کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوربانیانی مین و مەترسیی قوربانیی زیاتر

13:37 - 17 سەرماوەز 2716

لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی کەمئەندامان دا کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، چالاکانی مەدەنی و پارێزەرانی قوربانیانی مین و تەقەمەنییە جێماوەکان لە نامەیەک دا داوایان لە حەسەن رووحانی کردوە رێگە نەدا مافەکانی قوربانیانی مین پێشل بکرێ. لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا بە روونی باسی پێشێلکرانی مافی قوربانیانی مین لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و خوزستان کراوەو ئەم راستییە بەروونی ئاشکرا کراوە کە تەنانەت بە پێی ماددە قانوونییەکان حکوومەت و دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکان خۆیان لە بەرپرسایەتیی یاساییان لە بەرانبەر قوربانیانی مین دزیوەتەوە. نووسەرانی ئەم نامەیە نووسیویانە دۆسیەی زۆربەی قوربانیانی مین لە کۆمیسیۆنەکانی ماددەی ٢ ی فەرمانداری و پارێزگاکانی وەزارەتی نێو خۆ بایگانی کراون و ئاوڕیان لێنادرێتەوە. ئەم هەنگاوە لەگەڵ ئەوەدا هەنگاوێکی بەجێ و شایانی پشتگرییە، دەکرێ بکرێتە بنەمای پەردەلادان لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی کارەساتی مین و تەقینەوە بەجێماوەکان. چونکە راستییەکەی ئەوەیە ئێستاشی لەگەڵ دابێ مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی ناوچەکانی شەڕ (سنووری هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان و ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای ئێران) و دەوروبەری هەزاران مۆلەگەی چۆڵکراو و چۆڵنەکراوی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام مەترسین لە سەر گیانی هاووڵاتیانی کوردستان. مەترسیی مین و تەقەمەنییە جێماوەکان تەنانەت لە نزیک زۆربەی شارو گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەست پێدەکرێ. پرسی قوربانیانی تا ئێستا و داهاتووی مین بابەتێکی زۆر گرنگە کە پێویستی بە تێکۆشانی مەدەنی و قانوونی و پشتگریی جەماوەری هەیە. هەروەک لە نامەی بەکۆمەڵی دەیان چالاکی مەدەنی و پارێزەرانی قوربانیانی مینیش دا بە روونی ئاماژە بە لایەنە یاساییەکانی مافەکانی قوربانیانی مین کراوە، دەکرێ هەر لەم رۆچنەیەوە هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێ. قوربانیانی مین چ ئەوانەی گیانیان لە دەست داوەو چ ئەوانەی ئەندامێک یان چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە هەر دەستە تایبەتمەندی و پێداویستیی خۆی هەیە. ئەوان و بنەماڵەکانیان مافی خۆیان قەرەبوو بکرێنەوە و یارمەتییان بکرێ بۆ ئەوەی بەسەر لەیەنە دەروونییەکانی ئەم کارەساتەدا زاڵ بن و ژیانیان دابین بێ. لەم پێوەندییەدا زۆر پێویستە چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت قوربانیانی مین هان بدرێن کە مافەکانی خۆیان باشتر بناسن و بۆ ئەم مەبەستەش دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی سەرانسەری یان کۆمەڵەی قوربانیانی مین دامەزرێنن. دوایین خاڵ کە لەم پێوەندییەدا پێویستە باسی بکرێ پرسی پاککردنەوەی مەیدانەکانی مینە. چەند میلیۆن مینی چێندراو هەڕەشەیەکی هەمیشەیین بۆ سەر ژیانی خەڵک و ئاژەڵەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. پرسی قوربانیانی مین پێویستە بە داواکاریی رەوای کوردستانێکی پاککراوە لە مینەوە گرێ بدرێ. خەڵک و چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی پێویستە بە وەرێخستنی چالاکیی مەدەنی فشار بۆ کاربەدەستان بێنن لەم پێوەندییەدا هەنگاو هەڵێننەوە.