کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی ٢٠١٧

16:21 - 10 بەفرانبار 2716

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کریسمەس و هاتنی ساڵی نوێی ٢٠١٧ پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و پیرۆزبایی ئەو بۆنانەی لە مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران کردوە. دەقی پەیامەکە بەم‌جۆرەیە: بەبۆنەی هاتنی کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە هەموو مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران و ئەو هاونیشتمانانە دەکەم کە سەری ساڵی زایینی جێژن دەگرن. لە دوا ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا جارێکی دیکەش حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بووە قوربانیی تێرۆر و، بەهۆی تەقینەوەیەک کە کۆبوونەوەیەکی جێژن و خۆشیی ئێمەی کردبووە ئامانج، کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی حیزبەکەمان و ڕۆڵەکانی نیشتمان شەهید و بریندار بوون. هیوادارم ساڵی نوێ ساڵێکی پڕ خۆشی بێ بۆ هەموو لایەک، بە تایبەت خەباتکارانی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن بە یەکڕیزی و هاوپێوەندیی خۆیان وەڵامێکی شیاو بە تێرۆر بدەنەوە و یەکگرتووانە لە پێناو سەرخستنی پرسی کورد لە ئێراندا تێبکۆشن. خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٩ی دیسامبری ٢٠١٦