کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ده‌قی قسه‌کانی کاک خالید عه‌زیزی له‌ رێوڕه‌سمی پرسه‌ی شه‌هیدانی شه‌وی یه‌ڵدا

23:33 - 16 بەفرانبار 2716

خوشک و برایانی ئازیز! نوێنەرایەتیی حیزب و لایەنە سیاسی‌یەکان! ئەندامان و کادرەکان و پپێشمەرگەکانی دێموکرات! زۆر بەخێر بێن بۆ رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی کۆمەڵێک تێکۆشەری رێگای کوردایەتی کە شەوی رابردوو بە دوای رێورەسمی حیزبی دێموکرات لە پەیوەندی لەگەڵ شەوی یەڵدا و هەروەها شەوی لە دایک‌بوونی دوکتور قاسملوو گیانیان لەدەست دا. بەو بۆنەیەوە لە هەموو بنەماڵەی شەهیدان، شەهیدانی دێموکرات و شەهیدانی ئاسایش سەرەخۆشی دەکەم و هەروەها بۆ بریندارەکان هیوا و ئارەزووم ئەوەیە باش بنەوە. کۆبوونەوەی شه‌وی رابردووی ئێمه‌ دوو پەیامی تێدابوو پەیامی یەکەم ئەوە بوو شەوی یەڵدا لە نێو ئێرانی‌یەکان وەک رەسم و عادەتێک دۆستان و خەڵکانی نیزیک بە یەک خڕ دەبنەوە شەوی درێژی ساڵ بەیەکەوە تیپەڕ دەکەن. لەو شەوە دا قسە لە خۆشی و شادی‌یە، قسە لە بیرەوەری‌یەکانە، زۆریش دەچنە نێو داڕشتنی بیر و بۆچوون بۆ داهاتوو، شەوی یەڵدا شەوی لە دەوری یەک کۆبوونەوەیە، بەڵام بۆ ئێمە دێموکراتەکان شەوی یەڵدا مەعنایەکی دیکەشی هەیە، لەو شەوەدا دوکتور قاسملوو لەدایک بوو، کەسێک لەدایک بوو بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی هەمیشە پێشتاز بوو لە داهێنانی بیر و بۆچوون بە گوێرەی زەمان لەپێناو ئەوەی کە کوردی ئێران بە مافەکانی نەتەوایەتیی خۆی بگا. دوکتور قاسملوو کە شەوی رابردوو ئێمە جێژنی لەدایکبوونی ئەومان دەکردەوە و یادی تێکۆشانی ئەومان دەکردەوە و لەنێو خۆمان‌دا بیر و بۆچوون و هزری قاسملوومان وەبیر دەهاتەوە، هەڵگری پەیامێک بوو، پەیامی قاسملوو هەوڵ و تێکۆشان لەپێناو ئەوەی کە ئێمە بە مافەکانی خۆمان بگەین، پەیامی قاسملوو ئەوە بوو لەو رۆژەوە کە حیزبی دێموکرات بە دوای ئینقلابی ئێران خەبات و تێکۆشانی هەبووە لەنێو کۆمەڵانی خەڵک کە کێشەی نەتەوەیەک، کێشەی میللەتێک کە حەقی خۆیەتی بە گوێرەی هەموو جاڕنامەکانی نێونەتەوەیی بە دوای مافەکانی خۆی‌دا دەگەڕێ بە شەڕ، بە تیرۆر، بە کوشتن، بە قەتڵ‌و‌عام، بە ئیعدام کردن چارەسەر نابێ ئەوە هەر ئەوە پەیامە بوو کە بیرۆکەی حیزبی دێموکراتی لەسەر دامەزرا هەر ئەو پەیامە بوو فەلسەفەی وجوودی حیزبی دێموکرات بوو کە پێشەوای نەمر دایمەزراند. قاسملوو لە ئیدامەی ئەو سیاسەتەدا توانی فۆرمۆڵێک لەنێو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵانی خەڵک‌دا جێ‌بخا ئەویش ئەوەیە ئێمە لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان لەپێناو گەیشتن بە مافەکانمان کۆڵ نادەین، حیزبی دێموکرات لە ناوچەکەدا کێشەی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک نییە، حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە کێشەی لەگەڵ هیچ ئایین و گرووپێکی سیاسی و بۆچوونێک نییە، حیزبی دێموکرات کێشەی لەگەڵ هیچ لایەنیکی سیاسی بەو مەعنایە نییە، حیزبی دێموکرات تەنیا کیشەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە. شەڕی دوو عەقلییەتە؛ لە لایەک کۆماری ئیسلامی تەحەمولی عەقڵییەت و مەنتق و عەقڵانییەتی حیزبی دێموکرات ناکا کە پێشەوای نەمر دایمەزراند و دوکتور قاسملوو ئیدامەی دا، لە لایەکی دیکە هەوڵ و تێکۆشانی ئێمەیە کە تێبکۆشین لەپێناو مافەکانمان‌ خەباتی خۆمان ئیدامە بدەین بۆیە ئادرەسی تیرۆری دۆینێ شەوێ بە تەبیعەتی ئەو پێناسەی کە حیزبی دێموکرات هەیەتی و کۆماری ئیسلامی هەیەتی، جمهوری ئیسلامی ئێرانە. ئێمە دەمێکە لەگەڵ حکوومەتێک رووبەڕووین کە پەیامی ئاشتی ئێمە، پەیامی ئیحساسی مەسئولییەتی ئێمە لەپێناو گەیشتن بە مافەکانمان بە تیرۆر و قەتڵ‌و‌عام و ئیعدام جواب دەداتەوە. لە رابردووش کەسایەتی‌یەکانی ئێمە تیرۆر کراون، رێبەری