کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌ په‌راوێزی حوکمی قورسی زیندان بۆ ئه‌حمه‌د مونته‌زیری

19:15 - 11 سەرماوەز 2716

دەسەڵاتی ویلایەت فەقیهی کۆماری ئیسلامی، بە خۆبەستنەوە بە ئایین و ئاسمانەوە، چەند هێندی هێزە بان مرۆییەکان، خۆی لای خەڵک پیرۆزتر نیشان داوە و هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ببێ بە دەسەڵاتی تابۆکان. یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەو سیستمە کە دیارە تایبەتمەندیی هەموو حکوومەت و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و سەرەڕۆیە، رەخنەهەڵنەگری گشتی سیستم و ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتە. دامەزرانی ئەو سیستمە کە ئاکامی بەتاڵانبردنی شؤڕشی گەلانی ئێرانە، هەر لە بناخەوە بە تابۆ و قەڵاچۆوە هاتە مەیدان و دە جلوبەرگ و رەنگێکی روحانی و خێرخوازانەدا دەسەڵاتی بەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا سەپاند و بە قەڵاچۆ و سڕینەوەی هەموو دەنگێکی جیاواز و دژ بەخۆی کەشێکی ترس و تۆقاندنی بۆ خەڵکێکی راپەڕیو لە دژی داخراوی سیاسی و نەبوونی ئازادی خووڵقاند و هەتا هات بڤەکانی سەر هەڵسەنگاندن و رەخنەی لە چوارچیوەی سیستمی بەڕێوەبەری زیاتر کرد. دیارە باری گرانی رەخنەهەڵنەگری سیستم، تێچوویەکی یەکجاری زۆری بۆ خەڵکی ئێران و تەنانەت نزیکانی نێو بازنەی دەسەڵاتیش هەبووە و، لە نێو گرووپی خودی رێژیمیشدا تەنانەت کۆڵەکە سەرەکی و دیارەکانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیش کەوتوونەتە بەر سڕینەوە و رقی باندە مافیائاساکان. ئەگەرچی لاپەڕە بە لاپەڕەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی پڕە لە جینایەت و پێشێلی ماف و بایەخە بەرزە مرۆییەکان، بەڵام کوشتنی هەزاران زیندانی سەر بە رەوت و لایەنە جیابیرەکانی رێژیم کە بە کوشتاری هاوینی ساڵی ٦٧ دەناسرێ، پەڵەیەکی شەرمی گەورەیە بە تەوێلی رێبەرانی رێژیم و بەتایبەت خودی بنیاتنەر و دامەزرێنەری ئەو سیستمە واتە خومەینی. کۆمەڵکوژی دەیان هەزار زیندانی کە زۆربەشیان ماوەی حوکمەکانیان تەواو کردبوو، پاش دوایین هێرشی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بەناوی "فروغی جاویدان" دەستی پێکرد و بە فەرمانی خومەینی تەڕو و وشکی نێو سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی پێکەوە سووتان و بە دەیان و سەدان ئەندامی رەوت و لایەنە جیابیرەکانی ئێران و یەکێکیش لەوان ئەندامانی سەر بە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان بە جەلادەکان سپێردران و بەدوور لەهەر رەفتار و پڕەنسیپێکی مرۆیی گیانیان لێ ئەستێندرا. هەر لەو سەردەمدا دەنگی ناڕەزایەتی نێوخۆیی لەسەر ئەم بڕیارە نامرۆڤانەیە بەرز بوویەوە و، لە سۆنگەی ئەو ناڕەزایەتییەشەوە ئایوتووڵڵە حوسێنعەلی مونتەزیری کەوتە بەر غەزەبی ویلایەتی فەقیهـ و، دەگەڵ ئەوەی لە بازنەی دەسەڵات کەوتەدەر و لە جێنشینی خومەینی خرا، له‌ ماڵی خۆی زیندانی کرا. رەنگە هەبووبن کەسانێکی دیکەش کە بەهۆی ناڕەزایەتی و نا وتن بە فتواکانی خومەینی کەوتبنە بەر غەزەبی لەوە قورستر و لە کەشی داخراوی سیاسی ئەو سەردەمدا دیزە بەدەرخۆنە کرابن. پاش نزیک بە سی ساڵ دوای ئەو ناڕەزایەتییەی ئایەتووڵڵە مونتەزیری، کوڕەکەی ئەحمەد مونتەزیری فایلی دەنگی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی باوکی لەسەر ماڵپەڕی تایبەت بە مونتەزیری بڵاو کردەوە. ئەگەرچی پێشتریش ئایەتووڵڵا مونتەزیری لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باس لەو جینایەتە و دەنگ هەڵبڕینی خۆی کردوە، بەڵام