کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەشهەد و شەری دو باڵی کۆماری ئیسلامی!

07:11 - 7 سەرماوەز 2716

لە رۆژی بیست نوامبر قەرار وابوو"عەلی موتەهەری" جێگری سەرۆکی پارڵمانی ئێران لە مەشهەد بە بۆنەی ساڵرۆژی ئەربەعین وتارێک پێشکەش بکات کە لە لایەن دادستانی گشتی شاری مەشهەد ئەم کۆبوونەوەیە هەڵوەشاوە. هەر دوابەدوای ئەم هەڵوێستە بوو کە جارێکی دیکە دوو لایەنی سەرەکی کۆماری ئیسلامی واتە رفۆرمخوازان و بناژۆخوازەکان کەوتنە ململانێیکی تووند تا ئەو جێگەیە کە تەنانەت حەسەنی رووحانی هەڵوێستی نوواند و داوای کرد کە بە زووترین کات لێپێچینەوە لە بریاردەرانی ئەم کارە بکرێت. جێگە و پێگەی خوراسان وەک ناوەندێکی مەزهەبی و هەرواتر ئابووری بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەموو کات گرینگیێکی تایبەتی هەبووە، هەر ئەم گرینگییە بووەتە هۆکار کە هەردوو لایەنی سەرەکی کۆماری ئیسلامی واتە بناژۆخوازان و رێفۆرمخوازان هەوڵ بدەن جێگەو پێگەی خۆیان لەم ناوەندە مەزهەبی - ئابوورییە قایم بکەن، مەرقەدی ئیمامی رەزا و هەرواتر دەزگای ئاستانی قودسی رەزەوی ، دوای شاری تاران ، مەشهەدی کردووە بە گرینگترین ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران . مەزارگەی ئیمامی هەشتەمی شێعەیان رۆڵی پێگەی مەزهەبی دەگێرێت و لە هەمان کاتیش دا ئاستانی قوو‌دس رۆڵی ئابووری لە عۆدە گرتووە. هەر ئەم دوو ناوەندە سەرەکییە لە ناو شاری مە‌شهەد هۆکارە تاکوو بناژۆخووازنی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی نزیکانی بەیتی خامنەیی هەموو جومگەکانی قۆرخ بکەن و بە هیچ شێوازێک ئیجازەی دەسەڵات داری رێفۆرمخوازان لەم ناوچەیە نەدەن. لە بەرانبەر دا حەسەنی رووحانی و لایەنەکانی نزیک لە باڵی ئیعتدالیوونیش بە هەموو شێوەیه‌ک دەیانهەوێ ئەم باڵانسە لە شاری مەشهەد بگۆردرن بۆیە هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن دەسەڵاتەکانی بناژۆخوازان بە تایبەتی دەسەڵاتی ئیمامی جومعەی مەشەهد واتە عه‌له‌مولهودا وەک نوێنەری راستەوخۆی بەیتی ره‌هبه‌ریی رژیمی کۆماری ئیسلامی کەم بکەنەوە. بۆیە دوا بە دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی موتەهەری لە لایەن دادستانی گشتی مەشەهد کە یەکێک لە نزیکەکانی عه‌له‌مولهودا بە ئەژمار دێت، حەسەنی رووحانی بە توندترین شێوە مەحکوومی دەکات و خوازیاری بەدواداچوونی بەپەلەی بۆ دەکا. دەبێت ئەم خاڵە لە بەرچاو بگیردرێت کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نزیک بووەتەوە، حەسەنی رووحانی و رێفۆرمخوازان پێویستیه‌کی گرینگیان بەوە هەیە کە بتوانن لە کۆمەڵگا روانگەیه‌ک پەرە پێبدەن کە وا بنوێنێت ئەوان بە هەموو شێوەیه‌ک دژایەتی قۆرخ کاری نزیکانی بەیت ره‌هبه‌ری و بناژۆخوازانن. ده‌بێ ئەوەش لە بەرچاو بگیرێت کە حەسەنی رووحانی و دەوڵەتەکەی جاری پێشوو لە بەرانبەر دەسەڵاتی بناژۆخوازان لەسەر قەزیەی کونسێرتەکانی مەشهەد دووڕاون، بۆیە مەشهەد لەم سات و کاتەدا بۆ حەسەنی رووحانی و نزیکەکانی گرینگییه‌کی تایبەتی هەیە. هەر ئەم سیاسەتە گشتییەی رێفۆرمخووازانیش بووەتە هۆکار تاکوو لە دوای هەڵوێستی توندی رووحانی، سادقی لاریجانی وەک بەرپرسی ده‌زگای قەزایی ئێران بێتە سەر خەت و ئیدانەی هەڵوێستی رووحانی بکات. وا دیارە مەشهەد بۆ جارێکی دیکە کێشەکانی دوو لایەنی کۆماری ئیسلامیی بە لووتکە گەیاندووە و تا دەشراوەتە پێش ئەم کێشە سەرەکییانە توندتر و قوڵتر دەبنەوە.