حیزبی دێموکرات لە شوێنی موزاکرە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراوە، دوکتور شەڕەفکەندی کە بە دوای حەلێک‌دا بوو تیرۆر کرا، دەیان کادری تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە ساڵانی رابردوو تا ئێستا تیرۆر کراون، بەڵام حیزبی دێموکرات هەرگیز تیرۆر بە تیرۆر وڵام نەداتەوە، حیزبی دێموکرات هەرگیز سەرەڕای هەمووی ئەو نەهامەتی‌یانەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەریدا تەحمیل کردووە، پەنای بۆ خشوونەت نەبردووە. بۆیە تیرۆر، خشوونەت، لە ناوچەکەدا و لە دژی کوردی ئێران و لە دژی حیزبی دێموکرات و لە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد بە گشتی بە بەژن ‌و باڵای جمهوری ئیسلامی و داعش بڕاوە. کورد لە ماوەی کێشەی خۆی لەگەڵ داعش، کوردی ئێران بە تایبەت حیزبی دێموکرات بە درێژایی 37 ساڵ کێشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەلماندیان و سابیتیان کرد ئێمە ئیحتراممان بۆ جاڕنامەکانی نێودەوڵەتی لە پەیوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ‌دا هەیە، ئێمە سنووری قەتعی و جیدیمان داناوە لەگەڵ خشوونەت و تیرۆر. کۆماری ئیسلامی لە سەردەمێک‌دا کە ناوچەکە لە شێوان دایە و جێ پێی خراپکاری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە زۆر زەق و بەرچاوە و لە ئیدامەی ئەو کیشانە ئەو ناوچەیە بەرەو ئەەوە دەچێ نەقشەی سیاسی داهاتووی بکێشرێتەوە و بێگومان روو لە کۆماری ئیسلامی دەکرێ، تێدەکۆشێ بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هەروەک لە چەند ساڵی رابردوودا ستراتیژییەکەی ئەوە بووە نائەمنی و کیشە لە ناوچەکەدا دروست بکا بۆ ئەوی کە بە قەولی خۆی، بۆخۆی ئەمن بێ و لە ئیدامەی ئەو سیاسەتە بە شێوەیەکی زۆر راستەوخۆ حیزبی دێموکراتی کردە هەدەف. جیاواز لە هەمووی ئەوانە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دوای حزووری پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ماوەی ساڵی رابردوو و ساڵانی پێشوو زۆر بە ئاشکرا و بە شێوازی جۆراەوجۆر هەرەشەیان لە تێکۆشەرانی کوردی ئێران کردووە و رووداوەکەی دۆینێ شەوێ دەقیقەن هەر جێبەجێ کردنی ئەو هەڕەشەیە لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوه‌. بۆیە ئێمە بۆ جارێکی دیکە لێرە تەئکید دەکەینەوە کە باشترین شێوەکار و باشترین میکانیزم و باشترین خەبات بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سناریۆ ناڕوونەکانی داهاتوو لە ئایندەدا یەکریزی نێو ماڵی کوردییە تا ئەو جێیەی کە پەیوەندی بە رۆژهەلاتی کوردستانەوە هەیە یەکریزی حیزبەکانی سیاسی‌یە و هیوادارین ئەهەمییەتی یەکریزی نێوماڵی کوردی لە باشووری کوردستانیش کە لە قۆناغێکی زۆر ئەستەم دایە رووبەڕووی کۆمەڵێک بژاردە لە داهاتوودا دەبێ بە قووەتی خۆی بچێتە پێشێ و بە ئیحساسی مەسئولییەتەوە جێبەجێ بێ. بۆ جارێکی دیکە ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە خەبات و تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەچێتە پێشێ. پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی تیرۆری کۆماری ئیسلامی کە بەسەر حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی کوردی ئێرانی‌دا تەحمیل کردووە و ساڵهای ساڵ درێژەی پێداوە هەرگیز تەئسیر لەسەر ئێمە دانانێ کە لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان سڵ بکه‌ینه‌وه‌. کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشێ بە تێرۆر جەوێکی نائەمنی دروست بکا بەو جۆرە مەجالی جم‌و‌جۆڵ و فەعالییەت و تێکۆشانی مەدەنی و ئارام لە نێوخۆی کوردستانی ئێران بشێوێنێ. