کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە شۆڕشگێڕی ناوداری گەل کاک نەبی قادری

14:25 - 13 سەرماوەز 2716

٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ١٢ی سەرماوەزدا یەکێک لە ئەستێرە پڕشەنگدارەکانی ئاسمانی خەباتی کوردایەتی خوشی وبە رواڵەت ماڵئاوایی لە بنەماڵە، جوڵانەوە، حیزب و کۆڕی یارانی کرد. پێش نیوەڕۆی رۆژی١٢ی سەرماوەزی١٣٧٥ی هەتاویی پۆلێک لە هاوڕێیان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کۆپینهاک گەیشتینە لای هەڵۆ بەرزەفڕەکەی چیاکانی کوردستان. هەڵۆی گیرۆدەی دەستی شێرپەنجە،شەکەت، ماندوو بەڵام بە ئیرادە و چاوەڕوان، کاتێک زانی هاوڕێیەکانی گەیشتنە لای چاوەکانی هەڵێنا، لێوەکانی دەکرۆشتن،لوزەوەی فرمێسک بەسەر گۆناکانیدا دەڕژانە خوارێ، بە ئەسپایی سەری بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و بەرەو دونیای ئەبدەی فڕی. نەبی قادری لە دایک بووی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٢٠ ی هەتاوی و زادەی بنەماڵەی قادری و گەورە عەشیرەتی کوردپەرەوری مامەشە، بنەماڵەیەک کە گەورە کاپیتانی کۆماری کوردستان'' کاپیتان محمد قادری'' و فەرماندی ناودار قادری ئیفتخاری لە داوێنی خۆیدا پەروەردە کردبوو. کاک نەبی چێهرە و سیمایەکی دیار وناوداری مەڵبەندی شنۆ بوو، سەردەمانێک لە بەرگی مامۆستایەکی بەوەج و لێهاتوو و خەمخۆر، خزمەتی بە پێگەیاندنی منداڵانی هەژارانی ناوچە دەکرد و سەردەمێک وەک شارەداری شار لە خزمەت گەشەپێدان و ئاوەدانی شار و کۆمەڵگاکەی بوو و لە پاشان لە قامەتی رێبەرێکی سیاسی فیداکار ، خاکەڕاو بەرپرس تا ئاخرین هەناسەکانی ژیانی لە خزمەت وەدیهێنانی مافە رەواکانی گەل و حیزب واتە، سەربەستی و رزگاری گەل و نیشتمانەکەی بوو. کاک نەبی لە ساڵی ١٣٣٩ ی هەتاوی پێوەندی بە حیزبەوە دەگرێ و لە ساڵی ١٣٤١ بە رەسمی وەک ئەندامی حیزب دێتە ریزی خەباتکارانی دێموکڕات. لە دیدارێکدا کە چەند مانگ پێش رووخانی رێژیمی پادشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئینگلستان دەگەڵ شەهید د. قاسملووی دەبێ، پاش تاووتوێی بابەتەکانی پێوەندیدار بە وەزعی رێژیم و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرنامەوە دەگەڕێتەوە کوردستان و دەست بە خەباتێکی هەمەلایەنە دژی رێژیمی پاشایەتی دەکا. ناوبراو جێگە و پێگەیەکی تایبەتیی لەناو چین و توێژەکانی مەڵبەندی شنۆ بە تایبەت قوتابییەکانیدا هەبوو، هەر بۆیە بوو بە یەکێک لە رێکخەر و سازماندەری خۆپێشاندانەکانی دژی رێژیمی پاشایەتی لەو ناوچەیە. پاش رووخانی رێژیم یەکێک لە کەسایەتییەکان و کۆڵەکەکانی ئیدارەی ناوچەکە بوو. باس لە پلەوپایەکانی تەشکیلاتی کاک نەبی لە ریزەکانی حیزبدا ئەرکی ئه‌م کورته‌ نووسینه‌ نییە، تەنیا هەوڵدەدەم بە کورتی باس لە دڵۆپێک لە دەریای تایبەتمەندییە بەرزەکانی بەرێزیان بکەین. لە کوردایەتیدا شوڕشگێرێکی بێ سنوور بوو، کورد لە روانگەی ئەوەوە یەک نەتەوە و کوردستانی پارچە کراویش یەک نیشتمان بوو. لە دژوارترین هەل و مەرجە ئەمنیەتییەکانی زەمانی شا ماڵیان مەکۆی شوڕشگێڕان و شوێنی خۆ رێکخستنی تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت خەباتکارانی کوردستانی گەرمێن بووە. بەرزترین هیوای یەکگرتنەوەی هەموو بەشەکانی کوردوستان و سەربەخۆیی کوردستان بوو. کێلەشین، هەڵگورد، قەڵای بێردۆک لە باکوور، شاهۆ لە هەورامان، هەموو ناوچەکانی کوردستان لە ئاخرین خاڵ لە باکوور هەتا دوورە دەستترین ناوچەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان جەولانگا و مەکۆی خەباتی بێ وچانی کاک نەبی بوون. کاک نەبی شۆڕشگێڕێکی بە مانای واقیعی لە خۆ بوردوو و فیداکار بوو، ئەو لە شەوەزەنگی دیکتاتۆریی شادا و ئەو کاتەی کە '' کەڵ بە موو بەند بوو'' قۆڵی خەباتی هەڵماڵی و لە دەورانی کۆماری ئیسلامیشدا زۆر لێبڕاوانەتر لە پێشوو درێژەی پێدا و تا ئاخرین هەناسەی ژیانی سەربەرز و رووسوور بە بێ چرکەیەک وەستان لە مەیداندا بوو. ئەو ئاشق، ئەویندار و سەربازی ونی بیروباوەڕەکەی بوو، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەتا ئاخرین زەڕە لە وزە و توانا شەخسییەکانی تەرخانی رێگای هزر و باوەڕەکەی بکا. یەکێک لە یادگارییە بە نرخەکانی ئەو دەفتەری یادداشت و کاری رۆژانەیەتی. یادداشتەکان لە رۆژەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەیدا رێک وپێک بەڵام تا دێ شیرازە و تان وپۆی دێڕەکانی دەشێوێن بە جۆرێک کە لە رۆژانی ئاخری ژیانیدا، مرۆڤ تەنیا چەند هێڵێکی رەش دەبینێ. بەوجۆرە ئەو بەڵێنییەکەی خۆی کە هەتا'' دوایین هەناسەم بۆ گەل کار دەکەم'' بردەسەر. کاک نەبی مرۆڤێکی هەڵکەوتوو، لێبڕاو، نەسرەوتوو، ئازا، خاکەڕا، خۆنەویست، گەل و نیشتمان دۆست و... بوو. بە کۆچی دوایی کاک نەبی گەلی کورد خەباتکارێکی نەسرەوتوو، حیزب رێبەرێکی بەتوانا، بنەماڵەکەی سەرپەرستێکی مێهرەبان و دۆستانی هاوڕێیەکی بەنرخیان لە دەستدا. یادی کاک نەبی بۆ هەمیشە بە خێر، کردەوە و رێنوێنییەکانی مەشخەڵی رێگای خەبات و تێکۆشانمان دەبێ. رحیم محمدزادە ٢ی دیسامبری ٢٠١٦