کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەران کۆتایی نایە

14:16 - 13 سەرماوەز 2716

ڕۆژ نیە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تەقە لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە شارو گوندە سنووری‌یەکان نه‌کرێ و بەداخەوە چەند کەسیان لێ نەکوژێ و بریندار نەکرین. لەو پێوەندی‌یەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ناوچە سنووری‌یەکانی مەریوان چەند کۆڵبەرێکی کورد کەوتنە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیم و پاش تەقە لێکردنیان، یەکێک لە کۆڵبەرەکان بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دەداو دوو کەسی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان کران. تەقە کردن لە کۆڵبەران لە پارێزگاکانی کوردستان دیاردەیەکی تازە نیە و هەموو ساڵێ دەیان کۆڵبەر بەو هۆیەوە و هەروەها بەهۆی تەقینەوەی مین دەکوژرێن و بریندار دەبن. بە پێی ئەو داتایانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نێو خۆ و دەرەوە، بڵاویان کردۆتەوە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەتا ئێستا ٧٥ کۆڵبەری کورد لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان بە دەست هێزەکانی ڕێژیم کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەوە لەحاڵێک‌دایە ماوەیەک لەمەوبەر وتەبێژی سپای پاسداران سەردار مونتەزیرئەلمەهدی، زۆر ڕووهەڵماڵاوانە ڕایگەیاند کە هەواڵی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد درۆی هەواڵدەریه‌‌ بێگانەکانە و کەس لە سنوورەکانی کوردستان نەکوژراوە. سەیر ئەوەیە ئەو پاسدارە لەبیری نەماوە کە، تەنانەت خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش، لەپاش لەقاو درانی جینایەتەکانی هێزە سنوری‌یەکان و تەقەی راستەوخۆ بە مەبەستی کوشتنی بەئانقەستی کۆڵبەران، داوای لێکردن کەمێک نەرمی بنوێنن و تەقە لە کۆڵبەران نەکەن! پاسدار مونتەزیرەلمەهدی لە درێژەی فەرمایشەکانی‌دا دەڵێ، کۆڵبەران چەک و تەقەمەنی و مەوادی موخەدیر بۆ نێو خۆی وڵات دەهێنن! دیارە هەمووکەس دەزانێ سەرلەبەری ئەو قسانە درۆن. بەڵام سەیرە، ئەو پاسدارە کە وتەبێژی سپای پاسدارانیشە و جێگە و پێگەی بەرزی لەو دەزگا سەرکوتکەرەدا هەیە، نازانێ کە مەوادی موخەدیر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران و زیاتر لە وڵاتی ئەفغانستانەوە هاوردەی ئێران دەکرێ و دەفرۆشرێ نەک، لە سنوورەکانی هەر دوو دیوی کوردستان. کۆڵبەرانی کورد بە دڵخوازی خۆیان و لەبەر بەناو، داهاتی زۆری ئەو کارە مەترسی‌دارە، ڕوویان تێ‌نەکردوە و خۆیان بەکوشت نادەن؛ بەڵکوو لەبەر بێ‌دەرەتانی و نەبوونی هەلی کار و تەنیا بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵە هەژارەکانیان، ناچارن سینگیان بکەنە قەڵغانی گوللەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەم چەشنە، سەربنێنەوە و منداڵەکانیان هەتیو و بێ‌ناز بن. هەروەک دەزانین و داتا فەرمی‌یەکانی رێژیم نیشانی دەدەن، پارێزگاکانی کوردستان بەرزترین ڕێژەی بێکاری‌یان لە هەمبەر پارێزگاکانی دیکەی ئێران تێدایە و پارێزگای کرماشانیش لەو بەینەدا پلەی یەکەمی هەیە. جگەلەوەش بۆ مەگەر داهاتی کاری تاقەت پرووکێن و مەترسی‌داری کۆڵبەری چەندە، کە تاکی کورد دەبێ خۆی بۆ بەکوشت بدات؟ چه‌ندین سەعات بڕینی چیا و دۆڵ و شوێنە ئاستەمەکان، بە کۆڵەبارێکەوە کە کەمتر لە ٢٠ کیڵۆ نی‌یە و دەرباز بوون لە مەیدانەکانی مین و کەمینی پاسدار و جاش و بەکرێگیراوانی رێژیم، بۆ ئەوەی منداڵە ڕەش و ڕووتەکانی ئەو بنەماڵانە شەو بە زگی تێر سەر بنێنەوە؛ ئەوەیە داهاتی زۆری ئەو کۆڵبەرە هەژارانە. لە بەرانبەردا هەر وەک هەموو ڕۆژێ لە هەواڵەکان‌دا دەبیسین، گەندەڵی و دزی و بەرتیل‌خۆری و هاوردە و هەناردەکردنی نەهێنی کاڵا و بەرهەمە نیو خۆیی و دەرەکی‌یەکان لە لایەن بونیات و دام و دەزگا حکوومەتی‌یەکان، ئەوەندە بەربڵاو و بەئاشکرایە کە کاربەدستانی کۆماری ئیسلامی بۆیان پووشبەسەر ناکرێ و تەنانەت وا پەرەی سەندوە کە بۆخۆشیان لە یەکتری لەقاو دەدەن. هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لەحالێک‌دا کۆڵبەرە کوردەکان بە تاوانی هاوردەکردنی کەلوپەلی خۆراکی و جلوبەرگ و تەگەری ترۆمبێل، کەلوپەلی لەم چەشنە دەکەنە نیشانەی چەکەکانیان و بە ئانقەست دەیانکوژن کە، سپای پاسداران وەک گەورەترین مافیای ئابووری لە ئێران‌دا ناسراوە و تەنانەت سەرچاوە نافەرمی و سەربەخوەکان، دەستی لە قاچاغی مەواددی موخەدیرش‌دا هەیە. ئەو ڕێکخراوە زەبەلاحە، کە لە بەرانبەر هیچ کەس و لایەنێک‌دا خۆی بە وڵامدەر نازانێ، دەستی بەسەر زۆرێک لە سەروەت و سامانە گشتی‌یەکان و جومگە سەرەکی‌یەکانی ئابووری ئێران‌دا گرتووە. تەنانەت دەست و پەیوەندەکانی خامنەییش نازانن، ڕێژەی داهات و سەروەت و سامانی سپای پاسداران لە نێوخۆ و لەدەرەوەی وڵات چەندە و چۆن خەرج دەکرێ. ئەگەر کۆڵبەرانی کورد لە ڕووی ناچاری و هەژاری‌یەوە سنوورە دەسکردەکان دەبڕن و بە ئارەقەڕشتن و شەکەت بوونێکی زۆر و مەترسیی کوژران، نانێک لەسەر سفرەی بنەماڵەکانیان دادەنێن، سپای پاسداران زۆربەی سنوورە خاکی و هەوایی و دەریای‌یەکانی لەبەردەست دایە و خەریکی قاچاغ و هاوردە کردنی دەیان و بگرە سەدان میلیارد تمەن کاڵا و شتومەکی گران‌بەهایە. هەر، چەند ساڵ لەمە و بەر بوو کە مەحموودی ئەحمەدی نەژاد سەرۆک‌کۆماری پێشووی ڕێژیم بە ئاشکرا باسی لەو بەندەر و دوڕگەیانە کرد کە لە دەست سپای پاسداران دایە و لەو دەروازانەوە بەرپرسانی سپا قاچاغی لێ‌دەکەن. ئەحمەدی نەژاد دەستەواژەی" برادران قاچاقچی خودمان"ی بۆ بەرپرسانی سپا بەکار هێنا. لە کۆتایی‌دا داوا لە ڕووناکبیران، چالاکانی مەدەنی و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین بە سازدانی کەمپەینی خەبات بە دژی کوشتنی کۆڵبەران و پیک‌هێنانی کۆبوونەوە ئیعترازی‌یەکان، کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن کۆتایی بەو جینایەتانە دەرحەق بە خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری سەر سنوورەکان بێنێ.