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ میتۆد و شێوەی خۆی تەحمیل بکا لە هەموو مەیدانەکانی خەبات، شێواندن، تیرۆر، دروست کردنی نائەمنی، بۆ ئەوەی کە هەر ئەوە بکا بە حەل و حەلەکەش لای ئەو هەر ئەوەیە کە ئیدامەی بدا و حەلەکە لای ئێمە ئەوەیە کە ئەوە قەبووڵ ناکەین و خەبات و تێکۆشانی خۆمان بە شێوازی جۆراوجۆر ئیدامە دەدەین. حیزبی دێموکرات لە ماوەی ژیانی سیاسیی خۆی‌دا تەحەمولی زۆر خەسارەت بووە، تەنانەت رەهبەرانیشی لەدست داوە بەڵام حیزبی دێموکرات حیزبێکە ریشەی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. ئێمە ئەگە رێبەرانمان تیرۆر دەکرێن و هاوڕێیانمان تیرۆر دەکرێن و لە نێوخۆی وڵات هاوڕێیانمان شەهید دەبن بە دەیان و بە سەدان و بە هەزاران جێیان دەگرنەوە و هەر ئەوەیە و هەر ئەو نفووزە جەماوەرییە، ئەو ئیعتیبارەی حیزبی دێموکراتە لە نێوخۆی وڵات و لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتی کە کۆماری ئیسلامی نیگەران کردووە و کۆماری ئیسلامی لە کار و فەعالییەتی خۆی دژی جووڵانەوەی کورد، حیزبی دێموکرات بە شێوازی جۆراوجۆر دەکا بە هەدەف. حیزبێک کە پشت‌ئەستوورە بە کۆمەڵانی خەڵک، حیزبێک کە پشت‌ئەستوورە بە رابردووی، حیزبێک کە لەپێناو ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و کورد بەگشتی، تەنانەت رێبەرانیشی فیدا کردووە هەرگیز لەوانە ناسڵه‌مێتەوە و خەبات و تێکۆشانی، بە هیمەتی هەموو لایەکمان و بە بەشداری و چالاکیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بەردەوام دەچێتە پێشێ. بۆ جارێکی دیکە پێم‌خۆشە لێرەوە سپاس و پێزانیی خۆمان بۆ سەرجەم خەڵکی تێکۆشەری کۆیە کە لە ماوەی شەوی رابردوو تا ئەورۆ بە شێوازی جۆراوجۆر لە پرسەی ئێمەدا بەشدارییان کردووە، بکەین.هەروەها زۆر سپاس بۆ لایەنە سیاسی‌یەکان بۆ کەسایەتی‌یەکانی باشووری کوردستان کە لە شەوی رابردوو تا ئێستا بەشداریی خۆیان لێرە بە پەیام ناردن، بە تەلەیفوون کردن، هاودەردی خۆیان لەگەڵ ئێمە ده‌ربڕیوە و جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە کاتێک ناخۆشییەکی ئاوا بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە پێشێ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو قەت هەستمان بە تەنیایی نەکردووە، هەمیشە خەڵکی باشووری کوردستان خەڵکی کوردستانی عێراق کە عیلاقات و پەیوەندییەکی خۆش و لەمێژینەیان لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووە، لە رۆژانی ئاوادا لەگەڵمان بوونە. بیرۆکە و مێژووی تێکەڵاوی هاودەردی و هاوخەباتیی خەڵکی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق لەو رۆژەوە دامەزرا کە لە کۆماری کوردستان تێکۆشەرانی کوردستانی عێراق تێیدا پێشمەرگە و ئەفسەر و ژنراڵ بوون؛ بناغەیەک کە ئاوا دامەزراوە و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتیش بەردەوام لەسەر ئەو ئەساسە چۆتە پێشێ و دەچێتە پێشێ، دڵنیام لە داهاتوودا هیوادارم ناخۆشی وامان نەیەتەوە پێشێ ئێمە پشت ئەستوور دەبین بە بەشداری و غەمخۆری ئێوە و دڵنیام بەشداری وغەمخۆری ئێوە بۆ پرسەکەی ئێمە و پشتیوانی و هاودەردی ئێوە خەڵکی باشووری کوردستان قووەتی قەلبێکی گەورەیە بۆ ئێمە. بۆ جارێکی دیکە وێرای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان لە پێشمەرگەکانی دێموکرات و ئاسایش جێی خۆیەتی لێرە سڵاو و رێز بنێرم بۆ هەمووی پێشمەرگەکانی کوردستان کە لە جبهەیەکی دوور و درێژ لە شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش توانیویانە کوردستان بپارێزن و ئەوەی کە دۆینێ شەوێ لێرە رووی‌دا ئیقدامی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دێموکرات دڵنیام لە ئیدامەی خەباتی ئێمە چۆن پێشمەرگەکانی کوردستان لە بەرەکانی شەڕ پاشەکشەیان بە داعش کردوە ئێمە تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەو چارەنووسە نسیبی کۆماری ئیسلامی دەکەین. بۆ جارێکی دیکەش زۆر سپاس بۆ هەموو لایەکتان. لە ژماره‌ ٦٩٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