووخانی رێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و پەلاماردانی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەم رێژیمەوە، دیتمان کە مامۆستایانی ئایینی ئەمجارەش لە زۆر شوێن و جێگا نەک هەر بەشداری خەبات و بەرخۆدان دژی رێژیمی خومەینی بوون، بەڵکو لە زۆر حاڵەت و دەرفەتدا پێشەنگایەتی ئەوە بەرەنگاریەشیان کردوە و بە دەیان و سەدان کەسیان، چەک لە شان و گیان لە سەر لەپی دەست، تێکەڵی ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون. کەم نین ئەو مامۆستایانەی کە بە سەخاوەتەوە گیانیان بەخشی و تاجی سەروەری و شەهید بوونیان خستە سەر سەریان. هەروەها کەم نین ئەوانەی کە تا دوا هەناسەی ژیانیان وەفادار بە رێبازی پێشەوا قازی مانەوە و سەرەنجام هەر لە درێژەی ئەو خەبات و رێبازەدا ماڵاواییان لە ژیان و هاوسەنگەرانیان کرد و ئەرکی خەبات و تێکۆشان بۆ رزگارییان بۆ هاوسەنگەران و مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانپەروەر بە جێ هێشتوە. ئەرکێک کە وێدەچی بڕێکیش لە رابردوو قورستر بێ. چونکە ئێستا ئەگەر لە لایەک ئاسۆی خەباتی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان زۆر لە رابردوو روونتر و گەشترە، لە لایەکی دیکەش کۆماری ئیسلامی هەم لە ناوچەکە بە گشتی و هەم لە دژی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، کۆمەڵە پیلانێکی زۆر دژوار و هەستیاری بە دەستەوەن. یەکێک لەو پیلانانەش، بێگومان ناکۆکی دروست کردنی ئایینی و مەزهەبیە لە نێو پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستاندا. رێژیم دەیهەوێ کە بە هەر جۆرێک بێ، بەرگێکی مەزهەبی بە بەر بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستاندا بکات و بیخاتە خانەی ئەو ململانێ مەزهەبیەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی سەبەبکاریەتی و ئێستا لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست خەڵکی بە گژ یەکدا کردووە و ئەو وڵاتانە بوونەتە گۆمی خوێن. هەر لە راستای بە ئاکام گەیاندنی ئەو پیلانەشە کە سەردەمدارانی رێژیم ماوەیەکە نێوە نێوە باس لە پێوەندی و بەستراوەبوونی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بە وڵاتی عەرەبستانی سەعودیەوە دەکەن. لەم هەرا هوریایەشدا رێژیم دەیهەوێ زیاتر بیر و رای توندئاژۆکانی کۆمەڵگای شیعە مەزهەبی ئێران لە دژی حیزب و رێکخراوەکانی خەڵکی کوردستان هان بدات. جگە لەوە دەیهەوێ بەم شێوەیە بە هاونیشتمانی کوردی شیعە مەزهەب و کوردانی یارسان و پەیرەوانی دین و مەزهەبەکانی دیکە کوردستان بڵێت کە ئەو بزووتنەوەیە هی ئێوە نیەو، ئەمانە شەڕی مەزهەبێکی تایبەت لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بە وەبەر چاو گرتنی ئەم پیلانەی رێژیمە کە پێمان وایە ئەرکی مامۆستایانی ئایینیی سەرجەم ئایین و ئایینزاکان، لە جاران قورسترە. چاوەروان دەکرێ کە پێشنوێژان و رێبەرانی ئایینی و مەزهەبیی لە کوردستان، زۆر وشیارانە بە گژ ئەو پیلانەی رێژمدا بچنەوە و بە هێج جۆر مەجال نەدەن کە رێژیم درز بخاتە نێو ریزەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان. چونکە خەڵکی کوردستان وەک نەتەوەی کورد، بە سەرجەم ئایین و مەزهەبەکانیەوە لە لایان کۆماری ئیسلامیەوە زوڵم و غەدری لێدەکرێ. چاوەروان دەکرێ کە مینبەری مزگەوت و پەرستگاکان، شان بە شانی سەرجەم سەنگەرەکانی دیکەی خەبات، هەر وەک رابردوو وێرای بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینیەکان، وانەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییان تێدا بگوترێتەوە. هاشم رۆستەمی ٢٠.١١.٢٠١٦