بڵاو بوونەوەی فایلی دەنگی مونتەزیری گۆمی لێڵی دەسەڵاتی هێندەی دیکە شڵەقاند و سپا و ئیتلاعات زوو بە زوو ئەحمەد مونتەزیرییان ناچار کرد فایلەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی لابەرێ، چونکی دیارە ئەگەرچی پێشتر لە توێی لاپەڕەی بیرەوەرییەکاندا هاتووە، بەڵام خوێنەری کتێب و نووسین لەچاو گوێگرتن لە فایلی دەنگی زۆر کەمە، هەر ئەمەش کاریگەریی و پەردەلادان لە سەر ئەو جینایەتە و ئاشناکردنی چینی لاو و تازەپێگەیشتووانی بە رووداوەکانی سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن ئەو رێژیمەی ئێستاوە بەرز دەکردەوە، کە خودی ئەم بابەتە تێچووی زیاتری دەخستە سەرشانی پارێزەرانی کۆماری ئیسلامی. بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە زۆر زیاتر لە بیرەوەرییەکانی مونتەزیری شوێندانەر بوو و، تا چەند حەوتوو میدیای فارسی زمان و پێوەندیدار بە ئێرانی سەرقاڵی خۆی کرد و دە بیروڕای گشتی ئێرانیشدا نائارامی ساز کرد و هەروەها برینی هەزاران کەسیشی کولاندەوە. ئەگەرچی رەهەندەکانی ئەو جینایەتە و جینایەتەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە زیاترن کە بە گریمانە و بیرەوەری و چەند فایلە دەنگێک ئاشکرا بکرێن و روون ببنەوە، بەڵام هەڵسوکەوتی بەرەی پاوانخوازی نێو بازنەی دەسەڵات دەگەڵ ئەو مژارە و، خودی ئەحمەد مونتەزیری دەرخەری گەورەبوونی ئەو کارەساتەن. ئەحمەد مونتەزیری وەک زۆربەی ئەو کەسانەی لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دژی سیستم و ئاکار و رەفتاری حکوومەت دەنگیان هەڵبڕیوە، لە دادگاییەکی شانۆییدا بە بیانووی پاراستنی رێژیم و هەنگاونان دژی تەناهی نەتەوەیی بڕیاری قورس و نادادپەروەرانەی بە سەردا سەپێندرا و، دەگەڵ ئەوەش لە مەلایەتییان خست. بەپەلەبوونی دامودەزگای ئەمنییەتی و دادوەری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەو کەیسە خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە، رەهەندەکانی ئەو جینایەتە زۆر بەربڵاوترن و ئەگەر روون ببنەوە، پێکهاتەی دەسەڵات تووشی بوومەلەرزە دەکەن و، زۆرن لەو روومایانەی رۆژانە باسی ئازادی و خزمەت دەکەن دەبێ رەکێشی دادگاکان بکرێن. هەروەها سەپاندنی ئەو بڕیارە قوورسە چاوترسێنی کەسانی دیکەی نێوخۆی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی قەت بیر لە ئاشکراکردن و پەردەلادان لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی نەکەنەوە. کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە لە سازکردنی شانۆ و هەروەها دادگایی چەند خولەکی و چۆنێتی شاربەدەرکردنی جیابیران و رەخنەگراندا چەند لێهاتوویە، بڕیاری ئیعدامی سەدان لاو و تاکی کورد لە سەرەتای دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهەوە هەتا ئێستا، بڕیار و دادگە شانۆییەکانی ناڕازییەکانی هەڵبژاردنی خۆلی دەیەمی سەرکۆماری و دەیان و سەدان نموونەی دیکەی دادپەروەری ئایدیۆلۆژی ویلایەتی فەقیهـ مێژووی ئەو دەسەڵاتەیان تەنیوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە گەورەتری تاوانباران و مافیا و جینایەتکارانی سەر بە ویلایەت و بەرەی پاوانخواز زۆر ئاسان بە دادگە و شوێنی لێپرسینەوەکاندا دەربازیان دەبێ. چونکی لەڕاستیدا لە ئێران شتێک بەناوی جیابوونی دەسەڵاتەکان لە گۆڕێدا نیە و، دەسەڵاتی دادوەری خۆی هەڵبژێردراوی ویلایەتی فەقیهە، هەر بۆیە کەسانی سەر بەو پێکهاتەیە پارێزراون لە هەر چەشنە لێپرسینەوەیەکی دادپەروەرانە و تەنانەت زۆر جار تاوانەکانیان بە باشە دەخرێنە بەرچاو و تاوانباران پلەشیان بەرز دەکرێتەوە.